کورد و شەڕ بۆ حەلەب! هۆکار و کاریگەری هەڵمەتە نوێیەکەی یاخیبووان بەرەو حەلەب

ڕەوا موسا

2024-11-30

ڕەوا موسا

تورکیا پشتیوانی هەموو پڕۆسە سەربازییەکانی یاخیبووانی سوریا دەکات، ئەم ئۆپراسیۆنە بە دەرەجە یەک تورکیای لەپشتە. هەموو زانیارییەکی هەواڵگری و زەمینی پێداون و هەموو پلانی هێرشەکەشی بۆ داڕشتوون. پارەی زیادەشی پێداون بێجگە لەو موچەیەی وەریاندەگرت. ئەمەش لەبەرئەوەیە تەنازول بە بەشار ئەسەد بکات، کە ساڵانێکە ئامادەنییە لەگەڵ ئەردۆگان دابنیشێت. پرسی ئەولەویش لای ئەردۆگان کە دەیەوێت گفتوگۆی لەگەڵ بەشار ئەسەددا پێبکات بریتین لەهەردووک پرسی کورد و گەڕانەوەی پەنابەرەکان. تورکیا دەیەوێت بە لەناوبردنی ڕێبەری خۆسەر دیمۆگرافیای ناوچەکەش بگۆڕێت و پەنابەران بگوازێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت. 

 هەروەها تورکیا دەیەوێت بەر لە هاتنەسەر کاری دۆناڵد تڕەمپ هەژموونی خۆی لە سوریا بەهێزتربکات و کورد و دیمەشق لاواز بکات. ئەو ناوچانەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا یاخیبووانی سوریا دەستیان بەسەرداگرتووە پێشتر حکومەتی دیمەشق پێنج ساڵی پێچوو تا داگیری کردنەوە! بەرگری یاخیبووان سەختترە وەک لە حکومەت و بەرەی نوسڕەی جاران سەرپەرشتیان دەکات، بۆیە واپێناچێت بەهاوکاری ڕووسیاشەوە حکومەتی دیمەشق بتوانێ وا بەزوویی بیگرێتەوە.

 یاخیبووان هەمان هەڵەی داعش دووبارە دەکەنەوە ئەگەر لەگەڵ کورداندا تێهەڵقژێن، چونکە هەموو دەزانن کورد لە جۆری ئەوان نییە، کورد ئەگەر بگاتە مۆدی جەنگی خۆی ئیدی شەڕ و جەنگ بە قەزیەی شەڕەف و نامووس وەردەگرێت. بە شەڕکردنیان لەگەڵ کورد بەرەیەکی سەخت بەسەر خۆیاندا دەسەپێنن و تەرکیزیان بەرامبەر سوریا کەمدەبێتەوە و دەرفەت دەدەنە حکومەت خۆی لەناو یاخیبوواندا بەتایبەتی لەناو تەحریر الشام دەنگێک هەیە کە داوادەکەن ئاشتی لەگەڵ کوردەکاندا بکەن، بەڵام دەنگ و هەژموونی تورکیا بەسەریاندا زاڵتر و زیاترە دەنا گرووپ هەیە لەناویاندا کە ئامادەنییە جەنگ لەگەڵ کوردەکاندا بکەن. هەتا ئەم خولەکەش فڕۆکەی تورکی هەڵنەستاوە چونکە ناوچەکە لەژێر هەژموونی ئاسمانی ڕووسیایە و تورکیا ناوێرێت تەحەدای ئاسمانی ڕووسیا بکات. بۆیە شەڕەکە لەسەر کورد لە حەلەب هەندە سەخت نابێت کە نەتوانێت بیکات، بەڵام بێگومان تورکیا هەوڵدەدات لە بەشی هەژموونت ئاسمانی ئەمریکاوە کە ڕۆژهەڵاتی فوڕاتە گورز لە هەسەدە بدات و نەیەڵێت پشتیوانی لۆجیستی بۆ حەلەب بنێرێت. 

ناتوانین بڵێین ئەم جەنگە نوێیە لە زیانی کوردە بە دەرەجە یەک، بەڵکو گەڕانەوەی هاوسەنگی لەنێوان حکومەت و یاخیبووان درێژە بە جەنگی ناوخۆی سوریا دەدا بۆ چەند ساڵێکی تر. جەولەیەکی تری خوێناویی شەڕ دەستپێدەکات لەنێوان حکومەت و یاخیبووان هەردووکیان لاواز و شەکەت دەبن. لەبەرامبەردا کوردەکان دەرفەتی زیاتریان دەبێت لەو نێوانەدا خۆیان بەهێزتر بکەن و هاوکاری زیاتر زامن بکەن لەلایەن ئەمریکاوە. چونکە ئەم جەنگە هەڕەشەی گرووپە چەکدارییەکان زیاتر دەکاتەوە و ئەمریکا زیاتر ڕادەکێشێتەوە ناو سوریا.