بنەماڵەی شەرع بە تەواوی دەستیان بەسەر دەسەڵاتەکانی سووریادا گرت
دیپلۆماتیک - گەرمیان مەحمود

ئەحمەد شەرع لە پێدانی پۆست بە براکانی نەوەستاوە و برای ژنەکەی و ئاواڵزاواکەشی پۆستی باڵای پێداون و هەرچی پۆستی گرنگە لەناو بنەماڵەکەی خۆیدا دابەشی کردووە..


بنەماڵەی ئەحمەد شەرع لە ماوەی شەش مانگدا دەستیان بەسەر زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی سوریادا گرت و ئێستا زۆربەی پۆستە گرنگەکان بەدەست بنەماڵەی شەرعەوەیە.
ئەحمەد شەرع لە دوای بوونی بە سەرۆککۆماری سووریا دەستی کرد بە دابەشکردنی پۆستەکان و پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە بەتاڵن، بۆ ئەمەش لە بنەماڵەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد و بە پۆستی باڵا پاداشتی کەسە نزیکەکانی دایەوە.
ئەحمەد شەرع خۆی سەرۆککۆمار و ماهیر شەرعی برای وەیزیری تەندروستی و ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتی سوریایە و حازم شەرع سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سوریایە و ئەویس شەرع ئەمینداری کۆشکی کۆماری سوریایە..
هەر ئەوەندەش نا، شەرع بە براکانییەوە نەوەستاوە و پۆستی داوە بە برای ژنەکەی و ئاوەڵزاوەکەشی، ئەوەتا ئەحمەد دەڕوبی کە برای ژنەکەی ئەحمەد شەرعە بووەتە پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا و هەرچی پارەیە لە ژێر دەستیدایە.
هاوکات ماهیر مەروان کە دەکاتە ئاوەڵزاوای شەرع واتە مێردی خوشکی ژنەکەی شەرع، پۆستی پارێزگاری دیمەشقی وەرگرتووە. 
ئەمانە و چەندین کەسی دیکەی نزیک لە شەرع لەناوی حکومەتی سووریادا پۆستیان هەیە هەر لە راوێژکارەوە تا دەگاتە مدیر عام..
2025-05-21