د.سەلام عەبدولكەریم
كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكۆبوونەوەكانی خولی دووەم، كە لەبەهاری(1978) بەسترا، بڕیاریدا بنكەو بارەگاكانی خۆی بۆناوچەكانی برادۆست لەسەر سێ سنوری(ئێران- عێراق-توركیا)بگوازێتەوە.(1)
گواستنەوە بۆئەم ناوچەیەش بۆچەند هۆكارێك دەگەڕایەوە لەوانە: لەلایەك ئێرانو عێراق دژی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ بوون، بەتایبەت ئێران تادەهات ناوچەكانی لەیەكێتی بەرتەسك دەكردەوەو دواجار یەكێتی ئاگادار كردەوە بۆئەوەی بارەگاكانی خۆی لەنۆكان چۆڵ بكات.
حكومەتی بەعسیش نیازی هەبوو لەرۆژی(1/6/1978)دا گوندەكانی ئەو ناوچەیە بەقوڵایی(20 كم) رابگوێزێت.(2) یەكێتی دەیویست پێش ئەو رۆژە چەكو تەقەمەنی لەسوریاوە بهێنێتو بەسەر هۆزو عەشرەتەكانی ئەو ناوچانەدا دابەشی بكات، بۆئەوەی بەرگری لەخۆیان پێبكەن.
لەلایەكتریشەوە پێشنیازو داواكاری رێكخراوی دەدەقەدە(DDKD).(3) لەباكوری كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبوو لەقەناعەتپێكردنی یەكێتی بۆگواستنەوەی بنكەو بارەگاكانی بۆناوچەی هەكاری. رێكخراوی دەدەقەدە(DDKD) كورتكراوەی ناوی(كۆمەڵەی كەلتوری شۆڕشگێڕی دیموكرات)بوو، ناو توركییەكەشی(DEVRIMICI DEMOCRAT KULTUR DEREGI) ئەو رێكخراوە سیاسییە چەپە بوو، كەكۆمەڵێك لاوو خوێندكاری زانكۆ دایانمەزراند لەساڵانی حەفتاكان، لەباكوری كوردستان، دەستیكرد بەجموجوڵی سیاسیو رێكخستن. سەردەمێك هاوكاری(یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ی كرد لەرووی گواستنەوەی مەفرەزەكانی پێشمەرگەو چەكو تەقەمەنیو رێنیشاندانو چاوساغی.
بەڵام لەنێو ئەم رێكخراوەدا دوو بۆچوون هەبوو، بۆچوونی یەكەم لەگەڵ هاوكاری یەكێتیدا بوو، كەنەجمەدین بیوك كایا(نەجۆ یان سەلاح) خاوەنی بوو، بۆچوونی دووەم (عومەر چەتین)، كەبەرپرسی رێكخراوەكە بوو بەوشێوەیە بیری نەدەكردەوە.(4) جگەلەوەی ئەو ناوچەی برادۆست و هەكاری شوێنێكی ستراتیژی گرنگ بوو، بەئاسانی چەكو تەقەمەنیو پێویستییەكان لەسوریاوە دەگەیشتە شۆڕش.
