درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی دەقی نامەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی بۆ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاشكرا كرد کە تێیدا داوای ھاوکاری و بەدەمەوە چونی کردوە و ترسی لە ڕوخان و ھەرەسی ھەرێمی کوردستان نیشان داوە.
بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە و ئاشكراكردنی ناوەڕۆكە مەترسیدارەكەی نامەكە بەتەواوی خەڵكی كوردستانی راچڵەكاند.
نامەکە بەخێرایی میدیا و سۆشێال میدیای تەنی و باسەکە بەخێرایی بوە ڕۆژەڤی میدیا و شەقام .
زۆركەس ناوەڕۆكی نامەكە و زمانی نوسینی نامەكەیان وا لێكدایەوە كە زمانی پاڕانەوە و داواكاری خێرای بەهاناوەچوون بەسەریدا زاڵە.
هەروەها وتیان ناوەرۆكی نامەكە دان نانە بەشكستی قورسی حوكمڕانی و داڕمانی دەسەڵاتدارێتی 32 ساڵەی هەرێم لەلایەن پارتی و یكێتییەوە.
لەو نامەیەدا مەسروور بارزانی باس لە خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم دەكات.
ماڵپەڕە ئەمریكیەكە لەسەر زمانی مەسروور بارزانیەوە گواستویەتیەوە كە بۆ بایدنی نوسیوە خوێن لە جەستەمان دەڕوات.
لە نامەكەد مەسروور بارزانی نیگەرانی و نائومێدیەكی زۆری بە چارەسەری ئەو كێشانە نیشانداوە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و بە رونی نوسیویەتی"لەوەتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمم بە هێندەی ئێستا هەستم بە فشار و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەكردووە".
هەرچەندە تائێستا حكومەتی هەرێم و نوسینگەی مەسروور بارزانی نامەكە و ناوەرۆكەكەیان بەدرۆنەخستۆتەوە،بەڵام ئاسۆ حاجی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە شێوەیەكی نافەرمی و لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیبوی بابەتی ئەو نامەیە ھیچ بنەمایەکی دروستی نیە و مەسرور بارزانی بەھیچ جۆرێک نامەی بۆ جۆو بایدن نەناردوە .
ئاسۆ حاجی بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە و ڕاپۆرتەکەی بەھەوڵێکی دژبەرانەی دوژمنانە دایە قەڵەم و ئینکاری لە باسەکە کرد .
دیپلۆماتیک بۆ ئەم بابەتە قسەی لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی حکومەتی ھەرێم کرد و وتیان ئاگادارنین سەرۆکی حکومەت نامەی وەھای ناردبێت ، بەڵام لە کۆبونەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری لەگەڵ ڕۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق مەسرور بارزانی گلەیی بێدەنگی ئەمریکای لە گوشارەکانی ئێران عێراق کردبوو،هەروەها پێی وتبوو لەکاتی پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکانی عێراق و بۆ زوو دەرباز کردنی عێراق لە قەیرانی ئیدارەدان دێنە سەرخەت بەڵام لە کاتی گرفتی حکومەتی ھەرێم و ناوەند بێدەنگن .
دیپلۆماتیک زانیویەتی کە لە کۆبونەوەی مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکادا ئالینا ڕۆمانوسکی پێی گوتوە وا باشترە لە بری وەفد خۆت و جێگرەکەت بچنە بەغداد و لەگەل لایەنە شیعەکان کۆببنەوە و قسەی کۆتایی خۆتان بکەن و ئەو بارودۆخەی لە ڕاگەیاندنیش دروست کراوە بڕەوێننەوە، بۆ ئێمەش ھاوکار دەبین و نێوەندگیری دەکەین
نوسەر و ئەكادیمی د.سەردار عەزیز لەبارەی ئەو نامەیەوە نوسیویەتی: نوسیویەتی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا خراپترین پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دا ھەیە و خۆیان دور دەگرن بەو پێیەی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ دیپۆماتکار و قونسوڵەکانی ئەمریکادا جۆر نەبون و قسەی خراپیان لەسەر کردون .
هەروەها نوسیویەتی پرسی یەکنەگرتنەوەی پێشمەرگە وھەڵشاخان لەگەڵ دیپۆماتکارەکان دوو لەو گرفتانەبوون کە پەیوەندی ئیدارەی بایدنی لەگەڵ ئیدارەی مەسرور بارزانی بەرەو ئەوپەڕی خراپی بردوە و لە ئێستاشدا ئەمریکیەکان زۆر دەربەستی حکومەتی کوردی نایەن لەبەرامبەر گوشارەکانی ئێران .
ئەمڕۆ بەیانی زوو لە ساتی کردنەوەی دەوامی ێەکەمین ڕۆژی ساڵێکی نوێی خوێندن مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەكی هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و وتەیەكی كورتیشی پێشكەش كرد،بەڵام بەهیچ جۆرێك خۆی لە قەرەی راستی و دروستی ئەو نامەیە نەدا.بەڵام ڕایگەیاند حکومەتی عێراقی بە تەواوی دەستیان لەسەر تووند کردون و بودجە و موچەکەیان بە بارمتە گرتوون
بارزانی گوتیشی خۆیان دەچنە بەغداد و لەگەل لایەنەکانی ھاوپەیمانی شیعە کۆدەبنەوە بۆ کۆتایی ھێنان بەو دۆخەی دروست بووە .
دیپلۆماتیک زانیویەتی کە سبەی پێنج شەمە ھەر یەکە لە مەسرور بارزانی ، قوباد تاڵەبانی و ئاواتی شێخ جەناب دەچنە بەغداد بۆ بینین و دیداری محمد شەیاع السودانی و مالکی و ھادی العامری و زانینی ھۆکاری سەرەکی گرفتەکانی نێوان ھەردوو حکومەت .
پرسی ھێنانە پێشەوەی یاسای نەوت و غاز و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان و پرس چەک کردنی حزبەکانی ڕۆژھەلاتی کوردستان لە دیارترین ئەو بابەتانەن کە بونەتە خاڵی ناکۆکی و کارتی گوشاری ئێران و عێراق لەسەر ھەرێمی کوردستان .
2023-09-13