یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم و نۆ پۆستی دیکە دەکات و پارتی دوو لەو پۆستانە بە هێڵی سور دەزانێت.
بەپێی زانیارییەکانی دیپلۆماتیک لە دواین کۆبونەوەی وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر، یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەریم و جێگری سەرۆکی کومەت و وەزیری ناوخۆ و هەشت وەزارەتی دیکەیان کردوە.
لە بەرامبەردا پارتی لەسەر دوو پۆست بە تەواوی رەتیان کردۆتەوە دەستبەرداریان ببن بۆ یەکێتی.
پۆستی یەکەم، سەرۆکی هەرێم، کە پارتی ئەو پۆستە وەک هاوسەنگی ناوخۆیی دەبینێت و وەک چۆن سەرۆکی حکومەت لای مەسرور بارزانیە، دەیانەوێت نێچیرڤان بارزانیش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
پۆستی دووەم وەزیری ناوخۆ، پارتی رازی نیە دەستبەرداری ئەو پۆستەش بێت.
دیپلۆماتیک لە رێگای سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیویەتی، کە تورکیا قسەی لەسەر ئەو پۆستە هەیە و دەیەوێت لای پارتی بمێنێتەوە وەک هاوپەیمانی خۆی، چونکە وەزیری ناوخۆ ئەندامی لیژنەی ئەمنی نێوان تورکیا و عێراقە، بۆیە تورکیا نایەوێت ئەو پۆستە لای یەکێتی بێت.
داواکردنی ئەو پۆستانە و رازی نەبونی پارتی، وایکردوە ئەنجامی کۆبونەوەکان باش نەبن و دانوستانەکان بەرەو داخرانی زیاتر بڕۆن.
2025-05-22