لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە پە..کە..کە

بەهمەن ئەحمەد

2025-05-16

هەڵبەت سیاسەت هونەری یاریکردنە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، لەم یارییە ئاڵۆز و سەختەدا زۆر جار ڕەنگە هەنگاوێک بنرێت کە دەرئەنجامەکەی بەوجۆرە نەبێت کە تۆ دەتەوێت، هاوشێوەی یاریزانێکی زۆر باش‌لە یارییەکدا کاتێک پاسێک دەدات بەهاوڕێکەی یاخود شوتێک بۆ گۆڵ لێدەدات و نایپێکێ، ڕەنگە ئەم هەنگاوەی قەندیلییەکانیش شوتێک بێت، بە هەر هۆکارێک بێت، ئامانجەکەی نەپێکێت، بەڵام بە تێگەیشتنی من و ئەو واقیعەی لەناوچەکەدا هەیە، ئەم هەنگاوە یەک هاوکێشەی پێچەوانە کردووەتەوە زۆر زۆر گرنگە و بە تێگەیشتن لەو توانا سنوردارە سەربازییەی پەکەکە و ئەو گەشە بەردەوامەی تورکیا بۆ ئەم قۆناغە خاڵێکی گرنگە:
ئەویش ئەوەیە، پێشتر هێزەکەی قەندیل بەفیتی دوژمنان و هەندێک هەڵەی خۆشیان خراونەتە لیستی تیرۆرەوە و وێنەیەکی ناشیرینیان لەسەر ئاستی جیهان بۆ دروستکراوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕابەرەکەشی بەگەلەکۆمەکێی وڵاتان ڕادەستی تورکیا کراو نزیکەی سێ دەیەیە لەزینداندایە، هەر بەوهۆیەشەوە، ئەم هێزە هەر چالاکییەکی لەدژی تورکیا بکردایە دەخرایە گۆشەی توندوتیژیی و دژایەتیکردنی ئاشتییەوە، بەڵام بەم هەنگاوەی ، پە..کە..کە، ئێستا ئەو وێنەیە دەسڕێتەوە کە هێزێکی تیرۆست بێت و دەیسەلمێنێت کە خواستی ئاشتی هەیە، بەمەش تۆپێک دەخاتە ساحەی تورکیا کە لەئێستا بەدوایە، تورکیا هەر  چالاکییەک لەدژی کورد بکات وەک دژایەتیکردنی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافە کولتورییەکانی کورد تەماشا دەکرێت. 
پەیامی زۆربەی وڵاتانم خوێندوەتەوە کە پێشوازییان لە هەنگاوەکە کردووە و جەخت لەوە  دەکەنەوە دوای ئەم هەنگاوە تورکیا دەبێت ڕێز لەمافی نەتەوەی کورد بگرێت، بەکورتی ئەو هاوکێشەیەی کە پێچەوانە کرایەوە ئەوەیە کە پێشتر هەموو چالاکییەکی پە..کە...کە لە دژی تورکیا بە تیرۆر و توندوتیژیی لەقەڵەم دەدرا،  هەموو ڕەوایەتییەکیش بە تورکیا دەدرا بۆ دژایەتی ئەم هێزە، بەڵام ئێستا هەموو هەنگاوێکی تورکیا لەدژی کورد بەپێشێلکردنی دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکان لێکدەرێتەوە و هەموو ڕەوایەتییەک بە کورد دەدرێت لەچوارچێوەی هاوکێشە سیاسییەکانی تورکیا ممارەسەی مافەکانی خۆی بکات !