حەکیم داود قەرەداغی
سوپاس بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا سیاسەتمەدارەکان دەتوانن ناکۆکییەکان هەر لە فەیسبووکەوە یەکلابکەنەوە و پەنا بۆ شەڕ و پێکدادانی سەربازی نەبەن. بەڵام هیچ هەنگاوێکی سیاسییەکان بەبێ مەترسی نییە، شەڕی سپۆنسەریش لە فەیسبووک هەم دەبێتە هۆی پارە بەهەردەردان، هەمیش خەڵک دابەشدەکات و ناکۆکی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.
لەم بابەتەدا دەمەوێ سپۆنسەری پەیجی بەرپرسانی حیزبی و حکومی لە فەیسبووک ئاشکرابکەم و بە خەڵکیش بڵێم چۆن رۆژانە چاودێری پەیجە سپۆنسەر کراوەکان بکەن بۆ ئەوەی هەواڵی ناڕاست (فەیک نیوز) لە هەواڵی راست جیابکەنەوە.
،،
لە کوردستاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر رایگشتی هەیە چونکە سەرچاوەیەکی سەرەکی خەڵکن بۆ وەرگرتنی زانیاری و گەیشتن بە سەرچاوەکانی هەواڵ، هەر بۆیە بەرپرسانی حیزبی و حکومی دەیانەوێ لەڕێگەی سپۆنسەری پەیجەکانیانەوە هەواڵ و بۆچوونە سیاسییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.
نەوەی نوێی دەسەڵاتدار لە کوردستان رۆژانە هەزاران دۆلار لە سپۆنسەری فەیسبووکی خۆیان و پەیج و ئەکاونتە سێبەرەکانیان خەرجدەکەن. دۆزینەوەی پەیج و پۆستی سپۆنسەرکراویش لە فەیسبووک کارێکی هێندە گران نییە. لە کوردستان هیچ زانیارییەک لەبارەی سامان و پارەی بەرپرسان وەک بەڵگە بەردەست نییە، بۆیە زۆر گرنگە لانیکەم خەڵک ئاگاداری ئەوە بێت چۆن بەرپرسان لەڕێگەی سۆسیاڵ میدیاوە پارە خەرجدەکەن.
ئەو بەرپرسانەی زۆرترین سپۆنسەری پەیجەکانیان دەکەن ئەوانەن کە تازە پۆستی باڵایان وەرگرتووە و زۆرترین ناکۆکیان لەگەڵ نەیارە سیاسییەکانیان هەیە وەک مەسروو بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و لاهوور جەنگی تاڵەبانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
زۆرترین پارەی سپۆنسەر بۆ پەیجە سێبەرەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەڕوات، واتە کەمترین پارە لەو پەیجانە خەرجدەکەن کە هی میدیا فەرمییەکانی خۆیانە بۆ نموونە کوردستان ٢٤ و کوردسات نیوز، چونکە خەڵک دەزانێ سەر بە کێن، بەڵام پەیجە سێبەرەکان کەمترن ناسراون لەلای خەڵک کە کێ لەپشتیانەوەیە.
بەپێی راپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠ی کۆمپانیای فەیسبووک، کۆمپانیاکە زیاتر لە ٤٠٠ پەیج و گرووپی لە فەیسبووک و ئیستاگرام سڕیوەتەوە کە فەیسبووک بە پەیجەکانی سەر بە لاهوور تاڵەبانی و دەزگای زانیاری یەکێتی ناوی بردوون. بەشێک لەو پەیجانە زۆر قورسە بزانی سەر بە چی لایەنێکن چونکە هەندێکجار شتی پۆزەتیڤ لەبارەی پارتی بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک بەلاڕێدا ببەن.
هەروەها زۆرینەیان ناوەکانیان نزیک نییە لە یەکێتتییەوە، بۆ نموونە ئەمە ناوی بەشێک لە پەیجەکانە: (ئەحۆل، گشتی، Puk Sat، رووماڵ، گەردەلوولی سەوز، پدک-بەرەو کوردستانێکی بەهێز، نەمران ئەفەرموێ، شەفە تیڤی، هەبوونەبوو، فوول عەشایار، ئەحمەو دێوانە، کوڕانی هەولێر). فەیسبووک دەڵێت، ئەم پەیجانە زیاتر لە ٢٧٠ هەزار دۆلاریان بۆ کەمپەینی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری ساختە خەرجکردووە، کە هەندێ لە پۆستەکان بێمانا و گاڵتە و گەپن. راپۆرتەکە بێ کەموکورتی نییە چونکە هەموو فۆکەسەکەی لەسەر پەیجەکانی یەکێتی و دەزگای زانیاری نزیک لە ماڵی تاڵەبانییە لەکاتێکدا باسی هیچ پەیج و گرووپێکی پارتی نەکردووە کە ئەوانیش بەهەمانشێوە بەرپرسن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی فەیک نیوز وەک پەیجەکانی خواکوڕک و کێشەی کۆمپیوتەر و سەدان پەیجی دیکە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی:
پەیجی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروو بارزانی لە فەیسبووک سێ ئەدمینی هەیە، یەکێکیان لە کوردستان، دووەم لە هۆڵەندا و شوێنی ئەدمینی سێیەمیش شاردراوەتەوە. پەیجەکە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لایک و فۆلۆوەری هەیە.
لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا پەیجەکەی سەرۆکی حکومەت بەردەوامە لە سپۆنسەر. حەکیم بەپێی بەدواداچوونەکانم پەیجەکەی سەرۆکی حکومەت بە بەردەوامی رۆژانە سپۆنسەری هەیە، واتە هەمیشە یان پەیجەکە خۆی یان یەکێک لە پۆستەکانی ئەو رۆژە سپۆنسەر کراوە. فەیسبووک خۆی دەڵێت، پەیجەکەی مەسروور بارزانی لەر بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسەت و هەڵبژاردن سپۆنسەر دەکات.
پەیجی سەرۆکی حکومەت رۆژانە لانیکەم یەکێک لە پۆستەکانی سپۆنسەر دەکات و بەردەوام لە حسابێکی بانکیەوە بەشێوەی دایرێکت پارە بۆ سپۆنسەرەکان دەڕوات. بۆ نموونە لەنێوان ١٤-٠٥-٢٠٢٠ بۆ ٠٦-٠٨-٢٠٢٠ پەیجەکەی لە یەک سپۆنسەردا نزیکەی دوو هەزار دۆلاری خەرجکردووە، لەو ماوەیەشدا پەیجەکە گەیشتووەیە نزیکەی یەک ملیۆن کەس و یەک ملیۆن ئیمپرێشنی هەبووە (واتە ژمارەی ئەو جارانەی سپۆنسەرەکە چووەتە سەر شاشەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک).
لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا سەرۆکی حکومەت دوو سپۆنسەری ئەکتیڤ (چالاکی) هەیە کە بەردەوام پارەیان بۆ دەڕوات؛ یەکەمیان لە ٢٥ی مانگی ١ی ئەمساڵەوە سپۆنسەر کراوە و ئێستاش دوای یەک مانگ هەر بەردەوامە (بڕوانە وێنەی ١). دووەمیان سپۆنسەری رۆژانەیە، هەر پۆستێک بکات راستەوخۆ سپۆنسەر دەکرێت (ىروانە وێنەی ٢).

