مام جەلال چی لەبارەی مەلا مستەفاوە وتووە؟

2024-03-14

لە كتێبی " دیداری تەمەن"دا، مام جەلال لە كۆمەڵێك وێستگەی جیاوازدا دەربارەی مەلا مستەفا دواوەو باسی لەوە كردووە كە بەر لەوەی مەلا مستەفا ببینێت وەكو شتێكی پیرۆز لەوی ڕوانیوە.

مەلا مستەفا یەكێك لەو كارەكتەرە سیاسیانەیە كە مام جەلال لە كتێبی " دیداری تەمەن"دا، زۆر لەبارەیەوە دواوەو وەكو خۆی باسیكردووە كە زۆر تامەزرۆی دیتنی بووەو دوای یەكەم دیداریشی لە مۆسكۆ لەگەڵ ئەودا، بۆی دەركەوتووە كە مەلا مستەفا ئەو پیاوە رۆشنبیرە هاوچەرخە نییە كە ئەو چاوەڕێی كردووە.


كڕینی مووی مەلا مستەفا
ئەو دەمەی كە مام جەلال تازە لە گەڵ سیاسەتدا تێهەڵدەچێت‌و مەلا مستەفاش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەو سەروەختی ڕووخانی كۆماری مهابادە، مەلا مستەفای لای مام جەلال شتێكی پیرۆز بووە، مام جەلال دەڵێت:" بارزانی لای من زۆر شتێكی پیرۆز بوو، وەكو موسڵمانێك چۆن بەڕێزەوە تەماشای مەككەو مەدینە دەكات، بەڕاستی منیش بەهەمان شێوە، یاخود شتێك لە خوار ئەوەوە تەماشای بارزانیم دەكرد، مەلا مستەفا وەكو قارەمانێكی میللی گەورەی ئازا، لە دڵ‌و دەروونماندا جێگەی گرتبوو، هەتا لەبیرمە ژنێكی بارزانی لە كۆیە سواڵی دەكرد چوومە لای هەندێك مووی پێبوو گوتی: ئەوە مووی مەلا مستەفایە، گوتم باشە بێنە لێت دەكڕم ئەو كاتە دینارێكم هەبوو دامێ".

 

ڕازینەبوون مەلا مستەفا سەرۆك بێت
هەردوو " حیزبی ڕزگاری"‌و " حیزبی شۆڕش" كە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی هیواوە دوو ساڵ بەر لە دامەزراندنی پارتی دروستبووبوون‌و دواتر زۆرینەی سەكردەكانی هەر دوو حیزب چوونە سەركردایەتی پارتییەوە، بە وتەی مام جەلال پێشتر سەركردایەتی هەردوو حیزبی شۆڕش‌و ڕزگاری لە دەست كەسانی خوێندەواردا بووەو لەكاتی دروسبوونی پارتیدا ئەوان ڕزینەبوون كە مەلا مستەفا سەرۆكی پارتی بێت:" بە دامەزراندنی پارتی سەركردایەتی عەشایەری گەڕایەوە بۆ ناو جوڵانەوەی كورد، پارتی كە دامەزرا سەرۆكەكەی مەلا مستەفا بوو خۆی هەم مەلا بوو هەم سەرۆك عەشیرەت، دوو جێگرەكەشی شێخ لەتیف‌و كاكە زیاد بوون، ئەوە بوویە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك گەنج واز لە پارتی بێنن، هەموو شۆڕشییەكان " مەبەست سەركردەكانی حیزبی شۆڕش"ە، قبوڵیان بوو لەسەر بنەمای تیۆریەی حیزبێكی دیموكراتی شۆڕشگێڕ پارتی دامەزرێ، بەڵام كە هاتە سەر دانانی سەركردایەتییەكەی جیابوونەوەو گوتیان ئێمە ئەوە قبوڵ ناكەین، لەسەر مەلا مستەفاش ڕازینەبوون‌و دەیانگوت مەلا مستەفا كابرایەكی عەشایەرییەو تاقیكردنەوەی حیزبایەتی نییە، با وەك كەسێكی نیشتیمان پەروەر ڕەچاوی بكەین نەك بیكەین بە سەرۆكی خۆمان".

