ئایا برێكس كۆتایی به‌ هه‌ژموونی دۆلار ده‌هێنێت؟

2023-08-23
ئومێد قەرەداغی
 
 ئه‌مرۆ یه‌كێك له‌ رووداوه‌  هه‌ره‌ گرنگه‌كان له‌ ئه‌فریقای باشوور به‌رێوه‌ چوو ، روداوێك كه‌ پێده‌چێت كارایی به‌سه‌ر  ئابووریی جیهانییه‌وه‌ دابنێت و هه‌ژموونی دۆلار به‌سه‌ر  بازرگانی جیهانیدا لاواز بکات، ئه‌ویش كۆنگره‌ی  گرووپی وڵاتانی بریكس بوو له‌ ئه‌فریقای باشوور ،  گروپی برێكس گه‌وره‌ترین ته‌كه‌تولی ئابووری جیهانییه‌و  له‌ ئێستا له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ پێش گرووپی G7 كه‌وتوه‌ ، ئه‌مه‌ روداوێكی ئابووری گه‌وره‌یه‌ و میدیای كوردی وه‌ك هه‌میشه‌ به‌رانبه‌ری بێ بایه‌خه‌ ، ئه‌م میدیایه‌ بۆته‌ میدیایه‌كی ته‌واو لۆكاڵ و بێ ئیهتیمام بۆ پرسه‌ جیهانیه‌ گرنگه‌كان كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كارایی به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌ دابنێت.

برێکس چییە؟

زاراوەی "بریك" لە ساڵی ٢٠٠١ دەرکەوت کاتێک ئابووریناس لە "گۆڵدمان ساکس" جیم ئۆنیڵ کورتکراوەی داهێنا، و باسی لەو هێزە ئابوورییە کرد کە ئەم وڵاتە تازەپێگەیشتوانە  خاوەنیانن، و چۆن دەتوانێت هاوسەنگی هێز یەکسان بکاتەوە له‌گه‌ڵ هێزی ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خۆرئاوا سه‌ركردایه‌تی ئه‌كات 

 دواتر برێك زاراوەیەکی تیۆریەوە گۆڕا بۆ هاوپەیمانییەکی پراکتیکی لە ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر دەستپێشخەرییەکی ڕووسیا پێكهات،  سەرەتا هاوپەیمانییەکە هه‌ریه‌ك له‌ بەرازیل و ڕووسیا و هیندستان و چینی لەخۆگرتبوو، دواتر ئەفریقای باشوور لە ساڵی ٢٠١٠ زیادکرا و دواجار زاراوەکە گۆڕدرا بۆ " بریکس".



  ولاتانی بریكس بریتین لە بەرازیل، ڕوسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا، کە ئابوورییەکانیان بەیەکەوە زیاتر لە 26%ی ئابووری جیهانی پێکدەهێنن، هاوکات ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە 40%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.
گروپی وڵاتانی بریکس بڕیاریاندا - لە میانی لوتکەی فۆرتالیزا کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە بەرازیل بەڕێوەچوو - بانکی گەشەپێدان بە ناوی "بانکی گەشەپێدانی نوێ" و کورتکراوەی "NDB" دابمەزرێنن، و سندوقێکی یەدەگ لە شەنگەهای دروست بكه‌ن و سەرمایەی ئەم بانکە کە بانکی گەشەپێدانی فرەلایەنەیە کە لەلایەن پێنج وڵاتی بریکسەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەوکاتە ٥٠ ملیار دۆلار بووە و ئەگەری هەیە لە ماوەی دوو ساڵدا  گه‌یشته‌  ١٠٠ ملیار دۆلار.

