سێبەر و دووبینی!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-01-23

نەخۆشییەکی چاو هەیە پێی دەوترێت دووبینی یا دەبڵ ڤیژن یا دایپلۆپیا Diplopia، ئەم جۆرە نەخۆشییە بەجۆرێکە کەسی تووشبوو هەمیشە لەبری ئەوەی شتێک ببینێت دوو وێنەی چونیەک لە هەمان شتە دەبینێت. کەسی دوو بین دەشێ نەخۆشییەکی چاوی هەبێت و نەتوانێت بەهەردوو چاوی یەک وێنە لە شتەکان لە بەشی پشتەوەی مێشکی دروستبکات، یان نەخێر ئەم دوبینییە نیشانەبن بۆ نەخۆشی دەماریی مەترسیدارتر. باسەکەی من ئەمە نییە.

لە سەرەتای مەسنەوی مەعنەویدا چیرۆکێک هەیە بەم شێوەیە دەست پێدەکات: جارێک مامۆستایەک بە خوێندکارەکەی دەڵێ بڕۆ ئەو گۆزەیەم بۆ بهێنە کە لەسەر ئەو تاقە دانراوە. خوێندکارەکەی دیارە تووشبووی ئەم جۆرە نەخۆشییەیە و یەک بە دوو دەبینێت. "مەولانا وشەی "ئەحوەل" بۆ دوو بین بەکار دەهێنێت". خوێندکارەکە دەڵێت کامە گۆزە لەو دوانەت بۆ بهێنم، مامۆستاکە بە تووڕەییەوە پێی دەڵێت چەندجارم پێ وتیت بەسە واز بێنە لەم دووبینییەت بهێنە، تاکەی یەک بە دوو دەبینیت؟ بۆچارەیەکی خۆت و ئافەتی دووبینییەکەت ناکەیت؟

خوێندکارەکە تووڕە دەڵێت ئوستاز ناکرێ بەم شێوەیە سەرکۆنەم نەکەیت و بە شێوازێکی جوان پێم بڵێیت کامەیان بهێنم؟ مامۆستاکە تێدەگات کە ناتوانێت لەگەڵ ئەم خوێندکارە و نەخۆشییەکەیدا بگاتە ئارگیومێنتێکی عەقڵانی و قەناعەتی پێ بهێنێت کە نەخێر دوو گۆزە لەسە ئەو تاقە دانەنراوە، ناچار بە خوێندکاری دووبین دەڵێت بڕۆ یەکێکیان بشکێنە و ئەوی دیکەم بۆ بهێنە.
کابرای دووبین دەچێت یەکێکیان دەشکێنێت، کە یەکێکیانی شکاند ئیدی هەردووکی دەشکێ. لێرەدا بە ئەزموون تێدەگات کە گۆزەکان یەک دانە بووە و دوو نەبوون، کێشەکە لەم بووە یەک بە دوو دەبینێت.

 دووبینی ئەم خوێندکارە دەقیق حیکایەتی حاڵی ماددی و مەعنەوی ئەمڕۆی ئێمە دەگێڕێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژین کۆمەڵێک لەمپەر هەن ناهێڵن حەقیقەتێک وەک خۆی و وەک ئەوەی هەیە ببینین. بەردەوام لە وەهم و تەمتومانی دووبینیدا دەژین. کێشەی ئێمە ئەوەیە پاش ئەزموونیش ئەم وەهمەمان بۆ ناشکێندرێت، چەندجارەبوونەوەی فەشەلی دووبینییەکەمان هێشتا ناکاتە ئەوەی لەم نەخۆشییە دەرچین و بگەینەوە بە حەقیقەتی یەکبینی. 
جۆن گۆتمان "۱۹٤۲"   سایکۆلۆجیستی ئەمریکی لە بابەتی سایکۆلۆژیای سێبەرەکاندا ئەم باسی دووبینییە بە جۆرێکی دیکە لێک دەداتەوە. گۆتمانی بۆچوونی وایە مرۆڤ سێ سێبەری بەسەرەوەیە و زادەی ئەو سێبەرانەیە:
یەکەم/لە دایکبوونی بایەلۆجی و کەوتنە خوارەوەی لە ڕەحمی دایکی.
دووەم: لەدایکبوونی کلتووریی و فەرهەنگی، کاتێک کۆچ دەکات یا کۆچی پێدەکرێت و بەر کەلتورێک یا دیدگایەکی دیکە بۆ ژیان دەکەوێت.
سێیەم: لەدایکبوون لە "خودی درۆزن" "Pseudoself" واتە دەرچوون لەو خودەی کە خۆت نیت تا ئەوکاتەی خودە ڕاستەقینەکەت دەدۆزیتەوە و وەک قاوغ و کاژێک لە خودە درۆزنەکەت ڕەهایی دەستەبەر دەکەیت.سێبەری دووەم و سێیەم دەقیق سێبەری نەخۆشی دووبینین.

