بــەغدا، لەنێوان تاران و واشنتۆندا

سەرکۆ یونس

2023-02-08

لەکێشمەکێشی دۆلارو دیناردا، دواجار بانکی ناوەندی بەپاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران، نرخی ئاڵووێری دابەزاند لە146000 ەوە بۆ 130000هەزار دینار بەرامبەر بە100 دۆلار.

ئێراق، بەڕێژەی زیاتر 90% ی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی بۆ زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لەدەرەوە هاوردە دەکات، غازی سروشتی و کارەبا لەئێرانەوە دابیندەکرێت، ڕێژەی بێکاری مەترسیدارەو و ڕێژەی هەژاری یەک لەسەر چواری دانیشتوانە.

ئێراق هەرچی دۆلاری دەستدەکەوێت سەرچاوەکەی نەوتە، لەئێستادا خۆشبەختانە نرخی نەوت بەرزە، بانکی ناوەندی ڕێژەی یەدەگی لەدراوی بیانی بەرزکردووەتەوە بۆ 115 ملیار دۆلار و یەدەگی زێریش بۆ 132 تەن، ئەم دووانە پاڵپشتێکی پتەون بۆ دینار، بەڵام ئابوری ڕاستەقینە(بەچاوبینراو) لەئێراقدا لاوازە، مەترسیدارە، چونکە هیچ لۆژیکێکی ئابوری قبوڵی ئەوە ناکات، دەوڵەتێک بەهای دراوەکەی بەرز بێت و لەهەمانکاتدا بەڕێژەی زیاتر 90% پشت بەهاوردە ببەستێت! 

گۆڕانکاری زیاتر لەجارێک لەبەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار، بەبەرزکردنەوە و دابەزاندن لەماوەی سێ ساڵدا، بێ متمانەیی دروست دەکات لەلای خەڵک و تەنانەت وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و شڵەژانی بازاڕی لێ دەکەوێتەوە و لەئێستادا بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ وەستاوە و کەمترین مامەڵە تۆمار دەکرێت بەتایبەتی بۆ کەرتی خانوبەرەو ئۆتۆمبیل و هاوردەکردن.
بەم دابەزاندنەی بەهای دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، تاڕادەیەک ئاستی گشتی نرخەکان ئەگەر دانەبەزێنێت بێ گومان جێگیری دەکات، بەمەش هانی خواستی هەمووەکی دەدات و قەبارەی خواست لەقەبارەی خستنەڕوو گەورەتر دەبێت، لەبەرئەوەی جیهازی بەرهەمهێنانی لەئابوری ئێراقدا لاوازە و لەهەندێ کەرت نزیکە لەسفرەوە، ناچار هاوردە دوو ئەوەندە و زیاتریش دەبێت، بێگومان زۆربەی مامەڵەبازرگانییەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەدۆلار ئەنجام دەدرێت، بەمەش جارێکی تر شەپۆلی ناردنەدەرەوەی دۆلار لەئێراقەوە بۆ وڵاتانی هەناردەکار زیاتر دەبێت، لەسەکۆی خستنەڕووی دۆلاری بانکی ناوەندی، پشکی حەواڵەی بازرگانی دەرەکی گەورەتر دەبێت، بەم هەنگاوە ئێراق بەدەستی خۆی ئابورییەکەی تووشی داڕمانی یەکجاری دەکات و کۆمەڵگا دەکاتە کۆمەڵگایەکی بەرخۆری پوخت، کەتەنها بەکاربەر دەبن. لەلایەکی ترەوە بەیەکجاری تەراوزووی بازرگانی ئێراق، لاسەنگ دەبێت و لایەنی هاوردە زۆر گەورەتر دەبێت لەهەناردە(جگەلە نەوت)

یەكێک لەئامانجەکانی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لەکۆتاییەکانی 2020دا، ئەوە بوو کەئابوری ئێراق بەکاریگەری سیاسەتی نەختینەیی گەشەبکات و بەرهەمی ناوخۆ زیاتر ببێت، بەڵام لەئێستادا پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە نرخی شمەک وکاڵای هاوردەکراو هەرزانترە تا بەرهەمی ناوخۆ ئەگەر هەبێت! 
بەم هەنگاوە، لەماوەی کورتخایەندا تاڕادەیەک باروگوزەرانی هاوڵاتیان بەرەو باشبوون گۆڕانی بەسەردا دێت، بەهای دینار بەرز دەبێت، بەڵام لەدوور مەودادا ئابوری نەتەوەیی ئێراق بەرەو داڕمان و داتەپینی تەواوەتی دەچێت...