 


یەكەم بینی مەلا مستەفا
لەسەروەختی ڕووخانی كۆماری مهابادەوەو چوونی مەلا مستەفا بۆ ڕووسیا تا ساڵێك بەر لە گەڕانەوەی بۆ عێراق، هیچ ئاگایەكی لە پارتی نەبووەو هیچ پەیوەندییەكی بە سەركردەكانی ئەو پارتەوە نەكردووە كە خۆی سەرۆكی بووە.
وەكو مام جەلال لە بەرگی یەكەمی كتێبی " دیداری تەمەن"دا باسیكردووە، پارتی هەوڵیداوە پەیوەندی بە مەلا مستەفاوە بكات، بەڵام مەلا مستەفا خۆی هیچ پەیوەندی نەكردووە، مام جەلال گێڕاویەتییەوەو وتوویەتی:" لە ساڵی 1955 چووم بۆ ڤیستیڤاڵی وارشۆ، لەوێوە دەعوەتكرام بۆ چین بەڕێگای سۆڤییەتدا چووم‌و هەوڵمدا لەوێوە مەلا مستەفا ببینم‌و باسی خۆمانی بۆ بكەم، دوو هەفتە زیاتر لە مۆسكۆ مامەوە ڕۆژێك " محەمەد عەلی هاشمی نەجەفی" لەژورەكەی منەوە قسەی لەگەڵ كرد بەڵام نەیان هێشت من قسەی لەگەڵ بكەم‌و تێیان گەیاندم كە ناتوانیت ئەمجارە بیبینیت".
جارێكیترو بەر لە ساڵێك لە گەڕانەوەی مەلا مستەفا بۆ عێراق، مام جەلال سەردانی سۆڤیەت دەكاتەوەو وەكو خۆی باسیكردووە ئەمجارەیان بە تامەزرۆییەكی زۆرەوە بە دیداری مەلا مستەفا شاد دەبێت:" مەلا مستەفا لە مۆسكۆ بوو، جاری دووەم لە ساڵی 1957 كە چوومەوە بۆ مۆسكۆ بینیم، بینینی مەلا مستەفا ڕووداوێكی گرنگ بوو، ئەسعەد خۆشەوی وتی من هاتووم بت بەم بۆ لای مەلا مستەفا ئەو چاوەڕوانمان دەكات، یەكسەر سواری تەكسی بووین‌و گەشتینە بەردەم باڵەخانەیەك‌و جەرەسی لێدا، مەلا مستەفا خۆی هات دەرگاكەی كردەوە، سمێڵی تاشیبوو رەسمێكی هەیە بە سمێڵ تاشراوییەوە، لاموایە هی ئەو كاتەیە، ئیتر نازانم وەكو دەروێشَك بۆ لای شێخی خۆی بچێت باوەشم پێدا كرد، نازانم هەر وەكو بێهۆشی‌و بێئاگایی وابوو بەڕاستی زۆر دڵخۆشبووم بە دیتنی مەلا مستەفا".

،،

سەرەڕای ئەوەی كە مام جەلال تەواو عاشقی دیتنی مەلا مستەفا بووەو تامەزۆری دیداری ئەو بووە، بەڵام وەكو مام جەلال خۆی گوزارشتی لێكردووە، هەر لەیەكەم دیدارەوە سیحری مەلا مستەفا لای ئەو بەتاڵ بووەتەوەو پێچەوانەی ئەو وێنەیەی دیوە كە ئەو لە خەیاڵی خۆیدا بۆ مەلا مستەفای نەخشاندووە

