ڕێککەوتنەکەی گازی سروشتی هەرێم

د. قارەمان محەمەد

2025-05-21

ئەم ڕێککەوتنەی لەگەڵ چەند کۆمپانییەکی  تایبەتیی بازرگانییە و پەیوەندی بە حکومەتی ئەمریکاوە نیە و هیچ کام لە کۆمپانیاکان بنکەیان لە واشنتۆن نییە. کۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و بنکەکەی لە شاری کالگری کەنەدایە لە ساڵی ٢٠٠٦ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەرێم ئیمزا کردووە و کار لە دوو بلۆک دەکات. کۆمپانیا (HKN) لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە بنکەکەی لە هەولێرە و کار لە سێ بلۆک دەکات. سەیر لەوەدایە زۆربەی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز کە کار لەگەڵ هەرێم دەکەن لەگەڵ گەشەکردنی کەرتی نەوت دامەزراون و پێشتر پێشینەیان لەم بوارەدا نەبووە!

لەساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ هەوڵێک هەبوو لەلایەن وەزارەتی وزەی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایشی وزە بۆ دانیشتوانی هەرێم و عێراق. ئەگەر ئەم کەرتە بە شێوەی دامەزراوەیی و نەك بۆخزمەتی چەند کەس و بنەماڵەیەک کاری لەسەر کرابایە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیشی دەبوو. ئەو کات عێراق ئەم بیانووەی نەدەما کە کارەبا و غاز لە ئێران بکڕێت و ساڵانە چەندان ملیار دۆلار بدات بە ئێران چونکە دەکرا هەرێم کارەبای زیاتر و غازیش بدات بە حکومەتی فیدڕاڵی.

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ وزە و بوارەکانی دیکەش ڕوونە و جەختی لەسەر "هەرێمێکی فیدڕاڵی بەهێز لە عێراقێکی بەهێزدا" کردووەتەوە. لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ و دواتریش لە ئیدارەی جۆ بایدن وەزارەتی وزەی ئەمریکا پارەی پڕۆژەی بۆ غازی هەرێم تەرخانکردبوو. ڕاوێژکارانی ئەمریکی لە ژێر سەرپەرشتی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەش پشتگیرییان لەم هەوڵە دەکرد لە چوارچێوەی ستراتیژێکی بەرفراوانتر بۆ فشارخستنە سەر ئێران، ئامانجیان کەمکردنەوەی نفوزی تاران و دواجار کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بوو.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی لەساڵی  ٢٠١٩ دانانی وەزیری نوێی سامانە سروشتییەکان ئەمریکییەکان هیوایەکیان هەبوو کە لەوانەیە گۆڕانکاری لە سیاسەتی وزەی هەرێم ڕوبدات و کەمێک بەرەو دامەزراوەیی بوون بڕوات، بەڵام مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەکاربوونی دەستی بەڕاکێشانی بۆڕی غاز کرد بۆ دهۆك بۆئەوەی دواتر بۆڕییەکە درێژبکەنەوە و لەبری دابینکردنی غاز بۆ هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، غازەکە بە تورکیا بفرۆشن.

ئەم لە کاتێکدابوو، لە کۆبونەوەی نێوان یاریدەدەری سکرتێری کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١، ئەمریکییەکان بەڕوونی ئەوەیان خستەبووە ڕوو کە حکومەتی هەرێم پێویستە سەرەتا سەرنجی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەی ناوخۆیی بێت، پاشان غازی زیادە وەکو ئامرازێک بەکاربهێنێت لە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجە. لەکاتێکدا زۆر بە ڕوونی بەکاربەدەستانی هەرێمیان گوتبوو هەرێمی کوردستان کوردستان نابێ لەم کاتەدا بیر لە هەناردەکردنی غاز بکاتەوە بۆ دەرەوە.

بەڵام لە مارسی ساڵی ٢٠٢٢ مەسرور بارزانی لە دوبەی ڕایگەیاند کە ئەوان بەرنامەیان هەیە غاز بۆ تورکیا و ئەوروپا هەناردە بکەن. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەمریکییەکان غازیان بۆ ئەوروپا دابین دەکرد کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا توشی قەیرانی وزە بووبون. ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەم ستراتیژییە بوو ئەمریکییەکان بۆ پڕۆژەی غازی هەرێـمیان هەبوو. هەربۆیەش لەکاتی هێرشی ئیرانییەکان بۆسەر کێڵگە غازییەکانی هەرێم و دواتریش بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە مارسی ٢٠٢٣، ئەمریکا پشتگیری هەرێمی نەکرد.

ئەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیکەن قومارێکی دیکە وەک قوماری گرێبەستە نەوتییەکان و پەیوەندی بە ئەمریکاوە نیە، نمایشێکی خراپە لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بنکەیان لە واشنتۆن نییە و هەولێریش پایتەختی هەرێمە بۆ لەژورێکی بازرگانی لە واشنتۆن ڕێککروتنەکە ئیمزا دەکەن! سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە کوێ ئەم شەرعیەتەی هێناوە بۆ واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە؟ چەند مانگێکی کەمە خەریکە هاوڵاتیانی هەرێم مووچەکانیان ڕێک دەبێتەوە، بەڵام دیارە ئەم بنەماڵانە و ئەم دەسەڵاتە ئەمەش بە مەترسی دەزانن.