سێبەرە سایکۆلۆجی و دووبینیەکانی دوونیای ئێمە لەوە زیاترن بتوانین بیانژمێرین، ڕق، کینە، حەسەد، دڵڕەشی و دڵپیسی لەنمونەی ئەو دووبینیانەن وایانکردووە ئەمڕۆ ئێمە  بەشی هەرەزۆرمان هەمان شت بڵێین، هەمان شتمان بوێت و باوەڕمان بەهەمان شت هەبێت

تەماشی دۆخی سیاسی، دینداری، ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی وڵات بکە، پاش سی ساڵ ئەزموون و شکانی نەک تەنها گۆزەیەک، بەڵکو شکانی خودی ژیانیش هێشتا داینەچڵەکاندووین لەوەی کە حەقیقەتەکە وەک ئەوەی هەیە ببینین نەک وەک ئەو دووبینییەی کە خۆمان ئارەزووی دەکەین. ناتوانین لەژێر هەژموونی سێبەرەکان دەرچین. دووبینی تا نزیکیترین پۆینتی ڕەگی بوون تەنیوینی. ئەم دووبینییە بەجۆرێک چۆڕاوەتە نێو ژیانمان و بە شێوەیەک کاریگەر بووە ئەمڕۆ خودی خۆشمان بە دوو دەبینین، یەکێک وەک ئەوەی کە هەین، یەکێکی دیکە وەک ئەوەی کە خەڵک چاوەڕێیە دەیەوێت ببین.  لە دیندارییەوە بۆ سیاسەت، لە پەروەردەوە بۆ ئابووری هەمووی لەژێر هەژمونی سێبەری درۆزن و دووبینیدایە ئەمڕۆ.

مامۆستای مزگەوت کە باسی داستانی موسا و فیرعەون دەکات دووبینییەکەی وایلێکردووە نەگاتە ئەو بڕوایەی کە داستانی فیرعەون و موسا تەواو نەبووە، بەڵکو ڕۆژانە ئەم داستانە لە ناخی هەریەکێکماندا دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە. ئەوە دووبینییە وایکردووە ئێمە لە نهێنی پشت ئەو چیرۆکە کاریگەرە تێنەگەین و وابزانین موسا و فیرعەون چیرۆکێکە لەمێژوودا ڕویداوە و ئیدی پەیوەندی بە ئێمەو ژیانەکەمانەوە نییە. مرۆڤی یەکبین و بێ سێبەر پاش بیستینی ئەو چیرۆکە موسا و فیرعەونی ژیانەکەی خۆی دیاریدەکات، دەقیق هەمان ئەو چیرۆکە وەک چیرۆکی ناخی خۆی و ژیانی خۆی دەبینێت، بەوەندە بەس ناکات کە دژی فیرعەون جا ئەو فیرعەونە ناخ و غەریزە شەڕەنگێزییەکانی خۆی بێت یا سیاسییە فیرعەونێکی زاڵم و دیکتاتۆر، هەر بە دژایەتی ناوەستێت بەڵکو پشتی موساش دەگرێت.

