تاوانی یەخە سپییەكان، كارەساتێكی مرۆیی لە حەوزی بازیان

2018-03-16


چیرۆكێكی تراژیدیی
ملكۆ، لەسەر قەبری خاڵۆزاكانی وەستاوە و سەیری ئەودوكەڵە سپییە دەكات كە وەك تەم بە ئاسمانی ناوچەكەدا بڵاوبۆتەوە.

ملكۆ بازیانی، چوارساڵ لەمەوبەر دوان لە خاڵۆزاكانی لە كۆمەڵگەی تەیناڵی نزیك بازیان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە مردن.

هەر لە گوندی كانی شەیتانی نزیك بازیاندا 6 كەسی دیكە هەن كە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە مردن.

ملكۆ بازیانی، 37 ساڵ، سەرۆكی ڕێكخراوێكی ژێنگە پارێزییە، دووساڵ لەمەوبەر دەستی هاوسەرەكەی و دوومنداڵەكەی گرت و خانوو و زەوییە كشتوكاڵیەكانی لە بازیان جێهێشتوە و لە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی خانویەكی بەكرێ‌ گرتووە.

ملكۆ دەڵێت "لەبەر سەلامەتی و تەندروستی ژیانی منداڵەكانم ناچاربوم بازیان بەجێ‌ بهێڵم، چونكە مەترسی لەسەر ژیانمان هەبوو".

ئەو تەنها كەس نییە كە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی خۆی و خێزانەكەی زێدی خۆی بەجێهێشتبێت، بەڵكو لە چەند ساڵی رابردودا بەدەیان خێزانی دیكە ناچاربون كە ناوچەكە بەجێبهێڵن.

وادەردەكەوێت كە مەترسیەكە لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە جدی و راستەقینەبێت.

ئەو ئامارانەی لە ڕێكخراوی ژینگەپارێزی بازیان هەیە تا رادەیەك تۆقێنەرن

،،

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی بازیان لە ناوچەی بازیان 2500 كەس توشی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و سیەكان و كۆئەندامی هەناسە و نەخۆشیەكانی چاووبون.


بەپێی ئامارەكانی ئەو ڕێكخراوە و تۆمارەكانی بەردەستیان لە ناوچەی بازیان 2500 كەس توشی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و سیەكان و كۆئەندامی هەناسە و نەخۆشیەكانی چاووبون.

زانیاریەكانی بەردەستی ڕێكخراوەكە ئەوە دەخاتەڕوو، لەو ژمارەیە نزیكەی 700 حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجە بونی هەیە.

بۆگەیشتن بە ژمارەیەكی راستەقینە و فەرمی لەبارەی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لەناوچەكە تەنها شوێن نەخۆشخانەی هیوایە لە شاری سلێمانی.
دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی كارگێڕی دورودرێژ سەرەنجام ئەو داتایانەمان دەستكەوت كە بەدوایدا دەگەڕاین.

بەپێی داتا فەرمیەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەدوای ساڵی 2006 وە كە كارگە گەورەكان لەناوچەكە بونیات نراون تا كۆتایی ساڵی 2017، 527 كەس لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراون كە خەڵكی ناحیەی بازیانن و توشی نەخۆشی شێرپەنجەبون.

ئامارەكە مەترسیدارە كاتێك ئەوە بزانین كە ڕێژەكە 5 كەسە بۆ هەر 1000كەسێك. لەكاتێكدا بەوتەی د. محەمەد عەبدولوەهاب، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا، ستانداردی جیهانی بۆ ئەم نەخۆشییە بریتییە لە 100 كەس بۆ هەر 100,000 كەسێك. بەواتایەكی تر 1 كەسە بۆ هەر 1000 كەسێك.


بەڵام ئەوەی لە بازیان دەبینرێت بریتییە لە 5 كەس بۆ هەر 1000 كەسێك. واتە پێنج جار لەسەروو ئەو ستاندارەوەیە كە كە لە جیهاندا دیاریكراوە.

،،

ئامارەكە مەترسیدارە كاتێك ئەوە بزانین كە ڕێژەكە 5 كەسە بۆ هەر 1000كەسێك. لەكاتێكدا ب ستانداردی جیهانی بۆ ئەم نەخۆشییە بریتییە لە 100 كەس بۆ هەر 100,000 كەسێك. بەواتایەكی تر 1 كەسە بۆ هەر 1000 كەسێك.بەڵام ئەوەی لە بازیان دەبینرێت بریتییە لە 5 كەسه بۆ هەر 1000 كەسێك. واتە پێنج جار لەسەروو ئەو ستاندارەوەیە كە كە لە جیهاندا دیاریكراوە.

