عادل باخەوان: دەم پارتی خەریکە هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات

عادل باخەوان

2025-03-29



میدیاکانی فەرەنسا ئێستا بڵاویانکردوە کە دەم پارتی خۆی یەکلاییکردوەتەوە و پشتیوانی خۆی بۆ بزوتنەوەی ناڕەزایی و جەهەپە دەربڕیوە. وەک پرانسپ ئەمە ڕەنگە تەواو ڕێزلێگیراو و دروستبێ، بەڵام لەڕوی مانۆڕی سیاسیەوە، هەڵەیەکی ستراتیژیە و دیسانەوە کورد زۆر بەتوندی و بەخراپی باجەکەی دەدات و هەرگیز نابێت چاوەڕوانی ئەوبێت کە جەهەپە لەسەری بێتە دەنگ و پشتیوانی لێبکات.
ساڵی ڕابوردو، گەر پشتیونای کورد نەبوایە، هەرگیز ئیمامئۆغلو نەیدەتوانی لە کاندیدەکەی داد و گەشەپێدان بباتەوە، بەڵام بەدرێژایی ساڵی ڕابوردو، کورد زۆر بە قورسی باجەکەی دا و لەکۆتایشدا، نەک جەهەپە پشتیوانی لێنەکرد، بەڵکو مەنسور هێڤاش بەو شێوەیە سوکایەتی بە کورد کرد کە هەموومان بینیمان.
سیاسەتی دروست ئەوەیە کە تۆ ئامادەبیت، لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی جەماوەرەکەتدا، دەست بخەیتە نێو دەستی خودی شەیتانیشەوە، گەر بتوانیت لەو ڕێگەیەوە، ئەوەی مومکینە بۆ جەماوەرەکەت بەدەستی بێنیت. سیاسەت بە ئایدۆلۆژیا ناکرێت، بە پراگماتیزم دەکرێت.
لەم ساتەوەختەدا، لەنێوان ئەردۆگان و ئیمامئۆغلودا، لەنێوان دادو گەشەپەدان و جەهەپەدا، باشترین هەڵوێست بێلایەنیە. ئەگەر بڕیاریشبێت کە لایەنداریبکرێت، دەبێت بە مەرجی بەرژەوەندیەکانی جەماوەرەکەت بێت، نەک تەنها لەبەر پرانسیپی ئایدۆلۆژی، کە دواتر باجەکەی قورسدەبێت.