ئایا دڵخۆشییەكەی خانەنشینان دەبێتە ڕاستی؟ 

کەی خانەنشینان ئاهەنگی بردنەوەی یارییەكە دەگێڕن؟
2024-07-24
دیبلۆماتیك

چەند مانگێكە دەنگۆی هاوتاكردنی مووچەكانیان بە مووچەی خانەنشینانی عێراق، ئەوانی خستووەتە سەر هێڵی ئومێدو شادی‌و شەو و ڕۆژ دەژمێرن بۆ گەشتن بەو ڕۆژەی كە زیادبوونی مووچەكانیان بۆیان دەبێتە جەژن.  
لە كێشمەكێش‌و پرسی بودجەی نێوان عێراق‌و هەرێمدا، ئەوەی وەكو براوەی یەكەمی یارییەكە دەبینرێت خانەنشینانی هەرێمی كوردستانن.
سەدان‌و هەزاراران خانەشین، كە زۆرینەیان لە دۆخێكی خراپی ژیاندان‌و مووچەكانیان بەشی بژێوی ژیانیان ناكات، ئێستا چاوەڕوانی ئەو هیواو ڕۆشناییەن كە بڕیارە بەهۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقەوە ڕوویان لێبكات.
ئەوان بە ئومێدەوە چاوەڕوانن كە نیگەرانی‌و دەربڕینی دەردەدڵی  بۆ كەمی مووچەكانیان بكەن بە ئاهەنگی كەیف‌و سەفای باشبوونی گوزەرانیان.
بڕیاری 212ی دادگای فیدڕاڵی كە لە 23 – 11 - 2022 دەرچووێنراو حكومەتی هەرێمی پابەندكرد بەوەی كە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق جێبەجێبكات، وەكو خێرو بەرەكەت بۆ خانەنشینانی هەرێم هاتە ئەژمار.
بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی تایبەت بە خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كەمترین مووچەی خانەشینی لە عێراقدا 500 هەزار دینارە، ئەوە لەكاتێكدا كە بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەرێمی كوردستان كەمترین مووچەی خانەنشینی 200 هەزار دینارە.



  لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی تایبەت بە خانەنشینی یەكگرتووی عێراق پێكهێنراوەو وادەی شەست ڕۆژ بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم، بە خانەنشینانی عێراق دیاریكراوە.
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمدا، مووچەی خانەنشینانی هەرێم، بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ڕەوانەكراوە.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم وتی، مانگی تەمووز یان مانگی دواتر، مووچەی خانەنشینانی هەرێم، هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق دەكرێت‌و كەمترین مووچە دەبێتە 500 هەزار دینار.
لە نوێترین لێدوانیشیدا لەوبارەیەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئاماژەی بەوەدا كە پارەی تەرخانكراو بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنیشنانی هەرێم بە خانەنشینانی عێراق زیاد دەكرێت‌و لەگەڵ ناردنی مووچەدا ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.


هەموو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن كە یاری پرسی مووچەو بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداددا بەخێرو قازانجی خانەنیشنانی هەرێم، بەتایبەت خانەنیشنانی مەدەنی‌و بەتایبەتتر ئەوخانەنیشنانەی كە مووچەكانیان زۆر كەمبووە تەواو دەبێت.
بەڵام بەپێی تێڕوانین‌و لێكدانەوەی شارەزایانی دارایی‌و بانك، پرسی نەبوونی " سندوقی خانەنشینی" لە هەرێم، پێدەچێت ببێتە ڕێگر لەوەی كە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا خانەنیشنانی هەرێم ئاهەنگی زیادبوونی مووچەكانیان بگێڕن.