پێمان وایە، بۆ حکومەتی ئێراقی قورس دەبێت کە فشارو داواکارییەکانی واشنتۆن خاڵ بەخاڵ جێ بەجێ بکات، چونکە ئاشکرایە حکومەتی بەغدا هاوسۆزو ملکەچی سیاسەتی تارانە و لایەنەشیعەکانی نزیک لەتاران لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا هاوسۆزو هاودەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و نایانەوێت وناشتوانن پشت لەتاران بکەن.

 

بڕیارە شاندی حکومەت و بانکی ناوەندی ئێراقی بچنە واشنتۆن لەگەڵ بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکەن و ڕێگاچارەکانی بەردەم بەهای دۆلارو دینارو بازرگانی ئێراق لەشمەک وکاڵا و غازی سروشتی و کارەبا تاوتوێ بکەن و واشنتۆن لەدرێژکردنەوەی ماوەی مۆڵەتی بەغدا بۆ هاوردەکردن لەئێرانەوە گەشتووەتە خاڵی بنبەست، چیتر ڕازی نابێت قەبارەی مامەڵەی بازرگانی بەغداو تاران بەو شێوەیە بێت، کاربەدەستانی بەغداش لەوە تێگەشتوون و دەیانەوێت هەم حکومەت وهەم ئابوری ئێراق بەڕێکەوتن لەگەڵ واشنتۆن بپارێزن.
بەپێ ی زانیارییەکان بێت، واشنتۆن ئامادەیە هاوکاری دیناری ئێراقی بکات بەکۆمەڵێک مەرجی گەورە و قورسەوە، لەوانە کەمکردنەوەی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێژەیەکی گەورە و هەروەها ڕێگریکردن لەسپیکردنەوەی دۆلار بۆ هەندێ وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیاو لوبنان و سووریا، لەوانەیشە بابەتی بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆیش زیاد بکرێت، چونکە مۆسکۆش بەهەمان شێوە سزای دارایی و بازرگانی واشنتۆن و ڕۆژئاوای لەسەرە.
پێمان وایە، بۆ حکومەتی ئێراقی قورس دەبێت کە فشارو داواکارییەکانی واشنتۆن خاڵ بەخاڵ جێ بەجێ بکات، چونکە ئاشکرایە حکومەتی بەغدا هاوسۆزو ملکەچی سیاسەتی تارانە و لایەنەشیعەکانی نزیک لەتاران لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا هاوسۆزو هاودەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و نایانەوێت وناشتوانن پشت لەتاران بکەن.

ماڵی شیعەی نزیک لەئێران، بەم هەنگاوە لەلایەک پێگەو مانەوەی کابینەکەی سودانیان بەهێز دەکەن، چونکە زۆرێک لەچاودێران ئەم کابینەیە بەکۆتا کابینەی لایەنەشیعییەکانی نزیک لەتارانیان ئەژمار دەکرد، هەربۆیە زوو کەوتنەخۆیان و ڕازی بوون بەفشارەکانی واشنتۆن و بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا. لەلایەکی ترەوە بەم هەنگاوە دەتوانن متمانەی ڕۆژئاوا بەدەستبهێنن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا بەغدا دەتوانێت پەیڕەوی سیاسەتێک بکات نزیک لەواشنتۆن و پشت لەتاران بێت؟! بێگومان قورسە بەڵام وادیارە ماڵی شیعەی نزیک لەتاران ئەمجارە خزمەت بەخۆیان و ئێراق دەکەن.
ئەگەر لایەنەشیعەکانی نزیک لەتاران، لەم کابینەیە بکەون ئەوا بێگومان لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگدەر و لایەنگرانیان کەمدەبنەوەو جارێکی تر دەرگای هاتنەپێشەوە بۆ سەدر دەکرێتەوە بە بەهێزی و بێ ڕکابەر.