خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان چی بۆ کردین؟

سەردەشت عەلی

2024-08-10

پەرلەمانی کوردستان کە باڵاترین دامەزراوەی تەشریعی و چاودێریکردنە لەهەرێمی کوردستان، لەماوەی کارکردنیداو لەوەرزەکانی یاسادانانی خولی پێنجەمیدا، توانیویەتی تەنها چل پرۆژە یاسا تێپەڕێنێت بەجۆرێک کە بەم شێوازە ژمارەی یاساکان دابەشبوون بەسەر ساڵەکانی ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەماندا:

ساڵی  ۲۰۱٨

بەو پێیەی یەکەم دانیشتی ئەم خولەی پەرلەمان لە ٦ی ۱۱ی ساڵی ۲۰۱٨ بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان ئەنجام درا، دواتر بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر  پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەرکەوتەی هەریەکەیان لە پێکهاتەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، لەوساڵەدا هیچ یاسایەک لەلایەن ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرنەچوو.

ساڵی ۲۰۱۹

هەر بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان لەوساڵەشدا تاڕادەیەک  دواکەوت، بەجۆرێک تا کۆتایی ئەوساڵە پەرلەمان تەنها ٤ پرۆژە یاسای تێپەڕاند کەبریتین لەم یاسایانە:

یەکەم: یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم.
ئەگەرچی پێشتر دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەدوای ڕوداووەکانی ڕیفراندۆم و کاردانەوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، لەکارخرابوو، بەڵام بەهەمان دەسەڵاتەکانی جارانیەوە بەپێی ئەم یاسایە ئەم دامەزراوەیەوە جارێکیتر  کاراکرایەوە.
دیارترین گۆڕانکاریەک کە ئەنجامدرا بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە.

دووەم: یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە٣ی ساڵی ۲۰۰۹ تایبەت بە پارێزگاکانی هەرێم.

ئەم هەموارە تایبەت بوو بە گۆڕانکاری لەشێوازی هەڵبژاردنی پارێزگارو بەردەوامبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، تا هەڵبژاردنێکیتر، بەڵام بەبڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی بەکارکردنی ئەنجومەنەکە هات.

سێیەم: یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی کەدەکەونە سنوری شارەوانی و زیادەڕەویان لەسەر کراوە.
بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی زیدەڕەوی بۆسەر موڵکی گشتی و بوونی بەئەمری واقع.
 بۆ دانانی چارەسەرێکی یاسایی ئەم یاسایە دەرچوو، بەڵام لەهەمان خولدا بەهۆی نەگونجانی جێبەجێکردنیەوە هەموار کرایەوەو ئێستا کار بە هەموارەکەی دەکرێت.

چوارەم: یاسای ڕێخستنی ڕیکلامی بازرگانی.
ئەگەرچی بونی یاسایەکی لەم جۆرە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە لە کایەی ڕاگەیاندن و بازاڕگەریدا، بەڵام تا ئێستا بەتەواوی نەکەوتۆتە واری جێبەجێکردنەوە.

لێرەوە دەردەکەوێت یاساکانی پەرلەمان لەو ساڵەدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوە لە خزمەتکردن بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و نەیانتوانیوە ببنە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان.

ساڵی ۲۰۲۰

لەم ساڵەدا پەرلەمان تەنها پێنج یاسای دەرکردووە کە بریتین لەمانە:
یەکەم : یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.
ئەگەرچی ئەم یاسایە ڕوانگەیەکی نوێی لە خۆ گرتووە  بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ  بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکاندا، بەڵام تائێستاش زۆرینەی بڕگەو ماددەکانی جێبەجێ نەکراون.

دووەم: یاسای چاکسازی لە ماف و دەرماڵەو ئیمتیازاتەکانی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان.
ئەم یاسایەش نەک هەر  بەتەواوەتی جێبەجێ نەکرا، بەڵکو دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، چەندین موچەی فەرمانبەران هەر نەدرا، یاخود بە لێبڕینێکی زۆرەوە دابەشکرا. تائێستاش حکومەت نەچووەتە ژێر باری کارکردن بەم یاسایە لە پرسی موچەو شایستەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی هەرێمی  کوردستاندا.

سێیەم: یاسای ڕێگریکردن لە بەقاچاغ بردنی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان.
ئەم یاسایەش نەیتوانی بەربگرێت بە تاڵانکردنی نەوت و سامانی ژێر زەوی، کەلە لایەن کەسانی دەست ڕۆیشتووەوە ئەنجام ئەدرێت.

چوارەم: یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی یاسایەکی لەم جۆرە پێوویستیەکی حەتمیە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ دیاردەکانی پێشێلکردنی مافی نەخۆش بەتایبەت چینی هەژارو کەمدەرامەت لە هەرێم  لە زیاد بووندایە.

پێنجەم: یاسای لە ئەستۆکردن لە هەرێمی کوردستان..
ئەم یاسایەش لەسەر زەمینەی واقیع نەیتوانی گۆڕان لە ژیانی هاونیشتمانیاندا بکات.




