یەکێتیی،وەک ماری سڕ!

بەهروز حاجی

2024-03-25

لەماوەی پێنج مانگی بایکۆت و ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسنوری ئیدارەی یەکێتیی دا،تەنها جارێک بەڕوون و ڕەوانی ڕووی داواکاری و گلەیی لەیەکێتیی کرا،ڕێگەی نەداو چەند مامۆستایەکیشی لەناوچە جیاجیاکاندا دەستگیرکردو بەزەبری هێز بڵاوەی پێکردن.

داواکاری ئەمجارەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکانی ناڕازی،لەخودی یەکێتیی بەوپێیەی بەشێکە لەدەسەڵات،لەکاتێکی گونجاودا بوو،چونکە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێزەی بۆتەواوی ئەوانە ئاشکراکرد کە پێیان وابوو،جیاوازترە لە هاوبەشەکەی( پارتیی)، لەپاڵ ئەوەشدا سیحری درۆیینەی یەکێتییە نوێییەکەی بەتەواوی بەتاڵ کردەوە،کە بەدرێژایی پێنج مانگی ڕابردوو،وەها خۆیان نمایش دەکرد کە پشتگیرو داکۆکیکاری داواکانی خەڵک و خۆپیشاندەرانن و دەرکەوت کە لەبەرامبەر پارتیدا چۆن وەک کارتێکی فشار لەپێناو دەستکەوتیی حیزبی و بنەماڵەیی خۆی بەپاڵپشتیکار نیشان دەدا.

وەلێ،ڕوونتر بووەوە کە عەیبەیەکی گەورەیە هەتا ئێستا بەئومێدی ئەوەبیت یەکێتیی بەفریاد ڕەس بزانرێت و ڕووی  داواکریت لێیی هەبێت،لەپێناو باشترکردنی دۆخێک،کە خۆی بەشێکی سەرەکییە لەدروست بوونی،بۆیە ئەم حیزبە نەک هی ئەوەنیە،ڕووی داواکاری گۆڕینی دۆخەکەی لێبکرێت و ئۆمێدت پێی هەبێت،بەڵکو دەبێت لێ پێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت،کە چۆن یاری بە ماف و قوت و ژیانی ئەو خەڵکەوە دەکات بەرامبەر هاوبەشەکانیی ،بۆیە کاتێتی بەیەکێک لەڕێکارەکانی خەباتی مەدەنی کەهەڵبژاردنە،ئەم ڕۆژەی ئەمڕۆیان پێ نیشان بدەینەوە.