بۆیە یەكێتی بەپێویستی زانی هێز لەو ناوچەیە جێگیر بكات.(5) یەكێتی بەهۆی هاوكاری دەدەقەدە لەگەڵ قاچاغچییەكان، كەچەكیان پێدەفرۆشتن، تاڕادەیەك خۆی پڕ چەك كردو لەكاتی رۆیشتنی هێزەكانی یەكێتیشدا بۆناوچەی هەكاری پشت بەدەدەقەدە بەسترابوو، بۆئەوەی ئەو چەكانەی لەقامیشلییەوە(د.كەمال خۆشناو) ئامادەی كردبوو، بگاتە دەستیان.(6)
بۆیە یەكێتی نزیكەی(800)پێشمەرگەی بەسێ رەتڵ بەرەو ناوچەی برادۆست بەڕێخست.(7). رەتڵی یەكەم بەسەركردایەتی (د.خالید سەعید) لەزەڵێ وە دەرچوو، رۆژی(17/4/1978) بەئاراستەی بیركمەو سیدەكانو برادۆستو ژمارەیان (320)پێشمەرگەیەك بوو، (150) پێشمەرگەیان بێچەك بوونو توانیان رۆژی(11/5/1978) بگەنە گوندی (جورجان) لەسەر سنوری توركیا. رەتڵی دووەم بەسەركردایەتی (عەلی عەسكەریو تایەری عەلی والی بەگ) بوو پاش چەند رۆژ لەجوڵانی رەتڵی یەكەم بەئاراستەی خانەو كێلەشینو حەسارۆست لەسنوری عێراقو ئێران رۆیشتنو زیاتر لە(500)یپێشمەرگەی لەخۆگرتبوو، كە(150)یان بێچەك بوون. رەتڵی سێیەم بەسەركردایەتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بوو، كەنزیكەی(50) پێشمەرگە دەبوون، لەنێوانیاندا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو لیژنەی ئامادەكاری(پ.د.ك)و پاسۆك هەبوون، لەناوچەی زەڵێ لەنزیك قەڵادزە جوڵانو دوای(3)رۆژ گەیشتنە دۆڵە كوگەو چیای قەندیل.
پاش چوونە ناوەوەی ئەم هێزانە بۆناو خاكی توركیا، بەتایبەتی رەتڵی یەكەمو دووەم، لەلایەن هۆزو عەشیرەتە كوردییەكانی توركیاوە وەك(گۆییەكان، ژیركی، سلیڤانییەكان) بۆسەیان بۆدانراو هێرشیان كرایەسەر. ئەمە جگە لەوەی لەرێگا لەلایەن عێراقو ئێرانەوە هێرشیان كرابووە سەر. ئەم هۆزانە جگە لەوەی بەكرێگیراو بوونو كێ پارەی زیاتری پێبدابان كاریان بۆئەو دەكرد، هاوكات لەلایەن میتی توركیاو سەركردایەتی كاتیی پارتی (قیادە موەقەتە)شەوە، كە لەناوچەكانی (هەكاری، ئولودەرە، شیرناخ)، بارەگایان هەبوو(8)، هاندرابوون لەو هێزانەی یەكێتی بدەن. بۆیە لەرۆژی (1/6/1978)لەگوندی (بازە) گەمارۆدرانو دوای شەڕێكی قورس ژمارەیەكیان لێكوژراو برینداربوو، هەندێكیشیان لەلایەن جەندرمەی توركیاوە، كە لەو ناوچانەدا بارەگایان هەبوو بەدیلی دەسگیركران.
