كاتێك یەكێك لە ئەندامە دیارو كاریگەرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە پەیامێكی ئاڕاستەی بەرپرسانی یەكگرتووی كرد و نوسی" لە ئایندەدا بومەلەرزەی " وەن كۆین" بە گوڕێكی زۆر بەهێز لە یەكگرتووی ئیسلامی دەدات".ئیتر بابەتەكە ڕەهەندە سیاسیەكەی زەق بویەوە.
ئەحمەد فەتاح، یەكێك لە كادیرە دیارەكانی یەكگرتووە،لە ئەكاونتەكەی خۆیەوە بەو دەستەواژەیەی سەرەوە، بەرپرسانی یەكگرتوی ئاگاداركردەوە لە مەترسیەكانی وەنكۆین لە ئایندەدا بۆسەر حیزبەكە.
،،
بەهۆی ئەوەی كە، جێگری سەرۆكی زانكۆكەو سێ لەڕاگرەكانی كۆلێژەكانی زانكۆكە بوونە تۆپ " لیدەر"و كەسانی دیاری ناو پرۆژەكە، بۆیە هەرزوو زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە سەرچاوەی بانگەشەو بڵاوكردنەوەی مامەڵەكردن بە دراوی دیجیتاڵی " وەنكۆین"ناوبانگی دەركرد،لەڕێگەی ئەمانیشەوەو بەهۆی پەیوەندیو نزیكییان لێیانەوە پرۆژەكە لەناو بەشێك لە ئەندامانی یەكگرتوودا بڵاو بوویەوە.
چەند ڕۆژ دوای ئەوە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆخۆی هاتە سەرخەت و پەیامێكی توندی لەسەر ئەو بزنسە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە ئەو بزنسە پەیوەندی بە یەكگرتوەوە نیە و هەر ئەندامێكی یەكگرتوش توشی بوە كاری شەخسی خۆیەتی و خۆی بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت.
هاتنی بزنسی وەنكۆین بۆ كوردستان بۆ یەكەمجار لە ڕێگەی دكتۆر" نورەدین ناسیح"وە بوو، كە ڕاگری كۆلێژی زانستو تەكنەلۆژیایە لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی،بەهۆی ئەوەوە لە سلێمانیو دەوربەری بەتایبەتو لە هەرێمی كوردستان بەگشتی بڵاوبۆتەوە.
بەهۆی ئەوەی كە، جێگری سەرۆكی زانكۆكەو سێ لەڕاگرەكانی كۆلێژەكانی زانكۆكە بوونە تۆپ " لیدەر"و كەسانی دیاری ناو پرۆژەكە، بۆیە هەرزوو زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە سەرچاوەی بانگەشەو بڵاوكردنەوەی مامەڵەكردن بە دراوی دیجیتاڵی " وەنكۆین"ناوبانگی دەركرد،لەڕێگەی ئەمانیشەوەو بەهۆی پەیوەندیو نزیكییان لێیانەوە پرۆژەكە لەناو بەشێك لە ئەندامانی یەكگرتوودا بڵاو بوویەوە.
تا ئێستا زانكۆی گەشەپێدان بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی كە زانكۆكە بەسەرچاوەی بازرگانیەكە دەزانن.
وەنكۆین، دراوێكی دیجیتاڵییو پارەیەكی ئەلەكترۆنییە، لەنێوان خەڵكو خەڵكدا مامەڵەی پێوە دەكرێتو بەسیستمی بانكیدا تێناپەڕێتو كۆنترۆڵ نەكراوە.
وەنكۆین، لەلایەن یەكێك لە كۆمپانیا تایبەمەتمەندەكانی بواری دراوی ژمارەییو ئەلەكترۆنی خراوەتە بازاڕ و بوونێكی بەرجەستەو هەستپێكراوی نییەو كۆمپانیاكە بازاڕێكی ئەلەكترۆنی هەیە بەناوی " دیل شەیكەر".
دراوی دیجیتاڵی وەنكۆین، لە ساڵی 2014دا لەلایەن پسپۆڕێكی داراییو دراوی ژمارەییەوە بەناوی " ڕۆجا ئیگنەتۆڤا" داهێنراوە كە لە هەنگاریا لە دایكبووەو لە ئەڵمانیا گەورە بووەو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ئابوریو دكتۆرایە لە یاسادا.
دراوەكە لە سەرەتای ساڵی 2015 لە شاری "هۆنگ كونگ" لە وڵاتی چین، بەشێوەیەكی كردەیی ڕاگەیەنراو ئێستا لە پاش دراوی "بتكۆین" بەربڵاوترین دراوی دیجیتاڵیو ئەلەكترۆنییە لە جیهاندا.
