کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
کوردستان: ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو!
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
2025-06-29
نووسەر و شانۆنووسی سنەیی کوردستانی ئێران دکتۆر قوتبەدینی سادقی لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کە لە پاریس و زانکۆی سۆربۆن دەمخوێند دۆستێکی ڕۆمانیم هەبوو ناوی پیۆدۆر بوو. ڕۆژێک پێم گوت پیۆدۆر دیارە من لەئێران و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆچی هاتوومەتە پاریس، بەڵام تۆ کە خۆت خەڵکی ڕۆژئاوای بۆچی هاتویت؟
پیۆدۆر وتی تەماشاکە ئاغای سادقی، بەیانییەک باوکم بە دەستی بەتاڵ لە سەرەی کڕینی نیو کیلۆ گۆشت گەڕایەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی گۆشتەکەی دەستکەوتبێت ڕوویتێکردم و پێی وتم: کوڕی خۆم هەستە بوخچەکەت بپێچەرەوە و بڕۆ، تۆ لێرە خۆشبەخت نابیت، بڕۆ داهاتوویەک بۆخۆت دروستبکە.
سادقی دەڵێت: پیۆدۆر بەردەوام بوو لە قسەکردن وبەدەم کێشانی چروتە کوبییەکەیەوە گوتی : بەیانیان زوو پێش هەڵهاتنی خۆر باوک و دایکم دەچوونە ڕیزە دوور و درێژەکانی کڕینی کیلۆیەک گۆشت و دوای چەندین ڕۆژ ئەوسا نیو کیلۆیەک گۆشتیان دەستدەکەوت و دەگەڕانەوە تا دابەشی بکەن بەسەر شەش سەر خێزاندا. وتم بۆچی؟ وڵاتەکەتان ئەوەندە هەژارە؟ وتی نەخێر ئێمە باجی حەز و ئاواتە شەخسییەکانی ئەحمەقێکی وەک نیکۆلا چاوشیسکومان دا.
خۆت دەزانێت ڕۆمانیا وڵاتێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری زۆر بە پیت و خاوەن دەرامەتێکی باش بوو، بەڵام چاوشیسکۆ بەبێ ئەوەی خوێندەواری هەبێت و لە بنەماکانی دەوڵەتی پیشەسازی تێبگات پێی وابوو دەبێت ڕۆمانیاش هاوشێوەی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ببێتە دەوڵەتێکی پیشەسازی. ئەو دیکتاتۆرە سەرەڕۆیە بەبێ هیچ لێکدانەوەیەکی فیکری و لۆژیکی دەستی کرد بە کڕین و هێنانی دەیان کارگەی گەورە گەورە لە ئیتاڵیاوە. ڕاستە کارگەکان کەوتنە کار بەڵام هەرگیز نەیاندەتوانی بەهەمان کوالیتی ئیتاڵیا کاڵا بەرهەم بهێنن، بە هۆی بێ کوالێتییانەوە کەس کاڵای لە ڕۆمانیا نەدەکڕی ساغنەدەبوونەوە، وڵاتان هەمان کاڵایان بە کوالیتییەکی بەرز لە خودی ئیتاڵیا خۆی دەکڕی. ناچار کاڵاکان دەمانەوە و دواتر بەزەرەر و بە نیوەقیمەت دەبوو بیانفرۆشینەوە. هەر ئەوەندەش نا بۆ دەرچوون لەباری قەرزی ئەو کارخانانەی لە ئیتاڵیامان کڕیبوون قازانج سەری مایەی خوارد. کەڵکەڵەی ئەم شیعارە قەبە و موبتەزەل و بێ ناوەڕۆکانە بۆ ئەوەی ببین بە دەوڵەتێکی پیشەسازی ئێمەی خستە سەر ساجی عەلی و ئەوەشی لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەستماندەکەوت بە مەجبووری لەبری قەرز داماندەنان و دەماندایەوە بە ئیتاڵیا. بەم جۆرە وڵات بوو بە کۆیلە و ڕەهنێکی بێ قەید و مەرجی ئیتاڵیا، باشترین بەرهەمی ئاژەڵ و کشتوکاڵمان بە خۆڕایی دەدا بە ئیتاڵیا و خۆشمان دەبوو نانەسکی بژین.
من کە ئەم یادەوەرییەم خوێندەوە ڕاستەوخۆ بیرم بۆلای "ئابوورییە سەربەخۆکە"ی لای خۆمان چوو.
