بەڕاستی کورد چی لە عێراق دەوێت؟

عادل باخەوان

2022-10-14

لە ٢٠٠٥ وە تا ئێستا، کورد لە چەندین پێگەی هەستیاری دەسەڵاتدایە لە بەغداد، هەر لە پێگەی سەرۆککۆمارەوە تا دەگاتە وەزارەتی دەرەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سوپاسالار، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و چەندین وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی و پێگەی گرنگتر کە یەکسانن بە 20%  ی پۆستەکانی دەوڵەت. بێگومان هەموو ئەم پۆستانە گرنگن، بەڵام گەر نەتوانن یەکێک لەم مەلەفانەمان بۆ یەکلاییبکەنەوە، بەکەڵکی چی دێن : 


یەکەم : مادەی ١٤٠ ! بەپێی دەستوری عێراقی، سەرۆککۆمار پارێزەری دەستور و جێبەجێکردنی دەستورە، بەڵام ئایا بۆ لە ٢٠٠٥ وە تا ئێستا مادەی ١٤٠ی دەستور جەبەجێنەکراوە ؟ کێ بەرپرسایرە لەوەی کە جێبەجێنەکراوە ؟ ئایا سەرۆککۆمارەکانی عێراق کوردبوون یان باشوری ئەفریقی ؟
دووهەم : بە پێیی دەستور، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەبێت لە هەر سەفارەتێکدا، بەشێک بکاتەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان. کێ بەرپرسیارە لەوەی کە تا ئێستاش، لە واشنتۆنەوە تا دەگاتە لەندەن و پاریس و بەرلین، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان تەنها وەک ڕێکخراو تۆمارکرابن و هیچ پێگەیەکی دیپلۆماسیان لە نێو سەفارەتەکانی عێراقدا نیە ؟ ئایا وەزیرانی دەرەوە عێراق کوردبوون یان سەنیگالی ؟
سێهەم : پرسی سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێم ! وا لە بیست ساڵ پاش کەوتنی ڕژێمی سەدام حوسەین نزیکدەبینەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو هەموو نوێنەرەی کورد لە بەغداد نەیانتوانیوە ئەم پرسە یەکلایی بکەنەوە...بەڕاستی کورد ئەوەی بۆچیە لە بەغداد گەر نەتوانن تێبەگەن لەوەی کە بەبێ سەربەخۆیی ئابوری، کوردستان هیچ نیە تەنها قوربانیەک نەبێت لە چاوەڕوانیی سەربڕیندا !
چوارهەم : پرسی پێشمەرگەی کوردستان ! ڕاستە دەستەبژێری هەرێم شکستی هێناوە لەوەی کە تەواوی هێزە چەکدارەکان بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بسپێرێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە نوێنەرەکانمان لە بەغداد شکستیان هێناوە لەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەر هیچ نەبێ وەک حەشدی شەعبی، بخەنە نێو یادەوەریی دەستەجەمعی عێراقیەکانەوە ! بێهودە نیە کە لە دەرەوەی هەرێم، هیچ عێراقیەک باوەڕی بەو ئەفسانانە نیە کە ئێمە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان دروستکردوە.
پێنج : ئێمە چیمان دەوێت ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چیتر ناسیۆنالیزمی کوردی لە عێراقدا لە خۆی ناکات ؟ ئایا بەڕاستی ئێمە چیمان لە عێراق دەوێت ؟ ئەمانەوێ لێی جیاببینەوە یان ئەمانەوێیت عێراق دەرگای ئێمە بێ بۆ جیهان ؟ ئەمانەوێ دەستەمۆی بکەین یان تەڵاقی بدەین ؟ ئەمانەوێ دایدۆشین یان دەوڵەمەندی بکەین ؟ بەڕاستی ئێمە چیمان لە عێراق دەوێت ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە کە لەبری پرسیارە تکنیکیەکان، کۆمەڵێ پرسیاری ستراتیژی لە خۆمان بکەین ؟
سبەینێ عێراق لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە، بەڵام ئایا ئێمە وەک کورد ئامادەین ڕستەیەکی نوێ لەسەر ئەو لاپەڕەیە بنوسین ؟