کوردستان لەکوێی زریانەکەی «ترمپ»دایە !!

محمد خۆشناو

2025-01-25

پێشاندانی ڕێوڕەسمە پڕۆتۆکۆلە ئۆروستۆکراتی و کاریزمایی بۆ «دۆناڵد ترامپ » و چوونی بۆ کۆشکی سپی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکان ،  پەیامێکی وێنەیی تووند بوو بۆ جیهان ؛ ئەمەیە ئەمەریکا…هێز و دەوڵەمەندیی و پارە و دەسەڵات ، ئەمەیە «ترەمپ» کە بەلۆژیکی دەڵاڵێک جیهان بەڕێوەدەبات و ، بەلۆژیکی بازاڕەوە سیاسەت دەکات و ، بەناوی پاراستن و بەرگریکردن لە وڵاتان باج دەسەپێنێت ، گوێی لەوە نیە کاتێک بە ئیمزا مشاریەکەی بڕیاری کشانەوە لە ڕێخراوی تەندروستی جیهانی و پەیماننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا و پشتێکردن لە ئەوروپا و ناتۆ…تاد هەموو ئەمانە بەزهنیەتی بزنسمان دەڵێت ، ئەمە زەرەر بە ئابووری ئەمەریکا دەگەیەنێت ، هیچ ئایدۆلۆژیایەک یان پابەندبوونی ئەخلاقی ڕێگەی لێناگرێت یان وایلێبکات یان شتێک نەکات ، پڕنسیپی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بریتیە لەو سەفەقانەی کە «هێز»ی لەپشتە ، ترەمپ پیاوێکی هەلگێڕووەرگێڕە و دوای«نیکسۆن» یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە کە بەپێی بیردۆزی«شێت» کە کیسنجەر بۆ سەرۆکەکانی جیهانی گواستەوە مامڵەدەکات ، کە ماناکەی ئەوەیە ، نیکسۆن شێتە و ناتوانیت پێشبینی کارەکانی بکەیت و ، باشترین شت ئەوەیە ڕازیبکەیت لەسەر ئەوەی داوای دەکات ، هەر لەئێستاوە دۆست و دوژمنەکانی ئەمەریکا هەوڵدەدەن ترەمپ ڕازیبکەن کە لەوانەیە لەهیکڕان لە ستایشەوە بگۆڕێت بۆ تووڕەیی ، گرنگ ئەوەیە ئەوە بزانین کە ترەمپ وازی لەشێوازی تەقلیدی لەسیاسەتی دەرەوە هێناوە ، هەڵپەرستیی و هەڕەشەی هێز و باوەڕبوون بەوەی کە «ئەو» دروستکەری ئاشتیە ، ئەمانە بنچینەی سیاسەتەکانیەتی و ، ئێران دەبێتە چاوە زریانیەکەی و ، بوونی سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەمدەکاتەوە ، بەڵام هەڕەشە و وەدیهێنانی سەفقە دەگاتە لووتکە ، لەو سەردەمی پشێویە گەورەدا کە ئەوە دەستیپێکرد ، گەلی کوردستان لەو ناوچە بەدبەختیەی کە پێی دەڵێن خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چی دەکات !! کە ئایا لەو چرکە ساتە مێژوویەدا هەر بەو چەقینەی ئێستا لەناو دیمەنی بێمتمانەیی و دۆخی خراپی درایی و تووڕەیی خەڵکەکەی و لێکترازان و دابەشبوون و شەپڕێوی نێو ماڵ ،  چۆن بەرگەی زریانێکی وادەکات لەنێو دونیای بەرژەوەندی و سەرۆکێکی گەورەترین زلهێز بە عەقلیەتی پیاوی ئابووری و هزری سەیرو سەمەرە و مشتومڕاوی دەمێنێتەوە ؟! لەناو دۆخێکدا کە ئەمە سێ دەیە زیاترە ، جگە لە بەرژەوەندی تەسکی حزبیی و کەسیی ، کلتوورێکی «لاوازی و بێتاقەتی» لەناو دەسبژێر و گەلی کوردستان زاڵبووە و ڕژاوەتە ناو تاکەکانیش کە لە زیدەڕۆیی لە خۆخەریکردن بە پێداویستیە ماددیەکان و هەڵکشانی بەکاربردن و پشتبەستن  بە هاوردەکردن  دەبینێتەوە و ، لەبەرانبەریشدا کلتووری کارکردن و بەرهەمهێنان زۆر دابەزیووە ، جگەلەمەش جێگیربوون و قووڵبوونەوەی حالەتی وابەستەیی بەوڵاتانی هەرێمیی قوڵتر بووە و ، پشتبەستنی چڕمان خستۆتەسەر دۆستی ئەمەریکی ، دۆستێک کە لەبەرژەوەندی زیاتر هیچی تر نابینێت ، ئەوەتا  سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کە لەکن ئەو بەها و هاوپەیمانێتی کۆن لەگەڵ وڵاتان و گەلانی ستەملێکراو شتێکی گرنگ نیە ، بەرژەوەندی هاوبەش پاڵنەری بنچینەیی و قاموسی مامڵەکردنیەتی لەگەڵ جیهان ، لەکن ترەمپ ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین بەشێکە لە «هەموو» ئەو «بەشە» پێویستە لەگەڵ «هەموو» بگونجێت کە لە خەیاڵی خۆیدا ڕەسمیکردووە ، دەبێت سیاسەتمەدارانی کوردستان ئەوە بزانن ، کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە ، بریتیە لە ئاسایشی ئیسرائیل ، ناوچەی بازرگانی و وەبەرهێنان و بازاڕی چەک و کاڵاکان ، زریانێکە بەڕێوەیە دەبێت هەموو لایەک خۆی ببەستینەوە ،  کە بڕواناکەم کورد  بەو عەقلیەتە ئێستای  بتوانیێت خۆی ببەستینەوە ، لەبەرانبەر ئەمەشدا تەنها دەتوانین ئەو شتە دووبارە بکەینەوە کە باوباپیرانمان دووبارەیان دەکردەوە خوا بەروحمە .