تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی و بیدعەی حیجابی زۆرەملێ

ئەبوبەکر عەلی

2022-09-17

 ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی، بە سەفەر دەچێتە تاران. لەوێ بە بیانوی پێشێلکردنی ڕێساکانی تایبەت بە حیجابی زۆرەملێ، (لە کاتێکدا مامۆستا حەسەنی ئەمینی زانای ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە یەکێکە لەو کەسانەی بەیاننامەیەکیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکردۆتەوە باسی لەوە کرد جل و بەرگی ژینا موحتەشەم بووەو ئیسلام ئەو ڕەفتارە ڕەتدەکاتەوە کە بەرامبەری کراوە). پۆلیس قۆڵبەستی دەکات و بەتوندی ئەشکەنجەی دەدەن، تا دوای سێ ڕۆژ لە بێھۆشی، گیانی سپارد.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، سەرەخۆشی لە کەس و کار و بنەماڵەو ئازیزان و خەمبارانی دەکەین و ھاوخەمی خۆمانیان پێدەگەیەنین. دوعاخوازیشین پەروەردگار بیخاتە سایەی سۆز و لێخۆشبوونی خۆیەوە.

دوای ئەمە دەخوازم بەم بۆنەیەوە سەرنج بۆ لای کێشەی حیجابی زۆرە ملێ لە دنیای نوێدا ڕابکێشم. سەرەتا دەبێت سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە لە دیدی ئیسلامییەوە، باڵاپۆشی پەیوەندی بە ئیمان و قەناعەتی ئافرەتی باوەڕدارەوە ھەیە. ڕێگەکەشی ڕۆشنبیرکردن و بانگەشە بۆکردن و ھاندان و پەروەردەکردنە، نەك توندوتیژی و سەپاندن.

ھەر بۆیە، حیجابی زۆرەملێ لە ڕێی بەکارھێنانی زەبر و زۆری دەوڵەت بۆ سەپاندنی، جگە لە بیدعەیەکی ئەم سەردەمەی بێ پێشینە لە مێژووی ئیسلامیدا، ھیچی تر نیە. ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی بە ئایدۆلۆژکردنی ئیسلامە لەلایەن ھەندێ بزاڤ و بیرمەندی ئیسلامی نوێوە، لە ژێر کاریگەری و لاسایی کردنەوەی ھەندێ ئایدۆلۆژیای مۆدێرن و لەوانەش مارکسیزم! بەحوکمی ئەوەی ئایدۆلۆژیا لە ڕێی دەوڵەتەوە دەسەپێنرێت بە تایبەتیش لە وڵاتە نادیموکراتەکانی ھاوشێوەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان. ئەگەر بیانوی حیجابی زۆرەملێ پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە بێت، ئەوا نەك ھەر نابێتە ھۆی پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، بەڵکو زیاتر لاوازی دەکات و کۆمەڵگە بەرەو ھەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات.

بەحوکمی ئەوەی لەم سەردەمەدا، حکومەتی ئەخلاق و دین سەپێنەر، بە پێچەوانەی ھەندێ دیدی ڕووکەش لە بازنە ئیسلامی و ناوەندە دینییەکەدا، کۆمەڵگەیەکی دین لاواز و پڕ کێشەی ئەخلاقی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەحوکمی ئەوەی دین و ئەخلاق بە سروشتی پێکھاتەو سروشت و ئەرکیان قابیلی سەپاندن نین، بۆیە کاتێك ھەوڵی سەپاندنیان دەدرێت، دووچاری شێوان دێن و کاریگەریشیان کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەش لەگەڵ ناسنامە دینی و ئەخلاقییەکەیدا دووچاری کێشە دەکات و لە جیاتی چارەسەر دەبێتە سەرچاوەی چەندین کێشە. تاکو مەڵگەش زۆرتر نوێبووبێتەوە، ھاوشێوەی ئێران، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە بۆسەر تاك و کۆمەڵگە گەورەتر دەبێت، بەحوکمی گۆڕانکاریی لەو چاوەڕوانییانەی لە ئایین و دەسەڵات و وێناکردنی خود وەك کائینێکی خاوەن ماف و کەرامەت، لە بیرکردنەوەی تاکەکاندا پەیدا دەبێت. واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانیش لەم ڕووەوە باشترین بەڵگەیە.