بۆچی لە ئێستادا داعش ھێرش دەکاتە سەر ئێران؟

ئومێد مەحمود

2022-10-27

ھێرشی دا*عش بۆ سەر حەرەمی (شاچراغ) لە شیراز کە دەیان کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، لە ئێستادا چەند ڕەھەندێک لەخۆی دەگرێت، ڕەھەندی یەکەمی پەیوەستە بەو نائارامیانەی ئێستا لە ئێراندا بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە دروست بوون، دا*عش لە ڕێگەی ئەم ھێرشەوە ویستی ئەوەی ھەیە ئەو پەیامە بنێرێت کە ئەگەر حکومەتی ئێستای ئێران بکەوێت و ئەو نائارامیانە درێژەیان ھەبێت، لە قۆناغی دوای کەوتنی حکومەتی ئێستای ئێران ھاوشێوەی عیراق و سوریا و لیبیا و یەمەن دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی ببینێت.
بۆ نمونە کاتێک نائارامییەکانی سوریا لە (١٨/٣/٢٠١١) لە دەرعاوە دەستیان پێکرد، دا*عش دوای چەند مانگێکی کەم و دروست لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵە لە ڕێگەی دروستکردنی (جەبھەی نوسرە) بە سەرۆکایەتی (ئەبو محەمەد جولانی) گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات لە سوریا، دەتوانێت ناچەگەلێکێ زۆر لەنێوان سنوری عێراق و سوریا تا ناوچەکانی دەورووبەری حەلب لە باکوری ئەو وڵاتە داگیر بکات، کە دەکاتە نزیکەی نیوە خاکی سوریا.
ھەر چی پەیوەندی بە عیراقەوە ھەیە دا*عش نائارامییەکانی دوای ساڵی (2013) لە ناوچە سونیەکان دەقۆزێتەوە، یەکەم جار لە ئەنبار و پەل دەھاوێژێت بۆ ناوچەکانی تر، ھەڵبەت دا*عش لە عێراق ڕیشەیەکی قوڵتری ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ڕێکخراوی تی*رۆ*ری*ستی جوند ئیسلام کە لە بنچینەدا لە یەکگرتنی  گروپەکانی حەماس و  سەنتەر  و تەحید لە ھەرێمی کوردستان ھاتە کایەوە،  دواتر  لە ئەنجامی یەکگرتنی جوند و باڵێکی جیابووە لە بزوتنەوەی ئیسلامی بەناوی ئیسلاح ، پشتیوانانی ئیسلام دروست بوو، قۆناغی دوای ساڵی (٢٠٠٣) لە ئەنجامی ئەو نائارامیانەی بەھۆی پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە دروست بوون، ئەو گروپە توندئاژۆیانە دووبارە خۆیان ڕێک دەخەنەوە و گروپێک بەناوی تەحید و جیھاد دروست دەکەن، کە لەلایەن ئەبو موسعەب زەرقایەوە سەرکردایەکی دەکرا، چەندێک ئەندامێکی گروپی حەماسیش لەوانە عومەر بازیانی و ھاوڕێکانی پەیوەندی پێوە دەکەن، ھۆکاری پەیوەندی ئەندامانی گروپی حەماس لەسەرووی ھەموویانەوە عومەر بازیانی و ھاوڕێکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەو کاتەی شاندی گروپی حەماس ل ساڵی (٢٠٠١) دەچن بۆ ئەفغانستان تەنیا ئەبو موسعەب زەرقاوی پشتگریان دەکات بۆ ئەوەی ئەو گرپە ببێت بە لقی ڕێکخراوی قاعیدەی کوردستان، دواتر ڕێکخراوی پشتیوانانی سوننە دروست دەبێت و دوای ئەوەش دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق دروست دەبێت کە (١٣) ڕێکخراوی لەخۆی گرتبوو لەوانە (جەیش تائیفە ئەلمەنسورە، جەیش ھەھل سوننە وەلجەماعە، جەیش ئەلفاتیحین، جەماعە جوند ئەلسەحابە، سەرایا ئەلجیھاد ئیسلامی، سەرایا فورسان تەوحید، سەرایا ملە ئیبراھیم، کەتایبی حەماس و تەحید لە ھەرێمی کوردستان، کەتائیب مرابتین، کەتائیب تەوحید و ئەلسونە، کەتائیب ئەلئەھوال، کەتائیب ئەلغورەبا، پشتیوانانی سونە.
دا*عش نائارامییەکانی دوای ساڵی (٢٠١١) لیبیای قۆستەوە و دەکرێت مەجلیسی شورای شەبابی ئیسلامی کە گروپێکی ئیسلامی توندڕەو بوون و شاری درنەیان لەژێر کۆنتڕۆل بوو،  وەک یەکەم شانەی دا*عش لەو وڵاتە ناوەزند بکەین، ھەڵبەت دواتر گروپێکی تری دا*عش بە ناوی کە تائیبی ئەلبتار لە سوریاوە گەڕانەوە لیبیا بوون بە بەشێک لە ھەژموونی دا*عش لەو وڵاتە.
ڕەھەندێکی تر ئەم ھێرشە: لە ئێستادا باس لە مەرگ و نەمانی دا*عش دەکرێت وەک ڕێکخراوێکی یەکناگیر و زەمین گر، خواستییەتی لە ڕێگەی چەند ھێرشێکی تیرۆرستی لە عیراق و ئێران و سوریا و میسر و ناوەڕاست و باشوری ئەفریقا  و  پاکستان جەخت لە بوونی خۆی بکاتەوە، ھەر بەپێی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان لە ماوەی شەش ڕۆژدا لەم مانگەدا لە سەرانسەری جیھان (٢٧)چالاکیان ئەنجام داوە.