ساڵی ۲۰۲۱


لەم ساڵەدا ۲۰ پرۆژە یاسا پەسەند کراون کە بریتین لە:

یەکەم: یاسای فرۆشتن و بە کرێدانی ماڵی دەوڵەت.

دووەم: یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان.

سێیەم: هاوردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان.

چوار: یاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان.

پێنج: یاسای بەڕێوە بردن و پاراستنی شوێنەوارو کەلەپور لە هەرێمی کوردستان.

شەشەم: یاسای وەزارەتی کارەبا.

حەوتەم: یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۱۹، یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی شارەوانی کە زیادەڕەوی لەسەر کراوە.

هەشتەم: هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازی کەم ئەندامان.

نۆیەم: هەمواری یاسای ڕەسمی " پول" ی ئیتیحادی ژمارە ۷۱ی ساڵی ۲۰۱۲.

دەیەم: هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە هەردوو کەرتی پیشەسازی و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە ۲۰ی ساڵی ۱۹۹٨.

یانزەیەم: هەمواری دووەمی یاسای دەستپاکی ژمارە۳ی ساڵی ۲۰۱۱.

دوانزە: یاسای نیشان و مەدالیا لە هەرێمی کوردستان.

سیانزەیەم: هەمواری دووەمی یاسای یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لەهەرێم.

چواردە: هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.

پانزە: هەمواری یاسای  بازرگانی عێراقی.

شانزە: یاسای بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو و شەتڵ و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵیەکان.

حەڤدە: یاسای بزربووەکان لە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستان.

هەژدە: یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان..

نۆزدە: هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی دارایی.

بیست: یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە کەرتی تایبەت.
سەرباری ئەوەی نۆ دانە لەو یاسایانەی لەم ساڵەدا دەرچوون هەمواری یاساکانی پێشوترن و تەنها چەند بڕگەو مادەیەکی کەمیان گۆڕیو، بەشێکی تریان ئەو یاسایانەن کەتایبەتن بە ڕێخستنی چۆنێتی کاروباری وەزارەت و دامەزراوەکان  و هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بەژیانی هاوڵاتیانەوە نییە. 

ژمارەیەک لەو یاسایانەش ئەگەر جێبەجێبکرێن ئەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە زیادبوونی خزمەتگوزاری و چاکسازی لە کەرتی حوکمڕانیدا، بەڵام بەپاساوی نەبوونی توانای دارایی،  حکومەت کاریان پێناکات، لە نمونەی یاسای مافی کەمئەندامان، یاخود یاسای پاراستنی تەرزە کشتوکاڵیەکان، یاسای پاراستنی بەرهەخۆماڵیەکان، یاسای عەمبارکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.


ساڵی ۲۰۲۲

لەم ساڵەدا ۱۷ یاسا لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق شەش یاسایان پوچەڵکرایەوە.
بۆیە تەنها یازدە پرۆژە یاسا لەو ساڵەدا لەماوەی شەرعیدا بەپەسەندکراو دادەنرێن کەبریتین لە:

یەکەم: یاسای بەڵگەنامەی نیشتمانی لە هەرێم.

دووەم: یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان.

سێیەم: هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا.

چوارەم: یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

پێنجەم: هەمواری یاسای چاودێری ناکامەکان ژمارە ۱۷٦ی ساڵی ۱۹٨۳.

شەشەم: یاسای متمانە بەخشین بە پرۆگرام و دامەزراوەکانی پەروەردە خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

حەوت: یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.

هەشتەم: یاسای ڕێگریکردن لە کاڵای قاچاغ و قەدەغەکراو لە هەرێمی کوردستان.

نۆیەم: یاسای گەشت و گوزار لە هەرێمی کوردستان.

دەیەم: هەمواری یەکەمی یاسای نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان.

یانزەیەم: هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە..
چوار لەو یازدە یاسایەی کە لەکۆتاساڵی تەمەنی یاسایی پەرلەماندا دەرچووە، بریتین لە هەمواری یاساکانی پێشووتر، نە ئەم هەموارانەو نە یاسا نوێیەکانیش هیچ شوێنەوارێکی لە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکدا دروست نەکردووە، بەجۆرێک  دیارترینیان یاسای چەکە کە لەو ساڵەدا دەرکرا، هەرچەندە پێشوتریش یاسایەکی تری لەم جۆرە هەبوو، بەڵام تادێت دیاردەی چەکداری نایاسایی لەهەرێم لەزیادبووندایە، بەردەوامیش قوربانییەکان بەهۆی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکەوە هەڵدەکشێن.
ڕەنگە دەرچواندنی ئەم یاسایانە لەو ڕووەوە بایەخداربن کە دەتوانن کوردستان بکەنە خاوەنی ژێرخانێکی تەشریعی سەقامگیر،،بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی سیاسی دامەزراو، بڕگەو مادەکان لەسەر زەمینی واقع وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن. بەتایبەت ئەو یاسایانەی کە پابەندبوونی دارایی لەسەر حکومەت دروست ئەکەن، ناتوانن هیچ شتێک لە ژیانی خەڵک بگۆڕن.

سەردەشت عەلی ــ پارێزەر