سەرۆكی ڕێكخراوی ژینگە پارێزی بازیان لیستێكی دورودرێژی ئەو ناوانەی بەدەستەوەیە و ئامادەیە بەبەڵگەی سەلمێنەرەوە هەموو ئەو داتایانە پشتڕاست بكاتەوە.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی تەنها بە ساڵی رابردودا 1948 حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار كراوە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرێتی تەندروستی سلێمانی كە دەست دیپلۆماتیك مەگەزین كەوتووە لە پارێزگای سلێمانی 8050 حاڵەتی نەخۆشی سنگ تۆمار كراون.

،،

بەپێی داتا فەرمیەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەدوای ساڵی 2006 وە كە كارگە گەورەكان لەناوچەكە بونیات نراون تا كۆتایی ساڵی 2017، 527 كەس لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراون كە خەڵكی ناحیەی بازیانن و توشی نەخۆشی شێرپەنجەبون.

 

بازیان گەورەترین ناوچەی پێشەسازی لە هەرێم
زۆرێك لە كارگە گەورەكانی پیشەسازی قورس لە هەرێمی كوردستاندا دەكەونە بازیانەوە.

بە وتەی پارێزگاری سلێمانی 32% ی پیشەسازی عێراق لە پارێزگای سلێمانییە، بەشی زۆری كارگە گەورەكانی شاری سلێمانی دەكەونە حەوزی بازیانەوە.

بەپێی ئامارەكان لەناوچەی بازیاندا 150 كارگەی گەورە و مامناوەند و بچوك بونیان هەیە. لەمانە نزیكەی 70 كارگەیان پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی و وەبەرهێنانن.


بەپێی بەدواداچونەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین تەنها لە ناوچەی بازیاندا 14 مۆڵەتی دروستكردنی كارگەی چیمەنتۆ و دراون و لەو ژمارەیە لە ئێستادا 4 كارگەیان كاردەكەن و بەرهەمیان هەیە بەناوەكانی: كارگەی چیمەنتۆی ماس،كارگەی چیمەنتۆی بازیان، كارگەی چیمەنتۆی دەلتا و كارگەی چیمەنتۆی گاسن.

هەروەها پاڵاوگەیەكی گەورەی نەوتی تێدایە بەناوی پاڵاوتگەی بازیان، جگە لە 4 كارگەی دروستكردنی شیش بەناوەكانی سلێمانی ستیل و سۆپەر ستیل و ماس ستیل، جگە لەمانەش 2 كارگەی دروستكردنی ڕۆنی شل بەناوەكانی ساتیار و بازیان بونیان هەیە،هەروەها كارگەیەكی بەردی مەرمەڕ و كارگەیەكی دروستكردنی كیسی چیمەنتۆ ، لەگەڵ كارگەیەكی گەورەی دروستكردنی كێبڵ و سۆندە و بۆری ئاو و كارگەیەك بۆ دروستكردنی خانوی پلاستیكی بەناوی كەڵكان و كارگەیەكی بیبسی و دوو كارگەی ئاوی كانزایی بەناوەكانی ئاڵا و لایڤ بونیان هەیە لەگەڵ چەندین كارگەو كۆمپانیای مام ناوەند و بچوك.

یەكێك لە كارگەكانی بازیان
،،

ئیسماعیل ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی بازیان:

 ئەگەر نەتوانین بڵێین بازیان ژیانی تیا نییە، ئەوا بەدڵنیایەوە دەتوانین بڵێین لە بزیاندا ژیان قورسە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە

 

ئەو سەرمایەدارانەی لە پیسكردنی ژینگەی بازیان بەشدارن
بەپێی بەدواداچونەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین، سەرمایەداری ناسراوی كوردستان، فاروق مەلا مستەفا، زۆرترینی پرۆژە پیشەسازیەكانی لەناوچەی بازیاندان وەك:
پشكداری كۆمپانیای زەریا كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی فاروق گروپ لەكارگەی چیمەنتۆی بازیان بەهاوبەشی لەگەڵ لاڤارجی فەرەنسی كە ڕۆژانە 3500 تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمی ساڵانەشی دەگاتە یەك ملیۆن و 700 هەزار تەن. ئەم كارگەیە لە ساڵ 2006 ووە كاردەكات.


