ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity) وبنەچەکانی

هەڵۆ ئەبوبەکر

2022-09-21

لە ئێستادا ئێمەی مرۆڤ بە گرنگترین قۆناغی گۆڕانکاری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەڕۆین، ئەویش شۆڕشی دیجیتاڵییە. گەر تەنها چل ساڵ بچینە دواوە جیهانێک دەبینین کە گەر هەموو کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلکترۆنیەکانیش کوژابنەوە، هەموو شتەکان و کەسەکان لەناویشیاندا هەموو ئەو بەرهەمانەی ئێمە پشتیان پێ دەبەستین دەتوانن کاری خۆیان بکەن بێ ئەوەی هیچ کارەساتێک ڕوو بدات. بەڵام لە ئێستادا ئەمە کارەسات دروست دەکات.

گەر لە ئێستادا کەسێک هەبێت بتوانێت هەموو ئامێرە ئەلکترۆنی و کۆمپیوتەریەکان بکوژێنێتەوە، ئەوا جیهان خامۆش دەبێت و هیچ کەسێک کاری خۆی پێناکرێت. لە ئێستادا تەنانەت دیاردەیەک هەیە دەتوانێت هەموو ئەو ئامێرانە بکوژێنێتەوە، ئەو دیاردەیەش پێی دەڵێن لێدانی کارۆموگناتیسی (electromagnetic pulse) یان ئی پی ئێم (EMP).

گەر هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بەر لێدانی EMP بکەوێت، ئەوا هەموو پێکهاتەکانی لەناو دەچێت. ئەم لێدانانە ئەگەری نیە بە شێوەیەکی سروشتی ڕوو بدەن بەڵام دەتوانرێت بە شێوەیەکی دەستکرد دروست بکرێن و بوونەتە بنەمای هەندێک لەو چەکانەی مرۆڤ دروستی کردوون. جاران جگە لە سوپا سەربازیەکان کەس زۆر نیگەرانی مەترسیەکانی ئی پی ئێم نەبوو. بەڵام لە ئێستادا زۆربەی رێکخراو و حکومەتەکان پەلەیانە بەخێرایی کۆپیەک لە داتا زۆر گرنگەکانیان بخەنە ناو شوێنێک کە بەرەنگاری لێدانەکانی ئی ئێم پی دەبێتەوە و پێی دەڵێن قەفەسی فارادای (Faraday cage).

کەواتە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ژیانی مرۆڤ بەشێوەکی تەواو پشت بە تەکنەلۆجیا دەبەستێت و ناتوانین لە بازنەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بچینە دەرەوە و بژین. دە ساڵ پێش ئێستا گەر بۆنەیەک هەبوایە خەڵکی کۆدەبونەوە و چێژیان لە ساتەکانی ئەو کۆبونەوەیە دەبینی، بەڵام لە ئێستادا هەمان بۆنە گەر بکرێت، دەبینی هەمووان بە ئامێریکی مۆبایلەوە خەریکی وێنەگرتنن و زیاتر سەرقاڵی مۆبایلەکانیان. ڕەفتاری مرۆڤ هەرگیز هێندەی ئەم دەیەی دوایی مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. تەنانەت لە ئێستادا مشتومڕی ئەوە هەیە کە وەک چیرۆکە خەیاڵیە زانستیەکان مرۆڤ ببێتە سایبۆرگ (Cyborg).

ئاسایشی ئەلکترۆنی هەر لە بارەی ئامێرە دیجیتاڵیەکانەوە نیە، بەڵکو لەبارەی مرۆڤیشەوەیە

لە توێژینەوەیەکدا کە دەزگای (Ofcom) حکومی بەریتانی بڵاوکردوەتەوە لە ٢٠١٤ دا، ئەوە دەردەخات کە کەسێکی ئاسایی لە بەریتانیادا ڕۆژانە ٨ کاتژمێر خۆی بە ئامێرە ئەلکترۆنیەکانەوە سەرقاڵ دەکات. گەر توێژینەوەیەک لە ئێستادا بکرێتەوە، نەک لە بەریتانیا، بەڵکو لە وڵاتانی جیهانی سێیەمیش ئەوا ڕێژەکە زۆر لەوە بەرزتر دەبێت. ئەویش لەبەر ئەوەیە خەڵکی دەزانن گەر ئامێرە ئەلکترۆنیەکانیان بە باشی بەکاربهێنن، ئەوا زیرەکتر و زەنگینتر و باشتر دەتوانن کارەکانیان ڕاپەڕێنن. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم ئامێرانە ئاسایشیان لەسەدا سەد نیە، هەر بۆیە ئەو ئامێرە ئەلکترۆنیانەی ئاسایشی باشیان لەلایەن کۆمپانیاکانی پەیوەندیەوە بۆ فەراهم کراوە نرخەکانیان بەرزن و خەڵکی زیاتر بەکاریان دەهێنن.

