لە کوردستان چۆن و بە چ ڕێگایەک مافیا و سەرانەسێن دروست دەبن ؟
ماوە ماوە بازرگانێک یا خاوەن پیشە و سەرمایەدارێک لە بەردەم مایکی میدیایەک دەبینین ئەو کاتەی تەواو ناچاربوە و کورد گوتەنی پێی ناوە بەجەرگی خۆیداو دەیەوێت موعاناتی خۆی باس بکات و باس لەو ساتە دەکات کە بەرپرسی گروپێکی چەکدار یا مافیا و چەک بەدەستانی دەوری سەرۆک گروپەکە هەڵی کوتاوەتە سەری و بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەکانەوە بەزۆر پارە و سەرانەی لێ سەندوە و هەڕەشەشی لێ کردوە ،

دیاردەی لێ سەندنی پارە و سەرانە وەرگرتن و هەڕەشە و تەقەکردن نەک بنبڕ نەبوە، بەڵکو تا بێت زیاتر پەرە دەسێنێت و بازرگان و سەرمایەدار و خاوەن پڕۆژەکان تا بێت زیاتر نیگەران تر دەبن و هێندێکیشیان لە تاوا شارەکە بەجێدەهێڵن و پارە و سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ دوبەی و بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپی !

خاوەن گروپە چەکدارە سەرانەسێنەکان زیاتر بەچەکی دەوڵەت ، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی فەرمی و ناوو ناونیشانی وەزارەتی پێشمەرگە یا دژەتیرۆر و دەزگا ئەمنیەكان دەچنە سەر ئەو خاوەن پڕۆژانەی کەدەزانن پڕۆژەکانیان لەبازاڕدا خواستی لەسەرە .

سەرانەسینەکان هەر یەک لەپشتی گەورە بەرپرسێکی حزب یاخود فەرمامدەیەکی باڵا خەریکی وەرگرتنی پارەی سەرانەکەیەتی و بەناو و ناونیشانی ئەو دەچیتە سەر بازرگانەکان و تەنانەت هەڕەشەشیان لێ دەکات.



ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەو بەرپرسە سەربازیانەی جگە لەبەکارهێنانی ناونیشانە سەربازیەکانیان دەزگا فەرمیەکان و چەک و ئۆتۆمبیل و بنکە سەربازیەکانیش بەکاردەهینن و زۆر کات دوای ئەنجامدانی تاوانیک یان دەستدریژیەک دەچنەوە ئەو بنکە و بارەگایانە بۆ خۆ پاراستن لە دەستگیرکردن.

سەرانەسینەکان لە سۆشیال میدیا ئامادە و بەهیزن، هەریەکەیان دەیان پەیج و ئەکاونتی سپۆنسەر کراوی هەیە و بەردەوام سەرقاڵی دروستکردنی ئەو ڤیدیۆیانەن کە تییدا وەکو فەرماندەیەکی باڵا یا وەک ڕزگار کەر و خیرخوازیک دەردەکەون ،

لە کاتی دەرچون و سەردان و بەسەر کردنەوەکانیشیاندا دەیان ئۆتۆمبیلی سەربازی جام ڕەش و سەدان چەک بەدەست لەدەوریانن و لەکاتی دابەزینیان پاسەوانە تایبەتەکان دەرگاکانیان بۆ دەکەنەوە.

ماوەیەکی زۆرە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ هەم دەرەوە هۆشداری بە حزبە حاکمەکانی کوردستان دەدریت لە بنەبڕ کردنی میلیشیا و گروپاتی چەکدار و فەرماندەی فەل و بندیوار تا ئەوەی لە سێ کۆبونەوەی ڕابردووی هاوپەیمانان لەگەل وەزارەتی پیشمەرگە نوینەری ئەمریکیەکان هەرەشەی بڕینی یارمەتیە داراییەکانی پنتاگۆنی داوە ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر نەکریت.

پێشتریش نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان، قونسوڵی بەریتانیا و هۆلەندا و ئەلمانیا و فەرەنسا هۆشداری توندیان بە بەرپرسانی کوردستان دابوو لە کۆنترۆل کردنی دۆخی نیو هیزە چەکدارەکان و بە نیزامی کردنیان و ئەگەری دروست نەبونی دەیان سەرانەسین و چەک بەدەست و فەرماندەی بندیواری پیاوی بەرپرسان .
2024-02-19