شۆڕشی ژمارەیی و واقیعی نوێی میدیای کوردی

هاوڕێ شەریف

2026-06-04

میدیا وەک دەستەڵاتی چوارەم و ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی و هۆشیارکردنەوەی تاک و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە کاتێکدا کە جیهان بە قۆناغی خێرای تەکنەلۆجیا و سەرهەڵدانی ژیریی دەستکرد و گۆڕانی ئەلگۆڕیتمەکاندا تێپەڕ دەبێت میدیای کوردییش لەم شەپۆلە بەدەر نییە و لەم دەیەی دواییدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێکهاتە و شێواز و ناوەڕۆکی ڕووماڵە میدیاییەکاندا لە باشووری کوردستان و پارچەکانی تریش ڕوویداوە ئەمڕۆ کاتێک وەک هاونیشتمانییەک یان خوێنەرێک یان بینەرێک تەماشای شاشەکان دەکەیت و گوێ لە ڕادیۆکان دەگریت یان بەنێو لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێیت ڕووبەڕووی لێشاوی پێچەوانە و دژبەیەک دەبیتەوە و لێرەوە پرسیارە جەوهەرییەکە سەر هەڵدەدات کە ئایا چی دەبینین و چی دەبیسین لە ئێستای میدیای کوردیدا و ئایا ئەم بەرهەمە میدیاییە لە ئاستی ویست و تینوێتی و تموحی هاونیشتمانیاندایە یان مەودایەکی گەورە لە نێوان چاوەڕوانییەکانی شەقام و واقیعی ڕاگەیاندنی کوردیدا هەیە

چی دەبینین لە ئێستای میدیای کوردیدا
کایەی بینراوی میدیای کوردی لە ئێستادا بە قۆناغی تێکەڵاوبوونێکی سەیردا تێپەڕ دەبێت و لە لایەکەوە لە ڕووی تەکنیکی و دیزاینی ستۆدیۆکان و کوالێتی وێنە و بەکارهێنانی گرافیکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیای نوێی گواستنەوە میدیای کوردی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کاتێک لە قاوغە تەکنیکییەکە دەچیتە ناو جەوهەری ناوەڕۆکەکەوە چەند دیاردەیەکی سەرەکی بەدی دەکرێن
یەکەم- جەمسەرگیریی سیاسی و حزبی بە جۆرێک کە زۆربەی هەرە زۆری کەناڵە ئاسمانییە گەورەکان و دامەزراوە میدیاییە خاوەن بودجە زەبەلاحەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەر بە لایەنە سیاسییەکانن یان لەلایەن کارەکتەرە دیارەکانی دەسەڵاتەوە تمویل دەکرێن ئەمەش وایکردووە بینەر لەبری شیکردنەوەیەکی بابەتیانە شەڕی گوتارەکان و هێرشی پێچەوانەی حزبی ببینێت و ڕووداوەکان تەنها بەپێی بەرژەوەندیی ئەجێندای حزبی دادەڕێژرێنەوە
دووەم- باڵادەستیی تابلۆید و فۆکەس لەسەر سۆشیاڵ میدیا چونکە میدیای بینراو و شاشەی تەلەفزیۆنەکان بووەتە پاشکۆی سۆشیاڵ میدیا و زۆرجار لەبری دۆکیۆمێنتاری قووڵ یان بەرنامەی لێکۆڵینەوەی ڕژد شاشەکان پڕکراون لە ڤیدیۆی ڤایرۆڵی فەیسبووک و تیکتۆک و کێشەی کۆمەڵایەتیی خێزانی و کێبڕکێی مۆدێلەکان و ئەم جۆرە بینینەش هۆشیاریی گشتی بەرەو سڕبوون دەبات
سێیەم- وێنەی شێواوی شار و گەشتوگوزار و ژینگە لەکاتیاندا کە کوردستان خاوەنی سروشتێکی دەوڵەمەندە زۆرجار لە ڕووبەری میدیاییدا لەبری هۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان زیاتر گەشتوگوزارێکی بازرگانی و بێسەروبەر نیشان دەدرێت کە زیان بە سروشت دەگەیەنێت بێ ئەوەی ڕەخنەیەکی بنیاتنەر لە شێوازی مامەڵەی گەشتیاران یان دامەزراوەکان بگیرێت


چی دەبیسین لە ئێستای میدیای کوردیدا
ئەوەی لە ڕێگەی گوتار و ڕادیۆ و لێدوانی سیاسییەکان و پۆدکاستە نوێیەکانەوە بە گوێی هاونیشتمانیاندا دەگات جۆرێکە لە پۆپۆلیزم و شڵەژانی فیکری کاتێک ورد دەبینەوە لەو دەنگانەی بڵاودەبنەوە پۆلێنکارییەکان بەم شێوەیەن
یەکەم- زمانی زبر و جەنگی دەروونی بەو پێیەی گوتاری بیستراو لە ئێستای میدیای کوردیدا کەمتر زمانی لێکتێگەیشتن و یەکڕیزیی نیشتمانییە و زیاتر زمانێکی زبر و تۆمەتبەخشینەوە و دروستکردنی نائومێدییە لە دەروونی تاکی کورددا و هاونیشتمانی کاتێک گوێ لە شیکەرەوە سیاسییەکان دەگرێت لەبری دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قەیرانەکان زیاتر هەست بە بنبەستبوونی دۆخەکە دەکات
دووەم- لاوازیی ئاستی زمانەوانی بەو پێیەی میدیای کوردی لە ڕووی زمانەوانییەوە چ سۆرانی و چ بادینی بەدەست جۆرێک لە شێواندنی ڕێزمان و بەکارهێنانی چەمکی بیانی و وەرگێڕانی سەرپێییەوە دەناڵێنێت و بێژەران و پێشکەشکاران زۆرجار پابەندی بنەماکانی زمانی ستاندارد نابن ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر زمانی ئاخاوتنی نەوەی نوێ دروست کردووە
سێیەم- کەمبوونی دەنگی پسپۆڕی ڕاستەقینە چونکە ئەوەی دەیبیسین زیاتر دەنگی گشتاندنە و کەسێک لە یەک کاتدا هەم پسپۆڕی ئابوورییە و هەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەم کۆمەڵناسی و لە بەرامبەردا دەنگی زانستی و ئەکادیمی و دەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە داکۆکی لە ژینگە و مافی مرۆڤ و ئاو دەکەن لە پشت ژاوەژاوی گوتاری پۆپۆلیستییەوە کپ کراونەتەوە

