شاگەشکەبوون بە خێڵ پاڵنەرە خێڵگەرییەکانی شادیی خەڵک بۆ جەنگی خێڵ

پێشڕەو محەمەد

2025-07-09

خێڵگەرایی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و کولتووریی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو. لەڕووی سیاسییەوە خۆراک بە گروپگەرایی و فڕقەچێتیی دەدات و حکومەتێکی کارا لەکار دەخات. لەڕووی کولتوورییەوە کۆمەڵێک بەهای کۆن ڕادەگرێت کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای خوێن و عەشیرەتگەریی بن و ئەویدیکەکوژیی کە لەگەڵ ئەو بەهایانە نەگونجێت، دەبێتە ناسنامەی خێڵ. لەڕووی ئابوورییەوە پشت بە ڕەمەکە سروشتییەکان و بە ئاژەڵداریی و ژیانی ڕەشماڵنشین دەبەستێت و بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی بازاڕی مۆدێرن و لیبراڵ دروست دەکات و کارپێدان لەنێو خێڵدا لەسەر بنەمای کۆیلەییە. جا با بە کورتیی لە پەیوەندییدا بەو شەڕەی خورشید هەرکیی (نمایشێکی پێکەنیناویی) شتانێک بڵێم ڕەنگە زۆربەتان ئازار بدات:

١
هۆکاری ئەوەی بنەماڵەی بارزانیی و بنەماڵەکانی دیکە حوکمی کوردستان دەکەن، و ئێوەش پێتانوایە هیچ حسابێکتان بۆ ناکەن، ئەوە نییە کە ئەوان سۆپەرمان و بەرزەمرۆڤن و پۆڵایینن و ناشکێن، بەڵکو عەقڵییەتی خێڵگەریی ئێوەیە فۆرمی ئەو دەسەڵاتە دیاریدەکات کە تێیدا دەژین. دەبینم لەم فەیسبووکە کاتێک هەمووتان دەنووسن: ئێمە هەموومان هەرکین، دەریدەخات نەک نەتانتوانیوە سنووری خێڵ ببڕن، بەڵکو حزبەکانی کوردستان بە هەزاران هەنگاو لەپێشتتانەوە وەستاون. 

٢
ئێوە ڕۆژ تا ئێوارە جوێن بە بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی دەدەن کە جاشایەتیی هەرێمیی بۆ هەر دەوڵەتێک دەکەن، کەواتە لای ئێوە جاشایەتیی قێزەونترین دیاردەیە، لانیکەم لە جوینەوەی ڕۆژانەتاندا ئەمە دەڵێن. بەڵام دڵخۆشن بە سەرۆک عەشیرەت و خێڵەکان کە بە ئاشکرا جاشایەتییان بۆ سەدام حوسێن دەکرد. لە هەر چوار پارچەی کوردستان خێڵەکان و سەرۆکەکانیان هەمیشە دەسکەلای دەوڵەتە داگیرکارەکان بوون و هەن. ئێوە دەتانەوێت لە خێڵەوە بڕۆنەوە بۆ خێڵ. وەک سیزیفتان لێهاتووە، بەردەکە بۆ سەرەوە بەرز بکەنەوە، ڕێک خلۆر دەبێتەوە و دەستوقاچ و سەری خۆتان دەشکێنێت. 

٣
بەجددیی پێتانوایە خێڵ کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانتان بۆ دادەمەزرێنێت؟ نەخێر، ئێوە خۆتان ئەمەتان ناوێت. هەرکاتێک خۆتان لە عەقڵی خێڵ ڕزگار کرد، و باوەڕتان بە ژیانێکی دەرە-خێڵ هێنا، ئەوسا هیچ دەسەڵاتێک بەرانبەرتان خۆی ناگرێت. دانی پێدا بنێن ئێوە ناتانەوێت. 

٤
پارتیی و یەکێتیی کۆمەڵگەی خێڵیان بە فۆرم و شێوەیەکی نوێ داهێنایەوە، چی خڵتە و خاشاکی خێڵ بوو زیندوویان کردنەوە، پێیانوابوو بەمجۆرە دەتوانن کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە بکەن. پێموایە ئەم دوو حزبە باش لەوە تێگەیشتبوون کە کۆمەڵگە هەم لە خڵتەی خێڵدا دەژیت و هەم ئەمەشی بەسە. کۆمەڵگەیان لەسەر بنەمای خێڵنشینیی کردە مووچەخۆر و وا سەری خۆیان دەخوات. 

٥
جاران پێموابوو ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت تاک دەبێت سەرەتا بیر لە گۆڕینی خۆی بکاتەوە، جا لە گۆڕینی دەسەڵات، بیرۆکەیەکی عیرفانییە، ئێستا قووڵ پێموایە ئێوە تا خۆتان نەگۆڕن ناتوانن گەردێکیش بگۆڕن. 

٦
ئەگەر پێتانوابوو ئەم قسانە بەرگریی لە دەسەڵاتی خێڵی بارزانیی و تاڵەبانیی دەکەن، ئەوە قسەکانی من سەد لەسەد بۆ ئێوە ڕاستن.