لەم فەوزایەدا حەق لای کێیە؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2022-11-27

 بەبۆچوونی من ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  کە بە کۆمەڵگای زۆرینە موسوڵمان دەناسرێن لە هەموو شتێک زیاتر پێویستییان بە ڕۆشنبیری ئاینی هەیە، دینچێتی و ئاینداری دوو شتی تەواو لێک جیاوازن. لە ئایندارییدا ئیمان سەنتەرە بەڵام لە دینچێتیدا ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی، ئاینداری ئەخلاق دەکاتە پێوەر دینچێتی وەلاء و بەڕائی کوێرانە. ئایندارن  لەم کۆمەڵگایانەدا دووجار دەبنە قوربانی، جارێک قوربانی تەدلیلی سواوی دینچییەکانن، جارێکی دیکەش بەبنە قوربانی بێ بنەمەو جەهلی مورەککەبی تەحلیلی "عەلمانی" و دژە دینەکان.

  کەسی ئیماندار لەم جۆرە کومەڵگایانەدا کارێکی زۆر سەخت و دژواری لەپێشە، لەلایەک دەبێت شەڕی دینچی و ئەو ئیسلامیستانە بکات کە دەیانەوێ کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا بە دینیی بکەن لەجۆری دیندارییەکەی ماڵ و گەڕەکەکەی خۆیان، لەلایەکی  دیکەوە لەشەڕی دەستەویەخەی فیکرییدایە لەگەڵ ئەو لائیک و عەلمانییانەی کە بەبێ خوێندنەوەی سروشتی کومەڵگاکەیان دەیانەوەێت کۆی سیستمە کۆمەڵایەتییەکە لە مەنگەنەی لائیسیتە و عەلمانییەت بدەن و دین بەتەواوی بیکەنە دەرەوەی ژیان، کە تینیشیان بۆ دێت لەلایەن سەرووخۆیانەوە خێرا سەدوهەشتا پلە وەردەەرخێن و تا ئاستی مەلا بەحرییەک خۆیان بە دیندار نیشان دەدەن. زۆر  گران و نەکردەیە کەسی دیندار بتوانێت لە نێوان بەدینی کردن و کردنە دەرەوەی دین لە کۆمەڵگادا ڕێگای  سێیەم هەڵبژێرێت.

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای کەسی دیندارەوە گرنگترین خزمەتێک کە ئاین بتوانێت بە کۆمەڵگای بکات دەبێت خزمەتی ئەخلاقی بێت. چاوەڕوانییەکان لە ئاین بۆ کۆمەڵگا ئەمڕۆ دەبێت چاوەڕوانیی ئەخلاقی بن نەوەک سیاسیی و مەعریفیی و فەلسەفیی.
 کەسی ئایندار لەپێناو جوڵە و ژیاندنەوەیدا بەردەوام ڕەخنەی ئەو دیوەی دینەکەی دەکات کە دەستوپەنجە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانە و ئەخلاقیاتدا نەرم دەکات. کاتێک لە ژێر هەژمونی دینچییاندا چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگایەک لە چاوەڕوانی ئەخلاقییەوە دەگوازنەوە بۆ چاوەڕوانیی سیاسیی و  لە ئایین، ئەوا ئەو ئایینە لە کۆمەڵێک حەرام و حەڵاڵی وشکی سیاسیی شتێکی دیکەی لێنامێنێتەوە، یەکەمین لەتمەکاکانی ئەم چاوەڕوانییە ئایدیۆلۆژیانەش لە ئایین بەر ئیمان و ئەخلاقیاتی دینی دەکەوێت، هەر ئەوەندەش نا ئەندازەی نزیک بوونەوەی لە سیاسەت و گۆڕاوەکانی، دینەکە لە پرسە ئەخلاقیی و نەگۆڕەکانی دووردەکەوێتەوە.

 

هەرچەندە ڕیشەیەکی هەزار ساڵەی هەبێت مەسەلەکانی هەڵگەڕانەوە لەدین"ارتداد و مورتەد"، بیدعەت و تەکفیر لەم خانەقایەی ئەمدا جێیان نابێتەوە، چونکە کەسی ئیماندار باش لەوە تێدەگات ڕیشەی ئەم وشانە زیاتر  سیاسیین و لەهەناوی سیاسەتێکی داپڵۆسێنەرێ دینیی دەسەڵاتداری وەک ئەوەی ئەمەوییەکانەوە  بۆ شکاندنی نەیارە سیاسییەکان هەڵدەقوڵێن نەوک خودی دین و قسەی خوداو پێغەمبەر بن.

 

 ئەمڕۆ خراپترین ناحەقییەک دەرحەق بە کەسی دیندار بکرێت ئەوەیە ئەوان وادار بکرێن بەوەی ببنە تەرەف و لایەنگیر لە پرسە سیاسییەکاندا. لەبەر ئەوەی کەسی ئیماندار بە عەقڵێکی بێلایەنانەوە تەماشای وەحی دەکات، سەرەتا ئیمانەکەی خۆی لە ئیمانێکی کوێرانەوە بۆ ئیمانێکی تەحقیقی گواستەوەتەوە و هەمان داواش لە دەوروبەرەکەی دەکاتە ئەرکێکی هەرەلەپێشی خۆی. ئەم تەحقیقە وادەکات ئیدی شێوازەکانی دینداریی وەک دینداریی زۆرەملەێ، بۆماوەیی، لاساییکردنەوە، وەهمی دینی و دینداری بەگوێرەی حەز و ئارەزوو و عاتیفەی کوێرانە قەبوڵ نەکات. ئەم قەبوڵنەکردنە وادەکات ناسنامەیەکی جوڵاو و حەقپەرەستی هەبێت نەوە کەس پەرەست و ئایدۆلۆژیا پەرەست و پارەپەرەست و پەرلەمان پەرەست و حیزب پەرەست. لەسەر ئەساسی فیکری سیاسیی و ئایدۆلۆژیای  دینی وەلاء و بەڕائی نابێت و کۆمەڵگا دابەش ناکات بۆ دووبەری دینی و دژە دین. بەهۆی ئەوەی باوەڕی بە نێوەندگیر نییە لەنێوان خۆی و خودادا  کەسی ئیماندار باوەڕی بە شێخ و مامۆستا و سەرۆک و سێبەر نییە لە فۆرمە کلاسیکیەکەیدا، خۆی باشترین شێخ و مامۆستایە بۆ خۆی، دڵی خۆی باشترین موفتییە تا فەتوای لێوەربگرێت، خانەقاو تەکیە و بارەگا و مەڵبەندی ئیماندار یەک ئیمام و شێخ و سەرۆک و ئەمیر و ئەمینداری هەیە ئەویش پێغەمبەرەکەیەتی.

هەرچەندە ڕیشەیەکی هەزار ساڵەی هەبێت مەسەلەکانی هەڵگەڕانەوە لەدین"ارتداد و مورتەد"، بیدعەت و تەکفیر لەم خانەقایەی ئەمدا جێیان نابێتەوە، چونکە کەسی ئیماندار باش لەوە تێدەگات ڕیشەی ئەم وشانە زیاتر  سیاسیین و لەهەناوی سیاسەتێکی داپڵۆسێنەرێ دینیی دەسەڵاتداری وەک ئەوەی ئەمەوییەکانەوە  بۆ شکاندنی نەیارە سیاسییەکان هەڵدەقوڵێن نەوک خودی دین و قسەی خوداو پێغەمبەر بن.

