کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
ئابووری
كاریگەریی هەناردەی نەوتی ئێران لەسەر بازاڕی جیهان
2023-12-09
نەوشیروان فەتاح
لەم ماوەیەدا لە كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە، قسەوباسی ئەگەری رێكەوتنی ئەمریكا و ئێران و هەڵگرتنی سزاكان لەسەر تاران بەرامبەر بە پابەندبوونی بە رێكەوتنی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی، بە گەرمی لە ئارادایە، هەروەك پێشتر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، واشنتۆن دەگەڕێتەوە بۆ رێكەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی (پێنج كۆ یەك)، بە مەرجێك تاران بە تەواوی پابەندی رێكەوتنەكە بێت. بەوەش سیناریۆكانی دەرفەتی گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕەكانی نەوتی جیهان كە لەلایەن رێكخراوی ئۆپێك و هاپەیمانەكانییەوە كۆنتڕۆڵكراوە زیاتر دەبن.
بە مانایەكی تر گەڕانەوەی تاران كاریگەریی گەورەی لەسەر دووبارە دابەشبوونی پشكی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی ئۆپێك پڵەس دروست دەكات.
كەرتی بانكیش دەگرێتەوە
كۆتایی مانگی ئایاری 2023، هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتیی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) رایگەیاند: «رێكخراوەكەیان پێشوازی لە گەڕانەوەی تەواوەتیی ئێران دەكات بۆ بازاڕەكانی نەوت، كاتێك سزاكانی لەسەر هەڵدەگیرێت»، پێشهاتەكانی رۆژانی رابردووش ئەگەرەكانی گەڕانەوەی ئێرانی بەهێزتر كردووە، بەدیاریكراویش دوای گرێبەستی ئاڵوگۆڕی بەندكراوەكان لە نێوان واشنتۆن و تاراندا. هاوكات بەشێك لە راپۆرتەكانی راگەیاندنی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، هەنگاوەكانی ئیدارەی جۆ بایدن بە ئاڕاستەی سوككردنی سزاكانی سەر تارانە.
پێشتریش عەباس عیراقچی گەورە دانوستانكاری ئێران رایگەیاندبوو، رێكەوتن كراوە بۆئەوەی بەشێك لە سزاكان لەسەر كەرتی نەوت و غاز، بانك، بەندەرەكان و بازرگانی نێودەوڵەتی هەڵبگیرێن، بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەش، ئێران دەتوانێت بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت بە شێوەیەكی فراوان زیادبكات.
ئاستێكی بەرزی هەیە
هەشتی ئایاری 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، تاكلایەنە لە رێكەوتنی ئەتۆمی (پێنج كۆ یەك) كشایەوە و چەندین گەمارۆی توندی بەسەر ئێراندا سەپاند و بڕیاریدا هەر وڵات و كۆمپانیایەك نەوت لە ئێران بكڕێت، سزابدرێت، بەو هۆیەشەوە هەناردەی نەوتی ئێران لە 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 100 هەزار بەرمیل دابەزی.
ترەمپ بەردەوامیش هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە هەناردەی نەوتی ئێران سفر دەكاتەوە.
گەڕانەوەی تەواوی ئێران بۆ بازاڕەكانی نەوتی جیهان بە دڵنیاییەوە كاریگەریی جەوهەری لەسەر پشكی هەناردەكردنی نەوت دەبێت، وەك ئەوەی بە پێی رێكەوتنی ئۆپێك پڵەس دیاریكراوە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە توانایەكی زۆر بەهێزی هەیە بۆئەوەی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبكات، هەروەك پێشتر ئەمینداری گشتیی (ئۆپێك) تەئكیدی لە بەرزیی ئاستی تواناكانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران كردۆتەوە.
ئێران ناگرێتەوە
لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای (كیپلەر) بۆ شیكاری داتاكانی تایبەت بە چاودێریكردنی كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوتی جیهان ئاماژەی بەوەكردووە، لە مانگی ئایاری 2023دا هەناردەی نەوتی خاوی ئێران یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا تێپەڕاندووە، ئەوەش بەرزترین ئاستە تۆماریكردووە لەدوای ساڵی 2018 و سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتەدا.