لەبەرئەوەی مرۆڤ تێگەیشتووە لە سەردەمێکدا دەژی کە کۆکردنەوەی زانیاری بووەتە دەسەڵات، هەموو ئەم زانیاریە زۆر و زەبەندانەش لەناو ئامێرە کۆمپیوتەریەکاندا دەپارێزرێن و دەتوانرێن بە زووی و خێرایی بەکاربهێنرێنەوە. بەڵام چی ڕوو دەدات گەر کەسێکی تر یان دەزگایەکی تر بەو زانیاریانە بگات؟ بێگومان دەتوانرێت تێکبدرێت و زیانێکی زۆر بە لایەنەکەی تر بگەیەنرێت. هەر بۆیە لە مڕۆدا ئاسایشی ئەلکترۆنی زۆر گرنگ و بایەخدار و هەستیارە و دەبێت هەموو دەزگایەک شارەزایی لەم بوارەدا هەبێت و پەرەی پێبدات. ناکرێت دەزگایەکی ڕۆژنامەنوسیت هەبێت و ئاسایشی ئەلکترۆنیت بۆ دابین نەکردبێت...

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٥دا، ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای فەرماندەیی ناوەندی سەربازیی ئەمریکا (CENTCOM) لەلایەن کۆمەڵێک هێرشبەری ئەلکترۆنیەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئەو کۆمەڵە سەر بە داعش بوون و ئیدیعای بەیعەتیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی دەکرد. ئەوان مەبەستیان دزینی داتا نەبوو بەڵکو کۆنترۆڵی کەناڵێکی پەیوەندیکردن و دەستکاریکردنی بوو. پاڵنەرەکە دارایی نەبوو بەڵکو لەبری ئەوە ئامانجی ئەوە بوو کە پرۆفایل بۆ دۆزی خۆیان دروست بکەن و نائارامی لەناو دوژمنەکەیاندا دروست بکەن. 

دەبێت ئەوە بزانین کە پەلاماری ئەلکترۆنی واتە پەلاماردانی مرۆڤ

بۆیە دەتوانین بڵێین ئاسایشی ئەلکترۆنی بریتیە لە پاراستنی ئامێرە دیجیتاڵییەکان و کەناڵەکانی پەیوەندیکردنیان بۆ ئەوەی جێگیر و پشتبەستوو و دوور بن لە مەترسی یان هەڕەشە. بەگشتی ئاستی پاراستنی پێویست دەبێت ئەوەندە بێت کە بتوانێت ڕێگری بکات  لە دەستڕاگەیشتن یان دەستێوەردانی بێ مۆڵەت کە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانگەیاندنی کەسی، پیشەیی، ڕێکخراوەیی، دارایی و/یان سیاسی.

ئاسایشی ئەلکترۆنی هەر لە بارەی ئامێرە دیجیتاڵیەکانەوە نیە، بەڵکو لەبارەی مرۆڤیشەوەیە چونکە لە ئێستادا هیچ کارێک بێ ئەو ئامێرانە ناکرێت یان ناتوانرێت سەرکەوتوانە ئەنجام بدرێت. هەموو ئەمانە وای کردووە کە کۆمپانیاکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی بیر لە ڕێگەی خۆپارێزی گرنگ بکەنەوە. یەکێک لەوانە کلاودە (cloud). کە هەم پارێزگاری لە داتاکانت دەکات و هەم بە تێچویەکی کەمیش دەتوانیت لەگەڵ کەسان و لایەی تردا هاوبەشی پێبکەیت. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە بیرکردنەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ئەپڵ و ئایفۆن و ئەپ ستۆرەکەیانەوە بەناوبانگ بوو. ئەپ ستۆر چاوی خەڵکی ئاسایی کردەوە کە دەتوانن چ بەهایەک بەدەست بهێنن ئەگەر ئامادەبن پلاتفۆرمێک لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەش بکەن.

لە کۆتایدا دەبێت ئەوە بزانین کە پەلاماری ئەلکترۆنی واتە پەلاماردانی مرۆڤ چونکە کاردەکاتە سەر کارەکانی و وای لێدەکات نەتوانێت بە باشی و ڕیکو پێکی کارەکانی ئەنجام بدات.