ڕۆڵی سەرەکی ئەم بانکە بریتییە لە پێدانی ملیارەها دۆلار وەک قەرز  بۆ به‌هێزكردنی ژێرخان و چالاكییه‌ داراییه‌كان و پێشخستنی كه‌رتی تەندروستی، پەروەردە و هتد، لە وڵاتانی ئەندامی گروپەکەو  وڵاتانی دیکەی تازەپێگەیشتووی ده‌ره‌وه‌ی گرووپه‌كه‌ش

  خه‌ونی برێكس

برێكس وه‌ك گه‌وره‌ترین ته‌كه‌تولی ئابووری جیهانی  خه‌ونیان به‌ ده‌ركردنی  دراوێكی هاوبه‌شه‌وه‌ ئه‌بینی ،  دراوێك پشت ئه‌ستوور به‌ زێر ، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به‌ دیهێنانی ئه‌م خه‌ونه‌ مومكین نیه‌ ،  بۆیه‌ له‌ ئێستادا و له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی جۆهانسبرگ ده‌ستبه‌رداری ئه‌م خه‌ونه‌ بوو ، به‌ڵكو چاوی لەسەر  ئه‌وه‌یە به‌دیل بۆ دۆلار بدۆزێته‌وه‌ له‌ بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیدا و چیتر دۆلار هه‌ژموونی ره‌های به‌سه‌ر ئابووری جیهانیدا نه‌بێت ، برێكس ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ دۆلار ئامرازی دراوی سه‌ره‌كی نه‌بێت له‌ ئاڵوگۆری نێوده‌وڵه‌تیدا ، به‌ڵكو دراوی نیشتیمانی وڵاته‌كان ئامرازی به‌هێزی ئاڵوگۆر بن، ئەمە سەرەڕای گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکانی بەشدار و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پێشکخستنی  تەندروستی و پەروەردە و تواناسازی مرۆیی ...

 چین كاره‌كته‌رێكی به‌هێزی برێكسه‌ ، به‌جدی كار بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كات  یوان بكات به‌ به‌دیلی دۆلار ، له‌ راستیشدا ئۆفه‌ری گه‌وره‌ی پێشكه‌شی وڵاتان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  یوانی چینی وه‌ك به‌دیلی دۆلار له‌ بازرگانی ده‌ره‌كیدا قبول بكه‌ن 



 هێزی بریکس

 بەهێزی ئەم گروپە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وڵاتانی بەشداربوو 3.2 ملیار کەس لەخۆدەگرن کە دەکاتە 40%ی کۆی دانیشتوانی جیهان و ئابوورییەکانیان نزیکەی 27%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها زیاتر لە 18%ی بازرگانی جیهانی.

 دیارترین دامەزراوەی ئەم هاوپەیمانییە بانکی گەشەپێدانی نوێیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرمایەی ٥٠ ملیار دۆلار دامەزراوە. گروپەکە دەڵێت کە خێراتر لە بانکی نێودەوڵەتی دارایی دابین دەکات، و بەبێ سەپاندنی مەرجی توند.

 ئایینده‌ی برێكس
 له‌ ئێستا زیاتر له‌ 21 ده‌وڵه‌تی تری جیهان داواكارییان پێشكه‌ش كردوه‌ بچنه‌ گرووپی برێكسه‌وه‌ ،  له‌ناو ئه‌م وڵاتانه‌دا ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی هه‌ن ، له‌وانه‌ میسر و جه‌زائیر، ئه‌م ته‌كه‌توله‌ دژه‌ خۆرئاواییه‌ له‌ گه‌وره‌بووندایه‌ ، به‌و ژماره‌ زۆره‌ی دانیشتوان و به‌و توانا ئابورییه‌وه‌ ئه‌توانێت ئاراسته‌ی  ئابووری جیهانی بگۆرێت ،  به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  گرفتاره‌ به‌ ده‌ست هه‌ندێك كێشه‌وه‌، گرنگترینیان نا دڵنیاییه‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئایینده‌ی گه‌شه‌ی ئابووری وڵاته‌كان ، ناسه‌قامگیری سیسته‌می سیاسی و ئه‌گه‌ری  دروستبوونی قه‌یرانی قول كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ و پێگه‌ی ئابووری وڵاته‌كان دابنێـت.