سێبەرە سایکۆلۆجی و دووبینیەکانی دوونیای ئێمە لەوە زیاترن بتوانین بیانژمێرین، ڕق، کینە، حەسەد، دڵڕەشی و دڵپیسی لەنمونەی ئەو دووبینیانەن وایانکردووە ئەمڕۆ ئێمە  بەشی هەرەزۆرمان هەمان شت بڵێین، هەمان شتمان بوێت و باوەڕمان بەهەمان شت هەبێت، بەڵام  هەر تیر و شیر لەیەک بسوین، ڕێکنەوین، هەدا نەدەین و تاوێ دانەسەکێین بۆ ژیان، لەکاتێکدا ئەوەی دەیڵێین هەریەکە، ئەوە سێبەرە درۆزن و دووبینییەکانمانن بە دوو دەیانبینن.

دووبینی وادەکات مرۆڤ نەگاتە ئاشتی ناوەکی لەگەڵ خۆی، کە نەگەیشتە ئاسایشی ناوەکیش ئید وەک دوژمن ونەیار سەیری ئەوەی هەیە لەدەرەوەی خۆی دەکات، زەوی گەردوون ئەستێرەو مانگ هەمووی بۆ ئەم نەیارن، لەکەمیندان بۆی. گەورەترین شتێک کە شاعیرانی کلاسیکی ئێمە توانیویانە پێی بگەن و ئەو میراتە قوڵە لە لەزرەتی  فیکری و مەعریفی بۆ ئێمە بەجێبهڵن گواستنەوەیانبووە لەسێبەر بۆ حەقیقەت، لە دوبینییەوە بۆ یەکبینی، کە گەیشتوونەتە یەکبینیش ئیدی گەیشتوون بە خۆیان و ئاشتی نێو ناخی خۆیان.

ئافەتەکانی سێبەر و دووبینی زۆرن، زۆرجار پێویستدەکات گۆزەکانی ژیانمان بشکێنین بۆ ئەوە تێبگەین کە دوو بینین، ئەزموون مەترسیدارە پێچەوانەی تاقیکردنەوە باوەکانی ژیان سەرەتا تاقیتدەکاتەوە ئەوسا فێرتدەکات


کەسانی ئایدیۆژیست گەورەترین ئەندازیارانی دروستکردنی سێبەر و هێشتنەوەی سێبەرن، ئەوان شارەزاترین پزیشکی دووبینین، نەک بۆ چارەسەرکردن بەڵکو بۆ ئیدامەدان بە دووبینی و قاندانی دۆزەخی دووبینین. ئەوان هەمیشە نانی خۆیان لەم سێبەر و  دووبینییەدا دەستدەخەن، دابەشکارییەکانیان دەقیق دابەشکاری کابرای دووبینی نێو چیرۆکەکەن، هەر خۆیان قانگدەری ئەم دۆزەخەن و هەر خۆشیان سود لە وزە و بڵێسەی ئەم ئاگرە وەردەگرن بۆ وەگەڕخستنی ماشێنەکانی سوود و بەرژەوەندییەکانیان. تەماشا چەپ و ڕاست، موسوڵمان و کافر، دیندار و بێدین، لیبراڵ و کۆنەخواز، ژن و پیاو، ڕەش و سپی ...هتد بەرهەمی چین؟

مرۆڤی یەکبین بەقەولی مەحوی مرۆڤێکی موەحیدی وایە هەریەک دەناسێ و هەر لە یەکیش دەدوێ:
نە ناوی ڕۆژ و مەهـ بردن، نە باسی سەدر و شەهـ کردن
مووەححید هەر دەبێ هەر یەک بناسێ، هەر لە یەک دەدوێ

ئافەتەکانی سێبەر و دووبینی زۆرن، زۆرجار پێویستدەکات گۆزەکانی ژیانمان بشکێنین بۆ ئەوە تێبگەین کە دوو بینین، ئەزموون مەترسیدارە پێچەوانەی تاقیکردنەوە باوەکانی ژیان سەرەتا تاقیتدەکاتەوە ئەوسا فێرتدەکات، پێش ئەوەی گۆزەی موودەتی ژیانەکەمان بشکێنین، واچاکە سوود لەئەزموونی کەسانی بێسێبەر و یەکبین وەرگرین. تۆش سێبەر و دووبینییەکانی دیکەی ژیان وەبیرخۆت بهێنەرەوە.