پۆستمۆدێرنە و ڕاگوزەری لە مرۆڤی ماددە بەدەستەوە بۆ ماددەی مرۆڤ بەدەست

یەحیا کامیل

2023-01-01

پۆستمۆدێرن مەبەست لێی کۆتا قۆناغی گەشەسەندووی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە، بەڵام  دەستنیشان کردن و پێناسەکردنی دەقیق و وردی  خودی قۆناغەکە لەئاستێکی ناجێگیردایە، هەمیشە پێناسەکردنی کۆنکرێتی سەردەمی زیندوو یاخود بڵێن پێناسەکردنی ئەو سەردەمەی کە تیایدا دەژین کارێکی سەختە، هەروەک چۆن کانت لەو قۆناغەی مێژوو تیایدا ژیا کە ناوی لێنراوە ڕۆشنگەری دەیپرسی ئەم سەردەمە سەردەمی چیە، ئەم پرسیارەی کانت لای  میشێل فۆکۆ قورسترین و جدیترین پرسیاری سەردەمی کانتە.

 بۆیە هەر فەیلەسوف و کۆمەڵناسێک لە گۆشەیەکی تایبەتی خۆیەوە بەرەو شەن و کەو کردنی سەردەمەکە دەڕوا، ئەگەر هۆبسباومی بەڕیتانی توندڕەوی بەڕۆحی سەردەم دابنێت ، ئەوا کاش مودەی هۆڵەندی پۆپۆلیزم بەڕۆحی سەردەمەکەی دادەنێت، یان سیگمۆن باومانی پۆڵەندی بەرخۆری دادەنێت ، یاخود ئالان دۆنۆی کەنەدی تەفاهە(هیچ و پوچگەری) دادەنێت ....هتد.

لەگەڵ ئەو دەقیق نەبوونەی کە فەیلەسوفان بۆ پێناسەکردنی پۆستمۆدێرن ڕووبەڕوو ئەبین هێشتا ئەتوانین کۆمەڵێک سیما و ڕواڵەتی سەردەمەکە بخەینەڕوو، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرن بەتەواوی لەژێرکاریگەری لایەنە ئابوریەکەیدایە، وەک چۆن مارکس دەیگوت سەرخانی کۆمەڵایەتی لەسەر ژێرخانی ئابوری ڕاوەستاوە، بۆیە بە دیاریکردنی خەسڵەت و فۆڕمە ئابوریەکەی ئەم سەردەمەی پۆستمۆدێرن دەتوانین هەنگاو بەرەو ئایدیا کۆمەڵایەتی و فکری و سیاسیەکانیش بنێین.

پۆستمۆدێرن بەنزیکی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات، بەتایبەت لەوکاتەوەی ئابوری خۆی لە سیستەمی فۆڕدیزمەوە هێنایە قۆناغێکی نوێوە بەناوی پۆست فۆڕدیزم ، مەبەست لەم دوو چەمکە ئەگەر سادەی بکەینەوە گۆڕان بوو لەسیستەمی ئابوری پیشەسازی بەکۆمەڵ لەچوارچێوەی سیستەمی ئابوری نیشتیمانیدا بۆ سیستەمی بازاڕی ئازادی نێودەوڵەتی و لابردنی سنورەکان و زیاتر باڵادەست بوونی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان بەسەر حکومەتەکان و دەسەڵاتە نیشتیمانیەکان کە ئەمەش کرۆکی سیستمی نیولیبڕالیزمە.

بۆزیاتر سادەکردنەوەی قۆناغبەندیەکانی مێژووی  ئابوری ڕوانگەی  هەردوو فەیلەسوف مایکڵ هارت و ئەنتۆنیۆ نیگری بەکورتی دەخەینەڕوو، پارادایمی ئابوری بەناو سێ چرکەسات و زەمەنی  مێژوویدا تێدەپەڕێت ، پارادایمی یەکەم ، سەردەمی کشتوکاڵ کە تا سەدەی شازدە فۆڕمی زاڵ و دەرکەوتووبوو ، پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ئەم فۆڕمە ئابوریە خۆی لە نیوان زەوی و جوتیار و ئاغادا دەبینێتەوە،
پارادایمی دووەم سەردەمی پیشەسازیە کە قۆناغی پاش کشتوکاڵە و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ئەم فۆڕمە ئابوریەش خۆی لەنێوان خاوەن کارە جۆربەجۆرەکان و بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە دەبینێتەوە لەڕێگەی پیشەسازیەوە ،
پارادایمی سێیەم ، بەرهەمـهێنانی نامادییە یاخود فۆڕمی خزمەتگوزاری و زانیاریە کە ڕوخساری زاڵی ئەم سەردەمەی پۆستمۆدێرنە ، لەم سەردەمەدا تەکنەلۆجیا و زانیاری بەشێکی گرنگن لەپەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان، بەجۆرێک هێندەی ڕیکلام و پڕوپاگەندە زانستیەکان جێی گرنگی پێدانن هێندە میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان گرنگ نین، واتە بۆ ئەوەی کاڵایەک قبوڵکراو بێت لەلایەن کۆمەڵگە و بەکاربەرانەوە ، پێویستە ئامادەسازی پێشوەختەی ئایدیایی و زانستی و فەرهەنگی بۆ بکرێت.
ئەوەی زیاتر مەبەستمانە لێکەوتە و دەرکەوتە کۆمەڵناسیەکانی ئەم سیستەمەیە کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤی تەواو دابڕاندوە لەمرۆڤی پێشتر  و شوناس و پێناسەی تازەی بۆ داڕشتوون.

