کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان: حیکایەتی مردن و گۆڕی بە کۆمەڵ

2021-04-24

لە پێشهاتێکی نوێدا، ئەوەی پێی دەوترێت " کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان"، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا بنێت.
هەرچەندە تورکیا بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە، کە ئەرمەنەکان لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە کۆمەڵکوژ کرابن، بەڵام

،،

وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕووداوەکانی ئەو کاتە بە کۆمەڵکوژی دادەنێن و تورکیاش وەك میراتگری عوسمانییەکان بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانن.

لەم ڕاپۆرتەدا بە وردی باس لە کۆمەڵکوژییەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی دەکەین، لەگەڵ باس کردنی هەڵوێستی بایدن لەسەر ئەو ڕووداوە.

بایدن و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان:
سێ سەرچاوە بە کەناڵی "BBC"یان ڕاگەیاندووە، کە زۆر نزیکە، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەی 24ی نیساندا، چەمکی " کۆمەڵکوژی" لە یادکردنەوەی قوربانیانی سەرانسەری جیهان بەکار بهێنێت.
بەڵام سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەوەیە بایدن لە دواین ساتدا ئەو چەمکە بەکارنەهێنێت، ئەمەش لە پێناو ئەو پەیوەندییە گرنگە دوو قۆڵییەی کە لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا هەیە.
بایدن ساڵێک لەمەوپێش، یادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی کردەوە، کە ئەو کات کاندیدی سەرۆکایەتی بوو،

،،

بایدن لەو یادەدا وتی:" یادی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی دەکەینەوە لە پیاوان و ژنان و منداڵان، کە لە دوا رۆژەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گیانی خۆیان بەخشی".

وتیشی:" پشتگیری و هاوکار دەبین بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە کۆمەڵکوژی ناوزەند بکرێت".
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا، بڕیارێکی ناپابەندی ( غیر الزامی) دەرکرد، کە تیایدا پرۆسەکەی بە کۆمەڵکوژی ناساند، ئەو کاتیش تورکیا ناڕەزایەتی لە بڕیارەکە نیشاندا.
ئادەم شیف ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر لیستی دیموکراتەکان، لەم دوایانەدا گروپێکی 100 کەسی لە نوێنەران ناردۆتە لای جۆبایدن، کە گروپەکە لە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان پێکدێت، لەو سەردانەدا داوایان لە جۆبایدن کردووە، کە پابەند بێت بەو بەڵێنەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکان داویەتی.

تورکیا چۆن باسی ڕووداوەکە دەکات؟
تورکیا لە ڕووداوەکە کەم دەکاتەوە ، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە ئەرمەنەکان ئەوانەی لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ژیاون لەکاتی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی عوسمانی لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا کوژراون، هەروەها گومان دەخاتە سەر ژمارەی کوژراوەکان و ڕەتی دەکاتەوە بە بەرنامەڕێژی کوژرابن، بەشێوەیەک ببێتە کۆمەڵکوژی.

تورکیا ئێستا دژی هەموو هەوڵێکە، کە پرۆسەکە بە کۆمەڵکوژی ناوزەند بکات، بۆیە هەرکات هەستی بە کارێکی وەها کرد، هۆشداری توند دەدات، لەسەر ئەگەری دان نان بە کۆمەڵکوژیەکەش لەلایەن بایدنەوە، مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "هەر جوڵەیەکی بایدن بە ئاڕاستەی ئەوەی کە دان بە کۆمەڵکوژییەکەدا بنێت، ئەوە زیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدات".
بەهۆی ترس لە خراپ بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، هەروەها لۆبیەکی فراوانی تورکەکان لە ئەمریکا

،،

هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا دانی بە کۆمەڵکوژییەکەدا نەناوە، هەروەها کۆنگرێسیش نەیتوانیوە بڕیارێکی وەها دەربکات.

