ئیسلامی سیاسی خۆی نوێ دەکاتەوە !!

محمد خۆشناو

2025-01-04

لەنەوەدەکان کتێبێکی زنجیرەی «عالم المعریفة»ی کوێت-یم بەناونیشانی (الراسمالية تجدد نفسها-سەرمایەداری خۆی نوێدەکاتەوە)ی «د. فوئاد میرسی»یم خوێندەوە ، کە باس لە گۆڕانە بەردەوامەکانی سەرمایەداریی بەپێی کات و شوێن و قۆناخەکان دەکات و ، لەهەر قۆناخێکدا سەرمایەداری  توانی هێزی خۆی بەپێی پێداویستی سەردەم خۆی نوێ بکاتەوە و ، بەفەزڵی شۆڕشی زانستی و تەکنۆلۆژیا توانی خۆی لەگەڵ دۆخی نوێی جیهان بگونجێنێت ، ئەم خۆنوێکردنەوەی سەرمایەداری سروشتیە و بە پازدان و لە شەو و ڕۆژێکدا نەبووە ، پێچەوانەی نموونەی ئیسلامی سیاسی ئەوڕۆ دەیەوێت خۆی لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێنیت تا شوێنی خۆی قایم دەکات ، نموونە ئیسلامی سیاسی لە سوریا کە ئێستا دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی لەدەستە ، لەشەو و ڕۆژێکدا سەرۆکی «دەستەی تەحریری شام » ناوە داعشیەکەی « ابومحمد الجولانی » گۆڕی بۆ ناوێکی مەدەنی ئەویش « احمد الشرع » و جلە زیتونی و پۆستاڵەکەی فڕەدا و چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباغ و پێڵاوی دوئاوزێنەی ڕۆژئاوایی لەبەرکرد و ، مامۆستا و پسپۆر و شارەزایانی لە ڕاگەیاندن دەستیانکرد بە بازاڕکردنی سیاسیی وێنەی «احمد شەرع» کە جیاوازیەکی  ئەوتۆی لەگەڵ بە بازاڕکردنی بازرگانی نیە و ، بڕیاریاندا نیولۆک «ڕوخسارێکی نوێ »ی پێببەخشن و ، فێری وانەی بکەن و پلانەکەیان گۆڕی و ، چیتر ئیسلامی سیاسی و جیهادی و تەکفیری بە ڕێگای تەقلیدی بیرنەکەنەوە و شەڵواری کورت و ڕیش و قژی درێژ لاببەن ، بڕیاریاندا ڕێڕەوەکە ڕاستبکەنەوە و نیولۆکێکی نوێ دەربهێنن ، بە وەرگرتنی دەرزی بوتۆکس و فیللەر-یان بۆ دابنێن بۆ جوانکردنی ڕووخسارە جەهەنەمیەکەیان و ، کاری نەشتەرگەری لادانی چەوری زۆری پڕنسیب و گۆڕینی ڕێڕەوی باوەڕهێنان بکەن و ، جلی بڕاند و مارکە لەبەر بکەن و تەوقە لەگەڵ ژنان بکەن و لە کەناڵە ڕۆژئاواییەکان بەدەنگێکی نەرم و زەردەخەنەیەکی لێبووردە و ئیعتیدال و بڕاگماتیک دەربەکەون و ، باس لە دەستوور و ختووکەدانی کەمەنەتەواتیەکان و ڕێگەدان بە «مەی»  بکەن و لەوانەیە وێوەتریش بڕۆن و وێنەی خۆیان لە کردنەوەی مەلها و دابەشکردنی ماریگوانا لە شەقامەکان جوان بکەن بۆ هەوڵی خەلقکردنی نموونەیەکی جوان لە گۆڕانکاریکردن لە وێنەی ئیسلامی سیاسیی جیهادی تەکفیری ، هەر بەوەش نەوەستن و باس لە گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتی  وەستاو لەسەر پسپۆریی و کارامەیی و کاری ئەکادیمی و دیدگای پێشکەوتوو دوور لە تائیفەگەری بکەن ، هەروەک سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا بە میوانە عەرەب و بیانیەکانئ گووتوە ( ئەوەی لە 1400 ساڵ پێش ئێستا ڕوویدا ، ئێمە پەیوەندیمان پێیەوە نیە ) وەک ئاماژەیەک بۆ ناکۆکی سوننی/شیعی ، هەموو ئەمانە میکیاژێکی جوانن تا ئەوکاتەی شوێنی خۆیان تووند دەکەن ئەوجا  دەمامکەکە لادەبەن ، هەر لەئێستاوە ئیدارەی نوێی سوریا هەموارێکی فراوانی لە مەنهەجەکانی خوێندنی هەموو قۆناخەکانی فێرکردن کردووە و گۆڕانکاری لە دەق و وێنە و لابردنی هەندێک بڕگە و داڕشتنەوەی بەجۆرێکی تر کردووە ، گوزارشتی (الدفاع عن الوطن) بووە بە (في سبيل الله) و ( المغظوب عليهم و الضالين ) بووە بە ( الیهود و النصارى ) کە ئەمە بۆتە جێگەی ناڕازیبوونێکی زۆر لەنێوان هاوڵاتیانی سوریا ، ( الاخوة الانسانية ) بۆتە ( الاخوة الايمانية ) و (يحكمه قانون العدل ) بووە بە ( يحكمه شرع الله ) ، ئەمە داڕشتنەوەی شوناسی سوریایە بەتامی « نیو ئیسلامی سیاسی » نوێ دوای نیولۆکەکە .
ڕوون و ئاشکرایە ڕژێمە دیکتاتۆری و ئایینیەکان پێشبڕکێیانە بۆ خۆپێجوانکردن بە دیموکراسیەت و هاوڵاتیبوون «المواطنة » و ڕێزگرتن لە مافی کەمینە لەبەردەم گەلەکانیان و جیهانی دەرەوە ، هاوڵاتیبوون بڕبڕەی پشتی دیموکراسییە و لێی جودا نابێتەوە ، تەنگوچەلەمەی بزووتنەوەی ئایینی ئەوەیە کە دەڵێن ، ئێمە پابەندین بە دیموکراسیەت ، کاتێک سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا دەڵێت : ڕێز لە هاوڵاتیبوون و مافی کەمینەکان دەگرین ، کەچی دەبینین بەئاشکرا هێرش دەکرێتە سەر گوندی «عەلەویەکان» و درەختی جەژنی لەدایکبوون دەسوتێنرێت ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کاتێک مافی هاوڵاتی دووچاری کێماسی بێت ئەوە ئینتیما بۆ نیشتیمان نامینێت ، جگە لەوە وەزارەتی ناوخۆ-یان پڕۆژە یاسایەکی نوێی بەناوی (الاداب العامة) ڕاگەیاند کە ئەمەش لە تەعالیمی (الامر بالمعروف و النهي عن المنكر) وەرگیراوە کە لە سعودیە ڕەتکرایەوە و جۆلانی لە ئدلب جێبەجێیدەکرد ، کە دایان ماددەی قەدەغەکردنی تێدایە ، کە کۆتاییەکەی قەدەغەکردنی ژن و کچانی سەروی «12» ساڵدا کە بێ پۆشینی جل لە سەر و دەستیان نەچنە دەرەوە ، بەخێربێت  بۆ ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤی  ڕوخساری نوێی سەروڕیش لەژێر سایە و پارێزەر و پیرۆزکردنی ڕۆژئاوادا .