" ئەو خەیاڵەی لای من هەبوو دەربارەی ئەوەی مەلا مستەفا زۆر خوێندەوارەو دەربارەی ماركسیەت‌و دیالەكتیك، ئابوری، شارەزاو ڕۆشنبیرە، لەبەرچاوم ڕۆشت، چونكە بەو شێوەیە نەبوو، بەڵكو بە پێچەوانەوە بوون، هەتا دژی ئەو مەسەلانەش قسەی دەكرد، من وام تەفسیركرد كە دەیەوێت من تاقی بكاتەوە، دژی سۆڤیەت قسەی كردو وتی ئێمە خەریكبووین لەگەڵ ئەمەریكا بەهۆی بابە عەلییەوە پەیوەندی بكەین، چونكە پەیوەندی لەگەڵ سۆڤییەتدا هیچ سوودی نییە، من هەر وام دەزانی من تاقی ئەكاتەوە، لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە وەڵامم دەدایەوە، هەر لەو سەفەرەدا تێگەشتم كە مەلا مستەفا ئەو پیاوە رۆشنبیرە هاوچەرخە نییە كە من چاوەڕێم ئەكرد، بەڵام وەكو سەركردەیەكی كوردی ئەهاتە پێش چاوم كە مەشاعیری كوردی زۆرباش بوو، وا هەستت دەكرد خەبات ئەكات لە پێناوی مافی كوردو میللەتی كورددا".

 

نامەكەی مەلا مستەفا بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی

لە گەڕانەوەیدا بۆ عێراق‌و كوردستان، مەلا مستەفا بەمام جەلالدا نامەیەك بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی دەنێرێتەوەو لەسەر داوای مام جەلالیش نامە بۆ ئیبراهیم ئەحمەدو شێخ سادقی برازای‌و هەمزە عەبدوڵا دەنووسێت‌و دەنێرێت.
مام جەلال دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" نامەیەكی دامێ بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی، ئەو نامەیە ئینتیباعێكی خراپی دایە هەموومان، ئەوان لەنامەكان زۆر توڕبوون، بەتایبەتی نامەكەی كە بۆ شێخ ئەحمەدی نوسیبوو، چونكە وا نوسرابوو وەكو موریدێك كە نامە بۆ شێخی خۆی دەنوسێ، نوسیبووی كە ئەو سۆفییەكی وەك سەگی بەر ماڵیانە، ئامادەیە پێڵاوی بن پێی ئەو بێت، خۆی وا ڕزیل‌و بچووك پیاشندابوو، هەتا شێخ سادق‌و شێخ عوبێد نامەكەیان نەدایەو دژی نامەكە قسەیان كرد، من‌و مامۆستا ئیبراهیم‌و شێخ سادق‌و هەمزە عەبدوڵا ئەو نامەیەمان دیوە".
وەكو مام جەلال باسیكردووە بەهۆی دووری‌و بێئاگاییان لە پارتی، لە ساڵانی 1953 – 1958، بۆچوونێك لەناو سەركردایەتی پارتیدا هەبووە كە مەلا مستەفاو ئەوانەی لە سۆڤیەتن لە سەركردایەتی دوور بخرێنەوەو ئیبراهیم ئەحمەدیش ئەو بۆچوونەی هەبووە:" كاتێك مەلا مستەفا هەر لە سۆڤییەت بوو، هیچ ئاگای لە پارتی نەبوو، هیچ دەورێكیشی نەبوو لە بزوتنەوەی كوردایەتیدا، هەواڵێك بڵاوبوویەوە مەلا مستەفاو ئەوانەی نەفی كراون بۆ ڕووسیا مادام لە وڵات نین‌و ئامادەنین، پێوویستە لەسەركردایەتی لا ببرێن، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رەئی وابوو كە بارزانی لە وڵات نییەو ئاگای لێمان نییەو نازانین ئایا ئەو سەرۆكی پارتی قبوڵە، یان قبوڵی نییە، ئێمە ئەو وەك سەرۆك قبوڵ ناكەین".
سەربازی عەبدولكەریم قاسم
دوای ئەوەی كە لە ساڵی 1958 مەلا مستەفا لە سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، خۆی وەكو سەربازی عەبدولكەریم نیشان دەدات‌و لە چەند بۆنەو جێگەی جیاوازیشدا، گوزارشتی " من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم" دووپات دەكاتەوە.