حیکایەتی پرۆسەکە چۆنە؟
بەڕێوەبەرایەتی معاریفی بەریتانی لەسەر کۆمەڵکوژییەکە دەڵێت:" کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە پرۆسەیەکی کۆچی زۆرەملێ بە کۆمەڵ کوژراون، تاوانەکە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە نێوان ساڵانی (1914-1918) دژ بە ئەرمەنەکانی ناو ئیمپراتۆرییەکە ئەنجامدراوە".
ئەرمەنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ
زنجیرە چیاکانی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە دەکاتە رۆژهەڵاتی ئێستای تورکیا، بۆ چەندین سەدە پێگەی ئەرمەنە مەسیحیەکان بووە، کە لەگەڵ کوردە مسوڵمانەکاندا لەو ناوچەیەدا ژیاون.
مەعاریفی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات، لە سەدەکانی کۆن و ناوەندە، چەندین بنەماڵەی ئەرمەنەکان فەرمانڕەوایەتی ئەو ناوچەیان کردووە، هەرچەندە بەردەوام لەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
فەرمانڕەوایی ئەرمەنەکان لەسەرەتای سەدەی یانزە و بەهۆی چەندین هێرشی تورکەکانەوە، کۆتایی پێهاتووە، هەروەها لەسەدەکانی پانزە و شانزەدا، تورکەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە و خستویانەتە سەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
بەڵام ئەرمەنەکان، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و کەنیسەی ئەرمەنیان پاراستوە، هۆکاری ئەمەش بۆ سیستەمی عوسمانیەکان دەگەڕێتەوە، کە سەربەخۆیی ئیداری و کۆمەڵایەتیان بە کەمە نەتەوەییە نا مسوڵمانەکان بەخشیوە.
لەسەرەتای سەدەی بیستدا، نزیکەی 2 ملیۆن و نیو ئەرمەنی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ژیاون، کە زۆرینەیان لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بوون، هەروەها زۆرێکی دیکەیان لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی سنورەکانی ئیمپراتۆریەکە ژیاون، کە ڕوسیا کۆنترۆڵی کردبوو.
ئەرمەنەکانی سەردەمی عوسمانیەکان، بە گوندنشین و شارنشینەوە لە ژیانێکی قورسدا بوون، هۆکارەکەشی بۆ مامەڵەی خراپی کوردەکان دەگەڕێتەوە کە ئەو کات کارەکانی ئەو ناوچانەیان بەدەستەوە بووە، هەروەها فەرمانڕەوا ناوخۆییەکان و دادوەرەکان لەکاتی ناکۆکی و کێشەکاندا، زیاتر لایەنگری مسوڵمانەکان بوون،بۆیە ئەرمەنەکان لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی و کوشتندا، شوێنێکیان نەبووە ڕووی تێبکەن، تەنانەت کاتێک زەوی و خاکەیان داگیر دەکرا، نەیاندەتوانی وەریبگرنەوە.


زۆرینەی ئەرمەنەکان جوتیار بوون،

،،

کەمێکیان توانیویانە ببنە بازرگان و پیشەوەر، بۆیە ژمارەیەکی کەمی ئەرمەنەکان توانیویانە بگەنە پۆستە باڵاکانی وەک بازرگانی و بانکە حکومیەکان.


گەنجانی ئەرمەن، ئەوانەی کە لە قەوقازی ڕوسیا دەژیان، هەوڵیان داوە پارێزگاری لە نەتەوەی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیان داوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو پارتی شۆڕشگێریان بە ناوەکانی " هینشاک و داشناکتسۆتیۆن" لە نێوان ساڵانی 1887 و 1890دامەزراند،بەڵام ئەم دوو پارتە لەلایەن ئەرمەنەکانی رۆژهەلاتی ئەنادۆڵەوە پاڵپشتیەکی ئەوتۆ نەکران، ئەرمەنەکان لەبری ئەمە بە باشیان دەزانی وڵاتانی ئەوروپا فشار لە عوسمانیەکان بکەن، بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی ئەرمەنەکان بکات.

ڕق لە ئەرمەن:
مەعاریفی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات، هەستی ڕق لێبوونەوە لە ئەرمەنەکان وای کردووە، کە چەندین جار کۆمەڵکوژی دژ بە ئەرمەنەکان ئەنجام بدرێت،بەتایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا.

،،

بۆ نموونە کاتێک ئەرمەنەکانی ناوچەی ساسۆن لە ساڵی 1894، ڕەتیان کردەوە باج بە دەوڵەت بدەن، هێزەکانی عوسمانی هەزارەها ئەرمەنیان کوشت.


کۆمەڵکوژ کردنی ئەرمەنەکان لە پایزی ساڵی 1895دا دەستی پێکرد، ئەویش ئەو کاتە بووە کە دەسەڵاتی عوسمانیەکان خۆپیشاندانێکی ئەرمەنەکانی ئەستەنبوڵیان دامرکاندەوە و کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا.
بە گشتی لە نێوان ساڵانی 1894 و 1896، سەدان هەزار ئەرمەنی کوژران، کە کۆمەڵکوژییەکە بە " کۆمەڵکوژی حەمیدیە" ناسراوە، هەروەها لە ساڵی 1909 نزیکەی 20 هەزار ئەرمەنی لە توندو تیژییەکانی ئەدەنە کوژران.