بە بڕوای بۆدریاری فەیلەسوفی فەڕەنسی  دنیای مەجازی کە خۆی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و دنیای دیجیتاڵی و مانگە دەستکردەکان دەبینێتەوە لێک دژ نیە لەگەڵ واقیعی فیزیکی، و پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوانیاندا نیە بەڵکو دنیای مەجازی واقیع بۆخۆی پەلکێش دەکات و سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە . بۆدریار لە نەتیجەی لێکدانی ئەم دوو تێزەیش تێزی واقیعی ساختە بەرهەم دەهێنێت، لەکۆتاییدا دنیای دیجیتاڵ و ئینتەرنێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقیەکانی ئێمە دادەڕێژێتەوە، پێشتر خێزان و دەزگا ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان و قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان ئەخلاق و سیستەمی بیرکردنەوە و جۆری ژیانکردنیان بەرهەمدەهێنا ، بەڵا ئێستا دنیای دیجیتاڵ و کۆمپانیاکان هەموو ئەوانە بەرهەم دەهێنن.
بۆدریار باوەڕی وایە لەم ساتەوەختەی مێژوودا ئێمە چیتر خاوەن کردە و بەرهەمهێنەر نین بەڵکو بووین بە بەکاربەر ، وە ئەوەی لەڕابردوودا لەچوارچێوەی پێداویستی و ئارەزوودا بەکارمان دەبرد سنورەکانی تێکشکێندراوە و لەدەرەوەی ئێمە بڕیار دەدرێت چی بەکارببرێت، دەزگاکانی بەرهەمهێنان هەرچییەکیان بەرهەم هێنا پێویستە بەکار ببرێت، ئەم سیستەمە تازەی بەکاربردن تەنها لەناو بازاڕدا بەرجەستە نیە ، بەڵکو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشی خستووەتە دوای ئەم سوڕە ناچاریە داینامیکیەی بەکاربردن، واتە تۆچەندێک لەسیستەمی بەکاربردنی پۆستمۆدێرن دوابکەوی وەهاش لە کۆمەڵگا و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا لاواز و پێگەلاوازیت.

سیگمۆند باومان، سۆسیۆلۆجیستی پۆڵەندیش هاوڕێ لەگەڵ ڕوانینەکانی بۆدریار بەچەمکی تایبەتی خۆی دەچێتە پێش پۆستمۆدێرنیزاسیۆنی سەردەمەکە و چەمکی مۆدێرنەی ڕەق و مۆدێرنەی شل بەکار دەهێنێت ، مۆدێرنەی ڕەق مەبەست لێی هەوری دەسەڵاتی عەقڵە بەسەر هەموو بابەتەکانەوە و سەردەمی پابەندبوونە بە حەقیقەتە عەقڵیەکانەوە، مۆدێرنەی شلیش کە مەبەست لێی پۆست مۆدێرنەیە و وا وێنای دەکات چەمک و حەقیقەتە بتەو و ڕەقەکان هەڵوەشێندراونەتەوە و تیایدا مرۆڤیان لەدەست هەموو حەقیقەت و چەمک و پیرۆزیەکان و بەهاکان دابڕیوە، باومان مەبەستی لە مۆدێرنەی شل زیاتر بۆ ئەوەیە کە لەم سەردەمەدا حەقیقەت وەک شلەیەک چیتر شیوە و قاڵبێکی جێگیری نیە ، ئەمە واتای ئەوەیە بەردەوام حەقیقەت فۆڕمی خۆی دەگۆڕێت وەک شلەیەک ، هیچ پیرۆزیەک یان چەمکێک ناتوانێ فۆڕمێکی جێگیری پێ بدات.

