دوایین رێککەوتنی مەترسیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان

2018-02-20

بەپێی ژمارە هەواڵی 0226C بۆرسەی لەندەن کە لە 16/1/2018 بڵاوکراوەتەوە، ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم-Gulf Keystone Petroleum) واژۆ کراوە سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی شێخان.


ئەمە دوایین رێککەوتنی مەترسیداری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەگەڵ کۆمپانیای وەبەر‌هێنەر (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) واژۆی کردوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە بۆ هەموو بەرمیلێک نەوت کە لە کێڵگەی شێخان دەردە‌هێنرێت بڕی 22 دۆلار داشکاندن دەکات بۆ کۆمپانیای وەبەرهێنەر بۆ یەک بەرمیل نەوت، بەپێی تێکرای نرخی ڕۆژانەی نەوتی برێنت، واتە تێکرای نرخی نەوتی برێنت دەکرێت بە پێوەر. ئەمە سەرەڕای لە ئەستۆگرتنی تێچوی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی شێخانەوە بە تانکەر بۆ فیشخابور کە لەوێشەوە دەکرێتە ناو بۆری کوردستان و ڕەوانەی بەندەری جیهانی تورکی دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا تێچوی دەرهێنانی نەوتی کێڵگەکانی شێخان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت بە کۆمپانیاکە.


کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) رۆژانە (40000) چل هەزار بەرمیل نەوت لە کێلگەکانی شێخان دەردەهینێت. ئەم رێککەوتنە لە 1/10/2017 تا 31/12/2018 کاری پێدەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم ئەم ڕێککەوتنەی رانەگەیاندووە، تەنها کۆمپانیەکە هەواڵەکەی بۆ خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە بڵاوکردۆتەوە لە بۆرسەی لەندەن.


لێرەدا گومانە گەورەکە ئەوەیە بۆچی هەواڵی ئەم رێککەوتنە گرنگە دوای 76 ڕۆژ بڵاودەکرێتەوە ئەویش تەنها لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆیە پێویستی بە لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی پەرلەمانی کوردستان هەیە.


لەم ڕاپۆرتەدا نرخی نەوتی برێنت لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2018 کراوە بە پێوەر کە بەرزترین نرخی تۆمار کردەوە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابوردودا.

slaww

کێڵگە نەوتیەکانی کۆمپانیای گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم

 (کێڵگەی شێخان) بەدیاریکراوی

- تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2018 لە بازاڕەکانی جیهاندا 68 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک. 
- کەواتە حکومەتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی شێخانی لە سەر کێڵگەکە فرۆشتووە بە (46) دۆلار، چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە (22) دۆلار داشکاندن بۆ کۆمپانیاکە کراوە. 
لەلایەکی دیکەوە تێچوی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکەوە بۆ فیشخابور بە رێگای تانکەرو لەوێشەوە بەبۆری کوردستاندا بۆ بەندەری جەیهان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لە پێدانی باج و تێچوی عەمبارکردنی لە خاکی تورکیادا، بەم پێیەش بۆ هەر بەرمیلێک نەوت پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (4) دۆلار خەرج بکات بۆ گواستنەوەکەی نەوتەکە.
- کەواتە (68) نرخی نەوت – (22) داشکاندن – (4) تێچووی گواستنەوە = 42  دۆلار/ بەرمیل. 
کرێی تێچوی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی شێخان لەسەر هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی (15) ملێون دۆلار دەکەوێت، کە ئەم بڕە پارەیە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان  مانگانە  دەیدات بە  کۆمپانیای گەڵف  کی ستۆن پترۆلیۆم. 
- کۆمپانیاکە رۆژانە (40000) بەرمیل  نەوت دەردەهێنێت.
- کەواتە بۆ (1) مانگ = (40000) بەرمیل × (30) رۆژ = (1200000) یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل / مانگ 
- کەواتە تێچوی 1 بەرمیل = (15000000) ÷ (1200000) = (12.5) دۆلار کرێی تێچووی دەرهێنان بۆ هەر بەرمیلێک 
دەبێت ئەوەش بڵێین بڕی (12.5) دۆلار بۆ یەک بەرمیل زۆر گەورەیە تەنها لە شوێنێکی وەک کوردستان ئەو پارەیەی  تێدەچێت.
- کەواتە  (42) – (12.5) = (29.5) دۆلار / بەرمیل 
 ئاشتی  هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان  دەڵێت  نەوتی کوردستان  بە (8) دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت  لە بازارەکانی  جیهاندا دەفرۆشرێت. 
- کەواتە  ئەو بڕە پارەیەی تا ئێرە دەمێنێتەوە بۆ یەک بەرمیل = (29.5)- (8) = (21.5) دۆلار 
ئەوەش دەزانین هەرێمی کوردستان قەرزاری کۆمپانیای نەوتی (گەڵف کی ستۆن) و کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی  کوردستانە. ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێک (2) دۆلار بڕوات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) و قەرز و ڕێژەی سوودی قەرزی کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی کوردستان  (%10) وە دەست پێدەکات و دەچێت بۆ سوودی(Amortizing Loan) واتە (سوود لەسەر سوود) کە لە دوای 36 مانگەوە دەست پێدەکات.
- کەواتە = (21.5) – (2) = (19.5) دۆلار / بەرمیل  دەمێنێتەوە
- کەواتە کەنەوتی برێنت 68 دۆلارە لەبازاڕی جیهاندا  ، هەریمی کوردستان  بە 19.5 دۆلار دەیفرۆشیت.
- کێڵگەی شێخان (1200000) یەک ملێۆن  دوو سەد هەزار بەرمیل نەوت لە یەک مانگانەدا وەبەردەهێنێت.
- کەواتە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ یەک مانگ لە کێڵگەی شێخان = (1200000) × (19.5) = (23400000) بیست و سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار دۆلار بۆ یەک مانگ دەمێنێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمـی کوردستان. 
ئەگەر نرخی نەوت بەرزتر بێتەوە ئەوا ئەم ژمارەیە بەرزتر دەبێتەوەو بەپێچەوانەشەوە ڕاستە،  بۆیە  حکومەتی هەرێمـی کوردستان ناتوانێت بەسەر گرفتەکاندا زاڵبێت، چونکە بەشی هەرە زۆری داهاتی نەوت دەڕوات بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت، ئەویش بەهۆی خراپی جۆری گرێبەستەکان کە حکومەتی هەرێم واژۆی کردوە. 
بە بڕوای ئێمە داشکاندنی (22) دۆلار لە هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیای (گەڵف کی ستۆن پترۆلیۆم) لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بەبێ بوونی پاساوێکی ڕوون و قەناعەتپێکەر هیچ خوێندنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت، جگە لە رێککەوتنی ژێربەژێر و ناڕوون. چونکە تەنها پاساوی حکومەتی هەرێم قورسی جۆری نەوتەکەیە، ئەمەش پاساوێکی لاوازەو لە هیچ شوێنێکی دنیا داشکاندنی لەم جۆرە بەدی ناکرێت. لێرەدا ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئەگەر جۆری نەوتەکە قورسە، بۆچی لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوتی خاو و تێکەڵ بە نەوتی سوک دەکرێت؟. 
بۆیە لەم سۆنگەیەوە هیچ ڕێگەچارەیەک نەماوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها دەرهێنانی مەلەفی نەوتە لەژێر دەستی بەرپرسانی (پارتی و یەکێتی) سپاردنیان بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی. یان ئەوەتا کێلگە نەوتیەکان رادەستی دەسەڵاتی مەرکەزی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر پێداچونەوە بە گرێبەستەکاندا بکرێتەوەو ڕێگە بگیرێت لە بەهەدەردانی داهات‌و سامانی هەرێمی کوردستان.