شازدە ساڵێک بەر لەئێستا نادانێک بە عورفی سیادی و سیاسی وزە و نەوت بە ناونیشانی دکتۆری ئابووری سەربەخۆ بەخۆی جانتاکەیەوە کە تەنها لە جرت و فرت و سپیکردنەوەی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا حاڵی بووبوو بە هاوکاری هاوڕێ ئێرانی "بابەک زەنجانی"، تورک"ڕەزا زەڕاب" پاکستانی "مورتەزا لاخانی" و بەریتانییەکانی" نادیم زەهاوی" کە زیاتر لە فۆڕمی چەتەی نێودەوڵەتیی دەریایی و بانکیدا ناویان دەرکردووە، بەبێ ئەوەی لە مەترسییە سیادی و سیاسیی و ئابوورییەکانی نەوت تێگەیشتبێت وەک ئەوەی کەسایەتییەکی هەواڵگری و دواتر حوکمڕانی وەک ئەحمەد چەلەبی نێچیرڤان بارزانی لێ ئاگادار کردبوویەوە، هات مێشکی سیاسی و "دەوڵەتمەدارەکەی" ئێمەی هاککرد و پێی وت قوربان گوانح نییە تۆ نەچیحە سەر نەخشەی وزەی جیهانی؟ ئەمیش بەبێ حیساباتی سیاسی و نێودەوڵەتی وەک چاوشیسکۆ ئیدیعای ئەوەی دەکرد هاوشێوەی قەتەر و ئیمارات و کوێت کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. " گەلێک لە 2025 نەچووبێتە سەر نەخشەی جیهانیی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و هاوینان کۆلێرا کە نەخۆشی سەدەکانی ناوەڕاستە تێیدا بڵاو بێتەوە شیاوی ئەوەیە بچێتە سەر نەخشەی جیهانی بۆ وزە و نەوت؟". بەڵام نەک هەر نەیتوانی ئەوە بکات، بەڵکو بەم سەرەڕۆییەی ژیانی نیوەی ئێمەی هاوشێوەی باوکی پیۆدۆری ڕۆمانی لە سەرە دوور و درێژەکانی بەنزین، نەوت، ئاو، کارەبا، مووچە بەجێهێشت و نیوەکەی دیکەشمانی ئاوارەی هەزار و یەک دەریای ئیجە و بیلاڕوس و یۆنان و کەمپی ئیجباری ئەوروپاکرد و دواتر ئەم دەڵاڵە خۆشی پاش شکست و سکانداڵە کەڵەکەبووەکانی و قەرزارکردنی هەرێمۆچکەیەکی چوارملیۆن کەسیی دابەشبوو بەسەر هەزار و یەک پاراتخێڵ و سەردا و پاش قەرزدارکردنی بە بڕی زیاتر لە سی ملیارد دۆلار بە خشکەیی و بە بێ دادگاییکردن لێیدا ڕۆیشتەوە زێدی خۆی بەبێ ئەوەی کەسێک پێی بڵێت ئاغا کوا دەفتەری حیسابات ئۆغری هەمیشەیی کرد بۆ دادگای حەقی بێ واستەی لای خوا. ئێمەش چاک دەبینین ئەمڕۆ سەرۆک و حاشییەکانی دەوری سەرۆک دەستی چەوری خۆیانی پێدا دەسڕن و دەڵێن گوایە کڵاوی لەسەر ناووین و هەڵیخەڵەتاندووین.
دیکتاتۆرەکانی وەک چاوشیسکۆ هەمیشە یەک جۆر بیریان کردۆتەوە: حساباتی هەڵەی نێو خەیاڵ و حیکایەتی گوێ ئاگردانەکانی گەڕەک و ماڵەکانی خۆیان بکەنە واقیعی ژیاری و سیاسی و بەبێ هیچ حیسابکردنێکی عەقڵانی و سیاسی و ئەنجامگیری، وەک مشکی نێو تاقیگە ویستوویانە ئەوەی دەیانەوێت فەرزی بکەن بەسەر کومەڵگادا، بەبێ ئەوەی بچوکترین خوێندنەوەی عەقڵانییان بۆ گەورەترین ڕووداو کردبێت کە خوڵقاندوویانە و بکەری بوون، حساباتی هەڵەی سەرەڕۆییەکانی سەدام و پەلاماردانی کوێت ڕوونترین ڕووداوی چەند دەیەی نزیک و ڕابردووی ئێمەن و نمونەی ئەم باسەن.
دیکتاتۆر پێی وایە ئەوەی حساباتی هەڵەی دۆخە هیسترییەکەی ناخی ئەم دەیەوێت واقیعیش هەر ئەوەی دەوێت، بۆیە سڵ ناکاتەوە لە بڕیاردانی پەرچەکرداری و خێراو نەگەڕانەوە بۆ موقەویماتی فەلسەفەی سیاسی و لۆژیک و عەقڵی دەستەجەمعی کۆمەڵگا، کەسێتی دیکتاتۆر ئەسڵەن شتێک ناناسێت بەناوی عەقڵی دەستەجەمعی کۆمەڵگا، ئەو پێی وایە کۆمەڵگا شتێکی بێ گیان و بێ ڕۆح و نەجوڵاوە، مردووە و بیرناکاتەوە، بۆیە وا پێویستدەکات ئەم بیری بۆ بکاتەوە و دەبێت کۆمەڵگاش لە پاداشی ئەم کارەیدا وەک مەڕ گوێ لەمستی خەیاڵە نامەدروسەکانی ئەم بێت.
