گوێژەو ژینگە، وەک قوربانی پارەخودا!

عەبدوڵای مەلا نوری

2024-06-05

ئەشێ پرۆژەکانی بناری گوێژە، دیوێکی تری ئەو سیستمە خوێنمژو دڕندەیەبێت، کە بونی مرۆڤ گرێ دەدات بە بونی پارەوە!
لە ئێستای کوردستاندا، تۆ ئەگەر نەخۆش کەوتی و پارەت هەبو، دەتوانی لە نەخۆشخانەیەکی (ئەهلی) تەندروستی و ژیان بکڕیتەوە، خۆ ئەگەر پارەت لە گیرفاندا نەبو، زۆر ئاسانە، دەتوانی بمری!
یان لە باشترین حاڵەتدا دەتوانی لە سەرمایەدارێک بپاڕێتەوە، تێچوی نەخۆشخانەت بۆ دابین بکات.
واتە لە پێناو یەک جار چارەسەری نەخۆشکەوتنت، بۆ هەتاهەتایە کەرامەتت لەدەست بدەی!
ئا لێرەوە، پارە گرنگترین شتێکە بۆ مرۆڤ، پارەیە تەندروستی و ژیانت پێدەبەخشێ!
بۆیە بە ئەمری واقیع، پارە گرنگترە لە باوک و دایک و کەسوکار، لە نیشتیمان و نەتەوە، تەنانەت لە کەرامەت و ئازادیش.
دەی مادام پارە ژیانت پێ دەبەخشێت، ئیدی جێگای دین و خوداش دەگرێتەوە!
پارە لە کوێدا جێگای خودا دەگرێتەوە؟!
لەو شوێنەدا بە نمونە کەسێکت توشی روداوێکی هاتوچۆی سەخت دەبێت، پێویستت بە مانەوەیە لە بەشی چاودێری چڕ، لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، کە شەوی بە ملیۆنێک سەروترە، تا دو سێ ملیۆن دینار.
لێرەدا ئەگەر پارەت نەبو، ناتوانی بە دوعا، لە ماڵەوە نەخۆشەکەت چارەسەر بکەی.
(ئێمە لێرەدا باسی دۆخە گشتیەکە دەکەین، نەک هەندێک حاڵەتی تایبەت، کە ئەشێ هەمو پارەی دونیا نەخۆشێک چارەسەر نەکات، یان نەخۆشێک بەبێ چارەسەر لە لێواری مەرگ بگەڕێتەوە)
ئەم بەخواکردنەی پارە سیستمێکی جیهانییە، ناوی سەرمایەدارییە، نیولیبراڵیزمیش نەوە هەرە چاوچنۆک و دڕندەکەی سیستمەکەیە..!
سەرنج بدەن، هەر ئەمەیە وا دەکات لە هەرسێ ئاینە ئاسمانیەکەشدا زۆرێک لە زاناو پیاوانی ئاینی لە پێناو ئەو پارەیەی، کە لە دەسەڵاتی وەردەگرن، دەبنە دەردەست و فتواچی و ملکەچی دەسەڵاتداران.
هەروەک ئەوەی دەبینین لە کوردستاندا لیژنەی فتوا قسەیەکی لە سەر دزینی داهات و تەخشان و پەخشانی زەوی وڵات نییە، ئەما لە سەر زۆر شتی پڕ و پوچ فتوایان دەبێت.
یان وەک ئەو بونەوەرە ناشرین و سامناکەی، کە بە ناوی مەلاو پیاوی ئاینیەوە داوای ملکەچی بۆ دەسەڵاتدارانی فاسدو ستەمکار دەکەن!
پارەپەرستی و بە خوداکردنی پارە درێژکراوەو جۆرێکی ترە لە بتپەرستی.
ئەما سیستمی پارەخودایی جیاواز لە بتەکانی رابردوو؛ نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ، وەزیر، پەرلەمانتار، مێدیاکار، دادگا، حیزب و هەمو شتێکی هەیە!
پارەخودا فرە سەر و دەستە، لە یەک کاتدا سیفەتی رەحمانی و شەیتانی لە خۆیدا هەڵگرتووە.
لە یەک دو ساڵی رابردودا هەزاران دۆنم زەویی نمرە یەکی کشتوکاڵی لە کەلار تەرخان کرا بۆ کۆمپانیاکان، بۆ نیشتەجێبون.



