فرانسیس فۆکۆیاما
لە فارسییەوە: تەحسین تەها چۆمانی
دواجار ڤلادیمێر پوتن هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا، بە رێژایی ماوەی ئەو هێرشە ئەمریکا و ناتۆ کاتی پێویستیان بۆ ئامادەکردنی لیستێکی درێژیان لە گەمارۆکانی دژ بە مۆسکۆ خستۆتەڕوو، کە من بە ئومێدم توندترین گەمارۆکان لەوانە پچڕانی پەیوەندی روسیا لەگەڵ سوئیفت بگرێتەوە.
من و سەنتەری"دیموکراسی، پەرەپێدان و حاکمیەتی یاسا" لە ستنفۆرد چەندین ساڵە کۆرسی فێرکاری بۆ گەنجانی ئۆکرانیا رێک دەخەین، ئێمە ئێستا نزیکەی 150 دەرچووی ئەو کۆرسانەمان هەیە کە زۆرێک لەوان ریفۆرمخوازی دیار، رۆژنامەنووس، بەگریکارانی دیموکراسی و چالاکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵین. هەموو ئەوانە ئەمڕۆ لە بەرامبەر مەترسی فیزیکی دان و ئەگەر حکومەتی لایەنگری روسیا بە دەسەڵات بگات، دەبنە ئامانج، بۆیە پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئەوان یەکێک لە دەغدەغەکانی منە.
لە قۆناغی ئێستادا پێشبینی ئەوەی کە لە جەنگدا روو دەدات، هەنگاوێکی گەمژانەیە. جەنگەکان هەرگیز بەو جۆرەی کە نەخشە دارێژەران پێشبینی دەکەن، وا بەرەوپێشوەناچێت، جەنگی ئێستاش لەو چوارچێوەیە بەدەر نییە. ئێمە دەبێت فۆکەس بخەینە سەر ئامانجی ستراتیژی پوتین و ئێستا دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئامانجە، پلانی سەربازیمان هەبێت.
بە باوەڕی من، ئامانجی پوتن رووخاندنی حکومەتی دیموکراتی هەنوکەیە لە کیف و خستنە جێی حکومەتێکی گوێڕایەڵی خۆیەتی. بەر لە هێرشی روسیا، بێنە و بەردەی زۆر لەسەر ئەوە بوو کە ئایا ئەو بەرەو کیف و تەواوی ئۆکراین دەچێت یان ئامانجی تەنیا دونباس و کەناراوەکانی دەریای رەش دەبێت. زۆرێک لە ئۆکرانییەکان هەستیان دەکرد کە ئامانجی کردەیی پوتن خەفەکردنی پێ بە پێی ئابووری وڵاتەکەیانە.
پێوەری هێرشی سەرەتا پیشانی دەدا کە پوتن مەبەستیەتی تەواوی ئۆکرانیا داگیر بکات، بۆیە لە باکوور، باشوور و خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە هێرشی کردووە. بە باوەڕی من زۆر بە دوورە کە بەرنامەی کۆتایی ئەو بێت، هەر وەک زۆرێک لە پسپۆڕانی بە ئەزموونی سەربازی هەڵسەنگاندنیان کردووە ئەو 190 هەزار سەربازەی کە ئەو جێگیری کردوون بۆ داگیرکردنی وڵاتێکی 40 ملیۆن کەسی یان شارێکی وەک کیف کە 2.8 ملیۆن دانیشتوانی هەیە بەس نییە.
،،
ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە لە لایەنی زیانی گیانیی و ماوەی زەمەنی بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو بۆ روسیا پڕ تێچوو دەبێت.
ئامانجی خەفەکردنی ئابووری ئۆکرانیا زیاتر لە ئارادایە، رەنگە هێرشی سەرەتا بۆ لەناوبردنی زیاتری ژێرخانی سەربازی ئۆکراین، بچووککردنەوە و رووخاندنی بێت. گۆشەگیرکردنی وڵاتێک کە بۆتە ناوچەیەکی جەنگی زیانی ئابووری درێژماوەی بەدواوە دەبێت.
ئێمە دەبێت سەرنجی زیاترمان لەسەر کەناراوی دەریای رەش وەک یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی روسیا بێت، هاتنی هێزەکانی روسیا بۆ ئودسا گرنگی خۆی هەیە، ئۆکرانیا هەناردەکارێکی سەرەکی کەرەستەی کشتوکاڵی بووە، پشتی بەستووە بە بەندەرەکانی ماریۆپۆل، خرسون و ئودسا.
ئۆکرانیەکان پێشتر توانیبوویان ماریۆپۆل بە ئاسانی بخەنە ژێر گوشارەوە، لەبەر ئەوەی بە دەریای ئازوڤ دەگات کە روسیا بە کردەیی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ دەکات(ئەو کەشتیانەی کە لە ئازوڤ دەردەچن دەبێت بە گەروی نێوان کریمە و روسیا تێپەڕن). ئەمە ئودسا وەک ئامانجی گەورە دەکاتە دەستنیشان دەکات. ئەگەر روسیا بەشی گەورەی سوپای ئۆکرانیا لەناو بەرێت و دوروبەری لوهانسک و دونتسک داگیر بکات، دواتر کەناراوی دەریای رەشی ئۆکراین ببەستێت، ئەوا کیفی پایتەخت دەخاتە دۆخێکی تەواو ناجێگیر.
لەبەر ئەوە ناتۆ و خۆرئاوا دەبێت بزانن کە چۆن دەتوانن لە رێگەی دەریای رەش هێڵی ژیانی بۆ ئۆکرانیا بەکراوەیی بهێڵنەوە، روسەکان لە کرداردا گەمارۆدانیان(محاصره) جێبەجێکردووە و ئێمە دەبێت لەبارەی چۆنییەتی شکانی ئەو گەمارۆدانە بیربکەینەوە.
لەو لایەنەوە دەبێت سەرنجی زیاترمان لەسەر تورکیا بێت،
،،
تورکیا لەو دواییانەدا رێکەوتنێکی دوو لایەنەی لەگەڵ ئۆکرانیا ئیمزاکردووە و لەبارەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ کیف هاوکاری دەکات.
بەهەمانشێوە کە ئەردۆغان بەشێک لە جوڵە جیهانییەکانی بەرەو ئاڕاستەی دیکتاتۆری خۆی بووە، بە ئاشکرا روسیا بە هەڕەشە لە قەڵەم دەدات و هەوڵدەدات ئۆکرانیا بۆ هاوسەنگی تەرازوو بەهێز بکات، ریالیزمی سیاسی سیاسی وا دەخوازێت کە دوژمنی دوژمنەکەت لایەنی کەم بەشێوەیەکی کاتی وەک دۆست بێت.
دەرفەتی دیکەی سیاسی لە ئارادان کە دەبێت سووردیان لێ وەربگیرێت، بۆ نموونە چین رێژەیەکی زۆری دانەوێڵەی لە ئۆکرانیا کڕیووە، ئەگەر روسەکان ببنە هۆکاری ئەو مامەڵەیە ئەوا دڵخۆش نابن.