بۆچی دوعاکەت قەبوڵنابێت؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2024-03-19


لە سادەترین مانایدا دوعاکردن ویست و ئیرادەکردنی مرۆڤە ڕەخساندنی هەلی پێکەوەبەستنی زنجیرەیەک ئەگەر  "Probabilitiy" بەیەکەوە لەناو میلیاران ئەگەری دیکەدا، کە گەر بێتو ئەم زنجیرە ئەگەرە سنووردارە پێکەوە ڕێکبەون و گونجایش و هارمۆنی لە نێوانیاندا دروست بێت ئەوا کەسی دوعاکەر ئەنجام و ئامانجێکی وای دەستدەکەوێت کە ئەو ملیارد ئەگەرە عەشواییە ناڕێک و ناتەبایە لەخۆیاندا ناتوانن و توانایی ئەوەیان نییە دروستی بکەن. دەقیق وەک ئەو پاسۆردەی کە لە ژمارەیەک ئەگەر دروستبووە لەناو ملیاردها ئەگەردا، کاێک تۆ دێیت بە ڕاستی لێیدەدەیت دەرگاکەت لێدەکرێتەوە. لەدیندا گونجاندنی ئەم ئەگەرانە پێکەوە ناوی تەوفیقی ئیلاهی لێنراوە.

 دوعاکان دەبێت هەمیشە لەچوارچێوەی ئەو یاسا سروشتی و سونەتە کەونیانەدا بکرێن کە خودا بۆ جوڵە و هەلومەرجی ئەم گەردوونە دایناون. بۆنمونە دوعایەک نابێتە دوعا کاتێک کەسی دوعاکەر هەستێت داوا لە خوا بکات هێزی ڕاکێشانی زەوی لەسەر زەوی بۆ ئەم نەهێڵێت. گەر کەسەکە دەیان ساڵیش شەونوێژ و  هەزاران خەتمی قورئانیشی بۆ بکات ئەم کارەی بۆ نایەتە دی. نەک هەر نایەتە دی لە خۆشیدا ئەم جۆرە  لە دوعا دەبێتە بێڕێزی بەرامبەر بە خودا بەوەی تۆ داوای لێیدەکەیت لەبەر خاتری نوزە نوزێکی لەژێر لێوەوە کە تۆ بۆی دەکەیت سونەتێکی گەردوونیی میلیارد ساڵەی خۆیت بۆ بگۆڕێت.  ئەم باسە بۆ نەخۆشی و ناخۆشی و مەسەلەکانی ڕزق و تەڵەباتەکانی دیکەش هەر ڕاستە.

دەبێت شتێک ڕوون بێت کاتێک ئێمە لە خودا دەپاڕێینەوە پاڕانەوەکانمان وەک پاڕانەوەی کۆیلەیەک لە پاشاکەی نەبێت، خودا بەپرۆسەی مرۆڤاندن "ئەنثرۆپۆمۆرفیزم"دا نەبەین وەک پادشایەک لێی نەڕوانین، هەڵەی سەلەفییەکان دەقیق لێرەدایە. ئەوان مێتافۆر و مەجاز و تەئویلیان قەبوڵ نییە. پێیان وایە عەرش و کورسی و دەست و قاچ کێشەی نییە گەر بڕیاریان بۆ خودا لێبدەین. بۆ ئەوەی بزانین چۆن دوعا دەکەین دەبێت چەمکی خودا نەجەڕێنین لەڕێگای مرۆڤاندنییەوە، واتە بەمرۆڤی نەکەین. یەکەمین هەنگاوی نەمرۆڤاندنی خوداش لەوەوە دەستپێدەکات کە باوەڕی تەواومان بەوە هەبێت خودا وەک ئێمە چاو لە دونیا و ئەگەرەکانی ناکات،  چاکە و خراپە، خێر و شەڕ، ڕەش و سپی، ڕاست و ناڕاست شتانێکی ئیعتبارین و ڕیشەکانی درووستبوونیان لە کۆ هەست و نەستەکانی ئێمەدان، واتە ئەوە ئێمەین ئەو مانایانەیان دەدەینێ، بە نیسبەت ئێمە بوونیان هەیە، دەنا لە میزانی خوادا شتێک نییە بەناوی چاکە یا خراپە، ئەوەی هەیە یاساگەلێکی گەردونی و گشتگیرن، ئێمە دێین مانای مرۆییان دەدەینێ. واتە شتگەلێک بۆ ئێمە مانای خراپ دەدەن بۆ خودا پێناچێت وابێت. 