تورکیای لاوان و جەنگی یەکەمی جیهانی:
کۆمەڵەیەکی کەمی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی، کە کۆمەڵەیەکی ناو پارتی تورکیای لاوان بوون، لە ساڵی 1908دا گەیشتنە دەسەڵات.
ئەرمەنەکان پێشوازیان لە کارکردن بە دەستوری عوسمانیەکان کرد،هەروەها لە بەرامبەر بە هاوکاری کردنی سیستەمی نوێی سیاسی، دەسەڵاتی عوسمانیەکان بەڵێنیاندا کە هەڵبژاردنی تایبەت بە ئەرمەنەکان ئەنجام بدەن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، پارتی لاوانی تورکیا گومانیان لە ئەرمەنەکان زیاتر دەبوو، چونکە پێیان وابوو، ئەوان لەگەڵ هێزە دەرەکیەکان هاوکاری دەکەن.
کەسایەتییە توندڕەوەکانی پارتەکە لە کانوونی دووەمی ساڵی 1913دا دەسەڵاتیان گرتە دەست ، کەسایەتیە میانڕەوەکانیان دوورخستەوە، لەو کەسایەتیانەش کە بەهۆی کودەتاوە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بریتی بوون لە ئەنوەر پاشا و تەڵعەت پاشا.
بەهۆی دۆرانی عوسمانیەکان لە جەنگی بالیقانی یەکەم (1912-1913)، ڕق لە مەسیحیەکانی ناو دەوڵەتەکە زیادی کرد، چونکە پێیان وابوو مەسیحیەکان خیانەتیان لێکردوون

،،

لەو شەڕەدا عوسمانیەکان ناوچەکانی ئەوروپایان لەدەست دەرهێنرا، هەروەها بەهۆی ناکۆکیەکانەوە، سەدان هەزار مسوڵمان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ ناوچەکانی ئەنادۆڵ کۆچیان کرد، ئەم کۆچەش بووە هۆی هەڵگیرسانی ناکۆکی لە نێوان جوتیارە مسوڵمان و مەسیحیەکان.


ئەرمەنەکان سودیان لە شکستەکانی عوسمانیەکان بینی و دەیانویست لەڕێگای ئەوروپاوە، فشار لە عوسمانیەکان بکرێت، کە چاکسازی ئەنجام بدات و حوکمی خۆبەڕێوەبەری بە ئەرمەنەکان بدات، بۆیە ئەوروپا لە ساڵی 1914، دەوڵەتی عوسمانی ناچار کرد، کە کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجام بدات و چاودێریشی بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵات نارد، ئەمەش وای لە فەرمانڕەوە تورکەکان کرد، کە بیکەنە بەڵگەیەک بەوەی ئەرمەنەکان لەگەڵ هێزە ئەوروپیەکان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی عوسمانی ڕێک کەوتوون.


کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان:
ئەنوەر پاشا، هەوڵێکی زۆری دا، لە جەنگی ساری قامیش کە لە کانوونی دووەمی ساڵی 2015دا ڕوویدا، ڕێگری لە ڕوسەکان بکات، بەڵام لە جەنگەکەدا زۆر بە خراپی شکان.
هۆکاری شکستی عوسمانیەکان بۆ خراپی ئیداری و کەشی خراپ دەگەڕایەوە، بەڵام حکومەتی تورکیا، شکستەکەی بۆ خیانەتی ئەرمەنەکان گێڕایەوە، سەربازە ئەرمەنی و نا مسوڵمانەکان لە سوپا دوور خرانەوە، گوازرانەوە بۆ کەتیبەکانی کارکردن، بەڵام سەربازە چەک کراوەکانی ئەرمەن، بە ئەنقەست لەلایەن سەربازە تورکەکانەوە دەکوژران، کە بەپێی مەعاریفی بەریتانی ئەمە بووە، سەرەتایەک بۆ کۆمەڵکوژ کردنی ئەرمەنەکان.
هێزی بەرگری ئەرمەنی لە نیسانی ساڵی 1915 لە گەرەکی ئەرمەنی شاری وان، دژی عوسمانیەکان جەنگان، هەروەها تەڵعەت پاشا نزیکەی 250 لە رۆشنبیران و سیاسیەکانی ئەرمەنی لە ئەستەنبوڵ دەستگیر کرد، دواتریش زۆرینەیان کوژران.

،،

هەروەها دوای ماوەیەکی کەم لە شکستی شەری ساری قامیش، دەسەڵاتدارێتی عوسمانیەکان ئەرمەنەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە گواستەوە، بیانووی گواستنەوەکە بوونی هەڕەشە بوو لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.

هەروەها لە ئایاری هەمان ساڵ، پەرلەمانی عوسمانی، پڕۆژە بریارێکی دەرکرد و ڕێگای بە کۆچی زۆرەملێ دا، بۆیە لە پایزی ساڵی 1915دا ئەرمەنیە مەدەنیەکان لە ماڵی خۆیان و لە چیاکان و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بۆ سەربازگەکانی دەستگیر کردن گوازرانەوە، لە کاتی ئەم کۆچەدا سەربازەکان ئەرمەنەکانیان کۆمەڵکوژ دەکرد، بەشێک لە ئەرمەنەکان توانیان لە زیندانە سەربازییەکان هەڵبێن، بەڵام کاتێک گەیشتنە بیابانی سوریا، زۆرینەیان لە برسا مردن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی 600 هەزار ئەرمەنی لە کاتی گواستنەوەیان کوژراون یان لە برسا مردوون، هەروەها چارەنوسی زیاتر لە 400 هەزار کۆچبەری دیکەی باشور نادیار ماوەتەوە، کە خۆیان ڕزگار کردووە، بەڵام شوێنێک نەبووە بۆی بچن و لە برسا مردوون.