مێژووی دوور و نزیکی ئێمە سەلماندوویەتی ئەوەی سەربەخۆیی وڵاتێک دەستەبەر دەکات نە نەوتە نە پیشەسازی و نە تەکنەلۆژیا، چاوشیسکۆکان لەباشترین حاڵەتدا ڕۆمانیا دەکەن بەژێر باری قەرزەوە و باکیشیان نییە، تۆ سەرباری فرۆشتنی نەوت و سیخورمەگرتن لە قوت و مووچە و پڕۆژەی خەڵک هێشتا هەر قەرزار بیت! ئەمە مانای هەیە؟
ئەوەی سەربەخۆیی کۆمەڵگایەک دەکاتە ئەمری واقیع و بەوانی دیکەی قەبوڵدەکات عەقڵێکی بیرکەرەوەی فەلسەفی ڕەخنەگر و پرسیارکەرە کە سڵ نەکاتەوە لە هەڵەکردن و پرسیارکردن، نەک هەر سڵی لێنەکاتەوە هەڵە وەک ڕێگایەیکی دروست ببینێت بۆ گەیشتن بە ژیان، نەوەک پێی وابێت سەرۆک هەرگیز هەڵە ناکات. لە کۆمەڵگای پیاوسالار و شەرمندا هەڵەکردن عەیبەیە، بە پێچەوانەوە بونیادی کۆمەڵگای مەدەنی هەڵەکردنە، ئیعترافکردن و فێربوون لە هەڵە Error & trial بەردی بناغەی دروستبوونی جڤاتن. کۆمەڵگایەک تێدا عەقڵ بەردەوام پرسیار بکات ئێمە بە چ میکانیزمێک دەکرێت بە کوێ بگەین؟ چۆن دەکرێت ڕووبەڕووی کێشەکان ببینەوە، مەحاڵە ببێتە ڕۆمانیای چاوشیسکۆ و کوردستانەکەی "ئابووری سەربەخۆ".
"ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دژین کە ڕێز لە ئازار و تراژیدیای کەس ناگرێت"، نەک هەر ڕێزی لێناگرێت ئەسڵەن نایناسێت و نادیدەشی دەگرێت، هەزار جاری دیکە ئەنفال و جینۆساید بکرێینەوە، سەد هەڵەبجەی دیکەمان تێدا دروستبێتەوە، دەیان شەنگال و زیلان و کۆبانی دیکە ناتوانن ئێمە بخەنە سەر نەخشەی سیاسی و وزەی جیهان چونکە شتێک نییە لەم دونیایە بەناوی دروستبوون لەڕێگای تراژیدیاوە، ڕاستە دونیا زیندووە بەڵام بێ عاتیفەیە، دونیا بۆ ئازاری کەس ناگری. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا حیسابی لەسەر دەکات و حورمەتی بۆ دادەنێت تەنها و تەنها یەک شتە، تۆ چ چارەسەرێکت پێیە بۆ ڕزگاربوونت لەو تراژیدیایەی کە تێی کەوتوویت! دونیا تەنها و تەنها ڕێز لەو چارەسەرە عەقڵانیانە دەگرت کە کۆمەڵگایەک بە تەنها لە چێژی مەرگدۆستی و فرمێسک و نووزە نووزی عاتیفیدا ناهێڵێتەوە بەڵکو دەیگوازێتەوە بۆ ژیان و عەقڵانییەت، عەقڵێک تراژیدیا تێیاندا بکاتە پردی پەڕینەوە و سەرکەوتن. کە ئەمەت هەبوو خۆبەخۆ دەچیتە سەر نەخشەی وزە و پێشەسازی و تەکنەلۆژیا گەر نەوت و جەوتیشت نەبێت!
زیاتر بخوێنەرەوە
محمد خۆشناو
پێکهاتن و یەکلاکردنەوە بۆ چارەسەری جەنگ و ناکۆکیەکان !
بەهروز حاجی
حیساباتی ئەمریکا، لەشەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا؟
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ئێرانی جاران، ئێرانی ئێستا و داهاتوو
عوسمان عەبدوڵا
بۆچی ئەمەریکاو ئیسرائیل نایانەوێت ئێران بڕووخێت؟
د. بەهرۆز عەلی
لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی سیاسەتە گشتییەکانی حکومڕانی نیزامی ئێران.
یەحیا کامیل
گەرووی هورمز بۆ ئێران وەک کارتی فشار یاخود کارتێکی خۆکوژی
محمد خۆشناو
کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شەڕەی ناوخۆی دۆڕاوە !
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ئوسوڵی دزان و فروعاتی پاسەوانان
محمد خۆشناو
مووچە ، شمشێرەکەی دیموکلیس لەسەر ملی هاوڵاتی !!
سەردار قادر
بەهاکان گۆراون
ئەمانەش ببینە
پارێزراوترین کوڕ لە جیهاندا..
لە سلێمانی بێ ئاوی تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنییوە
قەرەباڵغییەکی زۆر لە شەقامێکی سلێمانی دروستبووە
شەهیدانی نان هەژدە كچ پێكەوە گیانیان لەدەستدا
ئەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییەی جیهانی شۆک کردووە
ئۆپەراسیۆنی زەماوەندی سوور... چۆن ژەنراڵەكانی سوپا كەوتنە ناو تەڵەی مەرگەوە؟
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2025 Diplomatic Magazine