کورد بەرپەرچی بەرزترین ئاستی تەکنەلۆژی تورکیای دایەوە!

ڕەوا موسا

2025-03-18

قەندیل پێشکەوتووترین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیای تێکشکاند! 


دوێنێ شەو لە بەرواری 16ی ئازاردا گەریلاکانی پە*کە*کە بۆ یەکەمینجار درۆنی ئاکینجی تورکییان تێکشکاند و خستیانەخوارەوە! درۆنی بایراقدار ئاکینجی پێشکەوتووترین و نوێترین فڕۆکەه بێ فڕۆکەوانی تورکییە کە لە ئەرکدابێت و دەتوانێت بۆ شەش هەزار کیلۆمەتر بەبێ نیشتنەوە بفڕێت، بۆ دوانزە کیلۆمەتری ستونی بەرزببێتەوە. زیاتر لە 24 کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە، تەنانەت بەرگەی کەشوهەوای سەخت و شاخاویش دەگرێت. دەتوانێت بە شەش تۆنەوە لە زەوی هەڵستێت و دەست بە فڕین بکات. ئاکینجی ئەو درۆنە بوو کە لە کەشوهەوای خراپ و ناوچەی ئوزی شاخاوی سەختی ئازەربایجانی خۆرهەڵاتی ئێراندا بەدوای هەلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراندا دەگەڕا و هەموو جیهان بینەری پەخشە ڕاستەوخۆکەی بوو، کە حەوت کاتژمێر بەبێ وەستان لەم کەشە سەختەدا لە ئاسمان مایەوە هەتا شوێنی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی دۆزییەوە. دوای دۆزینەوەکە بە هێڵی فڕینی خۆی وێنەی مانگ و ئەستێرەی ئاڵای تورکیای لە ئاسماندا کێشا و هێزی ئاسمانی وڵاتەکە وەکو فەخر و شانازی تەکنۆلۆژی تورکیا نیشانیاندا! ئەوکات ئەوەی  سەلماند کە دەتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە سەختانە بگرێت. لەکاتێکیشدا ئەم چەند ڕۆژە کەشوهەوای قەندیل زۆر ئارامە و گونجاوە بۆ فڕۆکەکان، هەروەها مەودای فڕینەکەی زۆر لەوە زیاترە بەئاسانی چەند جارێک بگاتە قەندیل و بگەڕێتەوە ئامەد بەبێ نیشتنەوە. بۆیە دڵنیادەبینەوە لەوەی ئەم درۆنە بە زەبری موشەک خراوەتەخوارەوە و هیچ ڕووداوێکی سرووشتی ڕڕووینەداوە.

 گەریلاکانی پە*کە*کەش بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاندووە لە خستنەخوارەوەیەدا. پێشتریش چەندین جار پەکەکە و هەسەدە درۆنی بایراقداریان تێکشکاندووە و شارەزابوون تێیدا، بەڵام ئەمە یەکەمینجارە جۆری ئاکینجی تێکبشکێنن! ئەمەش لە بەرواری 16ی ئازاردا، لە ڕۆژی نیشتیمانی شەهیدانی هەڵەبجەدا. گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل سەربەرزی و شانازییەکی گەورەیان پێشکەشی گەلی کورد کرد، بە خستنەخوارەوەی درۆنی بایراقداری ئاکینجی کە سنوری ئاسمانی هەرێمی کوردستانی بەزاندبوو. پاشماوەکانی درۆنەکە لە نزیک شاری ڕانیە کەوتەخوارەوە، ئەم کردەوەیە خەڵاتێکی گەورەی تەکنۆلۆژییە بە گەلەکەمان دراوە. چونکە لەم ساتەدا درۆنی ئاکینجی پێشکەوتووترین درۆن و تەکنۆلۆژیای تورکییە، گەلی کورد سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتی و دەربەدەرییانەی تێیدایەتی بەڵام هێشتا گەیشتبێتە ئاستێک بەرپەرچی پێشکەوتووترین ئاستی تەکنۆلۆژی تورکیای ئەندام لە ناتۆ بداتەوە، بەڕاستی فەزڵ و منەتێکی گەورەی خودای پەروەردگارە بەم ڕەمەزانە پێی بەخشیوون.

درۆنی ئاکینجی بەهۆی پێشکەوتوویی و تایبەتمەندییەکانییەوە زۆرترین خواستی وڵاتانی لەسەرە بەمەبەستی کڕینی بۆ پێشخستنی توانای سوپای وڵاتان، لەناویابدا وڵاتی سعودیا پاکێجێکی گەورەی 3 ملیار دۆلاری پێشکەشی تورکیا کردووە بۆ دەستخستنی ئەم درۆنە تورکییە. پێشتر تەنها یەکجاری تر لە لیبیا خراوەتە خوارەوە و ئەمەی قەندیل دووەمین تێکشکاندنیەتی لە مێژووی درووستکردنیدا، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە سنوری شارۆچکەی العجيلاتی کەناراوەکانی باکوری خۆرئاوای لیبیا یەکەمین درۆنی ئاکینجی کەوتەخوارەوە، دوکەڵێکیش لەئاسمانی ناوچەکەدا بینرا و گومان دەکرێت لەلایەن هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەری سوپای نیشتیمانی لیبیای سەر بە حکومەتی تەبرەق خرابێتەخوارەوە. وەک دەزانین ئەم هێزە بە توندی لەلایەن ڕووسیاوە هاوکاری سەربازی و دارایی دەکرێن و گومان دەکرێت تەکنۆلۆژیای بەرگری ڕووسی لە خستنەخوارەوەیدا بەکارهاتبێت، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە و نازاندرێت ئاخۆ چۆن و بە چ تەکنۆلۆژیایەک قەندیل دووەمین درۆنی بایراقدار ئاکینجی خستەخوارەوە! هەروەها ڕوون نییە چۆن هەسەدە درۆنەکانی تری جۆرەکانی تری بایراقداری  لە بەنداوی تیشرین و کۆبانی تێکشکاندوون!