کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
١١ ڕۆژەی سوریا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت..
مەلا بەختیار
2024-12-08
لە ٢٠١١ وە، سوریاش وەکو چەندین ووڵاتی عەرەبی، ڕەشەبای بەھاری عەرەبی ھەژاندی. تا ١١ ڕۆژ لەمەوبەر، حکومەتی ناسیۆنالستی سوریا، دڵی خۆشبوو بەمانەوەی. پێشیی وابوو لەوساڵانەدا، بەو تاوانانەی ئەنجامی دابوون، ڕژێمی بەعسی لەڕوخان ڕزگار کردووە. بەتایبەتی زلھێزێکی وەکو ڕوسیا، بەفڕۆکەی جەنگین و موشەکی جۆراو جۆرەوە لەپشت بوو.
زلھێزێکی ئیقلیمی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێرانش، ھەتا ڕادەی ناردنی ھەزاران پسپۆڕو کۆمەک و بەشێکی ھێزەکانی حیزب للەی لوبنانی، ئێران بەردەوام پشتیوانی سوریای بەشار بوو. بەڵام دەرکەوت، مێژوو ڕوداوی گەورەی بۆ سوریای گۆڕانکاری ھەڵگرتوە. بۆ گۆڕینی ڕژێمی سوریای بەشار ئەسەد. ئەو ڕژێمەی لە ١٣ ساڵدا(٢٠١١-٢٠٢٤) بەخوێنێکی ساردی تۆتالیتارییەوە، زیاتر لە نیو ملیۆنی کوشت و بریندارکرد. کەچی نەیتوانی یەک مانگیش بەرگەی ھێرشی فراوانی بەرھەڵسکارەکانی بگرێت. بەڵکو مخابەراتی سوری زیرەک بوون لەچاودێری کردنی ھاوڵاتی. بەڵام ئاگایان لەوە نەبووە ھێزە بەرھەڵستکارەکان، زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کەسیان چەکدار و مەشق پێکردووە، موخابەرات و ئیستیخباراتی سوریایان غافڵگیر کردوو لە ھێرشیکی ١١ ڕۆژیدا کۆتاییان بە ڕژێمەکە ھێنا.
باوەڕناکەم کەسێک ھەبێ نکۆڵی لەوەبکات، ڕوسیاو ئێران درێغیان لە پشتوانی کردنی سوریا کردبێت. تائێستاش. بەڵکو پشتیوانی ڕوسیاو ئێران، ھێندە زۆرو زەبەند بوو، ڕوسیا لەسەر ئاستی دنیاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، زەرەری زۆری لێکرد. ئێرانیش کەوتەژێر ھەرەسی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدوو کۆی ستراتیجی ئێران لە سوریا، لوبنان، حەماس و یەمەن، دوچاری پاشەکشێی فراوان بووە. دڵنیاین ئێران و ڕوسیا، دەمێکە تێگەیشتون چیکە بە پشتیوانی عەسکەری و لۆجستی، ناتوانن ڕژێمی بەشار ئەسەد بپارێزن. ھەربۆیە، سەرەڕای جیاوازی ڕوسیاو ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەردوو دەوڵەتەکە، کە ٢٧/ی مانگی ڕابوردوو، ھێزەکانی ئۆپزسیۆن، حەڵەب وەکو دووەمین شاری سوریاو شادەماری ئابوری ووڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵکرد و شاری ئیدلیبیشیان گەمارۆ دا، ئیتر ڕوسیاو ئێران تێگەیشتن کە چیکە ناتوانن دەست بەتەمەنی ڕژێمی بەشارەوە بگرن. چونکە تاقە ڕێگا لەبەردەم ڕوسیاو ئێران، کوشتنی دەیان ھەزار کەس بوو، ئینجا دڵنیاش نەبوون ڕژێمی بەشار ئەمێنێ یان نامێنێت. بۆیە ڕوسیاو ئێران خۆیان لە ڕوباری خوێن ڕشتنی وا پاراست.
