-
- ڤیدیۆ
گرێبەستە نوێیەکەی مەسرور بارزانی چی بەسەر هەرێمدا دەهێنێت؟
دیپلۆماتیک - گەرمیان مەحمود
دواجار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستی برد بۆ ئەو کارەی یەکێتی هەڕەشەی پێدەکرد و بافڵ تاڵەبانی دەیوت دەبێت بەسەر لاشەی مندا بڕوات..
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، رێككەوتنی لەسەر هەردوو كێڵگەی نەوتی (كوردە میرو تۆپخانە)ی گەرمیان و (میران) بازیان دەكات،هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئینێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ، بە جیا دوو ڕێککەوتننامە لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن.
رێککەوتنەکە بەبەهای ١١٠ ملیار دۆلارە و مەسرور بارزانی وەک مژدەیەکی گەورە دەیدات بە گوێی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات.
میدیای پارتی وەک دەستکەوتی گەورە باسی رێککەوتنەکە دەکات و دەڵێن سەردەمی خۆشگوزەرانی دەستپێدەکات دەبێتە هۆی بوژانەوە و باشبوونی دۆخی ئابوری خەڵک و هەرێمی کوردستان.كەچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و میدیاكانی بێدەونگیان لێكردووە و هێشتا رون نییە لەگەڵ پرۆژەكەن یان دژی پرۆژەكەن.
رێککەوتنەکە لە کاتێکدا دەکرێت کە پەرلەمان کارا نییە و هیچ پەرلەمانتارێک زانیارییان لەبارەوە نییە، تەنانەت زۆرینەی وەزیرەکانیش ئاگادار نین.
پێشتر بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی دەکرد و دەیوت دەبێت گرێبەست و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین.
هەروەها دەیوت دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز رابكێشرێت.
ئێستا کە مەسرور بارزانی گرێبەستەکەی لە ئەمریکا واژۆ کردووە، بافڵ تاڵەبانیش لە واشنتنە و دیار نییە بۆ تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە.
هەرچەندە دەوترێت مەسرور بارزانی بەبێ یەکێتی ئەو هەنگاوەی نانەوە و بەشێکە لە ریککەوتنی نێوانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەڵام یەکێتی تاوەکو ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە..
جیا لە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی، حکومەتی عێراق بابەتێکی دیکەیە کە باس دەکرێ و پێدەچێت ببێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گرێبەستەکە .
وەزارەتی نەوتی عێراق هەرزوو دژایەتی خۆی بۆ رێكەوتنەكە دەربڕی و رایگەیاند بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دۆسیەی نەوت و غاز لە هەرێم سەندراوەتەوە.هەر ئەوەندەش نا، مەترسی هەیە کە ئەم بابەتە کێشەی گەورە بۆ مووچە دروست بکات و ببێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگەکانی ئایندە..
هەرچەندە خەڵكی كوردستان هێشتا بە كومانەوە سەیری كارەكانی دەسەڵات دەكەن، بەڵام ئەم رێكەوتنە بەو قەبارەیە ئەگەر بەراستی سەربگرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە دەبێتە دەسكەوتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان و بوژانەوەی ئابوری لە هەرێمی كوردستان.تەنانەت راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر زیادبونی قورسایی سیاسی پارێزگای سلێمانی و بوژانەوەی ئابوریی لەپارێزگای سلێمانی و هەنگاوێكیشە بۆ دروستكردنی ئیستیقراری سیاسی لە پارێزگای سلێمانی و گواستنەوەی شارەكە لەژێر كاریگەری و هەیمەنەی ئێران بۆ ناو قوڵایی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و كۆمپانیا ئەمریكییەكان.
2025-05-21