بە بڕوای مام جەلال پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بەشێوەیەكی زۆر ناڕاست‌و ناڕەوا داڕێژراوەو مەلا مستەفا هەر لەیەكەم ڕۆژی هاتنیەوە ئیعلانی كردوەو وتوویەتی " من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم، تەنها دوو كەس هەیە لە دونیادا ئیتاعەی موتڵەقیان بكەم یەكێكیا شێخ ئەحمەدەو ئەوی تریان عەبدولكەریم قاسمە، مەلا مستەفا بە رەسمی لە رۆژنامەدا بڵاوی یكردەوەو لە خۆیشاندانێكی جەماوەریشدا لە سلێمانی كە بۆ پێشوازی ئەو ڕێكخرابوو وتی من سەربازی زەعیم عەبدولكەریمم".

،،

مەلا مستەفا وەڵامی ئەوانەی داوەتەوە كە بە زەعیم‌و سەرۆك ناویان بردووەو ڕازی نەبووە بەو شێوەیە ناوی بێنن، مام جەلال دەڵێت:" مەلا مستەفا لە زۆر جێگا ئەیگوت من زەعیم نیم، من عەسكەری عەبدولكەریم قاسمم، ئێمەش ئەمان ویست بڵێین تۆ سەرۆكی پارتییەكی كە نەتەوەی دووەمە لە عێراقدا، عەبدولكەریم قاسمیش سەرۆكی هەموو عێراقە، ئێمە لاریمان نییە ئەو سەرۆكی سەرۆكەكەمان بێت، بەڵام نابێت تۆ سەربازی ئەو بیت، بەڵام مەلا مستەفا ئەیگوت نەخێر من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم".


بەو وتەی مام جەلال، كاتێك مەلا مستەفا لە سۆڤیەت گەڕاوەتەوە، جیا لەوەی خۆی وەكو سەربازێكی عەبدولكەریم قاسم وێنا كردووە، هاوكات دەربارەی برایەتی نێوان كوردو عەرەبیش گەشتووەتە ئەو دەرەجەیەی كە ئامادە نەبووە هیچ داخوازییەكی كورد كە بۆنی جیابوونەوەی لێبێت باسبكات.
" لە پێشوازی خەڵكداو لە وتارەكانیدا هەمیشە باسی ئەوەی دەكرد ئێمە هەموو عێراقین، هەموومان براین، جیاوازی لە نێوان كوردو عەرەب‌و موسڵمان‌و مەسیحیدا نییەو هەموومان سەربازی عەبدولكەریم قاسمین، لە زۆر جێگەدا ئەیوت داواكردنی هەر شتێك كە ببێتە هۆی جیابوونەوەو ناكۆكی ئەوە تەفرەقەیە، مەلا مستەفا بۆچوونی دەربارەی برایەتی گەشتبووە ئەو دەرەجەیە ئامادە نەبوو هیچ داخوازییەكی كورد كە بۆنی جیابوونەوەی لێبێت داوای بكات، كاتێ كار گەشتە سەر ئیجازەی پارتی عەبدولكەریم‌و مەلا مستەفا گفتوگۆیان دەربارەی ناوەكەی كرد، مەلا مستەفا لایەنگری ئەوە بوو كە تەنانەت مەرج نییە ناوی كورد یا كوردستانیشی پێوە بێت".