عێراقیش جگە لەپاراستنی سنوری خۆی، کاتێک زانیان ڕوسیاو ئێران، کۆتا سنوری خۆیان لە پشتیوانیکردنی بەشار دیاری کردووە، مەرجەعی باڵای شیعەو حکومەتی عێراق، جگە لە مۆڵدانی ھێز لەسەر سنوور، بڕیاریان نەدا ھێز بنێرنەناو سوریا، چونکە دەیان زانی سوپای سوریا ھەرەسی ھێناوە. ڕوسیاو ئێرانیش خۆیان لە پەرێزی ڕوداوەکان مەڵاس دابوو. عێراق تێگەیشت ئەگەر ھێز بنێرێ بۆ ناو سوریا، ھێزەکە توشی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ خەڵکی سوریا دەبێت. عێراق کارێکی چاکی کرد، ھێزەکەی لەشەڕێکی خوێناوی وا نەژەنی.
ئێستا ئێمە شایەتی، ١٣ ساڵ ڕوداوی تراژیدین لەسوریا. کەتیایدا سەدان ھەزارکەس بونەتە قوربانی. نیوەی زیاتری سوریاش کاول کراوە. بێئەوەی بۆیەک جاریش ڕژێمی بەعسی سوریا، پێشنیاز یان پڕۆژەی چارەسەری سیاسی، بۆکێشەکانی ناو سوریاو ئۆپۆزسیۆن، لەکۆنگرەکانی جنێف یان ئەستانە، پێشکەش بکات.
ھەردەڵێی سیناریۆی عێراق، لەزەمان و زەمینەیەکی تردا، بەشێوازو ناوەڕۆکێکی تر، دووبارە دەبێتەوە. عێراق ھێزەکانی شیعەو کوردستان و ھاوپەیمانان بەڕابەرایەتی ئەمەریکا، دەوریان لە ڕوخانی سەدام ھەبوو. سوریاش، ھێزەکانی سونی گەرا، بەچاو پۆشینی ئەمریکاو تەواوی ووڵاتانی عەرەبی، تەنھا بە پشتیوانی تورکیا بەعسی سوریا بەم چارە ڕەشییە گەیشت. کە ئێستا کۆشکی تایبەتی ٢٤ ساڵەی بەشار ئەسەدو پەیکەرەکانی ٥٣ ساڵەی باوکی بەشار، بونەتە داھۆڵی ھەرزەکارانی سوریا.
زۆربوون، لەسەرکردەو سیاسیە گەورەکانی کورد، عەرەب، ڕوسیاو ئێران، پێیان وابوو عەلەویەکانی سوریا قەت ناھێڵن بنەماڵەی بەعس و عەلەویەکان بڕوخێن. سەیر ئەوەیە بە ئەزمونترین سیاسەتمەدارەکانی کوردو ناوچەکە، باوەڕیان بە ڕوخانی بەعسی و عەلەویەکانی سوریا نەبوو، بینیمان لە ١١ ڕۆژدا، کونە مشکیان لێکردن بە قەیسەری.
دەرسەکانی مێژوو پێمان دەڵێ، تەنھا چارەسەری ڕیشەیی کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەکان، دەستەبەری مانەوەی سیستەمەکانە. نەک دەستوری کاتی و سوپای پڕچەک کراوو موخابەراتی خەڵک تۆقێنەر. ھەموو ئەو سیستەم و حیزبانەی، پێیان وایە، کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بە زەبرو زەنگ، دەستەبەری دەسەڵاتەکەیانە. ئەم جۆرە حیزب و سەرکردانە پچوکترین دەرسیان لە شکستی دیکتاتۆرەکان وەرنەگرتوە. بیر لەوە ناکەنەوە، ھیتلەرو مۆسۆلۆنی، ستالین و پۆلپۆت و شاویسکۆ، موعەمەر قەزافی و حوسنی موبارەک، بەعس و جەبھەی تەحریری جەزائیری خاوەن یەک ملیۆن شەھید، مێژوو لە زبڵخانەی خۆیدا ناشتنی.
دەبینین، ١١ ڕۆژ لەسوریا، نەک دۆخی سوریا، بەڵکو دۆخی ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ١١ ڕۆژ سەراپا ھەژانی بەسەردا ھات.
لەبەر ئەوەی سوریا چەقی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە ھەروەکو لە وتاری پێشودا وتومانە. ( ڕوداوە خوێناویەکانی سوریاو کاریگەری لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان).
١١ ڕۆژ ھەناسەیەکی کورتی مێژووە. بەڵام ئەم ١١ ڕۆژەی سوریا لە ھەزاران ڕۆژی تروو دەیان ساڵی کە ناچێت. ئەم ١١ ڕۆژە تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو. کەوابێ، با ھەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ لەمەو دوا بخەینە ڕوو.