ئایا میدیای کوردی لە ئاستی تموحی هاونیشتمانیانە
ئەم پرسیارە پێویستە ڕاشکاو بین و بڵێین لە زۆربەی ڕەهەندەکاندا میدیای کوردی نەبووەتە وەڵامدەرەوەی تموح و تینوێتی هاونیشتمانیان چونکە هاونیشتمانیی کوردی بە حوکمی کرانەوەی بەڕووی جیهاندا و ئاشنابوونی بە زمانە بیانییەکان دەزانێت میدیای نیشتمانیی پێشکەوتوو چۆن کار دەکات و لێرەدا دەتوانین چەند هۆکارێکی ئەم دابڕانە شی بکەینەوە
هۆکاری یەکەم- کۆنترۆڵکردنی بودجەیە بەو پێیەی لە کاتێکدا میدیای ئەهلی و سەربەخۆ بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی و بازاڕی ڕیکلامی تەندروستەوە بەرەو نەمان چوون میدیای سێبەر و حزبی بە بودجەی زەبەلافەوە کۆنترۆڵی جێگەی سەرنجی هاونیشتمانیانیان کردووە و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خەڵک دەکەن
هۆکاری دووەم- داوی کلیک و ئەلگۆڕیتمە چونکە میدیای کوردی کەوتووەتە داوی دەستەڵاتی ئەلگۆڕیتمەکانی فەیسبووک و تیکتۆکەوە و بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بینەر کوالێتی بابەتەکان قوربانی چەندایەتی دەکرێت و سەردێڕەکان چەواشەکارن و بابەتەکان لە ئاستی تموحی خێزانێکی هۆشیاردا نین
هۆکاری سێیەم- پاشەکشەی پرسی نیشتمانی و فیکرییە بە جۆرێک کە مێژووی پەرلەمانی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازی و کێشە ستراتیژییەکانی وەک ناوچە دابڕاوەکان و پرسی ئاو و ئاسایشی خۆراک کە کڕۆکی تموحی نەتەوەیین کراونەتە قوربانی باسی ڕۆژانەی پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی و شەڕەپەیجی بێسوود

ڕووناکی لە تاریکیدا و دیوە ئەرێنییەکە
بۆ ئەوەی حوکمێکی ڕەها و نادادپەروەرانە نەدەین ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە هەمیشە دەنگ و ڕەنگی دڵسۆز لەناو میدیای کوردیدا هەن و لە ئێستادا پۆدکاستی کوردی گەشەکردنێکی جۆریی بەخۆیەوە بینیوە و گەنجانی هۆشیار و ئەکادیمی هاتوونەتە پێشێ و باسی بابەتی قووڵی فیکری و زانستی و دەرونی و مێژوویی دەکەن
هەروەها میدیای تایبەت مەند لە بواری ژینگە و ئابووریدا هەرچەندە ژمارەیان کەمە بەڵام هەوڵی جدی دەدەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا و لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسانی ئازا و دڵسۆز هەن کە هێشتا باجی پیشەییبوونی خۆیان دەدەن بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان بە هاونیشتمانیان
بۆیە ئێستای میدیای کوردی لە نێوان پێشکوتنی تەکنیکی و پاشەکشەی ناوەڕۆکدا دەتلێتەوە و وەک خوێنەر و بینەر ئێمە شایەنی میدیایەکی بەرزترین کە ڕێز لە عەقڵ و کات و ناسنامەی نەتەوەییمان بگرێت و بۆ ئەوەی میدیا بگاتەوە بە ئاستی تموحی هاونیشتمانیان پێویستمان بە چەند هەنگاوێکی بنەڕەتی هەیە
سەرەتا داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ ڕێکخستنی کاری میدیایی کە ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی فەوزا و پاراستنی مافی بەکاربردن و دواتر پشتیوانیکردنی دارایی دامەزراوەی میدیایی گشتی کە هاوشێوەی کەناڵە جیهانییەکان لەسەر بنەمای خزمەتی گشتی کار بکات نەک ئەجێندای کارەکتەرە سیاسییەکان و لە کۆتاییدا بەرزکردنەوەی هۆشیاریی میدیایی لەلایەن هاونیشتمانیان خۆیانەوە بە جۆرێک بایکۆتی ئەو میدیا و پەیجانە بکەن کە ئاستی فیکری و ڕەوشتی کۆمەڵگە نزم دەکەنەوە چونکە میدیای کوردی ئەگەر نەبێتە پردێک بۆ گەیاندنی داخوازییەکانی خەڵک و پاراستنی ژینگە و مێژووەکەی ئەوا تەنها دەبێتە کەرەستەیەکی کاتی کە لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییەکاندا متمانەی جەماوەر بە تەواوی لەدەست دەدات