لەپاش ئەوەی ژمارەیەك مامۆستای ئایینیو شارەزای فیقهی ئیسلامی فەتوای حەرامكردنی " وەنكۆین"یاندا، پرۆژەی وەنكۆینو مامەڵەكردن پێوەی، لەناو یەكگرتووی ئیسلامیدا مشتومڕی گەورەی دروستكردو سەلاحەدین بەهادینی ئەمینداری یەكگرتووشی هێنایە سەرخەتو ئەو ڕایگەیاند:" ئەو بازرگانە وەهمییو ناڕوونە دورو نزیك پەیوەندی بە یەكگرتووی ئیسلامییەوە نییە.
دكتۆر خالید حەمەساڵح،پڕفیسۆر لە شەریعەتی ئیسلامی، كە فەتوای حەرامبوونی وەن كۆیینی داوە، باس لەوە دەكات ئەوكاتەی كە وەنكۆین هێنراوەتە هەرێمی كوردستانەوە، ئەو لەگەڵ كۆمەڵێك پسپۆڕی فیقی ئیسلامیدا سەردانی دكتۆر عەلی قەرەداغییان كردووەو ئەو وتوویەتی با كەس پەیوەندی بەم جۆرە مامەڵەیەوە نەكاتو كارتێداكردنی ڕابگرێت تا ئەو كاتەی فەتوای لەبارەوە دەدەین.
،،
وەنكۆین، لەناو یەكگرتووی ئیسلامیدا مشتومڕێكی زۆری دروستكردووەو ئەگەر بێتو بەشداربووانی پرۆژەكەش ئەوانەی كە هەزاران دۆلار بەشدارییان تێدا كردووە تووشی زەرەر ببن، ئەوا لەڕووی جەماوەرییەوە خراپ لەسەر یەكگرتوو دەكەوێت، چونكە زۆرینەی ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەكەن یەكگرتوون، یان لەیەكگرتووی ئیسلامییەوە نزیكن".
بەوتەی دكتۆر خالید، ئەوان ماوەیەكی زۆر چاوەڕوانی فەتوای دكتۆر عەلی قەرەداغی بوونو هەر فەتوای نەداوە بۆیە ئەمان خۆیان دیراسەیان كردووەو فەتوای حەرامبوونیان داوە.
بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین د.عەلی قەرداخی بەنیازە لە نزیكەوە كۆمەڵێك بەڵگەنامە كۆبكاتەوە تا لەسەر ئەو بنەمایە فتوای لەبارەوە بدات.
" وەنكۆین، دراوێكی ژمارەییەو حاڵەتی بەرجەستەبوونی فیزیكییان نییەو خاڵی سەرەكی جیاكەرەوەی ئەم جۆرە دراوەو دراوی ئاسایی ئەوەیە كە هیچ حكومەتێك خاوەنی نییەو لەژێر چاودێریدا نییەو مامەڵە پێوە ناكرێت، مەرجی شەرعیی دراو ئەوەیە كە دراوەكە ئامادەبێتو بەرجەستەبێتو هەبووی ڕاستەقینەی هەبێت".
ئەوە یەكێك لەو هۆكارانەیە كە دكتۆر خالید حەمەساڵح كە شارەزای فیقهو یاسایە، فەتوای حەرامبوونی وەنكۆین بدات.
وەنكۆین، لەناو یەكگرتووی ئیسلامیدا مشتومڕێكی زۆری دروستكردووەو ئەگەر بێتو بەشداربووانی پرۆژەكەش ئەوانەی كە هەزاران دۆلار بەشدارییان تێدا كردووە تووشی زەرەر ببن، ئەوا لەڕووی جەماوەرییەوە خراپ لەسەر یەكگرتوو دەكەوێت، چونكە زۆرینەی ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەكەن یەكگرتوون، یان لەیەكگرتووی ئیسلامییەوە نزیكن".
لەوانەیە ڕایەكەی دكتۆر عەلی قەرەداغی، كە ئاماژەی بەوە داوە كە كاری تێدا نەكرێتو ڕابوەستێنرێت، هەروەها پەیامەكەی ئەمینداری یەكگرتوو كەمێك درەنگ وەخت بوبێت، چونكە كاتێك ئەوان هاتوونەتە سەرخەت بزنسەكە گەورەبوە و هەزاران كەس پارەیان تێدا داناوە.
پەیامو ڕوونكردنەوەكەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كە دووەم ڕۆژی مانگی یەكی ئەمساڵ بڵاویكردەوە، ئاماژەی ئەوەی تێدایە كە وەنكۆین بووەتە مەترسی بۆسەر یەكگرتووی ئیسلامیو هەر لەو ڕووەشەوە ئەو وەكو كەسی یەكەمی حیزب لەسەری هاتۆتە دەنگ.
ئەمینداری یەكگرتوو لە ڕوونكردنەەكەیدا سەبارەت بە وەنكۆین دەڵێت:" بەڕاشكاوانە ڕایدەگەیەنم بەهیچ جۆرێك دوورو نزیك ئەم بازرگانە وەهمیو ناڕوونە پەیوەندی بە یەكگرتووەوە نییە، ئەوانەی كە تووشبوونو مومارەسەی دەكەنو بازاڕی بۆ گەرمدەكەن ئەوە كاری شەخسییەو خۆیان بەرپرسن لەسەر ئەنجامو بەرهەمی كارەكەیان، داوا دەكەین ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسپییە وەهمییەوە خەریك نەكەنو پارەی حەڵاڵی خۆیان باكەمیش بێت لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە".
پەیامو ڕوونكردنەوەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە وەنكۆین، كە ئاڕاستەی ڕایگشتی كردووەو، هەم پەیامیشی بۆ ئەندامانی حیزبەكەی تێدایە، لەم ڕووانەوە جێگەی سەرنجە:
یەك: ئاماژەی ئەوەیە كە وەنكۆین جگە لەوەی ناڕەزاییو نیگەرانی ناوخۆیی لێكەوتۆتەوە، بووەتە مەترسیش بۆ یەكگرتووی ئیسلامیو دوور نییە لەڕووی جەماوەرییەوە زەرەر بە یەكگرتوو بگەیەنێت، بەتایبەت كاتێك كە بەشداربوانی پرۆژەكە تووشی زیانی ئابوری ببن، یان پرۆژەكە هەرەسو شكست بێنێت.
دوو: هاتنە سەرخەتی خۆی وەكو كەسی یەكەمی حیزب، دیسان ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێدەچێت وەنكۆین كێشەی گەورە بۆ یەكگرتوو دروست بكات، هەم ئەوەش ئاماژەی بوونی مەترسی گەورەیە كە خۆی لەسەری هاتۆتە دەنگ، دەنا ئەگەر هەست بەكاریگەری خراپی لەسەر یەكگرتوو نەكرایە، ئەوا مەكتەبی زانایانی یەكگرتوو پەیامیان دەربارەی بڵاودەكردەوەو لەو ڕووەشەوە كە قسە لەبارەی حەڵاڵو حەرامبوونی وەنكۆینەوە دەكرێت، دەبوو هەر ئەوان لەبارەیەوە پەیامیان بڵاو بكردایەتەوە.
سێ: سەلاحەدین بەهادین لە پەیام و ڕوونكردنەوەكەیدا، وشەی " بازرگانیی وەهمی، توشبوو، بازاڕ گەرمكەر" بەكار دەهێنێت، ئەم دەربڕینانە ئاماژەی نیگەرانی قوڵی ئەوە بەرانبەر سەرپەشتیارانو تۆپ لیدەرەكانی وەنكۆین كە یەكگرتوون یان لەیەكگرتووەوە نزیكن، لەڕوویەكی دیكەشەوە، كۆی گشتی ڕوونكردنەوەكەو ئەو دەستەواژانە كاریگەری خراپی لەسەر پرۆژەی وەنكۆین دەبێتو تا ئاستێكی زۆر پرۆژەكە لەناو ئەندامانی یەكگرتوودا دەوەستێنێت.
،،
سەلاحەدین بەهادین لە پەیام و ڕوونكردنەوەكەیدا، وشەی " بازرگانیی وەهمی، توشبوو، بازاڕ گەرمكەر" بەكار دەهێنێت، ئەم دەربڕینانە ئاماژەی نیگەرانی قوڵی ئەوە بەرانبەر سەرپەشتیارانو تۆپ لیدەرەكانی وەنكۆین كە یەكگرتوون یان لەیەكگرتووەوە نزیكن
هەرچەندە "عادل نوری" پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، وەكو ڕێبەرو كەسی یەكەمی پرۆژەكە لەهەرێمی كوردستان دێتە بەرباس، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین، وەنكۆین، لەڕێگەی دكتۆر نورەدین ناسیح، ڕاگری كۆلێژی زانستو تەكنەلۆژیای زانكۆی گەشەپێدانەوە هاتووەتە كوردستانو هاوكاتیش جێگری سەرۆكی زانكۆكەو چەند ڕاگرێكی كۆلێژەكانی زانكۆكەش بوونەتە تۆپ لیدەرو كەسانی دیاری پرۆژەكە.
جگە لە دكتۆر نورەدین ناسیحو عادل نوری، وەكو كەسانی دیارو تۆپلیدەرو بانگەشەكارانی باڵای پرۆژەی وەنكۆین، ناوی هەریەكە لە " جێگری سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانو دكتۆر رەووف كەریمو عومەر پەڵكانەو سەردار سۆفیو دكتۆر سوهەیب ئامێدیو كوڕی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیو كوڕی عادل نوری" دێت كە ئەوانە هەموویان یان ئەندامی یەكگرتوون یان لەیەكگرتووەوە نزیكن.