 

تێكچوونی پەیوەندی نێوان قاسم‌و مەلا مستەفا
مام جەلال باس لە تێكچوونی پەیوەندی نێوان عەبدولكەریم‌و قاسم‌و مەلا مستەفا دەكات‌و ئاماژە بەوە دەكات كە كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری نێوانی عەبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفای تێكداوە، مام جەلال دەڵێت:" كاتێك كە قاسم تەقەی لێكرا، ئێمە چوین بۆ لای بۆ نەخۆشخانە، من لەگەڵ مەلا مستەفادا بووم، كە چووینە ژورێ عەبدولكەریم قاسم چاكبووبوەوەو خۆشحاڵ بوو بە هاتنەكەی مەلا مستەفا، دانیشت‌و باسی كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری كرا، مەلا مستەفا باسی ئەوەی كرد كە خەڵك گیراون، عەبدولكەریم قاسمیش وەك سەرۆكی دەوڵەت‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قسەی دەكرد، گوتی ئەوە تاوانێكە كراوەو كوژراو هەیە، پێویستە لە ڕێگای دادگاوە چارەسەر بكرێت با بزانین دادگا چی بریار ئەدا، مەلا مستەفا وتی وەڵا ئەوە من كردوومە، من ئەوانەم ناردووە، كەریم قاسمیش گوتی نا مەلا مستەفا تۆ نەت ناردوون تۆ پیاویت‌و كاری وا ناكەیت، تۆ دۆستی منیت، تۆ دژی یاسا ئیش ناكەیت، بێگومان ئەو گەنجانە كۆنە رقیان لە دڵدا بووە، مەلا مستەفا لەسەری رۆشت‌و گوتی نەخێر من ناردومن، ئەگەر ئەو گەنجانە ئەوەیان كردبێت ئەوە من پێ كردوون، كەریم قاسم قیژاندی بەسەر مەلا مستەفادا، یەكەمجاربوو من قاسم بە توڕەیی ببینم، گوتی تۆ نەتناردوون".
مام جەلال كە لەو كاتەدا لەگەڵ مەلا مستەفادا بووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە مەلا مستەفا چاوەڕێی ئەوەی نەكردووە كە كەریم قاسم بقیژێنێ بەسەریدا، "مەلا مستەفا مات بوو زۆری پێمناخۆشبوو، بە بۆچوونی خۆم ئەمە سەرەتای تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بوو".

 

 