جارێ زووە دواحوکم لەسەر بەرنامەی چۆنێتی حوکمڕانی ئەم ھێزانەی سەرکەوتون، بدەین. چونکە ڕێکەوتنی ھێزی جۆراو جۆری چەکدار و ئایدۆلۆجیەتی ناکۆک، بۆ لەناوبردنی دوژمنی ھاوبەشیان، بەدرێژایی مێژوو ئاسان تربووە، لەستراتیج و ڕێکەوتن لەسەر فەلسەفەی حوکمڕانی. ئەوە نمونەی لیبیا، ھەروەھا یەمەن، تاڕادەیەکیش میسر، لەولاشەوە ئەوە تونس لەبەر چاومانە. کەتوانیان ھێزە بەرھەڵستکارەکان، بۆ لەناوبردنی حکومەتە ستەمکارەکان ڕێکبکەون. بەڵام بۆ چۆنێتی حکومڕانی تائێستاش ناکۆکن و بەردەوام لەشەڕو ئاژاوە و تاڵانیدان. سەرەنجام بینیمان ھەم لیبیاو ھەم یەمەن و ھەم تونس، لەگێژاوی کێبڕکێی کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات دەربازیان نەبووە.لوبنانیش جگە لەوەی کرایە شەڕگەو کوشتارگەی بێھودە، بۆ سێ ساڵ دەچێت ناتوانێ سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، میسر سوپا کۆنتڕۆڵی کرد. تاڕادەیەک جەزائیریش.ئەگینا ئەمانیش ئێستا لەشەڕی ئەھلیدا دەبوون.
نمونەی کوردستانیشمان نابێت بیربچێت، دۆخی ئەنفالەکان و مەترسییەکانی ڕاگیرانی جەنگی ئێران و ئێراق، لەژێر فشاری ئێران بەرەی کوردستانی ھێنرایەدی، بەڵام برینی دڵی یەکێتی و پارتی ساڕێژ نەکرابوو. بۆیە سەرەڕای ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، گومرگی برایم خەلیل قەدماغەی شەڕی ناوخۆی کۆن و نوێی ھەڵدایەوەو لە کۆتایی ١٩٩٣ وە، ھەتا ڕێکەوتنی واشیتۆن ١٩٩٨، جارێکیتر شەڕێکی بێھودەی ناوخۆ ھەڵگیرسایەوە. تائێستاش ئاسەواری شەڕەکانی شاخ و دوای ڕاپەڕین، لەفرە لەشکری، فرە گومرگی دەست بەسەرا گیراو، نەنوسینی دەستورو مانەوەی زۆنی سەوزو زەرد، ھەڕەشەیە لە ئەزمونی کوردستان.
پێمانوایە زۆر ناخایەنێت، نەخۆشییەکانی دەسەڵات و تەماحی سەپاندنی ئەم یان ئەولای ھێزە چەکدارەکانی سوریا، بەرە بەرە، وردە ناکۆکی لایەنەکان، بەرەو ناکۆکی قوڵتر و دورنییە لێکھەڵشاخانیش بەرێت. بەتایبەتی تائێستا ستراتیجیەکی دیموکراسی ئەم ھێزە چەکدار و مەزھەبی و نامەزھەبیانە، نەخراوەتە ئارای سیاسەت و حکومڕانیش. بەڵێ ھەندێ ئاخاوتنی نەرم و ئاماژەدان بەحوکمڕانی مەدەنی ئەبیستین. ڕێگە نەدراوە دام و دەزگاکان، بەدەردی دامو دەزگاکانی ساڵی ١٩٩١ی کوردستان و لیبیاو یەمەن ببرێت. ھەتاڕادەیەک دام و دەزگا کۆنتڕۆڵ کراوەکانیش ھەر دڵخۆشکەرەن. بەڵام کێشەو مەترسی گەورە، دوای دروستکردنەوەی سوپا. دوای کۆنتڕۆڵ کردنەوەی موخابەرات. دوای دەست بەسەرا گرتنی سەرچاوەکانی داھات. ھەروەھا دوای گرنتی کردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی. لەدوای ئەم ڕوداوانە حکومەتی تازەی سوریا لەمەحەک دەدرێ. نەک قسە گەرمەکانی گەرم و گوڕی ڕۆژانی سەرکەوتن. بەتایبەتی ھەموو ھێزە دیموکراتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەناویانا کورد لەجەنگی یەکەمەوە ھەتا دوای جەنگی ساردی یەکەم، ماران گازی ھاتنە سەرکاری حکومەتی مەلیکی، کۆماریی ، نەتەوەیی و ئیسلامین، کەسەرەتای ھاتنە سەرکاریان بەڵێنی جۆراو جۆری جوانیان دەدا، بەڵام دوای کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات لەھەموو بەڵێنەکانیان پاشگەز دەبونەوەو، تاوانی گەورەتریشیان لە حکومەتەکانی پێش خۆیان ئەنجام دەدا.