naxss
کێڵگەی نەوتی شێخان

ئەنجام
ئەم رێککەوتنە یەکێکە لە ڕێکەوتنە نا شەفاف‌و گەندەڵ‌و خراپەکانی تری حکومەتی هەرێم. باشترین بەڵگەش  ئەوەیە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پەیجی فەرمی خۆیاندا بڵاویان نەکردۆتەوە.
بەڵگەیەکی تر لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە بۆرسەی لە ندەندا پشکەکانی  کۆمپانیاکەی بەرز نەکردوەتەوە، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە هەرێـمێکی گەندەڵ ناسراوە، کۆمپانیاکانی کە کاردەکەن لە کوردستان بە گەندەڵ  دادەنرێن، چونکە وەبەرهێنەرە بیانیەکان خواستیان نیە لەسەر کڕینی پشکەکانی کۆمپانیاکە ئەگەر بەشێوەیەکی ماتماتیکی لێكی بدەینەوە دەبینی داهاتی کۆمپانیەکە زۆر زۆر زیاتر دەبێت. چونکە ڕۆژی 40000 بەرمیل نەوت دەردەهێنێتلە کێڵگەکانی شێخان. کەواتە داهاتی زیادە لە یەک رۆژدا =40000×22=880000 دۆلار.
یەک ساڵ = 365رۆژ.
 داهاتی زیادە بۆ  یەک ساڵ = 365×880000=321200000 سێسەدو بیست و یەک ملێۆن  و دووسەد هەزار  دۆلار بۆ کۆمپانیەکە.
سەرچاوەکان
1. ویكلیكس یكشف تفاصیل صفقە سریە بین اقلیم كردستان وانقرە .. اربیل تبیع ابار النفگ لاگفا‌و دیونها، علی الموقع الالكترونی:
http://sumer.news/ar/news/15427/%D9%88%D9%8A%D9%83%D9%84%D9%8A%D9%83%D8%B3....
2. Shaikan Crude Oil Sales Agreement Signed, at the site:
http://www.lse.co.uk/share-regulatory-news.asp?shareprice=GKP&ArticleCode=zuox69vv&ArticleHeadline=Shaikan_Crude_Oil_Sales_Agreement_Signed
3. Shaikan Payment Update, at the site:
http://www.lse.co.uk/share-regulatory-news.asp?shareprice=GKP&ArticleCode=drcovko4&ArticleHeadline=Shaikan_Payment_Update
4. Kurdistan Region of Iraq, at the site:
http://www.gulfkeystone.com/operations/shaikan
5. Iraq: Gulf Keystone Petroleum updates Shaikan Block operations, at the site:
https://www.energy-pedia.com/news/iraq/gulf-keystone-petroleum-updates-shaikan-block-operations
6. Gulf Keystone Petroleum Plc , at the site:
https://www.fatprophets.com/Member%20Area/Product%20Landing/Report%20List/Report%20Page/Article%20Page.aspx....