شاسوار عەبدولواحید كۆتایی بە بارزانی دەهێنێت یان دەیكاتە پاڵەوان؟

2022-01-30

كاتێك نەوەی نوێ‌ ووتی: ئێمە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی دەكەینەوە،یەكێتی و پارتی و زۆر كەسی دیكەش گاڵتەیان لێ‌ دەهات،بەڵام دەركەوت ئەو گەنجانە لە سیاسیە موخەزرەمەكان زۆر دوربین تر بوون.

تەنها یەك هەفتەی ویست بۆ ئەوەی نەوەی نوێ‌ نیشانی هەموو لایەكی بدات كە بانگەشەكەی بێ‌ بنەما نییە و لەپرسی سەرۆك كۆماردا پارتی و یەكێتی پیًَویستیان بە دەنگی نەوەی نوێییە.

ئێستا پارتی و یەكێتی هەریەكەیان بەجۆرێك چاویان لە دەستی شاسوار عەبدولواحیدە بۆ یەكلاكردنەوەی پرۆسەكە.
بە كورتی هاوكێشەكە بەم جۆرەیە، بەرەی پارتی و حەلبوسی و سەدر بەنزیكەیی 154 دەنگی مسۆگەریان هەیە ئەگەر هیچ را جیایی و پەرتبونێك لەناویاندا رونەدات.

لە بەرامبەردا یەكێتی و هاوپەیمانەكانی بەنزیكەیی 130 دەنگی مسۆگەریان هەیە.

،،

پارتی چاوی لەوە نییە شاسوار عەبدولواحید دەنگی بۆ بدات،بەڵكو تەنها چاوی لەوەیە شاسوار نیسابی یاسایی بۆ تەواو بكات و لەدەنگدانی گەڕی دوەمیش بێلایەن بێت و دەنگ بە كەس نەدات.

بەڵام یەكێتی و بەرهەم ساڵح راستەوخۆ پێویستیان بەدەنگەكانی هاوپەیمانیە 30 كورسیەكەی شاسوار عەبدولواحیدە.

ئێستا دەبێت هەمووان لەو راستییە تێبگەن كە شاسوار عەبدولواحید بە پێكهێنانی "هاوپەیمانی لەپێناوی خەڵك" و بوون بەسەرۆكی ئەو لیستە كارێكی زیرەكانەی كرد و بوو بە "بیضة القبان" ی پرۆسەی سیاسی عێراق.

لەو سێ‌ بژاردەیەی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە، لە نێوانی دەنگدان بە هۆشیار زێباری و بێلایەن بوون ،لە بنەرەتدا هەر یەك شتە و پارتی خۆی تەنها چاوی لەوەنییە شاسوار دەنگی پێ‌ بدات، بەڵكو چاوی لە بێلایەن بوونی شاسوارە بۆئەوەی یاریەكە بباتەوە.

شاسوار عەبدولواحید و هەندێ‌ لە هاوڕێكانیشی باش دەزانن كە ئەمە قۆناغی یەكلاكردنەوە و بڕیاردانە. ئێستا تۆپەكە بەتەواوی لەبەر قاچی شاسواردایە و لەبەرامبەر گۆڵدا وەستاوە. ئایا گۆڵی پێ‌ دەكات و یاریەكە یەكلایی دەكاتەوە یان شوتەكەی بەناوی بێلایەنی دەفەوتێنێت و بەوەش دەرفەتی بردنەوە دەداتە بارزانی.

رەنگە بەدەگمەن فرسەتی ئەوە بۆ شاسوار عەبدولواحید رێكبكەوێت كە چارەنوسی بارزانی وەك گەورەترین كارەكتەری سیاسی و لوتكەی سەری سەرەوەی هەرەمەكە بكەوێتە دەست شاسوار عەبدولواحید

شاسوار چانسێكی مێژووی لەبەردەستدایە كە بارزانی و ئەجێندای پاوانكردنی كایەی سیاسی كوردستان و عێراق بخات، مێژوو هەتا هەتایە ئەم سەركەوتنەی بۆ دەنوسێتەوە و ئەوەندەی دیكە دەیكاتە پاڵەوان و كێرڤی جەماوەری بەرز دەكاتەوە.

بێلایەن بوونی شاسوار لەم پرسەدا بارزانی دەكاتە پاڵەوان و لە كۆتایشدا هیچ براوەیەك دەرناكەوێت جگە لە پارتی و بارزانی.
بەڵام لە ئەگەری یەكلاكردنەوەی یاریەكە لە قازانجی یەكێتی و بەرهەم ساڵح، هەموو كەس دەبێت تێ‌ بگات پشكی گەورەی ئەو سەركەوتنە بەر شاسوار عەبدولواحید دەكەوێت و تەنانەت دەسكەوتی مەعنەوی ئەو لە باڤڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵحیش زیاتر دەبێت.

لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات، جیاوازی پارتی و یەكێتی و بەرهەم ساڵح و هۆشیار زیباری چییە؟ بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن ئەوە راستە كە هەردوو بەرەی دەسەڵات بۆ ئەو وەك یەكە.بەڵام لەهەندێ‌ لەحزەی یەكلاكەرەوەدا لەبەرامبەر هەندێ‌ دەسكەوتی گرنگدا بۆ خەڵك لەسەر بنەمای رێگرتن لە خراپتر لە بەرامبەر خراپدا و پیشاندانی هێزی ئۆپۆزسیۆن و رۆڵی لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوس سازەكاندا و لێدان لە هەرەمی یاریەكە ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر مەحكومە بە هەڵبژاردن و دەستوەردان لە یاریەكە نەك دەستبەرداربوون لێی.

،،

ئەگەر شاسوار عەبدولواحید بتوانێت ئەو حەرەكەیە بكات و لەم یاریەدا هەرە گەورەكەیان بخات ئەوا دەبێت لەوەدوا هەمووان لێی بترسن و سڵی لێبكەنەوە. بەمەش دەوترێت ئازایەتی و گەمەی گەورەكان.

هەمووان دەزانن كە دروستبونی نەوەی نوێ‌ و دەركەوتنی سیاسیانەی شاسوار عەبدولواحید لە نەخێرەوە بەرامبەر بارزانی دەستپێدەكات، ئێستا لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەهەمان شێوە كەوتۆتەوە بەرامبەر بارزانی و دەرفەتی ئاڵتونی بۆ هەڵكەوتووە كە یاریەكەی بەسەردا قڵپ بكاتەوە و تاكڕەوی و غروری پارتی بوەستێنێ و بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش بە جەماوەرەكەی بڵێت ئەمە یەك و هەرە گەورەكەیانم لە ركابەریەكەدا شكاند و نۆرەی ئەوانی ترە.

ئەوەی لە شاسوار عەبدولواحید چاوەڕێ‌ دەكرێت ئەوەیە كە بە پێچەوانەی سیاسیە تەقلیدیەكانەوە دەرفەت لەدەست نادات و ئەو هەلەی هاتۆتە پێشەوە بەدڵی جەماوەری ناڕازی زاخاو ئەكات بە قوڕگیاندا.