چۆن ڕەمەزان دەبێتە قوتابخانە

2021-04-13

مەولود باوە موراد

ھاتنەوەی مانگی ڕەمەزان لەھەموو لایەن پیرۆزبێت، خودا ڕۆژ و نزاکانمان قبوڵ بکات، وەک بیرخستنەوە دەکرێ ئەو پرسیارە چەندین جار کراوە بکەینەوە «چۆن ڕەمەزان دەبێتە قوتابخانە»ی فێربوونی ژیان بەسەرنجدان لە ڕەھەندە
جیاوازەکانی پێکھاتەی مرۆڤ.

،،

حەقیقەتی وجودی مرۆڤ لە چوار پێکھاتەیە، کە ھەریەکەیان بەشێکی تایبەت بەخۆی لە عیبادەتی ڕۆژو بەردەکەوێت:« ١- مادە، ٢- ڕۆح، ٣-نەفس، ٤- عەقڵ.»

بەشی یەکەم:
مادە: پێکھاتەی مادیی لەجەستەی مرۆڤدا بەرجەستە و بەرچاوە، چوارچێوەی قەوارە مادیەکەی پەیکەری مرۆڤ پێکدەھێنێت، بەشی ئەم بەشە مادییەی جەستە لە عیبادەتی ڕەمەزاندا، دەستبەرداربوونە لە خواردن و خواردنەوە، لەگەڵ ئەوەی خواردن و خواردنەوە زەرورەتی دەستەبەرکردنی ووزەیە بۆ بەردەوامکردنی جوڵە و گەشە و کارکردنی ئەندامەکانی جەستە، لەھەمانکاتدا، خواردن لەخۆیدا یەکێکە لەسەرچاوەکانی چێژ وەرگرتن لە ژیان، لەم مانایەدا دەبینین دەعوەتکردنی دۆستان مانای ڕێز لێنانە، چونکە خۆراک و خواردن چێژ بەخشە، ھەروەک بووەتە خویەکی ڕەگداکوتراو لە ڕەفتاری مرۆڤەکاندا، گەلانی دنیا بەکەلتوری جیاواز ژەمی خواردنی ڕۆژانەیان ڕێکخستووە.

چێژلێوەرگرتن و خوپێوەگرتنی خواردن بووەتە مانایەک بۆ ژیان بۆ کارکردن بۆ پەیداکردن بۆ ھەڵپەکردن بۆ چاوچنۆکی بۆ زیادەڕۆیی، دواتر بۆ سەدان دەرد و نەھامەتی و ئازار کە نیعمەتی چێژ و تامی خۆش دەگۆڕێت بۆ ئازارگەلێک کە تەنھا چارە خۆمەحرومکردنە لەو نیعمەتی چێژی خواردنە« چونکە دەوترێت مرۆڤ تەنھا گیاندارە بەتێریش خۆراک دەخوات، گیاندارانیتر تابرسیان نەبێت خواردن ناخۆن».

،،

حیکمەتی خودا کە خۆی چاودێری ژیان و بوون و مانەوەی مرۆڤ دەکات، فەرمانیداوە بەرلەوەی چێژ و تامی خۆشی خواردن بگۆڕێت بەژەھری ژیان و ناچاربوونی قەدەغەی ھەتاھەتایی، فەرمانی خۆگرتنەوە لەخۆراکتان لە ناو عیبادەتەکاندا بۆ دادەڕێژم لەساڵێکدا مانگێک

لەم مانگەدا، جگە لە بەندایەتی و ئەنجامدانی خوداپەرەستی( الصوم لي وانا اجزي به).

لەلایەک جەستە خاوێن بکەرەوە و لەلای دووھەمەوە دەستبەرداری زیادەڕۆیی ببە و لەلای سێھەمەوە گرنگی ئەم نیعمەتانە بێنەرەوە بیرخۆت، کەزاتێکی باڵا و مەزن بۆی فەراھەمکردووی سوپاسگوزای بکە، لەلای چوارەمەوە ھەموو ئەوانە بخەرە بەچاو و دڵ و ویژدانت کە قەدەریان وایە کەمدەرامەت و دەستکورتن و توانای چێژ و خۆشی وەرگرتنیان لە خواردن وەک پێویست نیە، بەچاوی ڕێزەوە فێری بەھاناوە چوون ببە.

بەشەکانیتری پێکھاتەی مرۆڤ کە:
٢- ڕۆح
٣-نەفس
٤-عەقڵ
پشک و ڕۆڵیان لە عیبادەتی ئەم مانگەدا ھەیە، بەڵام جیاواز و کاریگەرتر لە پشکی بەشە مادیەکەی قەوارەی مرۆڤ.