هەر لەو مانگەشدا ئێران رایگەیاندووە، كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بۆ سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزكردۆتەوە، ئەوەش یەكسانە بە رێژەی %3ی دابینكردنی نەوتی جیهان، جگە لەوەش بەپێی ئامارەكانی ئۆپێك ئەوە بەرزترین تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانە لە دوای ساڵی 2018وە.
هەروەها هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لە رۆژی چواری حوزەیرانی 2023دا رەزامەندی لەسەر رێكەوتنێكی فراوان دەربڕی سەبارەت بە دیاریكردنی ئاستێك بۆ خستنەڕووی نەوت تا ساڵی 2024، بەڵام ئێران لە دەرەوەی ئەو رێكەوتنەیە و هاوشێوەی ڤەنزوێلا و لیبیا لە رێكەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەخشراوە.
ئەزموونێكی دوور و درێژ
هاوكات بەشێك لە شارەزایانی بواری نەوت پێیان وایە، گەڕانەوەی ئێران لە كورتمەودادا كاریگەریی گەورە لەسەر پشكی هەناردەكردن دروست ناكات، بەوپێیەی ئێران لە دوای سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكاشەوە هەرگیز لە هەناردەكردنی نەوت نەوەستاوە، بەشێوەیەك لە شێوەكان خۆی لە سزاكان دەربازكردووە و رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، بە واتایەكی تر تاران ئەزموونێكی دوور و درێژی لە خۆدەربازكردن لە سزاكان هەیە و وڵاتانی ئۆپێك پڵەس و تەنانەت ئەمریكا لە شێوازی فرۆشتنی نەوتی ئێران ئاگادارن، جگەلەوەش وەزارەتی دارایی ئێران بودجەی ساڵی 2024ی لەسەر بنەمای هەناردەكردنی یەك ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دیاریكردووە و نرخی هەر بەرمیلێكی بە 65 دۆلار خەمڵاندووە.
فرۆشتنی نەوت بە چین
بە گوێرەی خەمڵاندنی ئەو كۆمپانیایانەی تایبەتمەندن لە بەدواچوون و چاودێریكردنی نەوتی جیهان، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا، نیوەی ئەو بڕە هەناردەی چین دەكرێت، بە پێی دواین راپۆرتەكانیش هەناردەی رۆژانەی نەوتی ئێران زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو بەرمیلە و لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا %80ی نەوتەكەی هەناردەی چین كراوە.
هەروەها بە پێی نوێترین لێدوانی جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران، لە دوو ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكەی یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا زیادكردووە و تا كۆتایی ئەمساڵیش دەگاتە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، هەوڵەكانیش چڕكراونەتەوە بۆئەوەی لە ساڵی 2024دا بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
هاوكات فریال مستەوفی ئەندامی ژووری بازرگانی تاران رایگەیاندووە، بەهۆی سزاكانەوە، ئەوەی ئێستا نەوتی ئێران دەكڕێت، كۆمپانیا تایبەتەكانی چینە و بەرژەوەندیی هەردوولاش لەوەدایە پەكین چەندە نەوتی پێویستە بە نرخێكی كەم بیبات، هەروەها چین پێش ساڵی 2020 بەرێژەی %12 نەوتی لە روسیا و ئێران و ڤەنزوێلا دەكڕی، بەڵام لە 2022دا بۆ %20 زیادیكردووە.
نرخ بەرز بێت لە قازانجێتی
دەتوانین بڵێین هەڵگرتنی سزاكان و دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی تەواوی نەوتی ئێران كاریگەریی گەورەی لەسەر نرخ و بازاڕەكانی نەوت نابێت. بە مانایەكی تر دەستپێكردنەوەی هەناردەی تەواوی نەوتی ئێران نابێتە هۆی داڕمانی نرخەكان، بەڵكو هۆكارێك دەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەی كە لە بازاڕەكاندا هەیە، چونكە هەر لەئێستاوە بڕی هەناردەكردنی نەوتەكەی لە ئاستێكی باشدایە.
