چەکەکانمان تیرۆری مرۆڤ و ژینگە و سروشتن

2021-01-19

ڕەزوان یاڵانپێی

ئەو چەکانەی کە لە شۆڕشی ئەیلولەوە هەڵمان گرتن دژ بە حکومەتی عێراقی، ماڵ و ژینگە و سروشتی جوانی وڵاتیان وێران و خاپور کرد، کوردستانیان ڕوتەڵە کردەوە و بەرگی سەوزیان سوتاند و جلێکی ڕەشی سوتاویان بە بەردا کرد، چۆن دەرونی هەموو دایک و باوکێکیان کردە قەقنەس بە کوشتنی ڕۆڵەکەی، وەها ناخ و دەرونی سەوزایی کوردستانیشیان کردە خەڵوزی سیا.

1- کوشتن:

لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا ئێستا بێ بەرنامە، بێ پلان، بێ دیسپلین چەکەکانمان خەڵکیان قڕ کرد، ژمارەیەکی زۆر لە جەنگی ناوخۆدا بەو چەکانەی کە دژ بە دوژمن هەڵمان گرتن کوژران، دەبینن ئێستا هەموو ماڵێک خاوەنی چەکە، لە ژێر پشتیوێنی پیاواندا دەمانچەی ڕەشە، ناو سەیارەش پڕ لە کڵانشینکۆفە.

دەبینن لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی چەند خەڵک دەکوژرێت، لە سەر کێشەی سیاسی خەڵک قڕ دەکرێت، لەسەر کێشەی ئابوری لاشەت بە خوێن سور دەکەن، چەند ڕۆنامەنوس بەو چەکانە کوژران، چەند جوتیار لە سەر زەوی و زار پشتی بە یەکجاری چەمایەوە، چەند ئافرەت لەسەر درۆ و بوختان کوژران و جەستەیان لە سەر شەقامەکان فڕێ دران، هەر لەم ڕۆژانە بینیتان لەسەر کۆتر خەڵک کوژرا.

بکوژێکتان بینی لە دار بدرێت، چەک بەدەستێکتان دی ڕاپێچی زیندان بکرێت، یاخود زیاتر بە کۆڵان و شەقام و بازاڕەکاندا خولەیان دێت، بۆ ئەوەی شەق لە خۆپیشاندەرێک و مامۆستایەک بدەن، خۆ ئەو چەکانە دژ بە دوژمن هەڵگیران، بۆ ئێستا بەو چەکانە لە بری گەڵای پاییز گەنجەکانمان لە سەر شەقامەکان هەڵدەورن.

2- سوتاندن:

بۆ نیشانە شکاندن و تاقی کردنەوەی دەست ڕاستی خۆی دەست دەکات بە دەست ڕێژی گولە، بێ ئەوەی بیر بکاتەوە ئەمە هاوینە و دونیا پوش و پەڵاشە، دەشت بەرهەمی جوتیارەو بان و گرد و شاخیش پڕ لەوەڕگایه. بە گولەی چەکی ئاگرێک بەر دەداتە ئەو سروشتە جوانە، لە سەوزایی دایدەماڵێت و دوکەڵێکی ڕەشی چڵکن بەر دەداتە ئاسمانی شار.

ڕێژەی سەوزاییش دەبێتە قوربانی ئەو گولە وێڵانەی بێ بەرنامە دەتەقێنرێن، ئاگرێک بەر دەداتە گیانی ئەو دار بەڕوانەی کە تەمەنیان سەد ساڵە، شاخ ڕوت و ڕەجاڵ دەکەنەوە، کێو و بان و گرد هەتیو دەکەون لە نەمانی دارو جریوەی باڵندە.

دەبە و تەختە و بەرد و جگەرە دەکاتە نیشانەی دەست ڕاستی، بێ ئاگا ئاگرێکی گەورە دەنێتەوە و بە حەریقی شارەکان ناکوژێتەوە، نازانێت جوتیارێکی نەدار و چەماوە چاوەڕێی بڕێک پارەی بەرهەمەکەیەتی، ماندوبونەکەی دەبێتە قوربانی چەک لەشانێک.

