پرسی کورد له سه‌د ساڵی ڕابردوودا، واته له‌و کاته‌وه‌ی که سەریهەڵداوە به قۆناغی جیا جیادا تێپه‌ڕ بووه و مانای جیا جیاشی له خۆی گرتووه. واته ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی کوردیش مانای جیا جیای له‌وه کردووه که کوردبوون چیه، ئه‌م واتا جیاواز و ئه‌و قۆناغه جیاوازانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که له جیهانی ئێمه‌دا گۆڕانکاری زۆر و گه‌وره ڕوویان داوه، جا ئه‌و گۆڕانکاریانه کاریگه‌ریان له سه‌ر پێناسه‌ی خۆمان بۆ خودی خۆمان، بۆ ئەوانی دیکەش، داناوه.
با لێره‌دا هه‌ندێ کارئاسانی بکه‌ین، هه‌تا په‌یامه‌که‌م ڕونتر بگه‌یەنم، با ته‌نیا له به‌ستێنی تیۆریی قورس‌دا نه‌مێنینه‌وه، به‌ڵام پرسه‌که‌ش ئه‌وه‌نده ئاسان نه‌که‌مه‌وه، ئه‌گینا به ساده‌گۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێین. پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و دروستبوونی چەند دەوڵەت-نه‌ته‌وەیەک له‌و ناوچه‌دا، واته له ئێران ساڵی ١٩٢۵، له تورکیه ساڵی ١٩٢٣، له ئێراق ساڵی ١٩٢١ له سوریه‌ش به‌هه‌مان شێوه له ١٩٢٠−دا، ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه داده‌مه‌زرێت، کورد له‌و نێوه‌دا له بوونی به ده‌وڵه‌ت مه‌حروم و بێبه‌ش ده‌کرێت. ئه‌وکات کورد بۆ ته‌عبیرکردن و پێناسه‌ی خۆی، که پشتی به که‌لتور و زمانه‌وه به‌ستووه، به‌رده‌وام خۆی له به‌رامبه‌ر شتێکی دیکه‌دا پێناسه و وێنا کردووه. له سه‌ره‌تادا کورد، کوردبوون و کوردستانی بوونی زۆر له لا گرینگ و به‌هێز بووه، به‌و مانایه‌ی که له‌و به‌ستێنه‌دا هیوای ئه‌وه هەبوو، که کورد ببێ به دەوڵەت و سەربەخۆیی فەراهەم بکات.
هه‌ربۆیه هه‌وڵدراوه که خزمه‌ت به شوناسه‌که‌ی خۆی بکات، به‌رز ڕایبگرێت و زه‌قی بکاته‌وه. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که بڵێم له ساڵانی بیسته‌کاندا که ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته داده‌مه‌زرێن، تا کۆتایی جه‌نگی دووەمی جیهانی و تا دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هاباد، به شێوه‌یه‌ک خۆی پێناسه کردووه که کوردبوون، سه‌ربه‌خۆیی بوون و گه‌یشتن به سه‌روه‌ری خه‌ونێکی گرینگی نه‌ته‌وه‌یی بووه و لەو چوارچێوەیە خۆی پێناسەکردووە. دیاره من لێره‌دا زیاتر قسه له سه‌ر نوخبه‌ی سیاسی و نوخبه‌ی ڕێبه‌ریی کورد و نوخبه‌ی ڕۆشنبیریی ده‌که‌م، نه‌ک به گشتی باس له عه‌وام بکه‌م، چونکه خۆتان باش ده‌زانن که ئه‌وکات له نێو عه‌وامدا هه‌م شوناسی دینی و هه‌م شوناسی خێڵه‌کی به‌رجه‌سته‌و زاڵ بووه.