سوهەیب ئامێدی، كادیری باڵای یەكگرتووی ئیسلامیو خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە فیكری ئیسلامیدا، كە پشتگیری پرۆژەكە دەكات باس لەوە دەكات سەرەتا پاكێجی فێركاری دەدرێتە بەشداربووانو بەكڕێنی پاكێجێكی فێركاری كۆمپانیا، ژمارەیەك " تۆكت" بەدیاری دەداتە بەشداربوو، كە دواترو بەچەند قۆناغێك دەبنە خاوەنى دراوێكی ئەلەكترۆنی بەناوی وەنكۆین.
دكتۆر ڕەوف كەریم، كە ڕاگری یەكێك لە كۆلێژەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییەو وەكو یەكێك لە تۆپ لیدەرەكانی وەنكرین ناوی دێت، رایگەیاندووەو دەڵێت"ئەوانەی دژە وەنكۆینن، ئەوانەن كە هیچ لەوەنكۆینو زاراوە پەیوەندیدارەكانی نازاننو تەنها ڕەخنە لەشتی نوێ دەگرن، یان ئەوانەن كە وەنكۆین وەكو هەڕەشە دەبینن لەسەر بزنسەكانیان"
هەرچەندە ڕەوف كەریم باسی كەسی نەكردووە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی ئەوانە بێت كە مامەڵە بە"بتكۆینەوە دەكەن"، یان ئەوانەن كە ناخۆشحاڵن بە گەشەكردنی كەسانی دیكە لەڕووی ئابوورییەوە".
بانگەشەكارانی وەنكۆین، كە پرسی حەرامبوونی پرۆژەكەیان فشارێكی گەورەی لەسەریان درووستكردووە، باس لەوە دەكەنو ئەو مژدەیە بەبەشداربوانیان دەدەن كە وەنكۆین شۆڕشێكی گەورەی بازرگانییەو لەئایندەدا "مەنی پەیپەر" دراوی كاغەز نامێنێتو دراوی دیجیتاڵی جێگەی دەگرێتەوە، ئەوان مژدە بە بەشداربوانیان دەدەنو كە لە 10-8- 2018دا وەنكۆین دەچێتە بۆرسەی جیهانییەوەو لەداهاتوودا قازانجێكی گەورەیان دەستدەكەوێت.
،،
بانگەشەكارانی وەنكۆین، كە پرسی حەرامبوونی پرۆژەكەیان فشارێكی گەورەی لەسەریان درووستكردووە، ئەو مژدەیە بەبەشداربوانیان دەدەن كە وەنكۆین شۆڕشێكی گەورەی بازرگانییەو لەئایندەدا "مەنی پەیپەر" دراوی كاغەز نامێنێتو دراوی دیجیتاڵی جێگەی دەگرێتەوە
بانگەشەكارانی بتكۆینو ئەوانەی كە پێیانوایە وەنكۆین حەرامەو لەڕووی شەرعییەوە نابێت مامەڵەی پێوە بكرێتو بە قوماری موحتەرەمانەی دەچووێنن، ڕەخنە لە دكتۆر عەلی قەرەداغی دەگرن كە سەبارەت بە وەنكۆین بۆچوونی ڕوون نییەو فەتوای حەرامبوونی نەداوەو تەنها ئەوەی وتووە كە ئامۆژگاری كەس ناكات بەشداری تێدا بكات.بەپێی زانیارییەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین هەریەكە لە " دكتۆر سەید ئەحمەدو دكتۆر عوسمان هەڵەبجەییو دكتۆر مەحمود زمناكۆییو دكتۆر ئەحمەد بالیسانیو دكتۆر ئیسماعیل سگێریو دكتۆر عیرفان رەشەیدو دكتۆر لوقمان جامیعیو دكتۆر خالید حەمەساڵحو دكتۆر عەبدولدائیم هەورامانی" فەتوای حەرامبوونی وەنكۆینیانداوە.
بانگەشەكارانی وەنكۆین، ئەوە دەڵێن ئەوانەی كە فەتوای حەرامبوون، یان باس لەحەرامبوونی وەنكۆین دەكەن، شارەزاییان لەسەر پرۆژەكەو لەبواری دراوی دیجیتاڵیو ئەلكترۆنیدا نییە.
ئەوانەی كە كار لەپرۆژەی وەنكۆیندا دەكەن ئاماژەش بەوە دەكەن كە بتكۆین چووەتە بواری، جیهانی سپیكردنەوەی پارەوەو ئەو هەڵمەتەشی لەدژیان دەكرێت هۆكارەكەی ئەو مەترسیانەیە كە لەسەر پرۆژەی بتكۆین دروستبووە.