3- کوشتنی ئاژەڵی کێوی:

ڕۆژ نیە لە ناوچە شاخاویەکانی کوردستان گوێت لە دەنگی تەقەی چەک نەبێت، هەر چی بزنە کێوی و ئاژەڵە لە نێو بران، سروشتی شاخیان تیرۆر کرد، سروشت بە بونی ئەو گیاندار و ئاژەڵانەوە جوانە، مەخابن چەکەکانی ئێمە ئەوانیشی لەناو برد، بۆ چەند کیلۆ لە گۆشت سروشتیان تێکدا، خاڵیان کردەوە لەو ئاژەڵ و باڵندە و حەیواناتە جوانانەی کە خوا بەخشیون بە سروشت.

چەکی خەڵکی نەبێت، سروشت بە یەکجاری تێکەڵ دەبێت، دیمەنی ناوازە بە دەوروبەر دەدات، باڕەی ئاژەڵ و دەنگی باڵندە تێکەڵ بە یەکدی دەبن، دەرونی مرۆڤ هێور دەکەنەوە، جوانیەک بە شار و شاخ دەبەخشێت، دەنگێکی مۆسیقی ئارام بە دەرونی خەڵکی دەدات.

لێرە لە بری لێپێچینەوە لە کوشتنی باڵندە و مەلێک بەرپرسێک پارە دەداتە چەک بەدەستێک تاوەکو کەوێک و کوترێکی بۆ بکوژێت، هیوای بەرپرسەکان ئەوەیە مەرزەعەکەی پڕبێت لە مەل و باڵندە، یاسا بۆ تا ئێستا نەیتوانیوە مەزرەعێک دابخات و باڵندەکان ئازاد بکات.

4- نەمانی باڵندە:

نەریتێکی خراپ لە شۆرشی ئەیلولەوە دەستی پێکرد و دواتر بوو بە باو، هەموو چەک بەدەستێ ئەتوانێ بە ئارەزوی خۆی بێ هێچ لێپرسینەوەیەک ڕاو بکات، یان ئەگەر لە ڕێگاوبان دەعبا و مەلی کێوی بینی بۆ سەلماندنی دەست ڕاسی خۆی تەقەیان لێ بکاو و بیانکوژێ و بەجێیان بهێڵێ، لە ئەنجامی ئەم ڕاوە بێ دیسپلینەدا زۆر مەلی کێوی نایاب بە تەواوی لەناو چون یان خەریکە لەناو ئەچن، بۆ نمونە داڵ.

لە کوردەواریدا داڵ چەندین ناو و جۆری هەیە، لەوانە داڵاش، لاشەخۆر، کەرخۆر، کورتان بە کۆڵ، سیسارک، سەرگەر.... هتد، ئەمانە بە پۆل ئەگەڕێن و لە هەر جێیەک کەلاکی تۆپیو یا مردار هەبێ بە بۆن ئەیدۆزنەوە و لێی کۆ ئەبنەوە و ئەیخۆن، داڵ لەو مەلانەیە کە زۆر بە کەڵکە بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنی سروشت لە پیسی کەلاکی بۆگەن.

داڵ لە ئاسمانی شاردا ببینە هێندە نامۆیە وا دەزانی تەیارەیه و دەڕوات، خەڵک هەیە بۆ نیشانە شکاندن و دەست ڕاستی خۆی تەقە لەو داڵە دەکات کە بە ئاسماندا دەسوڕێتەوە، ئەمە بۆ داڵ و بۆ تەواوی باڵندەکان ڕاستە، لە نەبونی هیچ لێپرسینەوەیەکدا ئەم جۆرە ڕاوانە بەردەوامن و سروشتیان خاڵی خاڵی کردۆتەوە.

((ئەمانە بون چەکەکان)).