ڕونتر بڵێم، زۆر جار ئامانج شوناسی تۆ دیاری ده‌کات، تۆ ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانت هه‌بێ، کوردبوون، کوردایه‌تی و کوردستانیبوون ده‌بێ به شوناس، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانجه‌که‌ت بگۆڕی، له‌وانه‌یه شوناسێکی دیکه له لات گرینگ بێ. به ڕای من، شکستی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات، سەرەتای بەخۆداچوونه‌وه‌یه. بە واتایەکی دیکە، وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌یه له تێگه‌یشتن و له وێناکردنی ئینسانی کورد بۆ خۆی. ئه‌م شکسته واده‌کات که کورد به‌و قه‌ناعه‌ته بگات یان ئەوە مەیلەی لەلا دروستبێت که سه‌ربه‌خۆیی و درووستبوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی زۆر سه‌خته. ئیدی لێره‌وه کورد به جۆرێکی دیکه بۆ خۆی ده‌ڕوانێ. ئیدی ئه‌گه‌ر نه‌بووبێ به ئێرانی، یاخود ئێرانچیه‌تیشی نه‌كردبێ، به‌ڵام ده‌بێته کوردێکی له قاڵبدراوی ئێران، یا کوردێکی له قاڵبدراوی ئێراق، یاخود کوردێکی له قاڵبدراوی تورکیه. ئامانجه‌کان له ئامانجی سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌گۆڕێن بۆ ئامانجی خودموختاری. یانی هه‌روه‌ک ده‌بینن هه‌م له باشور پارتی دیموکراتی کوردستان و له ڕۆژهه‌ڵات حیزبی دیموکڕات به گشتی له هه‌وڵی وه‌رگرتنی مافه‌کانی کورد بوونه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که تێیدا ژیاون، دروشمی سەرەکیشیان دەبێت بە دیموکراستی بۆ ئێران/عێراق و خودموختاری بۆ کوردستان. ئه‌مه‌ش وای کردووه که کورد هه‌میشه وه‌ک شوناسی گروپیی لانی که‌م هه‌ڵگری دوو شوناس بووه، شوناسی ئێرانی و ئێراقی و شوناسی کوردیش.
به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، ئه‌م دید و تێگەیشتنە نەگۆڕ نەبووە، بەڵکو گۆرانکاری گه‌وره‌ی به سه‌ردا هاتووه. بۆ نموونە له باشور کاتێک ده‌گه‌ین به‌و قۆناغه که هێزی ده‌ره‌کی دێن بۆ ناوچه‌که و کورد پشتیوانی لێد‌کرێ و ده‌وڵه‌تی ئێراقی شکستخواردوو ده‌رده‌چێت و سیسته‌می حوکمڕانی له ئێراقدا ده‌گۆڕێ، ده‌وڵه‌تی ئێراقی تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، کورد بۆ جارێکی دیکه به‌ره‌و ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری هه‌نگاو ده‌نێ و لە ڕاپرسییەکی نافەرمی لە ٢٠٠٥ نزیک لە ٩٨٪ دەنگ بە سەربەخۆیی دەدات. دواتریش لە ڕیفراندۆمێکی فەرمیتر، بە تۆزێک کەمتر، دەنگ بۆ سەربەخۆیی دووبارە دەکاتەوە. به‌ڵام له ساڵی ٢٠١٧−دا دوای شکستی ڕێفڕاندۆم بینیمان، شوناسی کورد جارێکی دیکه ده‌گۆڕێ، لە کاتێکدا لە دوو ڕاپرسی لە دوای یەک دەنگ بە سەربەخۆیی دەدا، جارێکی دیکە دوای فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بەرەو عێراق هەنگاو دەنێتەوە.
له باکور شوناسی کورد حاڵه‌تی جیای هه‌بووه، پاش شکستی بزووتنه‌وه‌که‌ی شێخ سه‌عیدی پیران کورد به‌ره‌و حاڵه‌تێکی متبوون ده‌ڕوات، تا دامه‌زراندنی په‌که‌که که به هێزێکی توند کوردبوون دروست ده‌بێته‌وه و له هه‌وڵی دروستکردنی ئینسانی کوردایه و سەربەخۆی ئامانجە و کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو و تورکیا وەک داگیرکەر پێناس دەکرێت. به‌ڵام ساڵانی متبوون ماوەیەکی دوور و درێژ بووە، له ساڵی ١٩٢۵−وه هه‌تا ١٩٧٨، بۆیە په‌که‌که چه‌ند ساڵێکی ویستووه تا بتوانێت خۆی بناسێنێت و خه‌ڵک بناسێنێت و شوناسی ڕابه‌رایه‌تی خۆی بناسێ. به‌ڵام دیسان ده‌یبینین له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رکردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سەرۆکی پەکەکە، هه‌وڵه‌کانی په‌که‌که بۆ سه‌ربه‌خۆییخوازی تا ڕاده‌یه‌ک پاشەکشە دەکات.
په‌که‌که دیه‌وێت ئەمجارە بە شوناسێکی دیکه‌وه بێته‌وه گۆڕه‌پان و خه‌بات بکات، ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت و ته‌ڕحێکی دیکه دێنێته گۆڕێ. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه که کوردبوون له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا هه‌ڵگری مانای جیاجیا بووه، به پێی ئه‌و واقعییه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووریه‌ی که هه‌ر به‌شێک له به‌شه‌کانی کوردستان پێیدا تێپه‌ڕیوه. واته ئێمه ناتوانین پێناسه‌یه‌کی ڕه‌ها، پێناسه‌یه‌کی گشتگیر بۆ کورد بکه‌ین، چونکه گۆڕانکارییه ناوچه‌ییه‌کان، گۆڕانکارییه جیهانییه‌کان و گۆڕانکارییه ناوخۆییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر شوناسی کورد داناوه