ئێمە هەوڵێکی زۆرمان دا تا لە رێگەی دیوە رەحمانیەکەی پارەخوداو حیزب و دەسەڵاتەوە زەویەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ جوتیاران، لەم رووە بەڵێنیشیمان پێدرا.
بەڵام دەستە شەیتانیەکەی پارەخودا، لە پشتەوە زۆر باش توانی لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا دەڵاڵەکانی خۆی بنێرێتە لای جوتیارەکان و بە زمانی نیمچە هەڕەشەو نیمچە بەڵێنی قەرەبوکردنەوە، ناچاریان بکات، تا سەرئەنجام دەستبەرداری زەویەکانیان بون!
راستە بە خواکردنی پارە، هێزو دەوڵەتانی گەورەی جیهانی، خاوەن دەسەڵاتی جیاجیای لە پشتە، وەلێ لە شوێنێکی وەکو کوردستان، ئەوەی زەمینەسازی دەکات بۆ (لە رادەبەدەر) بەخواکردنەی پارە، لە لایەک فەسادو خراپی دەسەڵاتەکەیە، لە لایەکی ترەوە ناهوشیاری و بێ هەڵوێستی زۆرینەی خەڵکە. 
مەبەستم ئەو خەڵکەیە، کە لە هیچ بارێکدا ئامادە نیین بەرگری لە خەمی گشتی بکەن.
بە خودا بونی پارە، لە وڵاتێکی بێسەروبەری وەک هەرێمدا، کە (کوڕە دزو سەرسەریە چاکەت لەبەرەکانی بنەماڵەکان ڕەشمەی دێوی سەرمایەداری و نیولیبراڵیزمیان بە دەستەوەیە)، دۆخێک دروست دەکات، شوناسی ئاوەدانی راستەقینەو وێرانکردن تێکەڵ دەبن.
جوانی و ناشرینی، بەیەکدا دەچن.
چاک و خراپ لایەنگری خۆیان دەبێت، پێوەرێکی راست و دروست بۆ هەڵسەنگاندنی هیچ شتێک نامێنێ.
سەر زەویی و ژێر زەوی هەمو دەکات بە تانجەڕۆ.
ئەم بەخواکردنەی پارە لەناو کۆمەڵگەکاندا سەرقاڵکردن و فریودان و زەمینەسازی و تەنانەت تەقدیسکردنیشی ئەوێت.
ئەوەی وای کردووە خۆسوککردن، داهێنان لە بێڕەوشتی و هیچوپوچی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەوڵەمەندی و پارەت بۆ بهێنێ، ئەمە تەقدیسکردن و هێزو ویستی پارە خودایە!
بە دەربڕینێکی تر، ئەوە ناوی لێنراوە تاکگەرایی، ئەوەی لە توڕەکۆمەڵایەتیەکاندا هەرکەس توڕەیی خۆی بە (بێ کردار) خاڵی دەکاتەوە، ئەوەی وا لە خەڵک کراوە بایەخی زۆر بە نوکتەو چەقچەق و بێڕەوشتی ناو تیکتۆک و هاوشێوەکانی بدەن، بایەخ بە مۆدێل و کافتریاو ژیانی تایبەتی بدەن؛ هەمو ئەمانە زەڵاتەو موقەبیلات و کحولی سیستمی سەرمایەدارین و دەرخواردمان دەدرێ.
تا وامان لێ بکەن، ئەگەر بەبەرچاومانەوە بە شەقیش لە دەمی برایەکمان بدرێ، ئەگەر خوێنی هاوسێ و هاوکاسب و هاوشاریەکانیشمان بە بەرچاومانەوە بمژن،  ئەگەر کەرامەتمان ژێرپێ بخرێ، گوێی نەدەینێ و خوێنساردانە خەریکی ژیانی هەرزان و پڕوپوچی تایبەتی (خۆمان) بین.
بێگومان، ئەم سیستمە لە دۆخی ئێستایدا ئەگەر رێگری لێنەکرێ، نەک نەوت و دەشت و گردو شاخەکان، بەڵکو خودی خۆمان، یەک بەیەکمان، هەمو بەها مرۆیی و ئەخلاقی و ئاینیەکان، دەکات بەکاڵاو بابەتی پارەو بازاڕ.
ئەگەر بپرسین رێگای چارەسەر چییە؟
لە راستیدا رێگاچارە، ئەوەیە: ئەم سیستمە (بڕوخێنین)؛ لە جێگەیدا سیستمێکی نوێ دروست بکەین، لە چوارچێوەی یاساو رێسا و چاودێریدا، بە لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری و پاراستنی ژینگە، کاروانی ئاوەدانی بەڕێ بخرێ.
دەبێ ئەوەش بزانین، وەبەرهێنان و پێشخستنی پیشەسازی و گەشتیاری و تەکنەلۆجیا و بەهێزبون و گەشەکردنی وڵات، هەرگیز دژی ژینگە و دادپەروەری نابێ، بەو مەرجەی بە پلەی یەک ئەخلاق و پاشان عەقڵ گرێدراوی حکومڕانی بێت.