کارەبا، گرێکوێرە ۲۹ ساڵییەکەی حکومەتی هەرێم

2019-12-10

" خواستی ھاوڵاتیان دوو ھەزار و پێنج سەد مێگاوات زیاترە لە توانای بەرھەمی کارەبا" کارەبای ھەرێم ئەو کێشەیەی بە نۆ کابینەی حکومەتی ھەرێم و چەندین خولی پەڕلەمان چارەسەر نەکراوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لەوەرزی سەرماو سۆڵەو دابارین وزیادبونی بەکارھێنانی ئامێرە کارەباییەکان لەلایەن ھاوڵاتیانەوە خواست لەسەر بەکارھێنانی وزەی کارەبا زیادی کردووە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت خواستی ھاوڵاتیان پڕبکاتەوەو کێشەی نەبوونی کارەبا سەرھەڵدەدات، لەئێستادا بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، سەرەڕای بوونی چەند وێستەگەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکان، توانای حکومەتی ھەرێم بۆ بەرهەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان بۆ 2 هەزار و 500 مێگاوات ھاتۆتە خوار.

،،

ئەوەش لە کاتێکدایە پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دەگاتە 5 هەزار مێگاوات.

واتە خواستی ھاوڵاتیان دووھەزار و پێنج سەد مێگاوات زیاترە لە توانای بەرھەمی کارەبا، سەرچاوەکانی بەرھەمێنانی کارەبا پێکدێت لەھەر دوو وێستگەی ئاوی دوکان و دەربەندیخان کە لە ئاو کارەبا بەرھەمدێن و چەندین وێستگەیتر کە بە سوتەمەنی کاردەکات کە تێچوویەکی زۆری دەوێت، شایەنی باسە سەرچاوەکانی حکومەت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر سادەو دواکەوتوون و لەوڵاتانی پێش کەوتووە ئەم شێوازە بەکارنایەت.

ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆچی بە درێژای ٢٩ ساڵی حکومڕانی کوردی و نۆکابینەی حکومەت کێشەی کارەبا چارەسەرنەکراوەو ئەم کابینە دەیسپێرێ بە کابینەی دوای خۆی. حکومەت ھۆکاری کێشەکان دەگێڕێتەوە بۆ زۆری خواستی ھاوڵاتیان و زیادەڕۆیکردن لەکارەباو بەفیڕۆ چوون و ونبوونی بەشێکی لە گواستنەوەی و بەفیڕۆچونی، بەڵام بەشێک لە ھاوڵاتیان لایانوایە کە وا حکومەت خۆی نایەوێت کێشەی کارەبا چارەسەربکات، وزە نوێیەکان وەک وزەی خۆرو وزەی با و چەند جۆرێکی تریش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە وڵاتانی پێشکەوتو بەکاریدێنن ئەمان بەکاریناھێنن و تائێستاش وێستگەکانیان بە سوتەمەنی کاردەکات کە ئەمەش تێچویەکی زۆری دەوێت بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکان.

بە وتەی شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتاری کوردستا دوو تا سێ ملیار دۆلار خەرجدەکرێت بۆ دابینکردنی گازوایل بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، کەئەمەش ھەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە کە حکومەتی ھەرێم دەیکات، بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا ئەو وێستگە کارەباییانەی حکومەت توانای دابینکردنی سوتەمەنی بۆیان نییە بە گازوایل کار دەکەن، 6 یەکە لە سلێمانی و 2 یەکە لە ھەولێر و 8 یەکەش لە دھۆک بەو ھۆیەوە لەکار کەوتوون، کە پێگەوە توانای بەرھەمھێنانی 2 ھەزار مێگاوات کارەبایان ھەیە.

واتە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستاندا، لەم وەرزەدا نزیكەی 2500 مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە 5500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، بەم جۆرە بۆ دابینكردنی كارەبایەكی 24كاژێری هەرێمی كوردستان 3 هەزار مێگاوات كارەبای دیكەی پێوویستە.

،،

شارەزایانی بواری کارەبا ئاماژە بەوە دەدەن کە ساڵ بە ساڵ خواستی بەکارھێنانی کارەبای نیشتمانی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە زیاد دەبێت و پێویستە حکومەت پلان و ستراتیژی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.

نوێترین لێدوانیش لە بەرپرسانی کارەبا بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانیە کە ئاشكرایكرد بەهۆی كەم بوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا ئەگەر بەم جۆرە خواستی لەسەر بێت، لەوانەی ئەم زستانە تەنها بتوانن كارەبا بۆ نەخۆشخانە و گرتوخانەكان دابین بكەن.

سالار حوسامەدین بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی لە سیپۆزیۆمی بارودۆخی کارەبا، ئاشكرایكرد كە ئێستا رێژەی بەرهەم هێنانی كارەبا لە چاو پێشوو بۆ نیوە كەمی كردووە و لە 6000ەوە بۆ 3000 دابەزیوە. ئاشكراشیكرد ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت و خواست لەسەر كارەبا هەبێت ناتوانن ئەو هەشت كاتژمێرەی ئیستا دەیدەن بە هاوڵاتیان بەردەوام بێت و تەنها بۆ نەخۆشخانە و گروتووخانە و شوێنە پێوویستەکان دابین دەکرێت.