ھیوادارین ھەربەڕاستی نەک حکومەتێکی دیموکراسی وەکو ڕۆژئاوا، بەڵکو حکومەتێکی نیمچە دیموکراسی و نیمچە مەدەنی لەسوریا بەرقەرار بێت، کەلە سایەیدا ھاوسەنگی ڕۆحی و مادیی لەنێوان مەسەلە دینیەکان و مەسەلە دنیاییەکان، لەدەستورێکی گەل پەسەندا ببینین. نەک بەناوی دین و مەزھەب، یان بەپاساوی یەکپارچەی نیشتیمان کوردو پێکهاتەکانی ترو ھێزە چەپ و دیموکراتەکان خەڵتانی خوێن بکرێن.
لەکۆتایشدا، پێمان وایە: ئەم ١١ ڕۆژەی سوریا کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھەژاندووە، لەگەڵ پڕۆژەی نوێی ووڵاتانی ڕۆژئاوای دیموکرات بۆ دیزاین کردنی نەخشەی سیاسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەنھا بەوە سەردەکەوێت، حکومەتەکانی ناوچەکەش ھاوزەمانی گۆڕانکاری سوریاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگای دیموکراسی و ئاشتەوای بگرنەبەر. بۆئەوەی دەوڵەتەکان و گەلانی ئازادیخواز، ھاوئاھەنگی گۆڕانکارییەکانی سوریاو لەناو پڕۆسەیەکی سیاسی نوێدا، بۆ بەدیھێنانی ئەرکەکانی سیاسی، مەدەنی، خۆشگوزەرانی تەواو کەری یەکتربن.
زیاتر بخوێنەرەوە
بەکر حەمەسدیق
ئاگرەکەی ئەمریکا ناو بنێیت تۆڵەی خوا، قسەیەکی هەڵەو خەتەرناکە
محمد خۆشناو
بۆنی گۆڕانێکی گەورە دەکەم !
خالید رەزا
ئۆلیگارەکانی کوردستان و ڕوسیا دوو ڕوی دراوێکن !
د. سەلام عەبدولکەریم
نەفەسی لوتبەرزی و کیبریائی وەزیرەکەی فەرەنسا
عەتا شەمێرانی
نامەیەك بۆ سەرۆك ئیمانۆئێل ماكرۆن
پێشڕەو محەمەد
ئایا ئیسرائیل و تورکیا پێکدادەدەن؟
بارام سوبحی
تەوقەکەى شەرع و چەمانەوەکەى عێراقچى!
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
لەبارەی باش و جاشەوە لەنێوان قازی محەمەد و حەسەن خەیریدا
سەردەشت عەلی
هێشتا عومەری سەید عەلی ڕێکخەرە
محمد خۆشناو
ئیسلامی سیاسی خۆی نوێ دەکاتەوە !!
ئەمانەش ببینە
ئەو هاوڵاتیەی لە گوندی گەڵاڵە درۆن لە ئۆتۆمبێلەکەیدا قسە بۆ دیبلۆماتیک دەکات
خوشکەكەی هونەرمەند عومەر چاوشین بۆ ساڵیادی کۆچی دوای براکەی چی دەڵێت؟
وتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی: تەیف سامی بۆتە سەدام بۆ هەرێمی كوردستان
شۆفێرانی بار هەڵگر ڕێگای سلێمانی - عەربەت یان داخست
دوا ساتەکانی کەوتنی بەشار ئەسەد
تاران هەڕەشەی دەستپێكردنی جەنگێكی وێرانكەر دەكات
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2025 Diplomatic Magazine