قەڵاکەی کوێخا ڕووخا،ئەی قەڵاکەی ئاغا ؟

بەهروز حاجی

2024-02-14

ڕوخانی قەڵایەک،هیچ لەدۆخی ئێمە ناگۆڕێت،چونکە قەڵاکە خۆیان دروستیان کردووە،ڕوخاندنیشی،بۆ پتەوکردنی قەڵاکەی خۆیانە،ئەوەی دنیای ئێمەی شێواندووە،ئاغای قەڵا گەورەکانە،خۆ برسێتی و مووچە بڕین،ئیفلیجی سێکتەرەکانی بونیاتنانی کۆمەڵگەکەمان و تاڵانی سەرخان و ژێرخانی وڵاتێک و بردنی سامان و داهاتەکەی بەتەنها بۆخۆتان،سەرداری قەڵا ڕووخاوەکەی دوێنێ نەبووە،شکاندنی کەرامەتیی مرۆڤەکان کەلێرە دووبارە دەبنەوە،ئەو قەڵا بچوکانە نییە،پێشێلی یاسا و ئەو نادادپەروەیەی کە ئێستا لەترۆپکە ئەوە خاوەنی قەڵا گەورەکانە،ئینجا قەڵا بچوکەکان.

سەدان کوێخاو قەڵاتان دروستکردووە،چەک و جبەخانەکانیان هەرلەسایەیی خۆتانەوە دروست بووە،پارەو سەرانەکانیان بەسەپۆرت و سایەیی ئەو دەسەڵاتانەوەیە کەخۆتان پێتانداون،تازەبەتازە عەشیرەتگەری و فیستیڤاڵی خێڵیان بۆ زیندوو دەکەنەوەو بە قافڵە ئۆتۆمبێل و هەلی کۆپتەرەوە خۆتان دەبنە میوانییان،ئیتر ڕووخانی یەکێک لەوقەڵایانە بۆئێمه هیچ نییە،جگە لەسیناریۆیەک و ئەجێندایەکی سیاسی نزیک مەودا.

ئێوە ناتوانن،بەهەڵایەک بۆڕووخانی قەڵایەکی بچوکی نێو سەدان قەڵای گەورەی ترتان وابکەن،زوڵم و ستەمی کوێخاو ئاغای  قەڵا گەورەکەمان لەبیربەرنەوە،دۆخێک ئەگەر کاریگەری ڕاستەقینەی لەسەر دنیای ئێمە هەبێت،دادگایی کردنی سەرانی قەڵا گەورەکانە،لەپای ئەوشکستە زۆر و گەورەو بەردەوامانەی کە ڕۆژانە دووچاری ملیۆنان هاوڵاتی دەکرێتەوە لەهەرێمەکەماندا و خۆشتان بەهەشتێکتان دروستکردووە.بۆیە بەڕوخانی قەڵاگەورەکەی خۆتان،بچوکەکانیش بۆخۆیان دەڕووخێن،ئیتر ئەو هەڵڵایەیی ناوێت.