وێنەی ١

وێنەی ٢
هاوسەرۆک لاهوور تاڵەبانی:
لاهوور جەنگی تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە بەرپرسانەی بەردەوام سپۆنسەری پەیجەکەی دەکات. پەیجەکەی لە فەیسبووک شەش ئەدمینی هەیە و هەموویان لە کوردستانن. پەیجەکە کەمتر لە نیو ملیۆن لایک و فۆلۆوەری هەیە.
دوایین پۆست کە سپۆنسەر کراوە لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا کۆبوونەوەی بووە لەگەڵ عەممار حەکیم لە سلێمانی. بەڵام هاوسەرۆکی یەکێتی جگە لە پۆستەکانی رۆژانەی، بەردەوامیش پەیجەکەی سپۆنسەر دەکات بۆ گەیشتن بە خەڵکی زیاتر. دوایین جار لە ١٤ی مانگی ٢ی ئەمساڵەوە پەیجەکەی سپۆنسەر کراوە و رۆژانە بەردەوام پارەی بۆ دەدرێت (بڕوانە وێنەی ٣).

وێنەی ٣
هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی:
پەیجەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سێ ئەدمینی هەیە و نیو ملیۆن فۆلۆوەری هەیە. یەکێکە لەو پەیجانەی بەردەوام سپۆنسەر دەکرێت. لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا دوو سپۆنسەری هەبوو، یەکێکیان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسوڵی وڵاتان لە هەولێر و دووەمیشیان سپۆنسەری پەیجەکەیە (بڕوانە وێنەی ٤).

