دوانەی خەبات کاک شازاد و کاک نەوشیروان

2021-05-24

خالید ڕەزا

هەردوکیان هاورێی گیانی بەگیانی یەکتر بون، چ لە خەباتی ئاشکرای شاخ و چ لە خەباتی ژێر زەمینی شار و چ لە خەباتی هەندەراندا. کاک شازاد لە خێزانێکی ناوداری شارەکەیە. پارێزەرێکی سەرکەوتو بو، لە سیاسەتکردن دا ورد و بەحەوسەڵە و بەسەبر بو. قەڵەمی متوازعانەی من لە ئاست پێناسەکردنی دا نیە، چ وەک پارێزەر، چ وەک سیاسەتزان، چ وەک دپلۆمتاکار. بۆیە بەوەنە کیفایەت دەکەم و لە یادی کۆچی ناوادەیدا بیرەوەریەک و چەند دۆکۆمێنتێک لەسەر کار و تێکۆشانی یاداشت ئەکەم، کە بێگومان مەڵۆیەکی بچوکە لە خەرمانی خەباتی بێ وچانی کاک شازاد.

،،

# کاک نەوشیروان و کاک شازاد لە زۆرقۆناغی ژیانیاندا پێکەوە بون، دوو هاورێێ جێ متمانەی یەکتربون، لەدامەزراندنی گۆڤاری ڕزگاری دا هەر پێکەوەبون، کاک شازاد سەرنوسەر و کاک نەوشیروان خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە بوە.


 ڕزگاری رۆڵی گرنگی لە پێگەیاندنی کادر و لە ڕەنگ ڕشتنی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان دا هەبوە. لەدوای داخستنی گۆڤارەکە لە کۆتایی مارتی ١٩٧٠ دا، دەزگای چاپکردنی گۆڤارەکە لەماڵی کاک نەوشیروان دا شاردرابوەوە. نزیکەی نۆساڵ دوای ئەو مێژوە و ئەگەر زاکیرەم غەدرم لێ نەکات لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ دا بو، کاک بەختیار مستەفا ی برای کاک نەوشیروان، هەروەک چۆن لە کاتی خۆیدا بە سەلەیقەی وردی خۆی دەزگای چاپەکە و پیتەکانی بە جوانی لەناو بەرمیلێکی بە فلین و نایلۆن ڕوپۆشکراودا لە حەوشی ماڵەکەی خۆیاندا حەشار دابو.

ئیوارەیەک هات وتی:" شەوێ ئەو شتانە دەر ئەهێنین"، تەبعەن من تا ئەو ساتە نەمزانی بو لەویا شتی واهەیە. شەوەکەی دەرمانهێنا بەبێ ئەوەی هیچ شتێکیان خراپ بوبێ، هەمویمان پێچایەوە . بەیانی زوو کاک شازاد بەتەنها و بە پیکابێکی داتسەن ی چادر بەسەرەوە هات، پێکەوە هەمویمان بارکرد. لە کاتی خوا حافیزیکردن دا بە پێکەنینەوە وتی:" کاکە گیان لە ئێستەوە من و تۆ یەکتری نا ناسین ". مەبەستی ئەوە بو لەکاتی ڕۆشتنی دا ئەگەر بگیرێ یان ڕوداوێک ڕوی دا ئەوا مەگەر مەرگ لێمان ببیستێ. ئیتر ئەو ڕۆشت و لە پاش ١٧ ساڵ، لە ساڵی ١٩٩٦ لە هۆلەندا بەدیداری شاد بومەوە.
ئەو چاپە وردە لەوکاتەدا بۆ شۆڕش زۆر گرنگ بو، ئەوانەی کە ڕیکخستنە دێرێنەکانی کۆمەڵە بن کتیبە بچکۆلە چاپ وردەکەی کۆمەڵەیان لە بیرە کە لە بەرگەکەی نوسراوبوو(کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان ) ئەوە بەو پیتانە چاپ کراون کە کاک شازاد بردی و ناردیان بۆ ناوەندی کۆمەڵە.

# کاک نەوشیروان مستەفا لەدەمی کاک شازادەوە ڕوداوێکی خۆش و سەرنج ڕاکێش ئەگێڕێتەوە کە لەنێوان دوو پێشمەرگەی بارەگای ناوەندی کۆمەڵەدا لە ناوزەنگ ڕوی داوە:
" مەسئولی تەور*
بەیانیەکیان شازاد لە بەزمێکی سەیر خەبەری بوەوە. ئەژدەر، لە سلێمانی زەرەنگەر بوبو، ماوەیەک بو لە بارەگاکەی ئێمە میوان بو. ئەژدەر بێ پرسی مامە قالە ناشیانە دەسکاری تەورێکی کرد بو، دەمەکەی کول کردبو، ئەویش بە توندی پیا هەڵشاخابو. ئەژدەریش پێ ی وت بو: " بۆ تورە ئەبی خۆ تۆ مەسئول نیت؟" مامە قالە زیاتر هەڵچو بو، تێر و پڕ جنێوی بە ئەژدەر دابو وت بوی: " چۆن مەسئول نیم من مەسئولی تەورم!"
شازاد ئەیوت دیارە وشەی مەسئول ئەوەندە خۆشە تەنانەت ئەگەر هی تەوریش بی هەر خۆشە و گرنگە.

کاک شازاد کە لەهۆلەندا بو، لەگەڵ هاورێ کانی دا سەرپەرشتی ئیشوکارەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی کردوە، لەکاتی ئەنفالەکان و لەکاتی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان بەردەوام کاری دپلۆماسی و کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری مادی و کەلوپەل بۆ ئاوارەکان و داودەرمان بۆ خەستەخانەکانی شۆڕش و خەڵکی کوردستان، لە ئەرکە لە پێشینەکانیان بوە. بەردەوام چاودێری هەواڵ و دەنگوباسەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی دەکرد و لەڕیی ناردنی بروسکە و تەلەفۆنەوە بەردەوام لەگەڵ شۆڕش و بەتایبەتی لەگەڵ کاک نەوشیروان دا پەیوەندی هەبو. لە هۆلەندا لەگەڵ هاوڕێکانی کۆمەڵەیەکی کوردیان بەناوی (کوردیش ڕلیف) بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری مرۆڤایەتی دروستکردبو کە خۆی سەرۆکی کۆمەڵەکە بو، لەکاتی ڕاپەڕین دا ڕۆلێ باشی گێڕاوە. کاک شازاد لە (بروسکەیەک)** دا کەلەسەرەتای ڕاپەڕین دا بۆ کاک نەوشیروانی ناردوە باسی ئەو کۆمەک و هاوکاریانە دەکات کە لەگەل هاورێکانی بۆ خەلکی کوردستانیان کۆکردۆتەوە و لەڕێی مانگی سوری ئیرانیەوە ناردویانەتەوە، کە دەیان تۆن دەرمان و جلوبەرگ و هاوکاری مرۆڤانە بوە. کاک شازاد هێندە ملتزم دەبێ لەکاتێک دا کە خۆی سەرۆکی کۆمەڵەکە دەبێ لە هۆڵەندا، کەچی پرس و ڕا بە کاک نەوشیروان دەکات کە ئایە ئەوان کەسێک دیاری دەکەن کە ڕیکخراوەکەیان لە ڕێێ ڕیکخراوە خێرخوازیەکانەوە، پارە بۆ کوردستان کۆبکەنەوە، یان خۆیان ڕاستەوخۆ ئەو کارە بکەن؟

،،

بۆیە کاک نەوشیروانیش لە وەلامی بروسکەکەی دا خۆی و هاوڕیکانی سەر پشک دەکات کە ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ.

ئەم کارانەی کاک شازاد دڵۆپێکە لەدەریای خەبات و تێکۆشانی، کە بەداخەوە بە کارەساتی ئۆتۆمۆبیل کە هێشتا زۆر ئەرک و کاری تر مابوو جێ بەجێێ بکا، ماڵئاوایی لێکردین. داخێکی قوڵی خستە دڵ و دەرونی خێزان و خزم و کەسوکار و هاوڕێکانیەوە. ڕۆحت شاد بێ و بۆ هەمیشە لە ناو ویژدانماندا بە زیندویی ئەمێنێتەوە.

* نەوشیروان مستەفا، کتێبی پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن ل ٢٣٤
** تۆڕی پەیوەندییەکانی پێشمەرگە لە شاخ ل ٧١٥-٧١٦، ئامادەکردنی بەختیار مستەفا ئەمین و خالید حسێن ئەحمەد