مەلا مستەفاو كۆنگرەی پێنجەمی پارتی
سەرباری بەشدارینەكردنی لە كۆنگرەی یەكەمی پارتیدا، بەهۆی ئەوەی كە لە سۆڤیەت بووە، مەلا مستەفا بەشداری كۆنگرەكانی دووەم‌و سێیەم‌و چوارەمی نەركردووەو بە فەرمانی شێخ ئەحمەدیش ڕازی بووە بەشداری كۆنگرەی پێنجەمی پارتی بكات.
مام جەلال، باسی بەشداری مەلا مستەفا لە كۆنگرەی پێنجەمدا دەكات‌و دەڵێت:" چاوەڕێمان كرد تا ساڵی 1960 كە پارتی ئیجازەی وەرگرت‌و كۆنگرەی پێنجەمی لە 5ی مایسی 1960 گرت، مەلا مستەفا لە بارزانەوە نەهاتە بەغداد بۆ بەشداری كۆنگرە، ئەوە بوو وەفدێك چوو شێخ ئەحمەدی قانیع كرد، شێخ ئەحمەدیش ئەمری بە مەلا مستەفا كرد بەشداری كۆنگرە بكات، پاشان مەلا مستەفا لە كۆنگرەدا قسەی زۆر ناشیرینی كرد، زۆر دژی حیزب قسەی كرد، گوتی حیزب بەڵایە، حیزب تەفرەقەیە، حیزب تێكدانی میللەتی كوردە، وتی ئەوانەی ئێوە پێیان دەڵێن دەرەبەگ‌و ئاغا من خۆشم دەوێن".
وەكو مام جەلال باسیكردووە دوای قسەكانی مەلا مستەفا لە كۆنگرەدا، عەونی یوسف رەئی وابووە كە خواحافیزی لە مەلا مستەفا بكرێت‌و داوای لێبكرێت كە واز لە پارتی بێنێت‌و پێی بگوترێت خوا حافیزت بێت‌و بڕۆ.
" مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد پێچەوانەی ئەوە بوو، پێیوابوو كە عەبدولكەریم قاسم دەیەوێت تەفرەقە بخاتە نێوانمان، كەریم قاسم جوابی بۆ مامۆستا ئیبراهیم ناردبوو وتبووی من دژی حیزب نیم‌و مەلا مستەفا بەرەو خراپی ئەڕوات، حەقە ئەوان خۆیان لە كاروباری عەشایەرییەوە تێكەڵ نەكەن، مامۆستا ئیبراهیم وەڵامی دایەوە مەلا مستەفا سەرۆكی ئێمەیە، ئێمە هەموومان یەكین".
جیا لەو بۆ چوونەی ئیبراهیم ئەحمەد، مام جەلال باس لە هەڵوێستێكی خۆیشی دەكات،" كەریم قاسم جوابێكی بۆ من نارد منیش زۆر بە توندی وەڵامم دایەوە، ڕاستییەكەی ئێستا پەشیمانم، بەكەسەم گوت كە هەواڵەكەی بۆ هێنابووم، وتم پێی بڵێ وەڵڵاهی كوردستانی لێدەكەین بە ڤێتنام ئەگەر باش دا نەنیشێ، باشترە پەیوەندی لەگەڵ مەلا مستەفا تێكنەدات‌و مەلا مستەفا سەرۆكی ئێمەیە، ئەگەر ئەو رۆژە ئێمە نیەتمان لەگەڵ مەلا مستەفا خراپ بوایە، یا زۆر دڵسۆزی ئەو نەبووینایە، ئەوە فرسەتێكی وەها هاتبووە پێشەوە كە بە ئاسانی مەلا مستەفا خۆی ئەڕۆشت‌و لە حیزب جیا ئەبوویەوە، كەریم قاسمیش بەو جۆرە دژایەتی پارتی نەدەكرد، چونكە دژایەتییەكەی تەنها لە ڕقی مەلا مستەفا بوو".

 

ڕەتكردنەوەی مافی پەنا بەرێتی لە لایەن توركیاو سوریاوە

بەپێی گێڕانەوەو باسكردنی مام جەلال، دوای تێكچوونی نێوان پارتی‌و عەبدولكەریم قاسم‌و لەسەروەختی خۆئامادەكردن بۆ خەباتی چەكداری دژی قاسم، ئەوان نەیان دەزانی كە مەلا مستەفا چی ئەكاو چی ناكا، " لەڕێی عەلی عەسكەری‌و ئەحمەد عەبدوڵاو عەلی حەمدییەوە لە بادینانەوە هەواڵمان بۆ هات كە مەلا مستەفا گەشتووەتە ئەو ناوچەیە، بەڵام نیازی وایە كە بڕوات‌و ببێت بە پەنابەری سیاسی لە توركیا یاخود لە سوریا، بەپێی ئەو هەواڵانەی بەدەستمان گەشتبوو مەلا مستەفا بە تەمای شەڕكردن‌و شۆڕش كردن نییەو هەر لەوێ زۆركەسیش هەوڵیان لەگەڵ مەلا مستەفا دابوو كە سەفەر نەكات‌و واز لەو فیكرەیە بێنێت، بە تایبەت عەلی عەسكەری‌و عەلی حەمدی‌و ئەسعەد خۆشەوی، بەڵام ئەو لەسەر فیكرەكەی خۆی سوور بوو، هەتا جوابی بۆ توركیا ناردو توركیا قبوڵی نەكردو دواتر هەوڵیدا بچێت بۆ سوریاو سوریاش قبوڵی نەكردو بەناچاری لە كوردستان مایەوە".