هەروەها هەمان كۆكۆپانیا خاوەنی زۆرینەی پشكەكانی كارگەی چیمەنتۆی گاسنە كە ڕۆژانە 3500 تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت.و 15% ی پشكەكانی ئەم كارگەیە بۆ كۆمپانیای ووشە دەچێت.كە لەساڵی 2014 دامەزراوە


جگە لەمانەش فاروق گروپ بەشدارە لە كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە بەشێوەی خەسخەسە بە هاوبەشی كۆمپانیای ئۆاسكۆمی میسریی و بەرهەمی ساڵانەی 1.5 ملیۆن تەنە لە ساڵاێكدا.


لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە كۆمپانیای زەریا، كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی فاروق گروپ خاوەنی چەند كانێكی بەردی كلس و گڵ و چەوە كە لە دروستكردنی چیمەنتۆدا وەك مەوادی بنەرەتی سودی لێوەردەگیرێت.

كۆمپانیای چیمەنتۆی ماس، خاوەنەكەی ئەحمەد ئیسماعیلە و گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆیە، ساڵانە 6 ملیۆن تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت.
جگە لەم كۆمپانیایە ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كارگەی شیشی ماسە كە توانای بەرهەم هێنانی ساڵانەی 1.25 ملیۆن تەن شیشە لە ساڵایكدا.

كارگەی چیمەنتۆی دەلتا كە لەساڵی 2013 دامەزراوە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی 1.8 ملیۆن تەنە. كە لەساڵی 20006 وە كاردەكات

پاڵاوتگەی نەوتی بازیان، لە ساڵی 2009 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بونیات نراوە و دراوە بە كۆمپانیای قەیوان ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێوێت و لە ئێستاشدا لە فراوانكردندایە.

هەروەها قەیوان خاوەنی وێستگەی كارەبای بازیانە كە لەساڵی 2015 بونیات نراوە.

جگەلەمانە لە بازیان كارگەی شیشی سلێمانی ستیل هەیە كە خاوەنەكەی حاجی یەعقوبە. هەروەها كارگەی شیشی سۆپەر ستیل هەیە

،،

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان :

" قەرەبوی ژیان و سەلامەتی هەموو ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی مەترسیداربون لەسەر ئەو كۆمپانیانەیەخەڵك دەبێت قبوڵی نەكات لێیان"

 


بازیان ..وەك ناوچەیەكی وێران كراو
بازیان، ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، دەكەوێتە 30 كم لە باشوری سلێمانی، لەڕوی ئیداریەوە شارۆچكەیەكی سەر بە شاری سلێمانیەو چوار كۆمەڵگای نیشتەجێبونی بەدەوردایە، كە بریتین لە كۆمەڵگاكانی (ئەڵایی، تەیناڵ، گۆپاڵە و بەردەقارەمان). ژمارەی دانیشتوانیان پێكەوە 50 هەزار كەسە.
لەپێش ساڵی 2003 بازیان یەكێك بوە لەناوچە كشتوكاڵییە بەناوبانگەكانی كوردستان و دانیشتوانەكەی بە كشتوكاڵكردن و ئاژەڵدارییەوە خەریكبون و لە بەرهەمهێنانی چەند جۆرێك بەروبومی كشتوكاڵی بەناوبانگ بوە بەتایبەتی برنج.

لەدوای ساڵی 2005 وە بەخێرایەكی كەم وێنە بازیان گۆڕدرا بۆ ناوچەیەكی پیشەسازی، بەبێ‌ ڕەچاوكردنی سەلامەتی و گوزەرانی ئەو هەزاران خێزانەی لەوناوچەیەدا دەژیان.

هێندەی پێ نەچوو دانیشتوانی ناوچەكە لەناو دووكەڵ و تەپوتۆزی چیمەنتۆ و بڵاوكردنەوەی ژەهری كۆمپانیاو كارگەكاندا خۆیان بینیەوە. بەو هۆیەشەوە ژیان و سەلامەتیان ڕوبەڕوی مەترسی گەورە بۆتەوە.

هەموو ئەم كارگانە و ئەو دوكەڵەی دەرەی دەكەن و ئەو پاشماوە كانزایانەی هەیانە بوونەتە هۆی پیسكردنی ئاو و خاك و هەوای ناوچەكە و زیانیان بە مرۆڤ و ئاژەڵ و كشتوكاڵی ناوچەكەش گەیاندووە.

بەتایبەت ئەو مادە قورسانەی كە لەگەڵ دوووكەڵدا دێنەدەرەوە و تێكەڵاوی هەوای ناوچەكە دەبن. لەوانە مادەی قوڕقوشم و گازە ژەهراویەكانی وەك دوانە ئۆكسیدی كاربۆن.