‌تەماشا مناڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی ناشەرعی دروست دەبێت، بەهەمان ئەو شێوازەی مناڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی شەرعی و شتێکی پیرۆزی وەک نیکاحەوە دروستدەبێت قۆناغەکانی کۆرپەلەیی دەبڕێت و دەبێت بە مرۆڤێکی ساغ و تەواو و دیارە لەدوای لەدایکبوونیشی یاساکانی ژیان بە هەمان هێندەی مناڵێکی مەشروع بۆ ئەمیش فەراهەم کراوە. ئەوە دیدە کۆمەڵایەتی و دینی و مرۆڤانەکەی ئێمەیە زۆرجار سنور بۆ ژیانیان دادەنێت دەنا خودا هیچ خۆهەڵقورتاندن و هەڵاوێردێکی نییە بۆ ئەم مناڵە تەنها لەبەر ئەوەی نامەشروعە بەوەی نەهێڵێت ببێت یا تۆڵەی لێبکاتەوە و بە شێواوی بهێنێتە سەر دونیا، بە پێچەوانەشەوە دەیان منداڵی مەشروعی دەیان کەسی دیندار و ئیماندار هەن بەهۆکاری ئەوەی لە هەنگاوێک لە هەنگاوەکانی قۆناغی کۆرپەلەییدا کۆرپەکە بە زەبرێکی تیشکی یا دەرمانیی یا جێنەتیکی دەکەوێت، ئیدی ئەو منداڵە بە شێواوی لەدایک دەبێت، ئیمانداری و دوعاکانی دایک و باوک نابنە فریادڕەسی. دوو کەس بە مەشروع بێت یا نامەشروع کاتێک جوت دەبن پێ بزانن یان نا دوعایەکی کرداریی دەکەن بۆ ئەوەی چەند ئەگەرێک لە نێوان ئەو هەزاران میلیاردە لە ئەگەر پێکەوە ڕیز ببەستن بۆ لێکەوتنەوەی ئەنجامێک و کۆرپەیەک لەدایک ببێت.
دوعاکان دەبێت هەمیشە لە چوارچێوەی یاسا گەردوونییەکاندا بکرێن، ئەوسا خودا تەوفیقی جێبەجێ بوون دەدات. تەوفیق بە یەک وشە بەمانای ڕێککەوتنی کۆمەڵێک ئەگەر دێت کاتێک کەسێک ئیرادەیان بۆ بکات ببن.
یان وەختێک زانایەک بە شوێن دەرمانی شێرپەنجەدا دەگەڕێت، ئەم کەسە خۆنەویستان دێت دوعا دەکات لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ئەگەردا کۆمەڵێکیان هەڵبژێرێت تا خودا تەوفیقی بدات  لینکی نێوان ئەم ئەگەرانە بدۆزێتەوە و بگاتە ئەنجامێک. شتێکی زۆر مەحاڵ و نەکردەیە تۆ ژەهر بخۆیت و چاوەڕێ بکەیت خودا شیفای نەخۆشییەکەت بە ژەهرە بدات. یاسا سروشتییەکان دەڵێن ژەهر بکوژە بەڵام دەرمان شیفایە. 

ئەوانەی ئەمڕۆ دوعای مەحاڵ دەکەن، داوای سەرکەوتن دەکەن بەبێ ئەوەی کارێک لە جنسی سەرکەوتنەکە بکەن، خوێندنەوەی وشەکانی قورئان وەک  شیفای شەکرە و زەخت و شیزۆفرینیا چاو لێدەکەن، ڕوقیەی شەرعی بۆ خەمۆکی و تێکچوونی هۆڕمۆنی دەخوێنن، باوەڕیان بە سیحر و چاو و چاوەزار هەیە، بەستنەوەی پەڕۆ و پاتاڵ بە درەختێک یا مەزارێکەوە دەکەنە دەستکەلای سەرکەوتنیان، بەردێکی ڕەشی بێگیان لەو کەعبەیە دەپەرەستن، لەهەمانکاتدا لەیاسای ئەگەرە خوداییەکان "ڕێساکانی سروشت" تێناگەن هیچ نین جگە لەوەی دێن سوکایەتی بە خودا و دروستکراو و یاساکانی دەکەن، بە زمانێک دەڵێن ئێمە ئەوەندە بەڕێزین خودا یاساکانی خۆی لەبەرژەوەندیمان دەجەڕێنێت بەوەی ئێمە و تەمبەڵی و تەوەزەلیمان پێی خۆشە.
لە قورئانی پیرۆزدا هیچ ئاماژەیەکمان بۆ گارانتیکردنی هیچ جۆرە دوعایەک نییە کە قەبوڵبن جگە لە دوعاکانی لێخۆشبوون "الاستغفار" و دوعای هیدایەت نەبێت، خودا لەقورئاندا گارەنتی قەبوڵبوونی ئەو دو دوعایەی داوە بەمەرجێک کەسی دوعاکەر بۆ گەیشتن بەو دوانە ئەوەی لەسەرشانێتی ئەنجامی بدات لە ئیقامەی حوجەت و ئیتمامی حوجەت، لەوەی بەڕاستی ناصح و ئەمین بێت گەر بانگخواز بوو.