لەكۆتاییدا پاش دەردەسەرییەكی زۆرو شەڕی خوێناویو سەرماو برسێتی بەشێكی زۆری هێزەكانی یەكێتی كوژرانو بەشێكی تریشیان بەدیلی گیرانو تەنها هەشت پێشمەرگە خۆیان بەدەستەوە نەداو رزگاریان بوو، لەرۆژی(16/6/1978) گەیشتنەوە بارەگای یەكێتی لەقەندیل.(9) ئەو هەشت پێشمەرگەیەش بریتی بوون لە(محەمەدی حاجی مەحمود، رەفیق پارەزانی، مەحوود زەردۆیی، تاهیری حاجی عەزیز، حەمە رەش گرێزەیی، جەمال عەلی باپیر، بەكرە سور، ئاوات گەڕەدێی). زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی بەدیلی كەوتنە دەستی هێزەكانی سەركردایەتی كاتیی پارتی (قیادە موەقەتە)، بەتایبەتی هەریەكە لە(عەلی عەسكەریو د.خالید سەعیدو شێخ حسێن شێخ بابە)، كە دەستگیركران دواتر لەلایەن ئەوانەوە بەدیلی كوژران(10)، بەڵام زۆربەی دیلەكانیتر ئازادكران.(11)
لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێین هەرچەندە یەكێتیو سەركردایەتی كاتیی پارتی (قیادە موەقەتە) باس لەوە دەكەن هیچ لایەكیان نیازو مەبەستی لێدانی ئەویتری نەبووەو باسیش لەنامەكانی مام جەلال تاڵەبانیو عەلی عەسكەریو د.خالید سەعیدو تاهیری عەلی والی بەگ بۆ كاك ئیدریس بارزانیو كاك مەسعود بارزانیو خاتوو (حەمایل خانم)ی دایكی كاك مەسعود بارزانیو رەشید سندی دەكەنو لەولاشەوە لەلایەن ئیدریس بارزانیو سامی عەبدورەحمانەوە نامە بۆعەلی عەسكەری نێردراوە، كەهێرش نەكەنە سەر بارەگاكانی سەركردایەتی كاتیی پارتیو ئەوانیش هێرش ناكەنە سەریان.(12) بەڵام جگەلەوەی ئەو نامانە ئەنجامێكی ئەوتۆیان نابێت، دەبێ ئەوە بزانین هەر لایەك ئەوەی دانابوو ئەگەر لایەكەی تر بێتەسەر رێگایو هێرش بكاتە سەری، بێدەنگ نەبێتو وەڵامی بداتەوە. لەلایەكیتریشەوە ئەو بارودۆخەی لەوكاتەدا بوونی هەبوو، بارودۆخێكی بارگاویبوو بەناكۆكیو ململانێو پڕ لەرقەبەرایەتی یەكتری، چونكە پێشتر لەلایەن سەركردایەتی كاتیی پارتییەوە، ژمارەیەك لەفەرماندەو پێشمەرگەی یەكێتی لەناوچەكانی بادینان كوژرا بوون (وەك كوشتنی ئیبراهیم عەزۆو هاوڕێكانی، مولازم حەسەن خۆشناو، مەجید هەیبە لەدەشتی كۆیە)و دەستبەسەراگرتنی(10)دۆشكاو چەندین هەزار دیناری عێراقی ئەوكاتە،...تاد.(13) یەكێتیش لای خۆیەوە بارەگاكانی ناوچەی سۆرانی بەسەركردایەتی كاتیی(پ.د.ك) چۆڵكردو فشاری خستەسەر هەندێ پێشمەرگە، كەواز لەپارتی بهێننو بچنە ریزەكانی یەكێتییەوە، یان دەبێ ناوچەی سۆران جێبهێڵن. بەتایبەت لەناوچەكانی نۆكانو رۆژئاوای سەردەشت. لەسەرەتای ساڵی(1978)یش یەكێتی هێزەكانی سەركردایەتی كاتیی پارتی لەناوچەی سیوەیل لەچیاكانی سوركێو ناچاركرد یان ناوچەكە جێبهێڵن یان خۆیان بۆشەڕ ئامادە بكەن. بۆیە ئەو هێزەی لەو ناوچەیە بوون خۆیان تەسلیم بەحكومەت كردەوە. لەسەرووی ئەمانەشەوە هەرلایەك لەهەوڵی دەستبەسەراگرتنی ناوچە گرنگو ستراتیژییەكاندا بوو، بەتایبەت ناكۆكی لەسەر ناوچەی برادۆستو بادینان.