باومان پێی وایە لەسەردەمی مۆدێرنەی شلدا سیاسەت جیابووەتەوە لە توانا ، واتە ئەرکی دەوڵەت لەوەی کە دەتوانێت ئەنجامی بدات جیا بووەتەوە لەوەی کە پێویستە ئەنجامی بداتە. لەڕابردوودا دەوڵەت بەرپرسیاربوو لەوەی کە نەزمی کۆمەڵگا بکات و ڕەفتاری تاکەکان ڕێک بخات لەپێناو چاکەی گشتی و بەرژەوەندی کۆمەڵگا ، بەڵام لەئێستادا و لەسەردەمی مۆدێرنەی شلدا ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتەکان پێچەوانە بوونەتەوە و ، دەوڵەت وازی لەئەرکەکەی خۆی هێناوە و بازاڕ و سەرمایەی ئازادی بەڕووی کۆمەڵگادا کردووەتەوە بەبێ هیچ ئەجێندا و مەبەستێکی  دیاریکراو، وە هانی بەرخۆری و زێدە بەکاربەری تاکەکان و نوێکردنەوی بەردەوامی کاڵا و شمەکەکان   دەدات لەپێناو حەزی کاتی و خێراترکردنی حەزو و ئارەزوەکان.
پۆستمۆدێرن و سەرمایەداری وەک جاران کار لەسەر ئەوە ناکات لەڕێگەی زۆرترین بەرهەم و کەمترین تێچوو کەڵکەڵەی سەرمایە بکات ، بەڵکو کار لەسەر زۆرترین بەرخۆری و مشەخۆری تاکەکان دەکات، بۆ ئەمەش دەستکاری و ئەبدەیتی شوناس و ڕوانینی تاکەکانی کردووەتەوە، بەجۆرێک بۆ ئەوەی کەسایەتی و پێگەت بەرزبێت پێویستە تا زۆرترین ڕادە بەرخۆر بیت، بەمانایەکی تر ئەگەر تاکێک پارەیەکی زۆری پاشکەوتکراوی هەبێت لەماڵەکەیدا هێندەی ئەوکەسە پێگەی کۆمەڵایەتی و کەسێتی بەرز نیە کە بە نیوهێندەی پارەکەی ئەو کەسێکی زیاتر بەرخۆر و زێدەبەکار بەرە و کاڵا و سەیارە و خانوی گرانبەهای هەیە، ئەم فەرهەنگی ژیانە لەڕابردوودا پێچەوانە بوو ، دەتوانین بە نمونەیەک گەورەترین جیاوازی فەرهەنگی ژیانکردنی سەردەمی پێشین و پۆستمۆدێرن بکەین ، لەسەردەمی پێشیندا کەسێک ئامێرێک یان کاڵایەکی هەبووایە بەنمونە ئەگەر چەکوشێک یان داسێک بوایە بەئەگەری زۆر لە چەند پشتێکی باپیرانی خۆیەوە بۆی مابوویەوە ، بەڵام لەسەردەمی ئێستادا کاڵاکان چەند جار دەگۆڕێن لەژیانی تەنها نەوەیەکدا بەنمونە ژمارەی بڕاندی موبایلەکانی ئایفۆن هەر لە ژمارە یەکەوە هەتا چواردە کە زۆرینەی بەکاربەرانی ئەو بڕاندە زۆرینەی ژمارەکانی ئایفۆنی بەکاربردووە ، واتە لەسەردەمی پێشیندا چەند نەوەیەکی مرۆڤەکان سودیان لە یەک نەوەی کاڵایەک دەبینی، بەڵام لەسەردەمی ئێستای پۆستمۆدێرنەدا بە پێچەوانەوە چەندین نەوەی کاڵایەک لەژیانی یەک نەوەی مرۆڤدا بەکاردەبرێن ، ئەم مەشهەدە دەمانباتەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکەمان کە  لە سەردەمی هاوچەرخدا ئەوە مادەیە کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکان دەکات نەوەک دەسەڵاتی مرۆڤەکان بەسەر مادەکاندا.

دەتوانین لە زمانی ئالان دۆنۆی فەیلەسوفی کەندی وەسفی ئەکتەرەکانی سیستەمی باڵادەستی هاوچەرخ بکەین کە ئالان دۆنۆ بە نیزامی تەفاهە ناوی دەبات(سیستەمی خوێڕیگەری یاخود هیچ و پوچی)، واتە ئەوانەی کە زاهیرە و باگراوەندی سیستەمەکەن کەسانی هیچ و پوچن بەقەولی دۆنۆ ، ئەم ئەکتەرانەش لەڕێگای دوو پانتایی و سەکۆوە دەبنە باگراوەندی سیستەمەکە ئەوانیش سەکۆی میدیا و سەکۆی سیاسەت، لێردا ئەم ڕوانینەی ئالان دۆنۆ زۆر بەسادەیی و ئاسانی دەتوانین بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا تەعمیم بکەین، کامانەن پاڵەوانەکانی سۆشیاڵ میدیای کوردی؟وە کامانەن ئەکتەر و  پاڵاوانەکانی دنیای سیاسەتی کوردی؟ ئەمە بۆ خوێنەر جێ دەهێڵین.