هاوكات ئەوەی ئێستا بەلای تارانەوە گرنگە، نرخی نەوت لە ئاستێكی بەرزدابێت، بۆئەوەی زۆرترین داهاتی دەست بكەوێت و ئەو قەیرانە ئابوورییە تێپەڕێنێت كە دووچاری بووە، بۆیە ئەگەر بە تەواوی هەناردەی نەوتەكەی دەستپێبكاتەوە، ئەگەری هەیە نرخی نەوت زیاتر دابەزێت، ئەوكات هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس رێكاری نوێ بۆ سەقامگیری و هاوسەنگكردنی بازاڕەكانی نەوتی جیهان دەگرێتەبەر.
ئۆپێك لێناگەڕێ
لەلایەكی ترەوە ئەوەی بەلای ئەمریكاوە گرنگە، رێگرییە لە بەزربوونەوەی نرخی نەوت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك داوای لە وڵاتانی ئۆپێك پڵەس كردووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن، بۆئەوەی رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی بگیرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت واشنتۆن ئامادەبێت ئاسانكاریی زیاتر بكات لەو سزایانەی بەسەر تاراندا سەپاندوێتی، یاخود لە دوورمەودادا گەمارۆكانی سەر تاران هەڵبگرێت، بۆئەوەی بڕێكی زیاتر نەوت رەوانەی بازاڕەكان بكرێت و نرخەكەی دابەزێت، بەڵام دواجار ئەوەش روونادات، چونكە روسیا و سعودیە بە وردەی چاودێریی گۆڕانكارییەكانی بازاڕی نەوت دەكەن و هەموو هەوڵێكیان خستۆتەگەڕ بۆئەوەی نرخی نەوت لە ئاستێكی بەرزدا بمێنێتەوە، هەروەك ئەوەی ئێستا لە رێگەی هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەسەوە رێكەوتنی دیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێ دەكەن و خۆویستانەش بەردەوامن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
نەوشیروان فەتاح ــ رۆژنامەنووسی ئابووری
زۆرترین سەردان
1
هەڵاتنی مەلا بەختیار لە زیندانی یەکێتی
2
زاب خودی ، نێوانی یەکێتی و پارتی گەیاندە مریشکە ڕەشە
3
بزانە ئەم پەرلەمانتارە ئیسلامییە لەناو پەرلەمانی فەڕەنسا چی گوتووە؟
4
هێزەکانی حەفتا مووچەیان وەرنەگرت
5
تەرمی ئەو سێ هاوڵاتیەی لە بۆردومانەکەی شارباژێڕ گیانیان لەدەستدا گەیشتە پزیشکی داد
زیاتر بخوێنەرەوە
کارسازێتی نوێ: رۆبۆت و بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبیلی کارەبایی
کۆمپانیای ئێڵ جی زنجیرەی جلشۆرەکانی فراوانتر دەکات و پۆلێنێکی تری بۆ زیاد دەکات بۆ باشترکردنی توانستەکەی، لە بۆنەی IFA 2024 نمایش دەکرێت
کۆمپانیای ئێڵ جی لقی شام پەردە لەسەر نوێترین داهێنانەکانی لادەدات لە بواری تەلەڤیزۆندا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە عێراقدا
کۆمپانیای ئێڵ جی دیدی خۆی پێشکەش دەکات لەسەر "وەرزی دووهەمی ماڵی زیرەکی دەستکرد" لە پێشانگەی IFA 2024 دا
تەکنۆلۆژیای ئێڵ جی دژی گۆرینی رەنگی لافیتە دەرەکیەکان: یەکەمین بۆ بەدەسهێنانی رەسەنایەتی لەلایەن UL
کۆمپانیای ئێل جی لە پێشانگەی IFA 2024 دا مۆدێلی نوێی THERMA V™ R290 MONOBLOC نمایش دەکات کە پەمپێکی پێشکەوتووی تێدایە
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine