د. سەردار عەزیز
سەرپەرشتیار: کەمال چۆمانی
پێداچونەوە و دیزاین: رێنوار نەجم
پڕۆژەی کوردستان تایمز ٢٠٢٥، پارەدارکراو لەلایەن دامەزراوەی رۆزا لوکسێمبورگی ئەڵمانی
سوپاسێکی بێپایانی هەردوو بەڕێزان دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و گۆران ئازاد، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، بۆ دەوڵەمەندکردنی بریفەکان بە خوێندنەوە و سەرنج و تێبینییەکانیان.
پوختەی پێویست
کوردستانی عێراق لەژێر کاریگەرییەکانی نیولیبرالیزمدا، لە پرۆسەیەکی بەردەوامی نایەکسانیی ئابوورییەدایە کە بیست ساڵە دەستی پێکردوە و هەتا بێت چڕتر دەبێتەوە.
نایەکسانی لە کوردستان بنەماکانی دادەمەزرێنێت. ئەم بنەمایانە نە ئاگایی بەرفراوان هەیە بەرامبەریان و نە بەرهەڵستی دەکرێن و نە یاسای پێویستیان بۆ دەردەکرێت.
بوارە ژیانییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی تر هەموو تایبەت و گران دەکرێن.
کردارەکانی حکومەت و هێزەکان: توێژی هەرە دەوڵەمەند و هەژاری درووست کردوە.
ئاگایی و بەرهەڵستی بۆ ئەم پرۆسەیە وەک پێویست نییە و لە ئاستی خێرایی گەشەی پرۆسەکەدا نییە.
نیولیبرالیزم وەک مۆدێلێکی زاڵی جیهانی بۆ لاوازکردنی دەوڵەت یان حکومەت و زاڵکردنی بازاڕ، زەمینە ڕەخسێنە و هاندەری نایەکسانیی ئابووری و دروستکردنی چینایەتییە.
ئاگایی تەقلیدی توانای تێگەیشتن و بەرهەڵستکاریی ئەم دیاردەیەی نییە، بۆیە پێویستە زانکۆ و دەزگاکانی توێژینەوە و میدیا هەوڵبدەن قوڵ لە مەترسییەکانی نایەکسانیی ئابووری بگەن.
دابەشبونی نایەکسانیی داهات کاریگەری دەبێت لە سەر دیدی سیاسی و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و ئینجا ئەگەر چارسەر نەکرێت بۆ ناسەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی.
نیولیبرالیزم پرۆسەی بە چینایەتیکردنی کۆمەڵگای کوردییە. لە هەمان کاتدا پرۆسەی کەرتکردن و ئەگەری توندوتیژییە. حکومەت چالاکانە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی ئەم پرۆسەیەدا، لە کاتێکدا دەبێت بە پێچەوانەوە بێت.
ناساندن
ئەم پوختەیە مەبەستی ئەوەیە کە نایەکسانی لە کوردستان بکاتە مژار. ئەم نایەکسانییە بە ئاگایی و بێئگایی لە هەناوی چوارچێوەی نیولیبرالیزمدا دەگوزەرێت. نیولیبرالیزم بە پوختی یانی بچوککردنەوە و کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکومەت، لابردنی ڕێگرە یاسایی و مرۆییەکان، سپاردنی هەموو بوارەکان بە بازاڕ و ڕێساکانی. لە کاتێکدا لە دونیادا ئەوە ڕوون بوەتەوە کە بازاڕ ناتوانێت وەڵامدەرەوەی هەموو پرسە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بێت، لە کوردستان ئەم پرۆسەیە بە چڕی بەردەوامە و هەتا بێت خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەمتر و خراپتر دەبن و لە هەمان کاتدا کەرتی تایبەت زیاتر پەل دەهاوێت بۆ هەموو بوارەکان و خزمەتگوزارییەکان قۆرغ دەکات.
لە ئەنجامدا دابەشکردنی سامان، دەست گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، دەستکەوتنی کار و سەقامگیریی هەموو دابەش دەبێت لە نێوان کەمینەک کە زۆری هەیە و زۆرینەیەک کە کەمی هەیە. ئەم پوختەیە هەوڵدەدات کە جەخت لەوە بکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە دابەشبونی کۆمەڵگای کوردستان بە سەر دوو بەرەی نایەکساندا، لەبەر هەندێک هۆکار، زۆر بە کەمی قسەی لە بارەوە دەکرێت و بایەخی پێدەدرێت. بۆیە پێویستە بکرێت بە خەمی کۆمەڵگا، کارنامەی حیزبەکان، بەرنامە و کارنامەی حکومەت و دونیابینیی ڕۆشنبیران.
سەرنج لەسەر کێشەی لێکۆڵینەوەکە
نایەکسانی لە کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگای جیاوازەوە خۆی نمایش دەکات. نایەکسانی بە زەقی کاریگەریی لەسەر نەدارانە. هەتا کەسەکان لە پلەبەندیی ئابووریدا پلەیان لە خوارەوە بێت نایەکسانی زیاتر ئازاریان دەدات. خەڵکی ئاسایی بەسەختی کاری دەست دەکەوێت یان هەر دەست ناکەوێت. پارە زۆرە، بەڵام بۆ هەموان نییە، تەنانەت بۆ زۆرینەش نییە. خوێندن هەتا بێت دوو کەرت دەبێت، کەرتێکی بۆ کەمینەیەکی سی لە سەدی کۆمەڵگا کە هەموو ڕۆژانی خوێندن قوتابخانەکانیان کراوەیە، ئەوانی تر کە ڕۆژانێکی زۆر لە ساڵی خوێندن دەرگاکانیان کڵۆم دراوە، لە بەر بێ موچەیی مامۆستایان. مامۆستایان خۆیان قوربانیی سیستەمی نایەکسانین. ئەمە بۆ نەخۆشخانەکان و تاقیگەکان و زۆر شوێنەکانی تریش ڕاستە. لە ئەنجامدا بوونی بڕوانامە چیدی ڕێگای دەرچوون نییە لە هەژاری، یان بە دەستهێنانی سەقامگیریی ئابووری.
نایەکسانی تەنها پرسی نان و کار و دەرفەت نییە، بەڵکو لە کرۆکی کەرامەت و ئازادی و نیشتمانپەروەریی و متمانە و گەشەکردندایە. نایەکسانی ڕاستەوخۆ بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەریتی کاریگەرە. بۆیە لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی تەنها هەنگاوی تەکنیکی نییە، بەڵکو ئاگایی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانیش کاریگەرن. نایەکسانی بە شێوەی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەش نەبووە. هەتا بێت نایەکسانی لە نێوان شار و دەرەوەی شاردا گەورە دەبێت. ئەم جیاکارییە گەورەتر دەبێت کاتێک هەموو خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک خوێندن و تەندروستی تایبەت دەبێت و لە شارە گەورەکاندا مۆڵگە دەکەن.
هەڵسەنگاندن بۆ دۆزینەوەکانی لێکۆڵینەوەکە
نایەکسانی لە کوردستان بنەماکانی دادەمەزرێنێت. ئەم بنەمایانە نە ئاگایی بەرفراوان هەیە بەرامبەریان و نە بەرهەڵستی دەکرێت و نە یاسای پێویستیان بۆ دەردەکرێت. بەم شێوەیە هەتا بەرەو داهاتوو بڕۆین ئاستی نایەکسانی لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا قووڵتر دەبێتەوە. لە کاتێکدا لە ئاستی گشتیدا بێدەنگییەک و ئینتباعێک هەیە کە قبوڵکراوە، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئازارێکی زۆر بۆ خەڵکانێکی زۆر دروست دەکات.
نایەکسانی لە سەردەمی نیولیبرالیزمدا
نیولیبرالیزم وەک ئایدەلۆژیا و سیستەمەکانی تر نییە. وەک جۆرج مۆنبیۆت و پیتەر هەتچیسن[i] لە ناونیشانی کتێبەکەیاندا دەربارەی نیولیبرالیزم ناوی دەنێن، نیولیبرالیزم باوەڕ یان دۆکترنێکی نادیار یان شاراوەیە. نیولیبرالیزم کە یانی لاوازکردنی ڕۆڵی حکومەت و کەرتی گشتی و خەڵک، لە کایەی ئابووری و دارایی و بەڕێوبردنی کۆمەڵگادا، جێگرتنەوەیان بە دەستەبژێرێکی کەمی پارەدار و ڕێساکانی بازار. لە ئەنجامدا دروستکردنی ڕێژی ٧٠ بۆ ٣٠ لە سەد. بەو مانایە ٣٠ لە سەدی کۆمەڵگا خاوەندارن و ٧٠ لە سەد بێ بەش لە ڕێگای سیستەمی بازاڕ یانی کێبڕکێ، سەرکەوتنی بەهێز، وەلاخستنی لاواز. لەم سیستەمەدا نایەکسانی سروشتییە، بەڵکو وەک هاندەرێک دەبینرێت، کۆمەڵگا بونیادێکە نەک دەبێت بپارێزرێت، بەڵکو دەبێت هەڵوەشێندرێتەوە. هەموو ئەمانە لە ڕێگاکانی کار، داهات، خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبون و زۆر بواری ترەوە بەرجەستە دەکرێت. حکومەت لە کاتێکدا دەبێت هاوسەنگکەری بازاڕ بێت، دروستکەری ئەم نایەکسانییە. ئەم دۆخە پاڵنەر و دەرئەنجامی زۆری هەیە، لەم پوختەیەدا ئاماژەیان پێکراوە، لەگەڵ چەند ڕاسپاردەیەکدا بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
پاشخان
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە. دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، کشتوکاڵ، کەلتور و مێژوو. ئەم دەوڵەمەندییە نەک نەبوەتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی، بەڵکو لە زۆر ئاستدا مایەی نەداری و جەنگ و ناسەقامگیرییە. ئەم دەوڵەمەندییە یەکێکە لە ڕێگرەکانی گەشە، نەک تەنها لە ئاستی ئابووری، بەڵکو زۆر گرنگتر لە ئاستی سیاسی و مەعریفی.
یەکێک لە دیاردە بڵاوەکانی ناو کۆمەڵگاکانی عێراق نایەکسانیی ئابوورییە. نایەکسانیی ئابووری بریتیە لە نایەکسانی داهات و دەرفەت لە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا. ڕەگی ئەم نایەکسانییە تەنها لە ئەو دوفاقییەدا نییە کە ئابووری سامانی سروشتی دروستی دەکات، کە بە دوفاقی یان پارادۆکسی زۆریی[ii] ناسراوە. مەبەست لێی ئەوەیە لە کاتێکدا سامان و داهات زۆرە، بەڵام نایەکسانی و هەژاریش زۆرە. چەندین چەمکی تریش هەیە کە هەوڵ دەدات ئەم دیاردەیە ڕاڤە بکات وەک نەفرەتی سەرچاوەکان، یان کرێخۆرێتی. بەڵکو ئەم نایەکسانییە لە نایەکسانی داهات و دارایی بەرفراوانترە.
لەناو عێراقدا، کوردستان دۆخ و مێژوویەکی جیاوازی هەیە. پێش دروستبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای نەوەدەکان، نایەکسانییەک هەبوو لە کوردستان کە لە جۆری نایەکسانیی ئاسۆیی بوو “horizontal inequality”، کە بە مانای ئەوە دێت، کوردستان بە هۆکاری سیاسی ڕێگری لە گەشەی ئابووری تیایدا دەکرا و هەوڵ دەدرا لە پەراوێزدا بمێنێتەوە. ئەم دۆخە دەکرێت بە مۆدێلی ناگەشەش de-development[iii] ڕاڤەی بۆ بکرێت. بەم پێیە ناگەشە بریتیە لە ڕێگرییکردن لە دەستگەیشتنی گروپێک یان دانیشتیوانێک بەو سەرمایەی کە بەردەستە.
بەڵام پاش ڕاپەڕین ئەم دۆخە گۆڕا. کوردستان بۆ ساڵانێک چوە قۆناغی ئابووریی هاریکاریی نێودەوڵەتییەوە. دینیس ناتالی[iv] بە تایبەت کاری لە سەر ئەم قۆناغە کردوە. وەک دەزانرێت بە دەگمەن هاریکاریی ئابووری دەبێتە مایەی گەشە لە دونیادا. ناتالی ئارگومێنتی ئەوەی هەبوو کە هاوکاریی نێودەوڵەتی بونیادی خۆی دروست کرد کە خەڵکانێک لە سەری دەژیان هەروەها پێوەی پەیوەست بوون.
بەڵام وەرچەرخانی گەورە لە ئابووری عێراقدا لە پاش ڕوخانی سەدام لە ٢٠٠٣دا دێتە ئاراوە. وەک ڕۆبەرت لونی[v] ئاماژەی پێ دەدات، لەم کاتەوە سەرەتای کرانەوەی عێراق بەرەو ئابووری دونیا و بە تایبەتی قۆناغی نیولیبرالیزمی ئابووری دەستی پێکرد. عێراق بەوە ناسراوبوو کە دەوڵەتێکی ناوەندی بوو کە هەموو بوارێک لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرا. نیولیبرالیزم هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی ئەم بونیادەی دا، بەوەی کە بازاڕ یان کەرتی تایبەت ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە خاوەندارێتی و ئاراستەکردنی سامان. کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و زیاترکردنی تێکئاڵان بە سیستەمی ئابووری جیهانی.
پلانەکە لە سەرەتای جەنگ لە لایەن هەردوو وەزارەتی خەزانە و دەزگای هاوکاریی ئەمریکی ناسراو بە USAID داڕێژرابوو. بەپێی ئەم پلانە دەبوو هەموو کارگە حکومییەکان هەڵبوەشێنەوە و بفرۆشرێن، پشکەکانیان بە سەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێن. ئەم پلانە لە ڕوسیای پاش یەکێتی سۆڤیەت خرایە کارەوە، لە ئەنجامدا لە بڕی ئەوەی خەڵک ببن بە بەشێک لە سیستەمی بازاڕ، کۆمەڵێک ئۆلیگارشی بەرهەم هێنا. ئۆلیگارش[vi] بە مانای قۆرغکردن و کەڵەکردنی سامان و دەسەڵات لەلای کەمینەیەک.
سەرهەڵدانی ڕژێمی نایەکسانیی ئابووری
لە پاش ٢٠٠٣ەوە، بە هاتنی پارەی نەوتی عێراق و داهاتی ناوخۆ، سەرەتای ڕژێمی نایەکسانی لە کوردستان دەستپێدەکات. چەمکی ڕژێمی نایەکسانی لە ئابووریناسی فەرەنسی تۆماس پیکیتییەوە[vii] وەردەگرین. مەبەست لە ڕژێمی نایەکسانی چییە؟ چەمکی ڕژێم لە زمانی کوردیدا بە هۆی مێژووی سیاسیی کوردستانەوە، مانایەکی ناشیرینی وەرگرتوە. بەڵام لێرەدا بەمانای نیزام دێت، بەو مانایە زیاتر لە لایەک و ناوەندێک و دەزگایەک و بونیادێک بەشدارن لە دروستکردنی نایەکسانیدا. لە هەمان کاتدا، نەک تەنها چۆنێتی بەرهەمهێنانی نایەکسانی، بەڵکو ڕەوایەتی پێدان و ئاساییکردنەوەیشی بەشێکە لە ڕژێمی نایەکسانی.
ئەم چەمکە بۆ خوێندنەوەی دۆخی نایەکسانی لە کوردستان بەسودە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە دۆخی کوردستان لە دروستبووندایە. بەو مانایە پرۆسەیەکە کە دەستی پێکردوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی نەچەسپیوە، بەڵام هەتا زیاتر بەرەوە داهاتوو بڕۆین ئەم پرۆسەیە تۆکمەتر دەبێت لە ڕێگای بەدوایەکداهاتنی نەوەکان، گۆڕینی بەهاکان، سەرهەڵدانی دونیابینییە نوێکان، گۆڕینی بونیادی کۆمەڵایەتی و شوێنایەتی و ئابووری و باری دەرونیی خەڵکەکان.[viii]
بۆ نمونە، زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان لە شارەکاندا دەژین. ئەمە وەرچەرخانێکی ئێجگار گەورەیە لە ژیاری خەڵکی ناوچەکەدا. مرۆڤی نیشتەجێی شار بۆ هەموو پێداویستییەکی پشت بە بازاڕ و حکومەت دەبەستێت. بازاڕ[ix] کرۆکی نیولیبرالیزمە، لە هەموو ئاستێکدا. شارنشینی پێویستی بە زانیاری و کارامەیی نوێ هەیە، کە لە ڕێگای فێربون و خوێندن و ڕاهێنانەوە دەستەبەر دەکرێت. جۆری خوێندن و کارامەیی و توانای بڕی داهات و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کەسەکان دیاری دەکات. بۆیە ڕەنگە گونجاوتربێت کە بڵێین ئەوەی لە کوردستان هەیە پرۆسەیەکە، کە لە دروستبووندایە. بۆیە لە بری نیولیبرالیزم ئەوەی هەیە نیولیبرالیزەیشنە، واتا بە نیولیبرالیزەبون. ئەم پرۆسەیە هەردوو ڕوخان و بونیادنانەوە لەخۆدەگرێت، سەرەتا لە لایەنە لاوازەکانی سیستەمە کۆنەکەوە دەست پێدەکات و پاشان سەرجەم بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، بە مەبەستی هێنانە ئارای ژیارێکی نوێ کە پارە و بازاڕ و کێبڕکێ ڕێساکانی بن و نایەکسانیی و نادادپەروەریی و ناکۆمەڵایەتی و بایەخنەدان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانین.
بە شاربوون، وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژوی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابووری و دەروونیی مرۆڤی کورددا، زەمینە دەسازێنێت بۆ ئەم پرۆسەیە. بە تایبەتی کاتێک کە بەشاربوون و نیولیبرالیزم بەیەکەوە ڕوودەدەن. بەشاربوون مرۆڤ لە ئۆتۆنۆمیەتی یان سەربەخۆیی گوند دادەبڕێت و دەیخاتە ناو تۆڕێک لە پەیوەندیی ئاڵۆز و ناتەباوە، کە ناچارە بەوەی کە پشت بە ئەویتری خاوەن داهات و کار و دەرفەت ببەستێت.
بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤، دانیشتوانی کوردستان بە ڕێژەی ٨٤% لە شارەکاندا دەژین. بەشی هەرە زۆریان فەرمانبەرن، پاشان کرێکار لەگەڵ توێژی کەمینەی سەرمایەدارە گەورەکان. شایانی باسە، ئەوەی پێی دەگوترێت کەرتی تایبەت بە زۆری تەنها لە شارەکاندا هەیە.
گەرچی ئاستی بژێوی لە شارەکاندا باشترە، بە تایبەتی لە ڕوی دەستگەیشتن بە بونیادەکانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کاریگەریی سیاسەت و بازاڕ ڕاستەوخۆترە لە سەر شارنشینان، بە تایبەتی توێژی هەژاران، بۆ نموونە وەک لە قەیرانی موچەدا دەبینین، کە وەهای کردوە زۆرێک لە موچەخۆران قەرزارباربن[i].
[لێرەدا دەبێت ئاماژە بە جۆرێک لە کاروچالاکی ئابووری بدەین کە نە نافەرمی دەناسرێت. بەپێی داتا بەردەستەکان بڕی زیاتر لە ٦٠% بزنسەکان، لەلایەن حکومەتەوە تۆمار نەکراون و بەشێک نین لە سیستەمی ئابووری و باج. لە هەمانکاتدا بڕی ٧٥% ئەوانەی کە کاری نافەرمی دەکەن، دەڵێن لە ناچاریدا دەیکەن، چونکە سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە بتوانن دابمەزرێن یان لە کۆمپانیان و کارگەکاندا کار بکەن. شایانی باسە کە کاری نافەرمی یانی نەبونی هیچ دڵنیاییەک، نەبونی خانەنشینی، نەبونی پشووی نەخۆشکەوتن، نەبونی هیچ هاوکارییەک لە کاتی قەیرانی کاردا: کە هەمویان پێکەوە یانی [ii]precarious ][iii].
لەم ژینگەیەدا پارە و دەسەڵات یان سیاسەت دوو ئامرازی گرنگن، لە هەمان کاتدا دوو پێگەی سەرەکی نیولیبرالیزمن. بەڵام لە نێو ئەم پرۆسەیەدا، ڕەنگە لە سەرەتادا خەڵکێک بۆ ماوەیەک سوودمەندبن، بەڵام هەتا بێت بنەماکانی نیولیبرالیزەیشن تۆکمەتر دەبێت. لەم ڕووەوە دەستگەیشتن بە پارە، دابەشکردنی پارە، سەرچاوەی پارە، هەموو هەتا ئەوپەڕی بە سیاسی دەکرێت. بۆیە لە کوردستان بوارێک نییە بە ناوی ئابووری، ئەوەی هەیە تەنها ئابووریی سیاسییە.
لە کاتێکدا کە سیاسەت، حیزبی، یان گونجاوتر خێڵەکییە، ئەوا ئەوەی پێی دەوترێت بازاڕ، بوارێکی قۆرغکراوە بۆ نوخبەی حیزبی باڵا، هەتا سامان و ژیانی خەڵکی زیاتر کۆنترۆڵ بکەن. وەک پزیشکێک پێی گوتم، نەخۆشێک لە لادێیەکی کوردستان دەبرێت بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ نەشتەرگەرییەکی خێرا، سەرەتا داوای دوو دەفتەر و نیوی لێ دەکەن، پاشان پێی دەڵێن [سیاسییەک] بڕیاری داوە دەفتەرێکی لێ خۆش بێت [کە ئاماژەیە ئەو سیاسییە خاوەن نەخۆشخانەیەکە]. ئەو نەخۆشە پاش ئەوەی کە دەفتەر و نیوێکی لێ وەردەگیرێت، کە بە ئەگەری زۆرەوە تێچوی نەشتەرگەرییەکەیە بە قازانجەوە، بەڵام بۆ هەمیشە یان ماوەیەکی زۆر دەبێت بە دەنگەدەری ئەو لایەنە. وەک دەبینین بە بازاڕکردنی تەندروستی چۆن لە ڕوی پارە و سۆز و لایەنگریی سیاسی و گەمەی سیاسەتی کوردستاندا سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەمەش ئابووری و سیاسەت لە چەندین ئاستدا ئاوێزان دەکات.
سەرباری ئەمە، سیاسەتی بازاڕ پارە دەکاتە کرۆکی هەموو پەیوەندییەکان. پارە وەک جەستەیەکی بێ ئۆرگانە. ئامرازێکە کە بە هەموو ئامرازەکانی ترەوە دەنووسێت و ڕۆڵ و مانایان دەگۆڕێت. بۆ نموونە، لەبەر بە سیاسیبوونی پارە لە کوردستان، کارکردن وەک کار، بوونی نەمانەوە. هەموو جۆرە کارێک کردەیەکی سیاسی و ئابوورییە، ئەمە لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا بە تەواوی زەقە. دەکرێت پزیشکێک بیت لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، چیدی تەنها پزیشکێک نیت. یان مامۆستایەک بیت لە زانکۆ یان قوتابخانەیەکی تایبەت، چیدی تەنها مامۆستا نیت. بەڵکو بە چڕیی بەشێکی لە سیستەمێکی ئابووری سیاسی کە لەسەر ڕێساکانی نیولیبرالە.
لە کوردستان دەستبەسەراگرتنی سامانی گشتی بە زەبری هێز هەیە، قۆرغکارییەکی ڕێکخراو و بەربڵاو هەیە، ڕێگریی هەیە لە گەیشتنی پارە بە دەستی هەموان. لە هەمانکاتدا چەندین ڕێگا و تەڵەکە هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی خەڵکی تایبەت لە ڕێگای بەخشینی گرێبەست، ڕێگرییکردن لە هاوردەی کاڵایەک و پاشان ڕێگەدان بە کەسێک یان گروپێک کە هاوردەی ئەو کاڵایە بکەن، پشتیوانیکردنی هێز بۆ تایبەتکردنی سەرمایە، بەخشینی پلە و پۆست و زۆر ڕێگای تر، کە هەموویان بۆ کەمینەیەکن لە بەرامبەر زۆرینەیەکدا. بەرفراوانترین پرۆسەی دابەشکردنی سامان لە ڕێگای دامەزراندنەوە بوو کە نزیکەی دەیەیەکە وەستێنراوە. لە هەمان کاتدا لە هەناو ئەم ژینگە سیاسییە ئابوورییەدا کۆمەڵێک هێز بونیان هەیە کە هەموویان بە ئاگایی و بێئاگایی تەبان لەگەڵ ڕێساکانی نیولیبرالیزمدا و هەوڵی پیادەکردنی دەدەن. لێرەدا چەند چەمکێک هەڵدەبژێرین کە ڕێگرن لە هاتنەئارای یەکسانی و ڕۆڵی کەرتی گشتی.
خێرخوازیی و چەسپاندنی نایەکسانی
خێرخوازی بریتییە لە کاری بەخشین لە لایەن کەسێک یان دەزگایەکەوە، بە خەڵکانێک کە پێویستیانە. لە نێوان کەسی بەخشەر و کەسی وەرگردا پەیوەندییەکی هاوکاری، بەڵام دەسەڵاتی دروست دەبێت. ڕۆڵی خێرخوازی ئەوەیە کە لە بوارێکدا بۆ جارێک یان ماوەیەک هاوکاریی کەسێک یان کەسانێک بکات. لەم ڕووەوە پلەبەندیی دارا و نەدار دروست دەبێت. کەسی دارا، دەبێتە کەسێکی چاک، خێرخواز، هاوکار، کەسی وەرگر دەبێتە کەسێکی هاوکارییکراو و سوپاسگوزار. لەم هاوکێشەدا هەموو پرسی چۆنێتی کەڵەکەبونی سامان و چۆنێتی قۆرغکردن و زۆرجار نەدانی باج و چەوسانەوەی کرێکاران، هەمووی دەشۆردرێتەوە لە ڕێگای چەند هاوکارییەکی کەمەوە. بە گشتی خێرخوازی چەسپاندنی ئەو حەکایەتەیە کە هەبوون و نەبوون سروشتییە، مرۆڤی دەوڵەمەند کاتێک خێردەکات لە چاکە و باشەی خۆی دەیکات. بۆیە بەرپرسیارێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەڵەکەکردنی سامان دەشارێتەوە.
خێرخوازێتی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانەوە، لە کرۆکی نیولیبرالیزمدایە، بەوەی کاری دابەشکردنی سامان تایبەت دەکات. لەم ڕێگایەوە، نایەکسانی و نادادپەروەریی ناسیاسی دەکرێت، هەتا سیستەمەکە بەردەوامی هەبێت. وەک دەزانین نایەکسانی ئاسایی نییە، بۆیە هەمیشە پێویستی بە پێبەخشینی ڕەوایەتییە[iv]. خێرخوازێتی لە کرۆکی ڕەوایی بەخشینە بەم ناڕەواییە. خێرخوازی بە هەردوو دیوی ئاینی و عەلمانیدا، لە کاتێکدا وەها دەردەکەون کە ئەرکیان کەمکردنەوەی نایەکسانییە، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەرکیان دەبێتە چەسپاندی نادادپەروەری و نایەکسانی لە کۆمەڵگادا. بە تایبەتی لە ڕێگای ڕێگرییکردن لە بونی بەدیلیلێکی ڕاستەقینە بۆ نایەکسانی و فراوانبوونی. هەروەها بە زاڵکردنی مۆرکی ئاینی و خێرخوازی بۆ پرسێکی سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی.
گەندەڵی و نیولیبرالیزم و ناوزڕاندنی کەرتی گشتی
گەندەڵی یەکێکە لە بڵاوترین وەسفەکانی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. گەندەڵی وەک چەمکێک نوێیە لە ناو کایەی خیتابی سیاسی کوردیدا، لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە دێتە ناو کایەی گوتاری سیاسیی کوردستانەوە. بە پێی پێناسەی بانکی نێودەوڵەتی، گەندەڵی بریتییە لە خراپ سوودوەرگرتن لە کەرتی گشتی، واتا پۆستێک لە کەرتی گشتی، بۆ مەبەستی تایبەت.
گەرچی گەندەڵی لە کوردستان دیاردەیە و تەنانەت دەسەڵاتدارانیش خۆیان نکوڵی لێ ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا گەندەڵی وەک گەمەیەکی زمانەوانی چەند ڕۆڵێکی تر دەبینێت، کە زیانبەخشە بە دیاردەی نایەکسانیی ئابووری. یەکەم، گەندەڵی وەها پێشان دەدات کە خراپییەکان تەنها لە کەرتی گشتیدایە، بە هیچ شێوەیەک کەرتی تایبەت ئاماژەی پێنەدراوە. ئەمە، ئەگەر لە هەموو جێگایەکی دونیا کێشەبێت، ئەوا لە کوردستان زیاتر کێشەیە، چونکە دابڕانێکی ئاشکرا نییە لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتیدا. بەڵام خراپکردنی کەرتی گشتی، لە بەرامبەر کەرتەکانی تردا، لە ئەنجامدا زەمینە دەسازێنێت بۆ تایبەتکردنی زیاتری کەرتی گشتی. لە کاتێکدا کە کەرتی تایبەت بە هیچ شێویەک بە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پێدانی باج و دابینکردنی کاری شەرەفمەندانەوە، پێدانی خانەنشینی و زۆر بواری تر هەڵناسێت. [دیارە باج لە ساڵانی ڕابردوودا بە زۆری بەسەر خەڵکی چینی خاوەن پیشەسازییە بچوکەکاندا سەپێنراوە، بەڵام توێژی هەرە دەوڵەمەند لێی پارێزراون. سیاسەتی باج لە هەرێم ناڕوونە و نوێیە، ئامانج لێی دادپەروەریی و هاوسەنگی داهات نییە.] گەندەڵی تەنها یەک لایەنی گەندەڵکاران دەردەخات، کە مەبەستەکە لێی تەواو ئاشکرایە، ئەویش ناوزڕاندنی کەرتی گشتییە. دەکرێت بواری خۆشگوزەرانی وەک گەشتوگوزار یان ئوتێلی پێنج ئەستێرە کەرتی تایبەت بێت، بەڵام کاتێک بوارە ژیانییەکانی وەک تەندروستی، یان ژیارییەکانی وەک پەروەردە و خوێندن دەبنە کەرتی تایبەت ئەوا چیدی تەندروستی و خوێندن بۆ هەموان نییە. لە هەردوو دۆخەکە نەخۆش و قوتابی دەبنە کڕیار یان بەرخۆر، نەک کەسی خاوەن پێداویستی.
دادپەروەریی لە بری یەکسانی
چەمکی یەکسانی بە تەواوی لە هەناو گوتاری سیاسیی کوردستانی باشووردا بوونی نەماوە. یەکسانی وەها دەبینرێت کە ئاماژەبێت بۆ چەپی ڕادیکاڵ و کۆمیونیزم، کە وەها دەبینرێت لە ڕووی جیۆپۆلەتیک، سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە شکستی هێناوە. زاڵبوونی ئیسلامی سیاسی یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکیەکانی نەمانی چەمکی یەکسانی، نەک تەنها لە ئاستی ئابووریدا، بەڵکو لە ئاستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدا. ئەو چەمکەی کە بوەتە جێگرەوەی دادپەروەری یان دادگەرییە. دادپەروەری تەواو جودایە لە یەکسانی. لە ئاستی مانای چەمکیدا، دادپەروەریی باشترە لە یەکسانی، چونکە دادپەروەریی نەک تەنها یەکسانی دابین دەکات، بەڵکو ئەو پێداویستییانە دابین دەکات کە دوو نایەکسان، یان زیاتر، یەکسان دەکات. بەڵام لەهەناوی گوتاری سیاسیی کوردستاندا وەها نییە. بە گشتی دادپەروەریی، نایەکسانی یان نادادپەروەرییەکی قبوڵکراوە. لە هەمان کاتدا سیستەمی ئابووری سیاسی کە لای ئیسلامییەکان قبوڵکراوە، سیستەمی ئابووری بازاڕ و کەپیتالیزمە[v]. لە کاتێکدا ئابووریی بازاڕ بە مۆدێلی نیولیبرالیزم، تەنانەت لە لایەن ئای ئەم ئێفەوە[vi] جێگای ڕەخنەیە.
بە کێشەنەکردنی نایەکسانی
لە زۆر کۆمەڵگاکاندا هەژاری و دەوڵەمەندی، جیاوازی و نایەکسانیی ئابووری وەک دیاردەیەکی ئاسایی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبینرێت. بەڵام کاتێک هەڵکۆڵینی بۆ دەکەیت، لە پشت ئەم ئاساییکردنەوەوە ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگ قووڵ بوونی هەیە. ئەرکی زانکۆکانی کوردستانە، بە تایبەتی ڕشتەکانی ئابووری و زانستی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە هەڵکۆڵین بۆ ئەم ئاساییکردنەوە بکەن و بیکەن بە کێشە. کێشە مەبەستمان لێی میتۆدی مەعریفییە. هەبوونی ناوەند یان خانەی تایبەتی بە نایەکسانی و چۆنێتی بونیادنانی دادپەروەروی و یەکسانیی ئابووری، پێداویستییەکی هەنوکەییە. بە تایبەتی کاتێک ئەدەبیاتێکی زۆر بەرفراوان لە دونیادا لەم بوارەدا نووسراوە و دەنووسرێت.
قۆرغکردن وەک کەلتور
کاتێک نیولیبرالیزم، لە شێوازی بە پارەکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک و بە کەرتی تایبەتکردنی زۆربەی بوارەکان، بە گوڕێکی تووند لە ئارادایە، لە هەمان کاتدا قۆرغکاریی لە هەموو ئاستێکدا لە ئەوپەری ئاستیدایە. لە سەرەتادا نیولیبرالیزم و قۆرغکاری وەک دژ بە یەک دەردەکەون، بەڵام ئەو کایە سیاسییەی کە تیایدا دەگوزەرین ڕێگە بە پێکەوەبوونیان دەدات. لە کوردستان نەک سەرچاوەکانی داهات، بەڵکو دەرفەتی کاریش قۆرغ کراوە[vii]. قۆرغکاری و تایبەتکردن یانی ئابووری و سیاسەت، کە وەها دەکات سامان لە هەژارانەوە بە شێوازێکی خێرا و زۆرتر بڕوات بۆ کەمینەی خاوەن پارەو دەسەڵات. بەڵام مەترسیی تێکەڵبونی قۆرغکاری و نایەکسانی ئەوەیە کە کە توانای بەرگرییکردن یان داوای ماف سەختتر دەبێت کاتێک خاوەن هێز و خاوەن پارە دەبن بە یەک.
ڕاسپاردەکان
بۆ کۆمەڵگا:
یەکەم؛ نیولیبرالیزم کاریگەری نێگەتیفی زۆری هەیە لە سەر کۆمەڵگا، پەرتبون و چینایەتی دروست دەکات. کۆمەڵگای چینایەتی ناتوانێت سەقامگیر و گەشەکردوو بێت بەتایبەتی ئەگەر لە جێگایەکی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆز و بێ دەزگای وەک کوردستاندا بێت. بۆیە دەبێت کۆمەڵگا و خەسڵەتە مرۆییەکانی مرۆڤ هەموو نەکرێت بە قوربانی پارە. لەم ڕووەوە دەبێت سوود لە ئەزمونی گەلانی تر وەربگیرێت کە چۆن دەوڵەمەندیی بێسنور و هەژاریی کوشندە کۆمەڵگایان ناسەقامگیر و پڕ توندتیژی کردووە.
دووەم؛ نەمانی خەسڵەتەکانی وەک بایەخدان، هاوکاریی، جڤات، ئامانجی نیولیبرالیزمە، چونکە ڕێگرن لە بەردەم بە ئابووریبوونی هەموو بوارەکانی ژیان. بە نەمانی ئەم خەسڵەتانە ئەگەری توندوتیژی و ناسەقامگیری زۆر دەبێت، بە تایبەتی لە کاتی قەیراندا. نەمانی هاوسۆزی، متمانە، هاوکاری و خەمخۆریی لە ڕووی تەندروستی و دەروونی و دڵخۆشییەوە. دەبێت ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان بایەخ بە هێشتنەوە و پەرەپێدانی بوارەکانی تر بدەن جگە لە هەڵپەی پارە.
سێیەم؛ دەوڵەمەندبوون کارێکی تاکەکەسی نییە. بۆیە بوونی سیستەمێکی باجی ڕاستەقینە لە پێناو دادپەروەریدا، بوونی کۆتا بۆ هەژاران لە قوتابخانە و نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا دەبێت بکرێت بە مەرج. لە هەمان کاتدا نابێت ناوچە و گەڕەکی دەوڵەمدن و زۆر دەوڵەمەند دروست بێت کە بەشێکی کۆمەڵگا بە تەواوی جودا لە بەشەکەی تر بژی. دەبێت شار وەک پانتاییەکی کراوە بۆ هەمووان بێت.
بۆ پارتە سیاسییەکان:
یەکەم؛ کردنی پرسی نایەکسانی بە پرسێکی سیاسی. لە ئێستادا هیچ هێزێکی سیاسی نییە کە نایەکسانی و دادپەروەریی ئابووری بەشێک بێت لە دروشم و پرۆژە و کارەکانی.
دووەم؛ بینینی پرسی داهات و سامان و کەڵەکەبوونی وەک پرسێکی سیاسی و ئاسایشی، کە کاریگەری نەک لە سەر ئێستا بەڵکو لە سەر داهاتووش هەیە. بۆیە دەبێت ببێت بە پرسێکی سەرەکی لە کار و دیدی پارتە سیاسیەکاندا. هەروەها دیدی جیاواز بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا. حیزب دەبێت ڕەنگدانەوەی پرسەکانی کۆمەڵگا بێت نەک بەرژەوەندیی سەرۆکەکەی.
سێیەم؛ بە ئاگابونەوە لەوەی کە ئەگەر هەتا ئێستا کۆچ و موچە، بەجۆرێک لە جۆرەکان چارەسەری پرسی نایەکسانیی ئابوورییان کردوە، ئەوا هەردووکیان بە هۆکاری جیاواز، گەشتونەتە بن بەست. بۆیە کەڵەکەبونی لاوانی خوێندەواری بێکاری هەژار دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاسایشی.
چوارەم؛ دەستەبەرکردن کار، پرسێکی سیاسییە، دەبێت ببێت بە کارنامەی حیزبەکان. نەک دۆزینەوەی کار بۆ کادیری حیزبی بەڵکو بۆ خەڵکی. حیزب و هێزە کوردییەکان لە سەر هەواڵ دەژین. بەڵام ئەمە وروژانی کاتی دروست دەکات نەک چارەسەر، بۆیە دەبێت خاوەن دونیابینی و بەرنامە و ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆیان بن.
بۆ پەرلەمان:
یەکەم؛ لە ئەگەری نووسینی دەستوردا دەبێت بنەما ئەخلاقییەکانی وەک، هیچ هاونیشتمانییەک نابێت بە هۆکاری مادی و سیاسی ئازار بکێشێت، هەروەها نابێت هیچ هاوڵاتییەک بە تەواوی بێبەش بکرێت لە سامانی وڵات، بە بنەما وەربگیرێن.
دووەم؛ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کە دەرفەت و بژێوی بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دابین دەکات. بۆ نموونە، تێپەڕاندنی پرۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان بە زیادکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە بوونی کەمترین کرێ کە لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی شایستەدا تەبابێت.
سێیەم؛ بوونی بودجەی ساڵانە و دەرخستنی داهات و خەرجی لە پێناو شەرعیەت بەخشین بە خەرجکردن و زانینی بڕ، هەروەها کێ سوودمەند دەبێت و کێ تەریک دەکرێت.
چوارەم؛ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە خزمەت بە یەکسانیی ئابووری و دادپەروەری دەکات، وەک یاسای دژایەتی قۆرغکردن، و یاسای تری هاوشێوەی The Antitrust Laws.
پێنجەم؛ ئەرکی پارلەمانە هەموو ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنێتەوە کە لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرکراون و هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوورییان نییە بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی گشتی. هەر بوار و کەرتێک کە بەتایبەت دەکرێت، دەبێت لەلایەن پارلەمانەوە یا پەسەند بکرێت یا یاسای بۆ دەربکرێت.
بۆ حکومەت:
یەکەم؛ پرسی نایەکسانیی ئابووری، پرسێکی تەکنیکی نییە. بەڵکو پرسێکی فرە ئاست و فرە ڕەهەندە، ڕژێمی سیاسی دروستی دەکات، کە خۆی لە خوێندن، تەندروستی، نیشتجێبوون، کار، داهات، دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونیدا دەبینێتەوە. ئەگەر بەم گشتگیرییە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت هەتا بێت زیاتر قووڵ دەبێتەوە و تەنها لە بواری ئابووریدا ناوەستێتەوە. بۆیە دەبێت بکرێتە کرۆکی پرسی حوکمڕانی.
دووەم؛ کەرتی تایبەت وەک چارەسەر، هەتا ئێستا هیچ چارەسەرێکی کرداریی نەکردوە. کەرتی تایبەتی کوردستان کەرتی تایبەت نییە، بەڵکو بە هەموو پێوەرێک نیمچە تایبەتە، [کە خاوەنەکانیان لە هەناو پرۆسەی سیاسیدان و لەو ڕێگایەوە کەرتی تایبەت، تایبەت دەکەن] بە تایبەتی لە ئاستی کۆمپانیا گەورەکاندا. ئەگەر کەرتی تایبەت بژاردەیە، دەبێت سیستەمی بانکی بگۆڕدرێت، دەست گەیشتن بە پارە ئاسانتر بکرێت، بوار بۆ بیری ئابووری و کردار بڕەخسێنرێت، هەروەها یاسای مایەپووچبوون تێپەڕێنرێت.
سێیەم؛ بە ئاگابوونەوە لە دەرئەنجامە زۆرەکانی نیولیبرالیزم لە جێگاکانی تر، لە دروستکردنی چینایەتی دابڕاو، ناڕەزایی و پەرتەوازەیی لەگەڵ گەڕانەوەی شەپۆلی فاشیزم. چۆن دابەشبونی نایەکسانی داهات کاریگەری دەبێت لە سەر دیدی سیاسی و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و ئینجا ئەگەر چارەسەر نەکرێت بۆ ناسەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی. نیولیبرالیزم بە سەرچاوەی ئەمانە دادەنرێت لە دونیای ئەمڕۆدا. ئەو سیستەمەی کە هەیە، گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ دروست دەکات لە هەناوی ئەوەی کە هەیە. بۆ نموونە، ئێستا دوو جۆر خوێندن هەیە، دوو جۆر تەندروستی هەیە، دوو جۆر گەڕەک و ماڵ هەیە، لە ئەنجامدا چەندین جۆر لە کار و دەرفەت و پێگە هەیە. ئەمە پرۆسەی بە چینایەتی کردنی کۆمەڵگای کوردییە. لە هەمان کاتدا پرۆسەی کەرتکردن و ئەگەری توندوتیژییە. حکومەت چالاکانە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە درووستکردنی ئەم پرۆسەیەدا، لە کاتێکدا دەبێت بە پێچەوانەوە بێت.
چوارەم؛ لە هەموو ئەزموونەکاندا سەرەتا حکومەت زەمینە دەسازێنێت، پاشان کەرتی تایبەت دێتە بوارەکەوە، چونکە کەرتی تایبەت بەبێ دەزگا و یاسا و ماف، کۆمەڵگا وێران دەکات، وەک ئابووریناسی گەورە کارل پۆلانی لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو جەختی لێکردەوە.
پێنجەم؛ دەبێت وەزارەتە جیاوازەکان لە نێویاندا هەماهەنگیەکی حوکمداریی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی.
شەشەم؛ ناحیزبیکردن و ناسیاسیکردنی پارە. بەکارهێنانی پارە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی دادپەروەرانە. لە زۆر وڵاتانی نیوەگۆی باشووردا، سیستەمێک هەیە بە ناوی پێدانی هاوکاریی دارایی مەرجدار (conditional cash transfer program) لە پێناو شکاندنی بازنەی داخراوی هەژاری. بەڵام لە کوردستان پارە بۆ خەڵکانی خاوەن بیرۆکە و تواناش بە ئاسانیی بەبێ مەرج [مەرجی سیاسی و حیزبی، نەک ئابووری و کارگێڕی] دەست ناکەوێت.
شەشەم، نابێت حکومەت تەنها پشتیوان و زەمینەسازی کۆمپانیاکان بێت، دەبێت حکومەت مافی هاوڵاتی و کۆمەڵگا و ژینگە و نەوەکانی داهاتوو و زۆر بواری تر بکاتە چەقی کارەکانی.
سەرچاوەکان:
[i]دەرئەنجامەکانی دواکەتونی پێدانی موچە لە سەر فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان
https://sbeyresearch.com/researches/19
[ii] Tom George. 2016. precarity power and democracy: https://www.tni.org/.../state-of-power-2016-chapter7.pdf
[iii] Understanding Urban Informality in Iraq: Findings from the Informal Sector Enterprise Survey. https://documents1.worldbank.org/.../P1716390bd039e07d099...
[iv] Thomas Piketty 2020 Capital and Ideology. Harvard University Press.
[v] https://www.economist.com/.../why-islamists-in-the-arab...
[vi] IMF. 2016. Neoliberalism: Oversold? https://www.imf.org/external/pubs/ft/fandd/2016/06/ostry.htm
[vii] https://www.knwe.org/KU/Details/21381
[i] George Monbiot, Peter Hutchison. 2024 The Invisible Doctrine: The Secret History of Neoliberalism. Penguin
[ii] https://blogs.lse.ac.uk/.../the-paradox-of-plenty-and.../
[iii] MIEKE MEURS RASIKA RANASINGHE De-Development in Post-Socialism: Conceptual and Measurement Issues
https://library.fes.de/.../jou.../swetsfulltext/15749429.pdf
[iv] Denise Natali 2010 The Kurdish Quasi-State: Development and Dependency in Post-Gulf War Iraq
[v]Robert Looney 2004 “The Neoliberal Model’s Planned Role in Iraq’s Economic Transition.” Middle East Journal 57, no. 4:568-86. https://core.ac.uk/download/pdf/36733204.pdf
[vi] Jeffrey A. Winters. 2011. Oligarchy. Cambridge University Press.
[vii] Thomas Piketty2020.How political ideas keep economic inequality going. https://news.harvard.edu/.../pikettys-new-book-explores.../
[viii] لە زانستەکانی ئابووری سیاسی و کۆمەڵناسیدا چەمکی دروستکردن یان making چەمکێکی سەرەکییە وەک لە کتێبی The Making of the English Working Class E. P. Thompson. لێرەشدا نایەکسانی دروست دەکرێت
[ix] [شایانی باسە چەمکی بازاڕ، لە ئەدەبیاتی کوردیدا نوێی و ڕوون نییە. بازاڕ یانی پانتاییەک کە مرۆڤەکان گۆڕینەوەی شمەک و بەرهەم و کاڵا و توانا و هێزەکانیان دەکەن، بەبێ دەستوەردانی هەچ هێزێکی تری دەرەکی. دیارە ئەم پێناسەیە ئایدیالە، بە مانایە لە واقیعدا بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کوێیەک بازاری لەو جۆرە بونی نییە. بەڵام بۆ مەبەستی ئێمە، بازاڕ یانی بەدەستهێنانی پێداویستییەکان لە ڕێگای کڕینەوە، لە میانەی پرۆسەی قازانج. ئەمە ڕەنگە بۆ نان یان خەیار ئاسایی بێت، بەڵام بۆ دەرمان و چارەسەر و خوێندن پرسێکی تەواو جیاوازە. ئێمە بەرەو بەبازاڕبونی نەک پێداویستیەکانمان بەڵکو بەها و ڕەفتار و هەڵوێستەکانمانیش دەڕۆین، وەک لە سەنگەرگواستنەوە و دەنگکڕین و زۆر دیاردەی تردا دەیبینین].
sbeyresearch.com