خێڵاویکردنی حزب و سیستمی حوکمڕانیی

د. فایەق گوڵپی

2022-09-14

لە شۆڕشی ئەیلولی پەنجا ساڵ پێش ئێستا، مەلا مستەفا ڕابەرایەتیی خەباتی كوردایەتیی دەكرد، لەگەڵ ئەوەیشدا تاكێكی ئاینیی و خێڵەكیی بوو، بەڵام  لەو كاتەدا بەو ڕادەیەی ئێستا بەڕێوەبردنی سیاسەتی شۆڕش و حیزب و حکومەت لە لایەن خێڵ و خێزانەوە قورخنەكرابوو. لەو سەردەمەدا تەنها مەلا مستەفا و دوو لە کوڕەکانی لە سەرکردایەتیی حیزب و شۆڕشدا بوون. 

بەگوێرەی كات هەریەك لە ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانیی، حەبیب موحەممەد كەریم و عەلی عەبدوڵڵا و دارا تەوفیق و سامی عەبدولڕەحمان و دكتۆر مەحمود عوسمان و چەندیین سیاسەتمەداری تر، لە بڕیاری سیاسیی ئەو كاتەدا بەشدارییاندەكرد و كاریان ڕادەپەڕاند. بەڵام لەم کاتەدا لە ساڵی (٢٠٢٢) یازدە بەرزانیی لە سەرکردایەتیی حیزبدان و پۆستەکانی حیزب و حکومەت و بوارە هەستیارەکانی ژیانی سیاسیی و ئابوریی کوردستان بە دەست بەرزانییەکانەوەیە.

 یەکێک لە جیاوازییەکانی یەکێتیی لەگەڵ پارتیی ئەوە بوو کە یەکێتیی حیزبی بنەماڵە نەبوو، دژی سیستەمی بنەماڵچێتیی دەوەستایەوە. لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا برازا و خزمەكانی مام جەلال پێشمەرگە و كادری ئاسایی بوون. بەگوێرەی توانا و دڵسۆزیی خۆیان لە حیزب و شۆڕشدا پۆستیان وەردەگرت. چەندیین ئەندامی مەكتەب_سیاسیی وەكو نەوشیروان مستەفا و فواد مەعسوم و ملازم عومەر و هیی تر، لەگەڵ مام جەلال لە داڕشتنی سیاسەتی یەکێتییدا بەشداریی كاریگەریان هەبوو. 

 خەڵک بەتەمابوو یەکێتیی وەکو حیزبێکی مەدەنیی بمێنیتەوە، دژی سیستەمی خێڵەکیی ململانێی پارتیی بکات، بەڵام وادەرنەچوو، هزری خێڵایەتیی یەکێتییشی گرتەوە. یەکێتیی ڕووەو بنەماڵەچێتیی ملینا. ئێستا یەکێتیی لە لایەن بنەماڵە و خیزانی مام جەلالەوە بەڕیوەدەبرێت، حیزبەکانی تریش بۆژەكراون.

 دوای ڕاپەڕیین خەڵکی کوردستان بەتەمابوو ژیانی مەدەنیی و خەباتی پەرلەمانیی و حکومەت، سیستەمی خێڵەکیی کوردستان لاوازبکەن، بەڵام ئاواتی خەڵک  نەهاتەدی. لە سەردەمی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمدا، سیستەمی خێڵایەتیی بەرزانییەکان هەم فروانبوو، هەم خۆی بەسەر حوکمڕانیی هەرێمدا سەپاند، هەم بەرەو حیزبەکانی تری باشوور دزەیکرد.

 خەڵک بەتەمابوو یەکێتیی وەکو حیزبێکی مەدەنیی بمێنیتەوە، دژی سیستەمی خێڵەکیی ململانێی پارتیی بکات، بەڵام وادەرنەچوو، هزری خێڵایەتیی یەکێتییشی گرتەوە. یەکێتیی ڕووەو بنەماڵەچێتیی ملینا. ئێستا یەکێتیی لە لایەن بنەماڵە و خیزانی مام جەلالەوە بەڕیوەدەبرێت، حیزبەکانی تریش بۆژەكراون.

 دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران و ئۆپۆزسیۆنی عێراق و کورد ڕژێمی سەدامیان ڕوخاند، لەو کاتەوە پارتیی و یەکێتیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و لەگەڵ دەسەڵاتدارنی عێراقدا تیکەڵییان دروستکرد. ئەو لایەنانە هیچیان خێڵەکیی نین، خەڵک بەتەمابوو ئەو لایەنانە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی پارتیی و بنەماڵەی بەرزانیی هەبێت، سیاسەتی خێڵەکیی بەلاوەبنێن، سیستەمێکی سیاسیی نوێ پەیڕەوبکەن لەگەڵ ناوەڕۆکی کێشەی کورد و لەگەڵ سیستەمی سیاسیی عێراق و جیهاندا بگونجێت، بەڵام نە بەرزانییەکان بیریان لەو گۆڕانکارییە کردەوە، نە ئەندام و کادر و بەرپرسانی پارتیی پێشنیازی وایان بۆ بنەماڵەی بارزانیی کرد.

 دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق ڕوخا، نەوەکانی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد لە ئەوروپا گەڕانەوە، بە پشتبەستن بە خەباتی باوک و دایکیان دەستیان بەسەر پۆست و پلە و دەسەڵاتی یەکێتییدا گرت. ئەمە بۆ خەڵکی کوردستان چاوەڕواننەکراو بوو، لەبەرئەوەی یەکێتیی خۆی بە حیزبی بنەماڵە حسابنەدەکرد. ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال دوو سیاسیی ڕۆشنبیری کورد بوون، لە ڕێگەی خێڵ و بنەماڵەوە بە پۆست و پلەی حیزبیی نەگەیشتبوون، لە ڕێگەی کاریگەریی سیاسیی و ڕۆشنبیریی خۆیانەوە پلەی سەرکردایەتیی و ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتییان بەدەستهێنابوو. گرنگترین پەیامی سیاسییان ئەوە بوو کە سەرکردایەتیی بزوتنەوەی کوردایەتیی لە دەست بنەماڵە و خێڵ دەربهێنن.

 بەڵام ئەوەی لە نەوەکانی ئەو دوو سیاسییانەمان بینی پێچەوانەی پەیامی سیاسیی باوکیان بوو، پێچەوانەی کەلتوری سیاسیی ئەوروپا بوو. کە زۆریینەی ژیانیان لە ئەوروپا  بەسەربردووە، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕۆشنبیریی سیاسیی و ئەزموونی تێکۆشان و ماندووبوونیان، بە پشتبەستن بە خەبات و ماندووبوونی باوکیان، وەکو نەوەکانی بنەماڵەی بەرزانیی، سواری کۆڵی بواری سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی یەکێتیی و بەشە حکومەتی زۆنی سەوز بوون. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان لە حیزبێکی سۆشیاڵ_دیموکراتەوە بۆ حیزبێکی خێڵەکیی گواستەوە. دیاردەی خێڵەکییان لە هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر کرد. ئیتر سیستەمی خێڵایەتیی لە کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەكاندەدات، حیزبایەتیی و حکومەت و پەرلەمان و دادوەریی و کوردایەتیی خێڵاوییتر دەکات.