هەرچەندە خەڵكی ناوچەكە پیسبونی ژینگەكەیان بێزاری كردون و چەندجارێكیش بۆ ئەو مەبەستە ناڕەزاییان دەربڕیوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگاداركردۆتەوە بەڵام وا دەردەكەوێت توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەو سەرمایەدارە گەورانەیان نەبێت.

سۆران رەسوڵ بابەكر، چالاكوانی مەدەنی لە شارۆچكەی بازیان لەم بارەیەوە دەڵێت" خەڵكی بازیان توڕەو بێزارن لە پیسبونی ژینگەكەیان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە"

بە وتەی سۆران لە مەڵبەندی تەندروستی بازیان ڕێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان وەك تەنگەنەفەسی و رەبۆ لە نەخۆشخانەی بازیاندا 3 هەزار نەخۆشی درێژخایەن هەیە".


نیگەرانیەكانی خەڵكی بازیان لە پیسكردنی ژینگەی ناوچەكەیان وایكردووە كە ڕۆشنبیران و چالاكوانانی ناوچەكە ڕێكخراوی تایبەت بۆ پارێزگاری لە ژینگەی بازیان ببەستن و كۆنفراسی تایبەت بە ژینگەی بازیان ئەنجام بدەن.

بەووتەی ئەو چالاكوانە، ناوچەكەیان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە و لە دوا كۆنفراسی پاراستنی ژینگەی بازیاندا لەلایەن مامۆستایانی زانكۆوە ئەوە خراوەتە ڕوو كە "ئاوو و خاكی بازیان بەتەواوی پیس بووە".

ئیسماعیل ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی بازیان،دەڵێت" ئەگەر نەتوانین بڵێین بازیان ژیانی تیا نییە، ئەوا بەدڵنیایەوە دەتوانین بڵێین لە بزیاندا ژیان قورسە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە"

ووتەکان

دیار غەریب ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی:

من ناتوانم بەهیچ جۆرێك دڵنیایی بدەم لەسەر ژینگەی ناوچەی بازیان، تەنانەت ناتوانم دڵنیایی بەخەڵك بدەم لەسەر ژینگەی پارێزگای سلێمانی، چونكە داتامان لەبەردەست نییە

لەبارەی دیارترین ئەو نەخۆشیانەی لەناوچەكەیان هەیە، یبەڕێوەبەری تەندروستی بازیان دەڵێت" بەگشتی نەخۆشیەكانی تەنگەنەفەسی و كزانەوەی چاو لەناوچەكەمان زۆرن"

دیار غەریب ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی دەڵێت" ئەو كارگانە ئەگەر ڕێنمایەكانی دەستەی ژینگەی هەرێم جێبەجێ‌ نەكەن، كاریگەریان لەسەر پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە دەبێت، لەپێشتردا ڕێنمایەكانیان جێبەجێ‌ نەدەكرد، بەڵام لە ئێستادا پابەندن پێوەی پابەندن، لەبەر ئەوە بڕواناكەم بەو شێوەیە كاریگەری خراپیان هەبێت كە باس دەكرێت"

لەبارەی دڵنیایی دان لە سەلامەتی ژینگەی بازیان و گونجاویی ژیان تیایدا، بەڕێوەبەری گشتی ژینگەی سلێمانی وتی" من ناتوانم بەهیچ جۆرێك دڵنیایی بدەم لەسەر ژینگەی ناوچەی بازیان، تەنانەت ناتوانم دڵنیایی بەخەڵك بدەم لەسەر ژینگەی پارێزگای سلێمانی، چونكە داتامان لەبەردەست نییە، ئەتوانم ئەوە بڵیم كە ژینگەی سلێمانی بەو ڕادەیە پیس نەبووە كە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست بكات، بەڵام بە خێرایی بەرەو پیسبون دەچێت.

فازیل عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان دەڵێت" هەر ناوچەیەكی پیشەسازی لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی خۆی هەیە، رەخساندنی هەلی كار بۆ دانیشتوانی ناوچەكە یەكێكە لە لایەنە باشەكانی و لەهەمان كاتدا كاریگەری نێگەتیڤیشی لەسەر تەندروستی و ژیانی خەڵك هەیە، هەرگیز ژینگەی شوێنێك كە كارگەی تێدایە وەك شوێنێك نییە كە كارگەی تێدا نەبێت"

لەبارەی چاودێریكردنی كارگەكانيشەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی" چاودێریكردنی كارگەكان بە چەند دامەزراوەیەك دەكرێت لەسەر ئاستی پارێزگا بەتایبەتی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی كە چاودێری فلتەر و سەوزكردنی ناوچەكە دەكەن".