وێنەی ٤
میدیا سێبەرەکان:
لەنێو میدیاکانیشدا زۆرترین سپۆنسەر لەلایەن پەیجە سێبەرەکانەوە دەکرێ نەک پەیجی میدیا ناسراوەکان. لەنێو ئەو پەیجانەشدا زۆرینەی پۆست و پەیجە سپۆنسەرکراوەکان سەر بەو بەپرس و سیاسیانەن کە ناکۆکیان هەیە و تازە هاتوونەتە نێو پێگەی سیاسی کاریگەرەوە. لەم بەشەدا ئاماژە بە چوار دەزگای میدیایی دەکەین لەنێویاندا دەزگای فەرمی ئەمنی حکومەت کە ناکرێ بەشێک بێ لە ململانێ سیاسییەکان بەڵام دەبینن چۆن سپۆنسەر دەکەن بۆ پۆستی حیزبی، لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند دەزگایەک دەکەین، چونکە لیستەکە درێژە و ناکرێ باس لە هەوویان بکەین، بەڵام لە کۆتایی راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە چۆن هەموو کەس دەتوانێ لە فەیسووکی خۆیەوە چاودێریان بکات.
پەیجی (Kurdistan CT) دژه تیرۆری کوردستان:
ئەم پەیجە سەر بە دەزگای دژە-تیرۆرە کە بەپێی یاسا دەبێ بێلایەن بێت، بەڵام راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە. هەرچەندە پەیجەکە زیاتر لە شەش ملیۆن لایک و فۆلۆوەری هەیە کە زۆرترە لە ژمارەی دانیشتوانی کوردستان، بەڵام هێشتا پەنا بۆ سپۆنسەر دەبات لەو بابەتانەی کە دژی نەیارەکانی پارتین. بۆ نموونە یەکێک لە سپۆنسەرەکانی پەیجەکە ڤیدیۆیەکە کە باسی ئەوە دەکات بۆچی هێنانی رژێمی بەعس بۆ ناو هەولێر لە ٣١ی ئاب دژی یەکێتی گرنگ بوو (وێنەی ٥ ). پەیجی دژە-تیرۆر دوور لە هەموو ستاندارد و عورفێکی پیشەیی هەواڵیش بڵاودەکاتەوە کە سەرجەم هەواڵەکان لە میدیاکانی پارتییەوە وەردەگرێت، تەنیا ئەو هەواڵانەش بڵاودەکاتەوە کە لە بەرژەوەندی پارتین (وێنەی ٦ ). لە ئێستاشدا پەیجەکە دوو سپۆنسەری گشتی هەیە و بەردەوام پارەیان بۆ دەڕوات (وێنەی ٧).

وێنەی ٥

وێنەی ٦

وێنەی٧
باس نیوز:
وێبسایتێکی هەواڵییە لە هەولێر، لەلایەن مەسروور بارزانی پاڵپشتی دارایی دەکرێت. زۆرینەی هەواڵ و بابەتەکانی دژی یەکێتیی و بنەماڵەی تاڵەبانی و بەتایبەت لاهوور جەنگییە. ئەم وێبسایتە، کە درووشمەکەی "لێرە راستی بزانە"یە، هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی کە دژی لاهوور جەنگیی و سپۆنسەر دەکات (بڕوانە وێنەکانی 8,9,10,11,12).
.png)

.jpg)


وشە:
وێبسایتێکی هەواڵییە لە هەولێر. بە درووشمی " بۆ ئازادیی دهربڕین له وشهوه دهست پێ بكه" لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. لەلایەن مەسروور بارزانی پشتیوانی دارایی دەکرێت. پەیجی وشەش لە فەیسبووک سپۆنسەری ئەو هەواڵ و زانیاریانە دەکات لە بەرژەوەندی پارتی و مەسروور بارزانین یان دژی لاهوور جەنگی و ماڵی تاڵەبانین. بڕوانە وێنەکانی (بڕوانە وێنەکانی 13,14, ).


میللەت پرێس:
وێبسایتێکی هەواڵییە لە سلێمانی، لەلایەن لاهوور جەنگی پارەی بۆ تەرخاندەکرێت. زۆرینەی هەواڵ و بابەتەکانی دژی پارتی، بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەت مەسروور بارزانییە. ئەم وێبسایتەش بەوە ناسراوە بەبێ پشتبەستن بە سەرچاوەی فەرمی هەموو هەواڵێک دژی بنەماڵەی بارزانی بڵاودەکاتەوە (بڕوانە وێنەی 15).

چاو میدیا:
ئەم میدیایەش سەر بە پرۆژە میدیایەکانی لاهوور تاڵەبانییە. زۆرینەی پۆست و هەواڵەکانی دژی مەسروور بارزانی و بنەماڵەی بارزانییە. بە درووشمی "چاو ..لێنزێكی نوێ بۆ بینینی جیهان.. دونیا لەچاوی خۆتەوە ببینە" لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکردووە، بەڵام ئێستا پرۆژەکە بەرەو گەورەبوون دەڕوات و بەمزوانە وێبسایتی هەواڵیش دادەمەزرێنن. )بڕوانە وێنەکانی 16, 17).


بۆ ئەوەی بزانی پەیجێک چی بابەتێکی سپۆنسەر کردووە، کیلک لەسەر ئەم ڤیدیۆیە بکە:
بەمشێوەیە سپۆنسەری پەیجی سیاسییەکان و میدیاکانیان لە فەیسبووک ئاشکرابکە
https://www.youtube.com/watch?v=RyZAS5QuzdE