دوایین هەوڵی یەكێتی بۆگواستنەوەی بارەگاكانی سەركردایەتی بۆناوچەی برادۆست، كە لەسەر سێ سنور بوو، هۆكارێكی كاریگەر بوو لەرووداوی هەكاریدا، چونكە سەركردایەتی كاتیی پارتیش ئەمەی قبوڵ نەدەكرد.(14) جگە لەوەش رێكخراوی دەدەقەدە رۆڵێكی خراپیان لەهاندانی یەكێتی گێڕا بۆئەوەی هێزەكانی بباتە ئەو سنورەو بەڵێنی هاوكاری زۆریان پێدابوون، بەڵام جگە لەوەی لەنێو خۆیاندا ناكۆكی هەبوو لەسەر هاوكاریكردنی یەكێتی، بەڵكو راستگۆش نەبوونو یەكێتی دەستی بەمانەوە سوتاو تووشی كارەساتی هەكارییان كردنو لەكاتی پێویستدا هیچ هاوكارییەكیان نەكردنو زیاتر تەماعیان چووبووە سەر چەك. تەنانەت لەكارەساتەكەدا هەندێك لەرێبەرەكانیان خۆیان لەهێزەكانی یەكێتی شاردەوە.
پەراوێزو سەرچاوەكان
1. نەوشیروان مستەفا: كارەساتی هەكاری، چ3، چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیریی، هەولێر، 1995، بڵاوكراوەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ل6.
2. مەلا بەختیار: یاخی بوون لەمێژوو، بەرگی یەكەم، چ1، چاپخانەی داناز، سلێمانی، 1998.ل(162)، محەمەدی حاجی مەحمود: شۆڕشو پێشمەرگایەتی، تاقیكردنەوەی حەوت ساڵی شۆڕش(1976-1983)، ل(29)، رێباز: قەندیل، بەرگی یەكەمو دووەم، ل124، صلاح الخرسان: التيارات السياسية فى كردستان العراق(1946-2001)، ط1، 2001، مؤسسة البلاغ للطباعة والنشر والتوزيع، بيروت- لبنان.ص353.
3. رێوار ساڵەح: رێگایەك بۆ ئازادی، چ1، 2006، بەبێ چاپخانەو شوێن، ل(28-30).
4. چاوپێكەوتن لەگەڵ فوئاد مەعسوم، 11/9/2005، لەكتێبی(رێگایەك بۆئازادی)، ل29.
5. رێباز: قەندیل بەغدای، بەشی یەكەمو دووەم، چ2، چاپخانەی پەیوەند، سلێمانی، 2008، ل12.
6. صلاح الخرسان: التیارات، ص365،366، دیفید مەكداوڵ: مێژووی هاوچەرخی كورد، وەرگێڕانی لەفارسییەوە(ئەبوبەكر خۆشناو)، چ2، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، 2005.ل566.
7. نەوشیروان مستەفا: كارەساتی هەكاری، بڵاوكراوەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، چ3، چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیریی، هەولێر، 1995.، ل10، صلاح الخرسان: التیارات، ص374،373.
8. دیڤید مەكداوڵ: مێژووی، ل566،565.
9. چاوپێكەوتن لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود لەرۆژی(11/5/2009)، لەگوندی گوڵەخانە.
10. پیاونامە: گوڵبژێرێكی ژیاننامەی شەهیدی نەمر عەلی عەسكەری، كۆمەڵێك هاوڕێی شەهید، چ1، سلێمانی، 2004، ل32.
11. صلاح الخرسان: التیارات، ص379.
12. :سەروەر عەبدورەحمان عومەر: 204. یەكێتی نیشتمانی ی كوردستان، دامەزراندنو هەستانەوەی شۆڕش، چ1، سەنتەری چاپو پەخشی تەما، سلێمانی، 2002، ل278، نامەی مام جەلال تاڵەبانی بۆعەلی عەسكەری، لە: سەروەر عەبدورەحمان عومەر: یەكێتی، ل283، صلاح الخرسان: التیارات، ص376،375، نەوشیروان مستەفا: لەكەناری، ل271،270.
13. رێباز: قەندیل، بەرگی یەكەمو دووەم، ل124.
14. عەلی تەتەر نێروەی: بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی كورد لەباشوری كوردستانی عێراق لەساڵەكانی جەنگی عێراقو ئێراندا(1980-1988)، چ1، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، 2008، دار سبیریز للطباعة والنشر، دهوك.، ل95-97.
2023-08-07