سۆران عومەر، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت" ئەو فلتەرەی كارگەكان بەكاری دەهێنن بەپێی سیستمی ژینگەیی نییەو زوو زوو ناگۆڕێن لەبەر تێچونی زۆریان، هەروەها هەندێك جار ئەو فلتەرانە دەكەنەوە بەتایبەتی لەشەواندا كە كەس چاودێریان ناكات، هەروەها ئەم كارگانە هەندێكیان تایە بەكاردەهێنن لەبری سوتەمەنی كەمادەیەكی سەرەتانییە"


سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مافی ئەو خەڵكەوە كە توشی نەخۆشیە مەترسیدارەكان بون بەهۆی ئەم كارگانەوە دەڵێت" قەرەبوی ژیان و سەلامەتی هەموو ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی مەترسیداربون لەسەر ئەو كۆمپانیانەیەخەڵك دەبێت قبوڵی نەكات لێیان"

هەروەها دەڵێت" ئێمە هەموو پشتیوانیەكی ئەو خەڵكانە دەكەین كە زیانیان پێگەیشتوە تا داخستنی كارگەكان.ناكرێت سەرمایەدارێك كاربكات ژەهرەكەی بۆ خەڵك بێت و قازانجەكەیشی بۆ خۆیان بەبێ‌ هیچ قەرەبویەك، تەنانەت كەمترین هاوكاری نەخۆشخانەكانی تایبەت بەو نەخۆشیانەیان كردوە وەك هیوا و نانەكەلی، لەكاتێكدا هۆكارێكی توشبونی شێرپەنجەن بۆ ئەو خەڵكەی دوكەڵەكەیان هەڵدەمژێت".

،،

گریمانەی سەرەكی ئەم راپۆرتە بنكۆڵكارییە ئەوەیە، ئایا لەسایەی بونی ناوچەكەدا بە ناوچەیەكی پیشەسازی قورس، حەوزی بازیان شیاوە بۆ ژیانی دانیشتوان؟

دانیشتوانی بازیان لەبەردەم هەرەشەیەكی راستەقینەدان، سەرەڕای ئەوەی چەندجارێك خۆپیشاندانیان كردووە و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام هەموو جارێك بە هێوركردنەوە و بچوكردنەوەی قەبارەی مەترسیەكان بڵاوەیان پێكراوە.

گریمانەی سەرەكی ئەم راپۆرتە بنكۆڵكارییە ئەوەیە، ئایا لەسایەی بونی ناوچەكەدا بە ناوچەیەكی پیشەسازی قورس، حەوزی بازیان شیاوە بۆ ژیانی دانیشتوان؟

هێشتا بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی نەیتوانیوە وەڵامێكی راستەقینەی دانیشتوانی شارۆچكەكە بدەنەوە یان دڵنیایان بكەنەوە لە سەلامەتیان، یاخود ڕێگە چارەی دیكە بخەنە بەردەستیان.


هێشتا لەبری چارەنوسی خەڵكەكەی وەڵامەكە بەوجۆرەیە لەوكارگانەدا سەدان ملیۆن دۆلار خەرجكراوە و ناكرێت بیر لە گواستنەوەیان بكرێتەوە.

بێگومان بارودۆخەكە چاوەڕێی مەترسی زیاتر دەكات، چونكە هەر لە حەوزی بازیاندا مۆڵەتی 11 كارگەی چیمەنتۆی دیكە دراون و هێشتا دروستنەكراون یان دەستیان بەكارنەكردووە. ئەوكاتە قەبارەی مەترسیەكە و زیانەكانی زۆر لەمەی ئێستا زیاتر دەبێت.

زیانی دوكەڵی ئەو كارگانە تەنها بۆ حەوزی بازیان نییە، چونكە ناوچەكە بای ڕۆژهەڵات دەیگرێتەوە و بەو هۆیەشەوە كاریگەری زۆری لەسەر تەكیەو چەمچەماڵیش هەیە.كە ئاماژەی مەترسیدار هەن بۆ توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان لەو قەزایەدا.

پرسیاری گرنگیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خاوەن كۆمپانیا و كارگەكان بەرامبەر بە توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەو نەخۆشیەكانی دیكەی ئەم ناوچەیەچییە؟.

ئایا دوای خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتە خودی قوربانیەكان و داواكاری گشتی و پەرلەمانی كوردستان دێنە دەنگ لەسەر ئەم دۆسیەیە؟ ئەو سەرمایەدارانە ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی دەكەنەوە؟ یان وەك باوە هەمیشە یەخە سپییەكان لە تاوانەكانیان ڕزگاریان دەبێت؟