دیبلۆماتیك
لەگەڵ ئەوەی كە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا واژۆی لەسەر هێرشی سەرتاسەری بۆسەر حووسییەكان كرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمەریكا وتی، گەڕی هێرشی ئەمجارە جیاوازەو بە یەكجاری لەناویان دەبەین، ترامپ سوێندی خوارد كە دەرگای دۆزەخ بەڕوویاندا دەكەنەوەو حووسییەكان تەواو دەكەن.
لەپاش بڕیاری ترامپ بۆسەر حووسییەكان، دە ڕۆژە بە بەردەوامی لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە هێرشی چڕو پڕ بە مووشەك و فڕۆكە بۆسەر بنكەو پێگە جیاوازەكانیان دەستیپێكردووە.
لەتەك دەستپێكردنی جەنگی نێوان حەمماس و ئیسرائیل، سەرباری ئەوەی كە ناو بەناو هێرشی مووشەكی دەكەنە سەر شارەكانی ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، لە ئاوەكانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سووردا، بە بەردەوامی هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییە ئەمەریكی و ئیسرائیلی و بەریتانییەكان و بەتایبەت زیانی گەورەی ئابورییان لەو وڵاتانە داوەو تێچووی گواستنەوەی بازرگانی دەریاییان چەندان هێندە بەرز كردووەتەوە.
هەڕەشەكەی ترامپ و دەستپێكردنی هێرشی گەورەی سوپای ئەمەریكا پاش ئەوە هات كە حووسییەكان كەشتییە بازرگانی و جەنگییە ئەمەریكییەكانیان لە " دەریای سوورو كەنداوی عەدەن و گەرووی بابلول مەندەب" بەتەواوی هەراسانكرد و ناچاریان كردوون كە ڕێگاكانیان بەرەو ئاوەكانی باشووری ئەفەریقا بگۆڕن.
گەرووی بابول مەندەب كە دەكەوێتە باشووری وڵاتی یەمەنەوە، یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوی ستراتیژی جیهانییەو هەردوو دەریای سوورو كەنداوی عەدەن بەیەكەوە دەبەستێت و هێڵی هاتووچۆی نەوت و بازرگانی نێوان ئاسیاو ئەوروپاشە.
گەرووەكە لەڕووی ستراتیژییەوە پلەی سێهەمی لە ئاستی جیهاندا هەیەو ڕۆژانە نۆ ملیار بەرمیل نەوتی پێدا دەڕوات، بەڵام بەهۆی هێرشی حوسییەكانەوە بۆسەر كەشتییە نەوتییەكان، ئێستا قەبارەی گواستنەوەی نەوت لەڕۆژێكدا بە گەرووەكەدا بۆ چوار ملیار بەرمیل نەوت هاتووەتە خوارەوە.
ئەوكاتەی كە دە ڕۆژ لەمەوبەر، ترامپ بڕیاری هێرشی فراوانی بۆ سەریان دەركردو هەڕەشەی كۆتایپێهێنانی كردن، ڕەخنەی لە ئیدارەی جۆ بایدن گرت كە بە لاوازی ڕووبەڕووی هێرشی حووسییەكان بوونەتەوەو هێرشەكانیان تەنها بۆ بەرگریكردن بووە.
ترامپ وتی، هێرشی ئەمجارە تەنها هەر ڕاگرتنی دەستدرێژییەكانیان نابێت، بەڵكو ئەمجارە بەتەواوی لەناویان دەبەین و كۆتاییان پێدێنین.
لەگەڵ دەستپێكردنی گەڕی ئەمجارەی هێرشی ئەمەریكا بۆسەر حووسییەكانی یەمەن و لەگەڵ هێرشی بەردەوامی فڕۆكەی جەنگی و هێرشی مووشەكی بۆسەر پێگەكانیان، هاوكات سێ كەشتی گەورەی فڕۆكە هەڵگری هێزی دەریایی ئەمەریكی، بە یاوەری بیست و پێنج كەشتی جەنگی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جووڵەیان پێكراو هاوكات وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، فڕۆكە بۆمب هاوێژەكانی " بی 52"ی لە زەریای هیندی لە نزیك سنوورەكانی یەمەن و ئێران جێگیركرد، ئەوەش گەورەترین جووڵەی سەربازی ئەمەریكایە ڕووەو ناوچەكە، لەوكاتەوە كە هێرشی حووسییەكان بۆسەر ئیسرائیل و كەشتییە بازرگانییەكان دەستپێكردووە.
سەرباری جووڵەو هێرشە بەردەوام و جۆراو جۆرەكان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ خستنەخوارەوەی درۆنی بۆمبڕێژكراوی حوسییەكان، بۆ یەكەمجار چەكی لێزەری بەكارهێناو بەوەش هێرشەكان چوونە قۆناغێكی نوێوە.
لەگەڕی ئەمجارەی هێرشی سوپای ئەمەریكا بۆسەر حووسییەكان، مووشەك و فڕۆكە جەنگییەكانیان، شەوانە پێگەو كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حوسییەكان لە شارەكانی یەمەن بەسەختی ئاگرباران دەكەن.
سەرباری هەڕەشەكانی ترامپ و دە ڕۆژ هێرشی سەخت و بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بۆسەریان، حووسییەكان هێرشەكانیان ڕانەگرتووەو جگە لە هێرش بۆسەر كەشتی زەبەلاحی فڕۆكە هەڵگری " هاری ترومان"، مووشەكە بالیستییەكانیان گەشتووەتە تەلئەبیب و دووجاریش فڕۆكەخانەی " بنگۆریۆن"یان مووشەكباران كردووە.
گەڕی ئەمجارەی هێرشی ئەمەریكا بۆسەر حووسییەكان توندترو فراوانترەو ترامپیش دەڵێت دەرگای دۆزەخ بەڕوویاندا دەكەینەوە، ئێستا پرسیارو ڕوانینی جەوهەری ئەوەیە ئاخۆ ترامپ دەتوانێت كۆتاییان پێبێنێت یان هەر هێندەی جۆ بایدن"ی پێدەكرێت لە هەمبەریاندا.
2025-03-27