مێژوی راپەرینی خوێندکاران لێرە و لە وێ!

2021-11-27

صلاح رەشید

راپەرینی خوێندکاران و لاوان لە قۆناغ و کات و شوێنی جیاوازدا لەم ساڵانەدا، چەندەها جار دوپات بونەتەوە، راپەرینی ساڵی شەستەکان لە پێناوی یەکسانی مافی هاوڵاتیبون و دژ بە چەوسانەوەی رەشپێستەکان و دژ بە سیاسەتی رەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و ئەوجا دژ بە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە زۆر وڵاتانی تری گرتەوە، لەوانە لە سەرەتای ١٩٦٠ وە لە ئەڵمانیای رۆژئاوا، لە مایسی ١٩٦٨ لە فەرەنسا و ئینجا بۆ هۆڵەندا، ئینگلتەرا، یابان، ئیتالیا و مەکسیک و پراگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیای جاران و پۆڵۆنیا.


ئەم راپەرینانە تەنها خۆی لە داخوازی خوێندکاریدا نەدەبینیەوە، بەڵکو ناوەرۆکێکی سیاسیشی هەبو کە دژ بە شەری ڤێنام و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو بو.

،،
دینەمۆی ئەم راپەرینانە خوێندکاران و لاوان بون، زوربەیان لە زانکۆکانەوە سەری هەڵدا کە جگە لە داخوازیە سیاسیەکان، داوای گۆرینی ریشەیی لە سیستەمی زانکۆ و خوێندن و شێوەی خوێندن و دابینکردنی زەمینەی لەباری خوێندن بو بۆ هەموان.


ئەم خۆپیشاندانانە، هاندەرێک بون بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاران لە فەرەنسا، هوڵندا و ئیتالیاش، هەروەها روداوە سیاسی و ئابوریە گرنگەکانی ئەو کاتانە لە جیهاندا، کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێش چونی بزوتنەوەی خوێندکاران و هێنانی خوێنی تازە و گەرم بە لەشی بزوتنەوەکەدا، لەوانە شۆرشی کوبای کانونی دوهەمی ١٩٥٩ و شەڕی دژواری ڤێتنام (١٩٥٥-١٩٧٥) و دروستکردنی دیواری بەرلین لە ١٩٦١ و کوشتنی بینۆ ئۆنەزۆر کە لە ٢حوزەیرانی ١٩٦٧ لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە بەرلینی رۆژئاوا دژ بە هاتنی شای ئێران بۆ ئەو شارە، ئەم روداوانە و روداوی هاوشێوەی تر، هەموی وەک بەنزین وابون بەسەر ئاگردا بکرێ و ئەو خۆپیشاندانانە لە زوربەی زانکۆکانی ئەوروپا و بە تایبەتی لە فەرەنسا (پاریس) و ئەڵمانیا (بەرلین) هەنگاو بە هەنگاو گەرورە و گەشە دەکرد و دەسەڵاتداران ناچاربون کە مل بۆ زۆر لە داخوازیەکانیان شل بکەن..


ئەو راپەرینانەی کە لە ئەوروپا لە دوای خۆپیشاندانەکان رویاندا، کە بە شۆرشی ئیکۆلۆگی ناوبرا، داوای پەکخستنی وزەی ئەتۆمیان دەکرد و ئەم بزوتنەوەیە کاریگەری کردە سەر دامەزراندنی کۆمەڵێک هێزی سیاسی چەپ، لەوانە ( بزوتنەوەی سەوز) لە زۆر وڵاتی ئەروپا، تا گەیشتە ئەوەی کە لە هەندێ وڵات بۆ نمونە(ئەڵمانیا) ئەو هێزە نوێیە کە لە ئەنجامی خەباتی مەدەنی و خوێندکاری هاتبوە کایەوە، لە هەڵبژاردنەکاند بیباتەوە و لە هەندێ حکومەتی ناوچەکان یان مەرکەز بەشدار بن و پۆستی زۆر باڵایان بەر کەوێت و یەکێک لە رابەرە خوێندکارەکانی ساڵی شەستەکان ( یۆشکا فیشەر) لە ١٩٩٨-٢٠٠٥ ببێت بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فیدراڵ.


ئەو ریفۆرمەی ئێستا لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەوروپا هەیە، بەرهەمی ئەو ساڵانەیە کە بێ وچان خەباتی مەدەنیان کردوە..
لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا، تا ئیستا خوێندن لە زانکۆ بەخۆراییە، هەمو خوێندکارێک کە باری ئابوری گونجاو نەبێت، مافی هەیە داوای یارمەتی خوێندن بکات لە حکومەت، ئەم یارمەتیە لە شێوەی قەرزدایە و کاتێ خوێندکارەکە دوای چەند ساڵێک کاری دەست دەکەوێت و داهاتەکەی باش و گونجاو دەبێت، ئەتونێت مانگانە بەشێ بداتەوە بە حکومەت، ئەگەر موچەکەی کەم بێت، ئەو هیچ ناداتەوە، وە ئەگەر پارەی هەبێت و بتوانێت هەمو بەیەکەوە بدات، ئەوا لە نیوەی قەرزەکەی خۆش دەبن.


خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان لە گۆرەپانی تیامین لە پەکینی پایتەختی چین لە ٤ حوزەیرانی ١٩٨٩، راپەرینێکی ئازایانەی کەم وێنە بو لەو وڵاتەدا، کە بوە هۆی کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە ٢٦٠٠ هاوڵاتی لە چەند ناوچەیەکی چین، ئامانجی ئەم راپەرینە ئەوە بو، کە ئەو گۆڕانە سیاسیانە لە وڵاتانی کۆمۆنیستی جارانی وەک یەکێتی سۆڤێت، پۆلۆنیا و هەنگاریا رویانداو، روو بکاتە چین و ئەمانیش دەست بکەن بە ریفۆرم، بەڵام دەسەڵاتداران بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دانەوە.


مێژوی خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان زۆر و بەرفراوانە، کەم وڵات هەیە کە جوڵانەوە و پرۆتێستی گەنجان و خوێندکارانی تێدا رونەدابێت..
بێگومان کوردستان بەدەر نیە لەم یاسایە، کە لاوان و خوێندکاران خەباتیان کردوە و ئەیکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی خوێندن و ژیان و دابینکردنی فەزایەکی گونجاوی یەکسان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و دوایش دابینکردنی فرسەتی کار..
خۆپێشاندانی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٧٦، ١٩٨٢، ١٩٨٤ دژ بە رژێم و بە بەعسی کردنی سیستەمی خوێندن و ئەوجا دژ بەو چەوسانەوە نەتەوایەتیەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد پەیرەوی دەکرد، واتا داخوازی پیشەیی بە ناوەرۆکێکی سیاسی.. ئەمە لە کاتێکدا کە نەک خۆپیشاندان بە فیشەک و گرتن وەڵام ئەدرایەوە

،،

بەڵکو هیچ فەزایەکی ئازادی لە ئاسمانی کوردستاندا بەدی نەئەکرا.


پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە کە خوێندکاران لەو کات و ساتەدا، ئازایانە و جوامێرانە بەگژ دام و دەزگای بەعسدا چونەتەوە و داوای سادەترین مافی خۆیانیان کردوە، چۆن دەبێت خوێندکاری ئیمرۆ سڵ بکاتەوە لە خۆپێشاندان وەک ساڵەکانی حەفتا و هەشتاکان ترسیان لە پولیس و دەزگای دژە تێرۆر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردیەکان هەبێت؟؟


چەند خۆپیشاندانی خوێندکارانی سەردەمی بەعس رەوا بوە، بە هەمان شێوە ئەم خوپیشاندانی ئەم سەردەمەش رەوایە..
ئەم خۆپیشاندانانە، سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵدانێکە بۆ ریفۆرم لە زانکۆکان و چاککردنی بژێوی ژیانیان و برینەوەی دەرماڵەیەک و چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان تێیدا و ئەوجا داوایەکە بۆ چاوخشانەوەیەک بە پارەکردنی خوێندن لە زانکۆکان دروستکردنی ئەم هەمو زانکۆ تایبەتە کە ژمارەیان لە زانکۆی حکومی زۆر زیاترە کە بۆتە بەهۆی دروستکردنی دو توێژ لە خوێندکار و ئەوجا دوجۆر لە دەرچو لە زانکۆ و دو جۆر لە دامەزراندن دوای خوێندن.


هەروەها خوێنکاران داوای دورخستنەوەی دەستی حیزب لە کاروباری زانکۆ و گەڕانەوەی هەیبەتی زانست دەکەن بۆ زانکۆ و ئەوجا چاودێری مامۆستایە لە وەرگرتنی پلە و پاییەی زانستی تێدا.. ئەم داخوازیانە هەموی لە پێناوی دوارۆژێکی روناکە بۆ زانکۆ و پێگەیاندنی خوێنکارێکی پڕ لە زانست و مەعریفە..
مێژوی خۆپیشاندانەکانی هەمو وڵاتان نیشانی دا، کە خواست و داوای رەوا، هیچ کاتێ و لە هیچ شوێنێک بە شەق و گازی فرمێسک رێژ و ریزە گولە چارەسەر ناکرێت و کۆتایی نایەت، کەمێ ئەوستێت، پشو ئەدا، جارێکی تر بە تەوژم و تینێکی ترەوە دەست پێ دەکاتەوە و سەرهەڵئەداتەوە تا ئامانجە رەواکانیان نەهێنە دی.

،،

داخوازی خۆپیشاندەران، سەرەڕای رەوایی، لە ناوەرۆکدا داخوزای هەمو میللەتە لە پێناوی ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، دوارۆژی روناک تەنها بە خوێندن دێتە دی و سەرکەوتنی خوێنکار بەستراوە بە دابینکردنی پێویستیەکانی خوێندنەوە.


خوێندکاری سەرکەوتو، هیچ کاتێ لە جەوەی بێ دەرامەتی و نەگونجاو و دڵەراوکێدا سەرکەوتو نابێت، هەر کاتێ دوارۆژی خوێندکار تاریک بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە دورۆژی گەل و نیشتیمانیش روناک نابێت.


گرنگ و پێویستە هەر هەمومان پشتگیری داخوازیەکانی خوێنکاران بین، لەو روانگەیەوە کە ئایندەی گەشی گەلەکەمان لە بەشێکی زۆری لە داخوازیەکانی ئەواندا خۆی ئەبینێنەوە..
بە دەسەڵاتداران کوردستان هەوڵ نەدەن کە ئەم خۆپیشاندانە بەهێز و ترس دابمرکێنەوە و بە زۆر کپی بکەنەوە، چونکە بە دڵنییاوە سبەینێ نا دوسبەی بە شێوەی تر و لە کات و ساتی تردا سەرهەڵئەداتەوە.