پێچەوانەی پێناسە باوەکەی لە دڵ و مێشک و هەناوی کەسی ئیمانداردا  ڕۆژانە سەدان بومەلەرزەی وێرانکەر ڕوودەدەن سەبارەت بە ئیمان و ڕاستی بوون و نهێنییەکانی، گومان بۆ ئەم لە ئاو و خۆراک پێویستترە، چیرۆکی ئیبراهیم و گومانەکانی چیرۆکێکی گوێ ئاگردان نییە کۆتایی هاتبێت بەڵکو لە دڵ و دەروونی ئەمدا ڕۆژانە دوبارە و سەدبارە دەبنەوە. پێغەمبەر فەرمووی "نحنُ أحقُّ بالشَّكِّ من إبراهيمَ" گومانکردن بۆ ئێمە زیاتر حەڵاڵە تا ئیبراهیم،
 بۆیە ئەم هیچ باکێکی بە تەکفیر و تەفسیقی دینچییەکان نییە و کاری تێناکەن لە جونەیدی بەغدادییان پرسی جیاوازی نێوان ئیماندار و دووڕوو چییە لەوەڵامدا وتی: دڵی ئیماندار لەڕۆژێکدا حەفتاجار دەگۆڕێت، بەڵام دڵی کەسی دووڕوو حەفتا ساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە.  لەهەمانکاتدا ئەم باوەڕێکی بەتینی بە واجبات هەیە و وەک توێکڵ و پارێزبەندی و مانەوەی کرۆک دەیبینێت و دوورە لە شەتەتەحات و ئیدیعای ناڕست.

بەهۆی ئەوەی دیندارییەکەیان لە مەعریفەوە هەڵدەقوڵێت، کەسی ئیماندار دوورە لە مامەڵەی دینچی و دینفرۆشان، ئەهلی سەوداو مامەڵە و حیلە شەرعی و بابەتی ڕاگوزەری فیقهی نیە. زمانی پیس نییە، بەڕاست و بەچەپ جوێن نادات، لەسەر مینبەر لیک بە کاکیلەیدا نایەتە خوارەوە بۆ شکاندن و تیرۆزی نەیارەکانی:
بەقەولی مەحوی:
لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا، دەم پڕ لە کەف
ڕیشی قیروسیا، کتێبی وەعزەکەی بوو بەرتەرەف

لەبەرازیی و لەسەر  کورسییەوە ئامۆژگاری خەڵک ناکات، حەقسەنتەر و بێ باکە. حەقپەرەستییەکەی وای  لێدەکات تەسلیمی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبێت، باش لە گەورەیی مەودای نێوان حەقیقەت و ئایدۆلۆژیا تێدەگات.

کەسی ئیماندار پێی وایە دەرکی زانایانی پێشین لە دین پیرۆز نییە، بەهەمان ڕێژەی دەرکی ئەوانەی ئەمڕۆ دەرک و تێگەیشتنی  ئەوانەی پێشوش کەوتوەتە ژێر کاریگەری ئارێشەکانی ڕۆژەوە، دەشێ لەزۆر شتدا هەڵە بووبن. گەر ئەوان ڕیجال بووبن ئەوا ئێستاش دەشێت ریجالی ڕۆژ هەبن. پیرۆزکردنی ڕابردوو تەنها لەبەر ئەوەی ڕابووردووە و چێژی نۆستاژیکی پێ دەبەخشێت بۆ ئەم هیچ واتایەکی نییە. 

بە بۆچوونی ئەم نە مۆدێرنیتە و ئەوەی لەگەڵی دێت ئەو دێوەزمەو دۆزەخەیە تا لێیبترسێت، نە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئەو بەهەشتەیە کە باسی لێوەدەکرێت. ئەو هۆکارەی ئادەمی باوکەگەورەی ئەمی لەو "بەهەشتە" دوورخستەوە ئەمڕۆش بەهەمان ئەندازەی دوێنێ لەکاردایە بۆ ئەوەی ئەم نەگات بە ئاشتی و بەهەشتە ناوەکییەکەی خۆی. 

کەسی ئیماندار کەسێکی بێدەنگە لە ئاست سیاسەت و مەسەلەی ڕۆژ، بەڵام هەرگیز بێ زمان نییە. زەبزەبەی تەمەن و جومجومەی ڕۆژ نایلەرزێنن، پەیوەندیی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی  وایلێناکات لایەنداری  سیستم یا دژی سیستمێکی دیاریکراو بێت، ئەوەی وادەکات ئەم بێدەنگی بشکێنێت و هەموو باجێکیش لە پێناو ئەو دەنگ هەڵبڕینیدا بدات پایەماڵکردنی عەدالەتە بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ لۆمە و زۆر و زێڕی زاڵمان و سوپا بەرجەستە و ئەلیکترۆنییەکانیان بکات. لا یخافون لومة لائم.